Skip to Content

تا شارستانییەت پێشبکەوێت، خۆشەویستی کەمتر دەبێتەوە!.. مۆنۆلۆگی نۆیەم.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی

تا شارستانییەت پێشبکەوێت، خۆشەویستی کەمتر دەبێتەوە!.. مۆنۆلۆگی نۆیەم.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی

Closed
by حوزه‌یران 21, 2024 General, Opinion

مۆنۆلۆگی نۆیەم لە کنێبی (خۆشەویستی لە سەردەمی شێرپەنجە)دا

خۆم: ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین چەرخی باڵادەستیی تەکنۆلۆژیایە، شێوەی خۆشەویستی لە سەردەمی تەکنۆلۆژیا زۆر جیاوازە ھەتا بە بەراوورد بە ساتەوەختی باڵابوونی شۆڕشی پیشەسازیی. سەیرە تا شارستانییەت پێشبکەوێت، خۆشەویستی کەمتر دەبێتەوە!! وەک ئەوەی ئەو دووانە لەسەر نەفیکردنی یەکتر وەستابن.
من: خۆی شارستانی دیاردەیەکی رۆمانسی نییە، بەڵکو لەسەر سترۆکتۆری دڵڕەقی رۆنراوە. تۆ سەیرێک بکە ئەوەی ئەوروپای ھێنایە ئەمڕۆ شۆڕشی پیشەسازیی بوو، ئەو شۆڕشە فینۆمینێکی ئیستاتیکی نەبوو، بەڵکو لەسەر رەنجکێشانی چینی کرێکار دروستبوو، ھەر ئەو رەنج و زەحمەتکێشانە بوو سەرنجی “مارکس”ی بەلای خۆیدا راکێشا. بڕوانە بۆ زەمەنێکی دێرینتر و لە ھەڕەمەکانی میسر رابمێنە، کێ زیاتر کۆیلەی ھەبووبێت و زەحمەتی زۆری خستبێتە ئەستۆیان، ھەڕەمی ئەو فیرعەونە گەورەتر و راقیتر بووە، تەنانەت باشتریش بەرگەی تێپەڕینی مێژووی گرتووە.
خۆم: ئەوەی لە بیرت کرد، کرۆکی مەبەستەکە بوو، ئەویش باسی پووکانەوەی خۆشەویستی بوو لە چاخی زانست و تەکنۆلۆژیا، وەک ئەوەی خۆشەویستیش بەشێک بووبێت لە پەرەسەندنی قۆناغێکی مێژوویی ژیار، یان لەوانەیە لەژێر کاریگەریی بارودۆخێکدا وەک دایناسۆرەکان قڕی تێکەوتبێت.
من: تەکنۆلۆژیا بە قەدەر رەھەندە پۆزەتیڤەکانی، ھەڕەشەیە و دڕندەشە.!، لە سایەی تەکنۆلۆژیادا مرۆڤ بەرەو ئامێر و رۆبۆتبوون ھەنگاو دەنێت. ژیانی کۆلێکتیڤی مرۆڤەکان کەوتۆتە ناو دڵڕەقیی سندووقە بچووکە سیحرییەکەوە “ئایپاد و مۆبایل”. رۆبۆت دەتوانێت رۆڵی میکانیکیانەی مرۆڤ ببینێت، بەڵام ناتوانێت چالاکییەکی مرۆڤانەی چەشنی خۆشەویستی ھەبێت، ئەی ئەو کاتەی مرۆڤ بووبێتە رۆبۆت چۆن داوای خۆشەویستی لێ دەکەیت؟. خۆشەویستی لە سەردەمی تەکنۆلۆژیادا بووەتە ترادیسیۆنی ھۆزە پریمیتیڤەکان، مەگەر لەناو خێڵەکانی ئەمازۆندا بیدۆزینەوە.
