
شکست لەنێوان ئۆجالان و لینین دا.. ئاراس سەعید
پەیامەکەی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری زیندانیکراوی (پ.ک.ک) خوێندنەوەی زۆری بۆکرا. هەندێک ڕاڤە و خوێندنەوەی سادەی ژۆرنالیستی و هەندێک خوێندنەوەی ئایدۆلۆژی و هەندێک خوێندنەوەی دیکە کە ڕەهەندی قووڵی بابەتی و ئەکادیمی لەخۆ گرتبوو.
هەر زوو ئایدۆلۆژیستە ئاپۆچییەکان پەیامەکەیان بە (پەیامی سەدە) ناودێرکرد. وە پێیان وابوو ئۆجالان گەورەترین ئەقڵی سەدەیە و کلیلی چارەسەری ئەو بارودۆخ و قەیرانەی کە سەدەیەکە کورد لە باکوور لەگەڵی ڕووبەڕووە تەنیا لای ئۆجالانە. تەنانەت پەیامەکەی ئیمراڵی وەک تێسکتێکی فەلسەفی ئاڵۆز ڕاڤەی بۆ دەکرا، بەومانایەی لەسەربنەمای هێڵێکی فەلسەفیی و مێژوویی و سیاسیی نوسراوە کە هەموو کەس لێی تێناگات. هەربۆیە نابێت بەچاوێکی ڕەخنەگرانەوە لە بارەی پەیامەکەوە بدوێن، چونکە ئەو پێغەمبەری سەردەمەکەی خۆیەتی و دوا حەقیقەتی ڕەها هەر لای ئەوە.
بەدیدی من ئەم بۆچوونە ئایدۆلۆژییە، ناچێز و هیچە کە هەموو کێشەکە چڕدەکاتەوە بۆ نێو یەک پنت و یەک خاڵ، ئەم زمانە ئایدۆلۆژییە زمانێکە لە ئاستی خۆ دووپاتکردنەوە دەدوێت و کڵێشەی ڕەخنەیی لە واقیع، بووەتە بەشێک لەپەچە و لەمپەڕ لەسەر بینینی ئەودیو واقیع و ئەودیوی کێشەکە. بە پێچەوانەی ئەو بۆچوونە سەتحییەوە، ئەو (پەیامە)زیاتر لە هەموو کاتێک مایەی لێڕامان و مشتوومڕ و ڕەخنەیە. بەومانایەی پەیامەکە پەیوەستە بە دۆز و خەباتی سەدساڵەی نەتەوەیەک بۆ مافی چارەی خۆنووسین. دوان لەسەر دۆزی نەتەوە بەشێکە لەکاری بیرکردنەوە، هەر بۆیە خوێندنەوەی ئایدۆلۆژییستانە کۆمەکمان ناکات بەوەی بیر لەقەیرانەکان بکەینەوە. بەپێچەوانەی ئەوەی دەگوترا پەیامەکەی ئۆجالان پەیامێکی زۆر سادەبوو. سادەبوون بەومانایە نا کە کەرەستەکانی بیرکردنەوەی سادەبێت و چارەسەرێکی نا ئەقڵانی بۆ کێشەی کورد بخاتەڕوو، وەناشکرێت سادەش لە بابەتەکە بڕوانین. بەڵکوو زمانی کۆمیونیکەشینەکەی سادەبوو، بەجۆرێک پەیامەکە بەهەموو کەسێک بگات. ئۆجالان لەپەیامەکەیدا، بەوردی دیراسەی مێژووی سەدەی ڕابردوو شکستی سۆسیالیزم و سەرهەڵدانی پ.ک.ک دەکات، کە هاوکاتە لەگەڵ سەرهەڵدانی جەنگی سارد و جەنگی جیهانی، لەو قۆناغەدا نکۆڵیکردن لە واقیعی کورد و قەدەغەکردنی ئازادییەکان و بەتایبەت ئازادیی بیرکردنەوە ڕوویدا. وە واقیعی سیستەمی سۆسیالیستی و واقیعی سەردەمەکە کاریگەری لەسەر درووستبونوی پ.ک.ک هەبووە لە ڕووی تیۆری و بەرنامە و ستراتیژی و تاکتیکەوە. وە لەدوای داڕمانی سۆسیالیزمی واقیعییەوە پ.ک.ک مانای خۆی لەدەست داوە و لە ئێستادا گەیشتووەتە کۆتایی تەمەنی و پێویستی بە کۆتاییهێنانە. ئۆجالان لێرەدا جاڕی (شکست) دەدات، وە زیاتر لەشکستیش. مەبەست لە شکست شکستێکی هزری و شۆڕشگێڕانە نییە، بەڵکوو جاڕی خۆ-کۆتاییپێهێنان و خۆ ڕادەستکردنە.
