لێدوانێک لەسەر «گەڕانەوەم بۆ ئەفریقا»ی پێشەوا کاکەیی.. عەلی حسەینی
شێعر چییە و چ پێناسەیەکی بۆ لەبەرچاو گیراوە، پرسیارێکە کە دەتوانێت وەڵامگەلی جیاوازی هەبێت؛ جاری وایە ڕستەیەک کە لە زاری تاکێکی ئاسایی، منداڵێک یان تەنانەت دێوانەیەکەوە دێتە دەر، دەتوانێت شێعرییەتێکی زۆر بنوێنێ، بەڵام ئەو پەیڤگەلە بە ڕێکەوتن و ئامانجدارانە نایەنە خولقاندن؛ زەحمەتێکی ئەوتۆشیان بۆ ناکێشرێ و خۆڕسکانە دێنە بوونەوە. لایەنی شێعرئاسای زمان ئەو لایەنەیە کە لە دەقی واڵادا دەربکەوێت و زەینی بەردەنگ ڕاچڵەکێنێ و خودی بەردەنگ بێنێتە ڕاتڵەکان. لە لایەکی ترەوە، شێعرئاسابوونی زمانیش ڕێژەییە و ئەو دەقەی بۆ تاکێک ڕاچڵەکێنەرە، ڕەنگە بۆ تاکێکی تر ئاستی ڕاچڵەکێنەربوونی لە پلەیەکی خواردا بێت. هەڵبەت لە سەردەمێکەوە بۆ سەردەمێکی تر شێعرییەتی زمان دەتوانێت خوار و ژوور بکات. ئیلیاد و ئۆدیسەی هۆمێر سەردەمانی خۆی شێعرییەتیان لە ئاستێکی باڵادا بوو، بەڵام ڕەنگە بۆ سەردەمانی دواتر ئاستیان هاتبێتە خوارەوە. ئەمە لە حاڵێکدایە کە هەندێک جار بۆ هەندێ دەق لەدایکبوونەوەیەکی شکۆمەند درووست دەبێت؛ لە بێ پرەنسیپی و بەرهەڵدایەتیی بڕێک دەقی تازە بۆ ئەو دەقانەی کە پێشتر ئەزەلییەتیان سەلمێندراوە، لەدایکبوونێکی تازە و شکۆمەند درووست دەبێت. بە واتایەکی تر، بە بۆنەی ناحەزبوونی دەقە تازەکەوە، ئاوڕی بەردەنگ ناوشیارانە دەچێتە سەر ئەو دەقەی کە پێشتر تۆکمەبوونی بۆ خوێنەر دەرکەوتووە. کە وابوو خوێنەر جارێکی تر بەشێک یان هەمووی دەقە پێشووەکە دەخوێنێتەوە و شتی تازەی لێدەردەکێشێت. فاوستی گۆتە، غەزەلیاتی مەولانا، دیڤینا کۆمێدیای دانتە، لەم دواییانەدا دەربەندی پەپوولەی شێرکۆ و… لەو دەقانەن کە ئەگەرچی ئەزەلی بوونیان تا ئاستێکی بەرچاو سەلمێندراوە، لە ناتۆکمەبوون و ناحەزبوونی دەقە تازەکاندا زۆر جار دووبارە لە دایک دەبنەوە و بەردەنگ ئاوڕێکی شکۆمەندانەتریان لێدەداتەوە. بە سەر هەموو خوار و ژوورکردنی زمانی شێعردا هێشتاش ئەم زمانە لای تاکەکان ڕێژەییە و ئەوەی لای تاکێ زۆر شێعرە لای تاکێکی تر زۆر ناشێعرە؛ ئەگەرچی دەسەڵاتی زەینی و فیکریی تاکەکان دەبێت لەبەرچاو بگیرێت. جاری وایە دەقێک یان شاعیرێک کە دواکەوتوویان زۆرە نیشانەیەکی دڵخۆشکەر نییە و ڕەنگە لاوازێتیی دەقەکە یان شاعیر و نووسەرەکە بگەیەنێت؛ چون ئاستی بیرکردنەوە لە تاکەکاندا جیاوازی هەیە دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگیرێت کە چ تاکگەلێک چەپڵەلێدەری دەق و خاوەن دەقن.