خۆم: تەنانەت پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیشمان کەوتوونەتە ژێر ھەڕەشەی تەکنۆلۆژیا. دیقەت بدە لەو ئامێری پلەی ستەیشنە نوێیەی منداڵان کە ھەر کام لە منداڵەکان دەتوانن لە ماڵی خۆیانەوە بەشێوەی بلوتوس لەگەڵ یەکتر یاری بکەن، ئەمە کارئاسانییە، بەڵام ھەڕەشەشە، تەنانەت پێشبینی دەکەم دوای سەدەیەکی تر مرۆڤەکان نەتوانن لەمسی یەکتر بکەن، بە زمانی موبایلی زیرەک و ئامێرە تەکنۆلۆژییەکان نەبێت لە یەکتریش تێنەگەن!. لەم قۆناغەدا ئەوەی وەک کەلەپوورێکیش نەماوەتەوە بێگومان خۆشەویستییە.
من: دێڕێک لە یەکێک لەو فیلمانەم بیر دێتەوە کە پاڵەوانی فیلمەکە دەڵێت “خودا لە دۆزەخەوە جوانتر دەبینرێت”. ئێمە بۆ ئەوەی خۆشەویستی ببینین یان ممارەسەی بکەین، دەبێت بێینە دەرەوەی ئەو بەھەشتە دروستکراوەی زانست و تەکنۆلۆژیا، بۆ ماوەکیش بێت خۆمان لە شەپۆلە کارۆ موگناتیسییەکان بشارینەوە، ھەرچەند ئەمە ئەستەمە تۆ وەک پێکھاتە فیزیکییەکەت لە سەردەمی نانۆ تەکنۆلۆژییدا بیت، وەک بیر و دەروون لە قۆناغی پێش شۆڕشی پیشەسازیی.
خۆم: لەگەڵ ئەوەشدا تەکنۆلۆژیا و فیزیای کوانتۆم و نانۆ تەکنۆلۆژیی خزمەتێکی گەورە پێشکەشی مرۆڤ دەکەن، تۆ دەتوانیت لە رێی ماڵپەڕی “گوگڵ”ەوە ھێندەی پەنجا ساڵ کتێب خوێندنەوەی باپیرت لە مانگێکدا زانیاریی بەدەست بخەیت، یان ئەو نەخۆشییانەی ھێندەی جەنگی جیھانی یەکەم مرۆڤیان لەناوبرد، ئێستا بە ھۆی تەکنۆلۆژیای نانۆوە چارەسەریان بۆتە ئاسانترین رێگا. ئەمە رووکارە پۆزەتیڤەکەی تەکنۆلۆژیایە کە نابێت بێ ویژدان بین لە باسکردنی.
من: بابەتەکە قێزکردنەوە و بوغز نییە بەرامبەر بە تەکنۆلۆژیا، قسە لەسەر کاریگەرییە نێگەتیڤەکانێتی کە دەتوانم بێ دوودڵیی بڵێم پترن لە رەھەندە پۆزەتیڤەکانی. ئێمە لە بارەی چەمکی خۆشەویستییەوە قسەمان دەکرد، ھەر چۆنێک بێت تەکنۆلۆژیا بێ ئەوەی مەبەستی بێت، خۆشەویستی لەناو دەبات، ئەو شارستانێتییەی خۆشەویستی تێدا نەبێت، دەست بەسەر ھەموو گەردوونیشدا بگرێت شارستانییەکی مردووە، تەنانەت ئەگەر مردن خۆیشی لەناو ببات!.
خۆم: باس ھاتە سەر مردن. خولیای نەمریی و گەڕان بە دوای نەمریدا، ھەمیشە خولیایەکی دێرینی مرۆڤ بووە، نەمربوون مێشکی مرۆڤی سەرەتایی سەرقاڵ کردبوو، ھەروەک چۆن مێشکی مرۆڤی مودێرنیش بەدەر نییە لەم ویستە. کەچی شتێک مرۆڤی نوێ لە میتۆلۆجییە بابلییەکە جیا دەکاتەوە، ئەویش ئەوەیە لەو ئەفسانەیەدا “گلگامێش” دوای مردنی “ئەنکیدۆ”ی ھاوڕێی خۆشەویستی، بە دوای نەمرییدا دەگەڕێت!، کەچی ئەو ھەموو مەرگە لە چوار دەورماندا وامان لێناکات بە جیددی و بە پاڵپشتی تەکنۆلۆژیا بیرێک لە نەمریی بکەینەوە.