ساڵی 1922، کاتێک بەلشەفییەکان ناچار بوون پاشەکشە بکەن بۆ ناو سیاسەتی ئابووری نوێ و ڕێگەدان بە پانتایی زۆر فراوانتر لە ئابووری بازاڕ و موڵکایەتی تایبەت، لینین دەقێکی کورتی بەناونیشانی( سەرکەوتن بەسەر شاخێکی بەرز) نووسی. ئەو لە نموونەی شاخەوانێک کەڵک وەردەگرێت کە ناچارە لەلووتکەی شاخەکەوە پاشەکشە بکاتەوە بۆ خاڵی سفر. بۆ سەر زەوی و دواتر لەهەوڵی دووەمدا جارێکی دیکە بەسەر شاخێکی دیکە سەردەکەوێت دەگاتە لووتکەی شاخێکی نوێ. ئەمە نموونەی ئەوەیە کە مرۆڤ چۆن پاشەکشە دەکات بەبێ ئەوەی بە شێوەیەکی هەلپەرستانە خیانەت لە دڵسۆزی خۆی بکات بەرامبەر بە هۆکارەکە. شۆڕشگێڕەکان کە ڕێگە بە نائومێدی نادەن و هێز و نەرمی خۆیان دەپارێزن بۆ ئەوەی لە سەرەتاوە دەستپێبکەنەوە دووبارە و سێبارە… ئەمە لینینە دەڵێت: (جارێکی تر هەوڵبدەرەوە. دووبارە شکست بهێنەوە. باشتر شکست بهێنە بەڵام تەسلیم مەبە.) کاتێک ئۆجالان لە پەیامەکەیدا دەڵێت:( دوو سەدەی ڕابردووی مۆدێرنیتی سەرمایەداری ئامانجی شکاندنی ئەم هاوپەیمانێتی کورد و توورک بووە. ئەو هێزانەی کە کاریگەرییان لەسەر بووە، لەگەڵ بناغە چینییەکانیان، ئەمەیان وەک بنەمایەک وەرگرتووە. ئەم پرۆسەیە بەهۆی لێکدانەوە یەکسانەکانی کۆمارەوە خێراتر بووە. ئەرکی سەرەکی ڕێکخستنەوەی ئەو پەیوەندییە مێژووییە کە ئەمڕۆ تێکچووە، بە گیانی برایەتی و یەکڕیزی، بەبێ ئەوەی بیروباوەڕەکانمان پشتگوێ بخەین.) ئەمە ڕوانگەیەکی لینینییە لەمڕۆدا زیاتر لە جاران پێویستە، کاتێک تاکە ڕێگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵنگاریانەی کە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە (ناسیۆنالیزمی توندڕەو، ئیکۆلۆژی، جیۆپۆلەتیک، ناتۆ، شەڕ، AI قەیرانی ئابووری جیهان، قەیرانی دیمۆکراسی، کێشەی کۆچبەران..هتد)، هەرچییەک لە بزوتنەوە شۆڕگێڕەکان دەمێنێتەوە کەمتر و کەمتر توانای کۆکردنەوەی خەڵکە لە دەوری ئەلتەرناتیڤێکی بژاردەیی بۆ نەزمی جیهانیی. لینین لەچیرۆکی شاخەوانەکدا بۆ ئەو ئەلتەرناتیڤە دەگەڕا. بەڵام ئۆجالان پێچەوانەی لیینین ڕێگەی هەڵگەڕان بەشاخێکی دیکەدا ناکاتە ئەلتەرناتیڤ، بەڵکوو شکست لای ئەو کۆتایی پێهێنانە و لەسەر زەوی دەمێنێتەوە و تەسلیمی نەزمە جیهانییەکە دەبێت.
