Skip to Content

سزای کوشتنی عەجاج ئەحمەد حەردان تکریتی و هەندێ تێبنی خێرا.. شاخەوان قادر شۆڕش

سزای کوشتنی عەجاج ئەحمەد حەردان تکریتی و هەندێ تێبنی خێرا.. شاخەوان قادر شۆڕش

Closed
by ئایار 15, 2026 General, Genocide, Opinion



دوای ئەوەی لە ١/٨/٢٠٢٥دا هەواڵی دەستگیرکردنی بڵاوبووەوە، تاڕادەیەکی زۆر خەڵکی کوردستان لە پرۆسەی دوای گرتنەکەی بێئاگا مانەوە، نزیکەی مانگێک بەر لە ئێستا هەواڵ بڵاوکرایەوە گوترا دانیشتنی یەکەمی دادگاییەکەی لە دادگای باڵا لە بەغدا لە ٧/٥/٢٠٢٦دا بەڕێوە دەچێت، ئێستا لە ١٤/٥/٢٠٢٦ لە دانیشتنی دووهەمدا دادگا سزاکەی بۆ بڕیووەتەوە. لە دانیشتنی یەکەم سکاڵاکاران و ڕزگاربووان گوزارشتی تاوانەکانی ئەو تاوانبارەیان کردووە، لە دانیشتنی دووهەمدا سزاکەی بۆ دەرکراوە. پرۆسەکە زۆر بە خێرایی ئەنجام درا.
تێبینیەکان: دەبووایە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان وەکو نوێنەری نەتەوەی قوربانی بە یەک تیمی پارێزەر و شارەزا بچنە دادگا، کە ئەوەیان نەکردووە و دوو لایەن بە دوو یاداشتەوە بەشداریان کردووە (دووبەرەکیەکە لێرەشدا هەبووە)، بەڵام پاشان گوتوویانە یەک تیمین. بەرەی یەکێتی هەوڵی دەرخستنی قارەمانیەتی خۆی لەم بارەیەوە دەدات و وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانیش لەلایەن خۆیەوە تاڕادەیەک ناچاڵاکە. کە دەبووایە وەزارەتی ئەنفالکراوان خاوەنداریەتی بکات، سەرپەرشتی هەموو پڕۆسەکە بکات و لە هەموو پڕۆسەکەدا بەشداریی کاریگەری هەبێت، ڕاگەیاندن بدات و خەڵکی کوردستان لە هەنگاوەکاندا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئاگادارکاتەوە. بەڵام نەک ئەوەی نەکردووە، ئەمرۆ کە بڕیاری دادگا دەرچووە، مێش مێوانی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان نییە و لە ماڵپەڕەکەیاندا هیچ بڵاونەکراوەتەوە.
تائێستا هیچ ڕاپۆرتیكی دادگا دەرنەچووە و نازاندرێ وردەکاریەکان چین، ئەو هەواڵانەی لێرە و لەوێ بڵاودەکرێنەوە زیاتر هەواڵی وروژاندن و ئەم بابەتانەن. بەڵام وەکو دەبیسترێتەوە، خەڵک فێرکراوە کە چی بڵێن و چۆن گوزارشت لە تاوانی ئەم تاوانبارە بکەن. ئەگەر ئەوە ڕوویدابێت، ئەوە گەورەترین هەڵەیە، چونکە پرۆسەی تاوانی گەلکوژیی ئەنفال پێویستی بە هیچ زیادەڕۆیی و هەڵبەستنێک نییە، ڕاستییەکان خۆیان ڕووی ڕاستەقینەی تاوانەکە دەردەخەن. گێڕانەوەی نادروست و ساختە زیان بە کەیسی دادگاکە و کەیسی تاوانەکە دەگەیەنێت. گێڕانەوەی ڕاستییەکان کەیسەکە بەهێز دەکەن و تاوانەکە بە دروستی وەکو خۆی دەکاتە بەڵگەی مێژوویی. بۆ نموونە یەکێ دەڵێ عەجاج وایکردووە و یەکێ دەڵێ نەخێر ئەوە ڕاست نییە و بەڵام ئەوها و ئەوهای کردووە. ئەوەی دەبیسترێت ڕەنگ لە نەشارەزایی و سەرلێشێواوی دەداتەوە.
عەجاج ئەفسەری ئەمن بووە و سەرپەرشتی ناوزڕاوترین قەڵای زیندانی کردووە، پرۆسەی دادگاییەکەی زۆر بە خێرایی و بە داپۆشراوی بەڕێوەچوو. کەسێکی بەشدار بوو دەیگوت، دادگاکە “زۆر بەبێکسی بەڕێوە چوو، پشتگیریی لە لایەن پەرلەمانتار و وەزیرەکانی بەغداوە پێوە نەبیندرا. لەم دوو دانیشتنەدا تەنها یەکێک لەوێ بووە کە سەر بە لایەنی دەسەڵاتدار نەبوو، وەرگێڕ خراپ بووە و وەرگێڕانەکەی لە کوردیەوە بۆ عەرەبی باش نەبوو.”