لەناو نووسەران و قەڵەمبەدەستانی بەرەی تازەی باشووردا، بە ڕای من، پێشەوا کاکەیی لەو دەنگانەیە کە زۆرێک لە دەقەکانی مۆرکی مودێڕنیتەیان پێوە دیارە و لە هەمان کاتیشدا هەوڵ دەدات پێیەکی لە ڕابردوودا بێت و ڕێچکەگەلی ناسراو ون نەکات و لە ئاستێکی باشدا ئەمڕۆ بە دوێنێ و دوێنێ بە ئەمڕۆوە گرێ بدات. زۆر جار یەکێ لە تایبەتمەندیگەلی ئەدەبیاتی مودێڕن یان تەنانەت پاش مودێڕن ئەوەیە کە لە هەمان کاتدا دەقەکە دەبێت نوێ بێت نابێت سەری گوریسە تاقیکراوەکان بەر بدات. لە بەرگی یەکەمی «گەڕانەوەم بۆ ئەفریقا»دا کە لە یازدە بەش پێک هاتووە و تایبەتە بە گەلانی وڵاتی کینیا، نووسەر هەوڵێکی زۆری داوە کە ئەمڕۆ و دوێنێ لەیەک نیزیک بکاتەوە. زۆر جار بە شێوەیەکی ئامانجدار زمانی لە زمانە تاقیکراوەکان نیزیک دەبێتەوە و زۆر جاریش هەوڵ دەدات سەربەخۆبوونی خۆی نیشان بدات و پێشوازییەکی سەردەمیانە و نوێ لە بەردەنگ بکات. لەم دەقەدا، وەک شاعیر خۆی دەڵێت بە شێوەیەکی گەلدۆزانە هەوڵ دەدرێت سەفەرگەلی ئیمەجینەری یان تەواو خەیاڵی بۆ وڵاتگەلی تر بکرێت و فەرهەنگ و نەریتی ئەوان و ئەو وڵاتەی نووسەری لێدەژی، پێکەوە گرێ بدرێت و جیهانێکی نوێ چێ بکرێت. ئەگەرچی ڕەنگە ئەم کارە کارێکی دژوار بێت، چون بێ ئەوەی مرۆڤ لە شوێنێکدا ژیابێت زۆر سەختە بتوانێت وێنەگەلی شێعریی چڕوپڕ و بی گرێ و گۆڵ لە سرووشت و شێوەی ژیان و فەرهەنگ و هەڵسوکەوتی تاکەکان و هەموو شتێکی ئەو وڵاتەی وا لە خەیاڵیدا سەفەری بۆ کردووە یان هەنووکانە سەفەری بۆ دەکات، بخولقێنێت. لەو ڕووەوەی زمانی شێعر زمانێکی وێنەیی یان ئیمەجینەرییە، شاعیر دەبێت لەو شتەی یان ئەو شتانەی وا تەنانەت ڕاستەوخۆ دەیبینێت بە شێوەیەکی خەیاڵی وێنەساز بکات بۆ ئەوەی شێعرئاسابوونی زمانەکە بە خوێنەر بسەلمێنێت. لەم کارە نوێیەدا، شاعیر ناچارە دوو جار پەنا بباتە بەر خەیاڵ یان ئیمەجینەیشن؛ جاری یەکەم بۆ ئەو شتە یان ئەو شتانەی یان ئەو شوێن و کەسانەی کە لێرە نین و تەنیا لە خەیاڵدا لەگەڵیان دەپەیڤێت یان لە میدیادا دەیانبینێت، دەبێت پەنا بباتە بەر وزەی خەیاڵ؛ جاری دووهەمیش وەک هەر شاعیرێکی دیکە بۆ ئەوەی دەقەکە لە شێعر نیزیک بکاتەوە، دەبێت لە خەیاڵ یارمەتی وەرگرێ تا ڕەزامەندانە بەردەنگ بە ڕێ بکات. لە ڕوانگەی نووسەری ئەم دێڕانەوە، شاعیر لە ئاستێکی بەرچاودا لەم بوارەدا سەرکەوتوو بووە، چون زۆر جار وێنەکان بە بێ کێشە و ڕێکوپێک یان بێ ئەوەی نامۆییەکی زۆریان تێدا بە دی بکرێ دەبنە میوانی بەردەنگ و بەردەنگ پێوەندییەکی شیاو لەگەڵ دەقەکە بگرێ.