من: مرۆڤی ھاوچەرخ بیر لە ژیان دەکاتەوە، چوونکە کاتی نییە بۆ بیرکردنەوە لە نەمریی، تەنانەت ھێندە خەریک کراوە بە چەرمەسەرییەکانی ژیانەوە، بەسەر ئەوەدا باز دەدات کە ژیان لەناو خۆیدا تۆوی مردنی ھەڵگرتووە. جیاواز لەمەش ھیچ کەسێک ناتوانێت مەرگ لە خۆیدا کەشف بکات.
خۆم: پێموایە مرۆڤی ھاوچەرخ چارەسەرێکی تری دۆزیوەتەوە، ئەویش ھەوڵدانە بۆ نەمرییەکی رەمزیی، نووسەرێک لە کاتی نووسینی کتێبێکدا دەیەوێت لەو رێگەیەوە خۆی بۆ کاتێکی درێژ بە زیندوویی بھێڵێتەوە، ئەمەش بە روونی لە چاوپێکەوتنێکی “ژاک دریدا” لە کاتێکی نزیکی مەرگیدا رەنگیداوەتەوە کە ئەو ھەستەی تێدا بەدی دەکرێت خوازیارە بەو فۆرمە رەمزییە نەمر بێت. جیا لەمەش ئەوەی جێی سەرنجمە نقومبوونی مرۆڤە لە ژیاندا!.
من: ئێمە تاکو لە مەرگ تێنەگەین توانامان نییە تەفسیری ژیان بکەین، ئەمە ھەمان وەزیفەی فەلسەفەشە لەکن پلاتۆ، بەو پێیەی لە دیدی ئەودا فەلسەفە واتە توانای تێگەیشتن لە مەرگ، بەڵام درێدا خۆی وەھا دەبینێت مادام لە مەرگ تێنەگەیشتووە ھێشتا فێری ھونەری ژیانکردن نەبووە!. دەکرێت وەک شاعیرە ژاپۆنییەکە بڵێم خودی “ژیان بە پێی نزیکبوونەوەمان لە مردن، دەدرەوشێتەوە”.
خۆم: ئەو ھەستەم ھەیە سەبارەت بە تۆ، کە خۆی لە دوو فۆرمی جودا دەبینێتەوە، فۆرمی یەکەم، مەشقکردنە لەسەر ئەوەی مردن وەک دیاردەیەکی ترسناک بەڵام حەتمی قبوڵ بکەیت. فۆرمی دووەم، کارکردنتە لە بواری نووسین بۆ ئەوەی لەو رێگەیەوە خۆت لە نێو زیندووەکاندا بھێڵیتەوە بۆ ھەمیشە.
من: نەخێر بەو جۆرە نییە. من پێویستم بە پەلەکردنە، شتێکی سەیر سەرنجی راکێشاوم، تا ئەو کاتەی گەنجیت و وزەت زۆرە بۆ نووسین، دەبێت بە خوێندنەوەوە سەرقاڵ بیت و ھەوڵبدەیت ھیچ نەنووسیت کە تەمەنیشت ھەڵکشا ئەو سەرمایەیەی بە ئەزموون و خوێندنەوە پاشەکەوتت کردووە وزەت نییە بۆ نووسینەوەی!. بەڵام من وا ناکەم چی فێر بووم بە زوویی دەینووسم، ئەمە راستیی منە. دەمەوێت شتێک ھەیە بیگەیەنم، نازانم بە کێ؟ بەڵام دەزانم دەبێت ئەو پەیامەم بگات!.
خۆم: کەواتە تۆ بۆ خەڵک دەنووسیت، وا نییە؟ بەڵام خەڵک ھەمیشە گوێ بۆ زۆربێژیی دەسەڵاتداران دەگرێت.