لە هەر وڵاتێکی ئازاد بایە ئەو پرۆسەی دادگاییە دەچووە بنج و بناوانی وەردەکارییەکان و تاوانکارییەکان لە ڕۆژی یەکەمی هێنانی ئەنفالکراوەکانەوە تاکو ئەو ڕۆژەی کە دوا زیندانیی ئەنفال لەوێ ئازادکراوە. پرۆسەی دادگاییکردنەکە بۆ ژمارەیەکی زۆری دانیشتن و لێکۆڵینەوە دیاردەکرا. کەسانی دیکە ڕاکێشی دادگا دەکران، چونکە عەجاج سوپەرمان نەبووە هەموو تاوانکارییەکان هەر خۆی ئەنجامی دابێت، ئەو هێزی ئەمن، سوپا و پۆلیسی لەژێر چنگدا بووە. تاوانکارییەکان بە تایبەتی لەلایەن ئەفسەرەکانی ئەمن و ئەندامانی سەر بە دەزگای دائیرەی ئەمن ئەنجام دراون. ئەوانە کێ بوون و ئێستا لە کوێن؟ بۆ کەسیان نەگیران و نەهێندرانە دادگا؟
گەلی کورد بێ خاوەنە و لاوازە، ئەگینا دەبووایە تاوانبارانی ئەنفال یەک یەک ڕاکێشی دادگایەکی تایبەت و سەربەخۆ لە کوردستاندا بکات، بە زمانی کوردی و بە پێی یاسا نێونەتەوەییەکان دادگایی تاوانبارانی ناوخۆی بکردایە. لەم کەیسەی عەجاجدا سووڕ بێ لەسەر ئەوەی ئەو تاوانبارە ناوزڕاوە بهێندرێتە کوردستان و بە کراوەیی لە پرۆسەیەکی پشوودرێژ و چڕدا دادگاییەکە بەڕێوە بچێت. لەم بارەدا ڕزگاربووی تاوانی ئەنفال و ‌هەڵەبجە نەدەچوو بۆ بەغدا و لەبەردەم دادوەری عەرەب، لە ژینگەیەکی زاڵی عێراقی و عەرەبیدا سکڵا بدا، ئەوجا ئایا لێی وەردەگرن یان نا، ڕێگەی دەدەن یان نا، یا لە پەلەپەلی و بە وەرگێڕی نوقسانەوە بەشدار بێت. ئەم ژینگەیە کاریگەریی دەروونی نەرێنی لەسەر ڕزگاربووانی کوردستانەوە هەیە، جگەلەوەی کورد وەکو نەتەوەی خاوەن قوربانی مافی یاسایی هەیە کاریگەریی لەسەر چۆنیەتی دادگاییەکە و پڕۆسەی بەڕێوەبردنی دادگاییەکەدا هەبێت. بەداخەوە دەسەڵاتدارانی هەرێم نەیانهێشتووە کوردستان بگاتە ئەو ئاستە و خاوەنی گوتنی خۆی بێت و گوێی لێ بگیرێت.
خەڵک دڵیان خۆشە و دەڵێن عەجاج سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو، بەڵام سزای لە سێدارەدان زیان بە کەیسی تاوانی ئەنفال و تاوانەکانی دیکە دەگەیەنێت، چونکە یەکەم، ئەو تاوانبارە زانیاری زۆر لایە و بە کوشتنی هەموو زانیاریەکان ون دەبن، دووەم سزای زیندانی هەمیشەیی قورسترە وەکو لە سزای کوشتن. پێویستە ئەو مرۆڤە تاوانبارە لە زینداندا بڕزێتەوە و هەموو ڕۆژێک خەون بە مردنەوە ببینێت، نەک زوو پەتێکی لە مل بکرێت و بیکوژن و ڕزگاری بکەن. دیارە هێشتا ئەم کەیسە تەواو نەبووە و نازانین چارەنووسی بە چی دەگات. لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا ئاسایی مامەڵە بە زیندانیانەوە دەکرێت و خەڵکیش هەن دەیانەوێ عەجاج لە زیندان ڕزگارکەن. ئەم مەترسیە هەیە، چونکە لە عێراقدا ڕێگەی دەچتێ. بۆ نموونە کاتی خۆی جەلال تاڵەبانی فڕۆکەوانی تاوانبار تاریق ڕەمەزانی لە زینداندا دەرهێنا و ئازادی کرد، نە دادگا و نە دەسەڵاتی جێبەجێکردنی عێراقیش هیچیان نەگوت.
ئێستا لێرە و لەوێ دەسەڵاتدرانی هەرێم پیرۆزبایی دەکەن و بە دادوەریدا هەڵدەڵێن، بەڵام ئەوان خۆیان تاوانباری لە عەجاج گەورەتریان پەناداو و ڕزگارکرد و پلەوپایەیان پێدان و دژی دادگاییکردنیشیان وەستانەوە. تاوانی ئەو سەرۆکجاشانەی خەڵکیان گرت و ڕادەستکرد، لە تاوانی عەجاج کەمتر نییە. ئاشکرایە سەدان تاوانبار لە کوردستاندا هەن و بە ئازادی دەسوڕێنەوە.

شاخەوان قادر شۆڕش
١٤/٥/٢٠٢٦

Previous
Next