بێجگە لەو شتانەی باسیان لێکرا، شاعیر توانیویەتی هەندێک جار بۆ ئەوەی بچێتە ناوەوەی ئەو ژینگەیە، ئەو شتە یان ئەو مرۆڤانەی کە بە پەیژەی خەیاڵ دەیانگاتێ دیسان چەشنێ لە دیژوارێتیی پڕۆسەی نووسین تاقی بکاتەوە. بڕێک جار نووسەر لەگەڵ مرۆڤەکانی وڵاتە خەیاڵییەکەدا یان ئەو وڵاتەی تەنیا لە ڕێگەی میدیاوە دەیناسێ بە جوانی دێت و دەچێت، دەپەیڤێت، حەیرانئاسا بە باڵایاندا دەڵێت؛ هەموو ئەم شتانە لە ئاستێکی شیاودا سەرکەوتوون، چون خوێنەر کەم و زۆر دەتوانێت بچێتە ناو سەفەرە خەیاڵییەکەوە. شاعیر خەیاڵ و زەینی خۆی لەسەر دەقەکە بە باشی وە کار خستووە بۆیە لەو ساتەوەختەدا کە دەقەکە بە بوارێکی سێکشواڵدا دەچێت و مرۆڤەکان خەریکن سێکس دەکەن یان بە چڕوپڕی لە سێکس دەدوێن دەقەکە هەرگیز ناحەز یان پۆخڵ نانوێنێ، چونکوو سێکشواڵیتە بوون و ئەدەبی بوونی دەقەکە بە چەشنێک ئاوێتە کراون کە بەردەنگ جاڕزکەر نەبن. کاتێک دەقەکە بە لای سێکس یان خۆشەویستیی نێوان مرۆڤەکاندا دەکشێت، چەشنێ لە ئەدەبیەت و حەیران شێوەیی یان بەیت شێوەیی بە سەریدا زاڵ دەبێت کە خودبەخود زاخاو دەدرێ و پۆخڵێتیی کەم دەبێتەوە. ئەمە نیشان دەدا کە نووسەر لە پڕۆسەی نووسیندا لە ڕابردوو و پوتانسیەلی زمانی کوردی بە باشی کەڵک وەردەگرێت. لەم سەفەرە خەیاڵییەدا کە وڵاتی کینیا هەڵبژێردراوە ڕەنگە بتوانین بڵێین ئەم هەڵبژاردنە ئامانجدارە؛ شاعیر دەیتوانی کە وڵاتێکی خۆش و ئاووهەوای تر و دەوڵەمەندتر هەڵبژێرێ، بەڵام ئەو کارەی نەکردووە، چون ویستوویەتی چارەنووسی وڵاتێکی کەم پێشکەوتوو لە هەموو بوارێکەوە بە وڵاتەکەی خۆیەوە گرێبدات و بێ وڵاتبوون و ناڕوونبوونی چارەنووسی گەلەکەی بنوێنێت، بەو هیوایەی کە ئەم دەقە بچێتە ناو زمانی گەلانی تریشەوە و ناڕوونبوونی چارەنووسی گەلەکەی بدرێ بە گوێی جیهاندا.
بە گشتی دەستخۆشی لە نووسەر دەکەم و ئارەزووی تەندروستیی بۆ دەکەم؛ لە کۆتاییدا یک شت کە زۆر پێویستە بیڵێم ئەوەیە کە زمانی شاعیر لەم کتێبەدا و لە کتێبەکانی تر وەک گەردووننامە و… هەندێ جار هەڵبەت نە بە ڕێژەیەکی زۆر بە ئاقارێکدا دەڕوات کە وەک قسەی ئاسایی لێدێت؛ ڕەنگە لەو شوێنانەدا وا مۆسیقای دەقەکە دادەکشێت زۆرتر هەست بەم خاڵە نەرێنییە بکرێت.
سەرچاوەکان:
١. طلا در مس، رضا براهنی،
٢. ادبیات چیست، ژان پۆل سارتەر.
٣. شعر زمان ما، نیما یوشیج، محمد حقوقی.