من: بۆ ئەو بەشە لە خەڵک دەنووسم بیر دەکاتەوە، ئەگەرنا خەڵکم بۆ گرنگ نییە، چون خەڵک ھێندە باش نین، تاکو ترسم لە رقیان بێت، خۆم بە باڵندەیەکی ئازاد دەبینم نەک وەک زۆرینەی خەڵک بە مێگەلبوونی خۆم رازی بم. ھەر لە ریشەوە رقم لە کۆنسێپتی خەڵکە، لەبەرئەوەی بڕوام بە تاک ھەیە. کاری راستەقینەم دژایەتی ئەو خووەی خەڵکە بە کۆمەڵ چەپڵە بۆ ستەمکارانیان لێ دەدەن، لە کاتێکدا من دەمەوێت پەیکەری ئەو دیسپۆتیزمە بڕوخێنم.
خۆم: پارادۆکسێک دەبینم، تۆ بۆ خەڵک دەنووسیت، بەڵام ئەوەی دەیبینم ھیچ کات خەڵکت خۆشناوێت، تەنانەت چێژ لە نەیارێتی خەڵک وەردەگریت!.
من: لە ژیانمدا خەباتم کردووە دژی خەڵک و لە پێناوی پێگەیاندنی تاک دا. ھەمیشە زۆرینە لەسەر رێگا ھەڵەکەن!، ھەمیشە خەڵک ناڕاستن و نامەوێت رەزامەندییان بەدەستبھێنم. کاتێک ھەست بکەم زۆرینە لەگەڵم تەبان، شتێک دەکەم جیاواز و نامۆ بۆ ئەوەی یەکانگیر نەبم لەگەڵ سروشتی سۆزانیانەی خەڵک. ھەمیشە حەزم لەوەیە ئەنتی بم لە بەرامبەر زۆرینەدا، لەو سۆنگەیەی ئەوەی رای گشتیی لەسەری تەبان، وێنایەکی ساختەی ھەقیقەتە، تۆ وێناکە پێچەوانە بکەوە ھەقیقەت لای تۆ دەبێت بە تەنیا. شتێکیش کە نابێت بیرم بچێت، ناو و ناونیشانی قەبە و زل لەسەر خۆم دانانێم و دڵداریی لەگەڵ سۆزی خەڵک ناکەم، بەڵکو تێزاب رۆ دەکەمە سەر برینەکانیان، ئەو منداڵە لاسارەی شانۆگەرییەکەی “ئەپسن”م کە بە پێچەوانەوەی ھەموو خەڵکەوە سەرکێشی وتنی راستییەکەی کرد و ھاواری کرد “پادشا رووتە”.
خۆم: لەوە بگەڕێ ئێستا، دووبارە با بگەڕێینەوە سەر باسی خۆشەویستی، پێتوایە خۆشەویستی بەختەوەریی لە خۆ گرتبێت یان جۆرێک لە شێتی لە ئامێزیدا ھەڵگرتووە؟.
من: بەختەوەریی لە ھیچ شتێکدا بوونی نییە. بۆکۆڤسکی دەیووت “زۆربەی مرۆڤی سەر رووی جیھان شێت بوون”. رەنگە گەڕان بە دوای ھۆکارەکانی شێتیدا سەرئەنجام شێتمان بکات. بۆ نا، وەختێک سەیری ئەو دنیا لنگەوقووچە دەکەین شێت دەبین، ئەگەریش شێت نەبین بە گووتەی بوکۆڤسکی گەمژەین. ئەم جیھانە ھۆکارێکت ناداتێ بۆ خۆشبەختی!, بەڵکو لە بناغەوە بەختەوەریی درۆیەکە لە چەشنی ئازادیی!. مرۆڤی ئەم چاخە مەحکومە بە گەمە “گلگامێش”ییەکە، ئەو تا مردن بە دوای وەھمی نەمریدا دەگەڕا، ئێمەش تاکوو شێتبوون بە دوای بەختەوەرییدا.
خۆم: کەواتە بۆچی خۆشەویستی دەکەین؟.
من: لەبەرئەوەی ھیچ چارەیەکی ترمان نییە.


٢٧-١١-٢٠١٨
کاتژمێر: چواردە و پانزە خولەک
نەخۆشخانەی گلیاد ئاینس

نووسینی: ستیڤان شەمزینی

Previous
Next
Kurdish