Skip to Content

فلاشباک-31- لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە.. ستیڤان شەمزینی

فلاشباک-31- لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە.. ستیڤان شەمزینی

Closed
by كانونی دووه‌م 16, 2022 General


بەشی سی و یەک

ئەمڕۆ 21-7-2000 کە هاوکاتە لەگەڵ یادی دامەزراندنی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی، بەهۆی داواکاریی هاوڕێیەکی دێرینی باوکمەوە، لە زیندانی ئاسایش ئازادکرام. سێ شەو پێش ئێستا، کاتێک لەگەڵ هاوڕێم “ئاراس عەلی” بووم لە سەهۆڵەکە و لەفەیەکی “گەس”م بەدەستەوە بیخۆم، بەڵام ئاسایشەکانی شار چوار دەوریاندام، پەلکێشیان کردم بۆ بنکەی ئاسایشی رزگاری. هاوڕێم “ئاراس*” زۆر هەڵوێستێکی ئازایانەی نواند کە بەرگریی لێکردم و ویستی لە دەستی ئاسایشەکان رزگارم بکات، ئەوان هاواریانکرد “ئەمە کۆمۆنیستێکی بێ ئەخلاقە تۆ خۆت تێکەڵ مەکە”. ئاراس زۆر جەریئانە هاواری کرد “خۆ منیش کۆمۆنیستم، دەی بمبەن لەگەڵی”.
بەهەرحاڵ منیان بردە ئەودیو دەرگای بنکەکەوە و بە زۆر هاوڕێکەمیان ناردەوە ماڵەوە. بە حەوت ئاسایش بە کێبڵ و دار لێیان دام، تا کەوتمە سەر زەوی، دوایش لەناو “تەوالێت” زیندانیان کردم، ئەوە یەکێک لە ناخۆشترین شەوەکانی ژیانم بوو، تامی لە دەستدانی باوکی دەدا، دوای ئەوەی لە لێکۆڵینەوەدا لە من نائومێد بوون و بە تەواویی ئازاریان دابووم، دوای سێ شەو و دوو رۆژ فەلاقەکردن، تەبریەیان کردم، دەستم لە جێ چووە و سەعاتێک پێش ئێستا لای “رزگاری جەراح” بووم، ماڵی ئاوابێت هەوڵی زۆری لەگەڵ دەستم دا. تاوانی من لەم سێ رۆژ زیندان و ئەشکەنجەیە ئەوەیە رێبازێکی سیاسیی جیاوازم هەیە و دەڵێم پێویستە کوردستان نەبێتە ئەفغانستان. دەڵێم بەڵێ بۆ یەکسانی ژن و پیاو. دەڵێم بەڵێ بۆ سەربەخۆیی کوردستان. دەڵێم بەڵێ بۆ قانوونی ئازادیخوازانە و نا بۆ یاساکانی بەعس. ئەوە هەموو تاوانەکانی منە.. ئەمڕۆ زۆر ئازاری جەستەیی و دەروونیم هەیە و بە نیازم بڕۆم بۆ ماڵی ئاراس، سۆراخێکی ئەو بکەم و سوپاسی بکەم.

رۆژانێکی سەختە بۆ ئێمە، چەند دیمەنێکی پڕ ئازارە، کاتێک جەلادەکان بە ناوی یاساوە، تاوانبارت ئەکەن؟!. “چاپلن”م بیردێتەوە کە چۆن دەربەدەریان کرد لە ئەمەریکا بە تۆمەتی کۆمۆنیستی، تەنیا لەبەرئەوەی وتبووی “دایکە کۆمۆنیستەکانیش وەک هەموو دایکانی تر فرمێسک بۆ کوڕەکانیان ئەڕژن”. چەند شەرمە خێڵی یەکێتی نوێنەری باڵی بە حیساب مودێرنی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی، “ماکارتی”ئاسا کون بە کون بە دوای کۆمۆنیستەکانەوەیە، لەولاشەوە رەوتە رادیکاڵ و فێندەمینتالیستە ئیسلامییەکان، وەک تەونی جاڵجاڵۆکەیی خەریکی ئیسلامیزەی کایەی کۆمەڵایەتین، چەند ساڵی تر بەهۆی ئەم مۆبیلیزەی ئیسلامییەکان لە بواری کۆمەڵایەتیدا، ئەو تەمەدونەی کەمەی بە رووخساری شارێکی وەک سلێمانییەوە هەیە، پاشەکشە ئەکات. ئەو کۆمەڵگەی بێدەنگە لە تیرۆری کۆمۆنیستەکان، باجی ئەو بێدەنگییەی پاش چەندان ساڵی تر ئەدات.
ئێستا شیعرەکەی “عەبدوڵڵا گۆران” زۆر بە گونجاو ئەبینم، بۆ ئەو بەناو رووناکبیرە تاریکبیرانەی لە رۆژنامەی “کوردستانی نوێ”ەوە هێرشی ناڕەوا ئەکەنە سەر ئەو پرنسیپانەی ئێمەی کۆمۆنیستەکان خەباتمان بۆ ئەکرد.

پیرە مشکی دێرینەیە ماکارتی
عەقڵی شڕ، پینە پینەیە ماکارتی
چەوری لێسی مەکینەیە ماکارتی
دەرگای کونی گەنجینەیە ماکارتی
لە بیری نوێ بە کینەیە ماکارتی
کتێب لای ئەو پەڵپینەیە ماکارتی

21-7-2000
*ئاراس عەلی باوڵ

تێبینی: ئەم بەشە لە لاپەڕە 105-109 کتێبی “فلاشباک”چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکەش لە سەرەتای ساڵی 2017 چاپ بووە

Previous
Next
Kurdish