ڕەنگە ئۆجەلان پێی وابێت، ڕێگای دەرچوون لەم بنبەستەی بێکۆتایی بیرکردنەوە لە لاوازی چەپەوەیە و بۆیە شکستی سۆسیالیزم دەکاتە بیانوو وەکوو ئەوەی گلەیی لەوەبکات کە خەیاڵکردنی کۆتایی جیهان لە کۆتایی سەرمایەداری ئاسانترە. خودی سەرمایەداری نەک هەر بە سەرکەوتوویی خەیاڵی پۆست کاپیتالیزمی نەکرد بەڵکوو لە واقیعی خۆیدا خۆی دەگۆڕێت بۆ نەزمێکی نوێی پۆست سەرمایەداری. هەربۆیە دەڵێت:( پێویستی کۆمەڵگایەکی دیموکراسی حاشا هەڵنەگرە. ڕێزگرتن لە شوناسەکان، ئازادی بیرکردنەوە، ڕێکخستنی دیموکراسی و گەشەسەندنی
کۆمەڵایەتی-ئابووری و سیاسی هەموو پێکهاتەکان تەنیا بە بوونی کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی و فەزای سیاسی مومکین دەبێت.)
ئەمە تەسلیم بوونە بەو حەتمیەتە یۆتۆپییەی کە (فڕانسیس فۆکۆیامایا) دەیگووت:( دیمۆکراسیی سیاسی و سیستەمی ئابووری لیبراڵیزم کۆتا سیستەمی دونیای ئەمڕۆ و کۆتایی مێژووە و بڵندترین ئاستی ڕێکخستنی جڤاکی و کۆمەڵایەتییە، کە ناکرێت بەدیلێکی دیکەی بۆ بدۆزینەوە.) لەساڵی 1989 کاتێک ڕژێمە کۆمۆنیستییەکانی ئەورووپای ڕۆژهەڵات هەرەسیان هێنابوو، لەوکاتەدا (فۆکۆیاما) بەنووسینی وتارێک جاڕی (کۆتایی مێژوو) دەدات. کۆتایی مێژوو وەک دوا قۆناغی ڕسکاوی مێژوو، دیمۆکراسی لیبڕاڵ دەبێتە (میتا_ئایدۆلۆژی) دواهەمین مۆدێلی ڕێکخستنی سیاسی لەبەردەم ئایندەی مرۆڤایەتی بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و خۆشگوزەرانی و ئازادی. فۆکۆیاما گووتی: پێویستە مێژوو وەک پرۆسەیەی پەرەسەندن تەشابکەین. کۆتایی مێژوو، بەو مانایەیە کە لیبڕاڵ دیموکراسی فۆڕمی کۆتایی حکوومەتە بۆ هەموو گەلان. بەپێی فۆکۆیاما، لە دوای شۆڕشی فەرەنسییەوە، دیموکراسی لیبراڵ چەندین جار سەلماندوویەتی کە لە بنەڕەتدا سیستەمێکی باشترە (لە ڕووی ئەخلاقی و سیاسی و ئابووری…هتد) لە هەریەکێک لە ئەلتەرناتیڤەکان و بۆیە ناتوانرێت هیچ پێشکەوتنێک لەوانەوە بۆ سیستەمەکە ببێتە ئەلتەرناتیڤ.
پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە، ئایا ئەوەی ئۆجەلان دەڵێت: پێویستی کۆمەڵگایەکی دیموکراسی چارەسەرە یان شکستە؟
بەچاوپێداخشاندنەوە بە مێژوو ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە لە دوای جەنگی جیهانی دووهەمەوە سەرمایەداری لە شێوەی ئیمپریالیستانەدا باڵیکێلشاوە بەسەر هەموو سووچێکی جیهاندا، لە شەڕە خوێناوییەکانی ڕۆژئاوا تا شەڕی ئۆکرانیا و ڕووسیا و شەڕەکانی ئیسرائیل لەناوچەکەدا بەردەوامە.
بناژۆخوازی چەپ و ناسیۆنالیست و ئایینی وەک دژە هێزێک بۆ بڵاوبوونەوەی دیموکراسی لیبڕاڵ لە دایکبوو، لە نموونەی تایبەتی ئیسلامی توندڕەو جیهادی و تاقمی میلیشایی.
هێرشەکانی 11ی سیپتەمبەر، لەلایەن هەندێک لە بیرمەندانەوە وەک هێمای بێهەڵوێستی و گەشبینی ناڕەوای جیهانی ڕۆژئاوا ئاماژەی بۆ دەکرا، بەو پێیەی کە کۆتایی هاتنی ئیمپریالیزم نوێنەرایەتی کۆتایی ململانێی گەورەی جیهانیش دەکات. ئاڵنگارییەکی دیکەی جیهان گەشەسەندنی دەسەڵاتی ئابووریی و سیاسی دوو وڵاتی ڕووسیا و چینە. چین حکوومەتی تاک پارتی دەوڵەتی هەیە، لە کاتێکدا ڕووسیا، هەرچەندە بە فەرمی دیموکراسییە، بەڵام زۆرجار وەک خۆسەپێن و ئانۆکراسی ناودێردەکرێت. لە مانگی ئازاری 2022وە جیهانێک کە چین پشتگیری لە داگیرکردنی ئۆکرانیا لەلایەن ڕووسیا دەکات و ڕووسیاش پشتیوانی لە داگیرکردنی چینی بۆ تایوان دەکات. هەروەها داگیرکارییەکانی ئیسرائیل بە هاوکاری ئەمەریکا بەردەوامە. لە جیهانێکدا کە ململانێی ئەم زلهێزانە تێدا بەردەوامە. تەنراوە بەقەیران، قەیرانی کۆچبەران، قەیرانی وزە، قەیرانی جەنگ، قەیرانی جیهان پۆش، قەیرانی کەرامەت. دیمۆکراسی وردە وردە لە ڕۆژئاوا و لەهەموو سوچێکی جیهان پاشەکشە دەکات.
مرۆڤ بە هەر شێوەیەک لەم سیستەمە تێبگات، تێدا مرۆڤ داماڵێندراوە لە کەرامەت و زۆرێک لەدانیشتوانی جیهانی سێیەم، بەهۆی نەهامەتیەکانیانەوە لە دۆخی ئاورتەدا دەژین. بۆ نموونە، لە 20ی تشرینی یەکەمی 2024، دوای ئەوەی کوڕێکی تەمەن 3 ساڵانی فەلەستینی لە شاری خان یونس لە باشووری غەزە بەهۆی بەربوونەوەی هاوکارییەکانی ڕۆژئاواوە لە فڕۆکە ئاسمانییەکانەوە کوژرا، باپیرەی گوتی: “ئێمە هاوکاریمان ناوێت. ئێمە کەرامەتمان دەوێت.”
بیرۆکەی ئۆجالان کە (دیمۆکراسی چارەسەرە) جاڕدانی شکستە، چونکە دیموکراسی پەیوەستە بە سەرمایەدارییەوە؛ ئەو کێشانەی کە بەهۆی سەرکەوتنی سەرمایەداری و سیاسەتە نیولیبراڵەکانەوە دروست بوون ، وەک نایەکسانی زیاتری سامان و دڵەڕاوکێکی جەنگ مەترسییەکانی قەیرانی ئابووری، تێکچوونی ژینگە، لە زۆرێک لە وڵاتاندا دەرکەوتن کە نائارامی بەرامبەر بە حکوومەتە دیمۆکراسییەکان لێ کەوتووەتەوە.
لێرەدا بەنوکتەیەکی ژیژەک کۆتایی بەوتارە دەهێنم. دەڵێن جارێک (پوتین و شی و ترەمپ) چاویان بە خودا دەکەوێت و هەریەکەیان ڕێگەیان پێدەدرێت پرسیارێکی لێ بکەن. پوتین دەست پێدەکات: پێم بڵێ لە دەیەکانی داهاتوودا چی بەسەر ڕووسیادا دێت؟ خودا وەڵامی دەداتەوە: “ڕووسیا وردە وردە دەبێتە کۆلۆنی چین”. پوتین دەگەڕێتەوە و دەست دەکات بە گریان. شی هەمان پرسیار دەکات و دەڵێت: “وە لە دەیەکانی داهاتوودا چی بەسەر چیندا دێت؟” خودا وەڵامی دەداتەوە: “موعجیزە ئابوورییەکەی چین کۆتایی دێت؛ دەبێت بگەڕێتەوە بۆ دیکتاتۆرییەکی هێڵی توند بۆ ئەوەی بژیت دەبێت داوای یارمەتی لە تایوان بکەیت”. شی دەگەڕێتەوە و دەست دەکات بە گریان. لە کۆتاییدا ترەمپ دەپرسێت: ” چارەنووسی ئەمریکا چی دەبێت دوای ئەوەی جارێکی دیکە دەستبەکاربوومەوە؟” خودا دەگەڕێتەوە و دەست دەکات بە گریان.
ئەمە ئەم نەزمە جیهانییەیە کە ئۆجالان تەسلیمی دەبێت و خودا وەک ئەویتری گەورە بێلایەنانە تەماشایی دەکات و دەست دەکات بەگریان.