Skip to Content

هێڵنج.. شەماڵ بارەوانی

هێڵنج.. شەماڵ بارەوانی

Closed
by ئاب 10, 2024 General, Literature

هێڵنج ڕۆمانێکی فەلسەفی (٢٤٦)لاپەڕەیی (جان پۆل سارتەر ١٩٠٥ -١٩٨٠)گەورە نووسەر و فەیلەسووفی وجوودی فەڕەنسییە و یەکەم چاپی لە ساڵی١٩٣٨لێ بڵاوبووەوە.
هێڵنج یەکەم ئەزموونی سارتەره لە بواری نووسینی ڕووماندا.
سەکۆی سەرەکی ڕووداوەکانی هێڵنج شاری(بۆفێل)و پاریسی پایتەختی فەڕەنسایە. بۆفلی شارێکی خەیاڵییە.
چیڕۆکی ڕۆمانەکە باس لە کەسێکی سەیر دەکات! ئەوکەسە هەستێکی زۆر نامۆی لای دروست بووە و هەموو بوونی داگرتووە. کەسێک، هەموو شتێک لە تێڕوانینیدا پووچ و بێ مانایە. کارەکتەرێکی خاڵی لە ژیان، لە هەمان کاتدا پڕ لە تێڕامان و بیرکردنەوەی قووڵ و نیگەرانی و قەڵەق و هێڵنج.

ڕووکانتان، پاڵەوانی هێڵنج، کەسایەتییەکی نامۆ. ئەو هیچ پەیوەندییەکی بە خێزانەکەیەوە نەماوە و هیچ هاوڕێیەکیشی نییە.
کەسێکی دابڕاو لە کۆمەڵگە، تەنیا و گۆشەگیر و داخراو بەسەر خۆیدا. لە جیهانە تایبەتەکەیدا لەگەڵ تەنیاییدا ڕۆژەکانی ژیان بەڕێ دەکات. هێڵنجێک ڕووکانتانی خستووەتە حاڵەتێکی نامۆ!
حاڵەتێک تێیدا هەست بەوە دەکات کە ئەو ئیدی پەیوەندی بە خودی خۆی و ئەوەیتر و دەوروبەر و شوێن و زەمان و ڕۆژگارەوە پچڕاوە و چووەتە دەرەوەی کات و زەمەن و ژیانەوە و جگە لە تەنیایی و ئەو هێڵنجە نەگریسەی کە گیرۆدەی بووە، هەست بە هیچ شتێکیتر نەکات. تەنیاییەکی سەیر” من بە تەنها دەژیم، تەنیاییەکی تەواو، هەرگیز لەگەڵ کەس نادوێم، چاوم بە دیداری هیچ شتێک ناکەوێت و هیچ شتێک نابەخشم”. لەژێر پاڵەپەستۆی ئازاری ئەو هەستکردن بە تەنیاییەدا فشارێکی دەروونی سەخت ناوەوەی دەگوشێت و هەست بە ئازارێکی زۆری سایکۆلۆجی دەکات و عەبەسییەتی لێ دەچۆڕێت” پەیڤی عەبەسییەت ئێستا لەژێر قەڵەمەکەم لەدایک دەبێت…هێڵنج لە هەموو لایەکەوە بوونی دەورداوم. کەوتمە سەر جێگا. وام لێ بەسەرهات، شوێنی بوونی خۆم پێ نەزانم. ڕەنگەکانم بینی لە دەوروبەرم بە هێمنی دەخولانەوە، ویستم بڕشێمەوە”.

ئەو هێڵنج و ڕشانەوەیەی ڕووکانتان ئەو هێڵنج و ڕشانەوە فیزیکییە ئاساییە نییە کە دوای هێڵنجێکی توند فشار بۆ جەستە و لایەنی فیزیکی مرۆڤ دێنێت و نەخۆشەکە ئەوەی خواردوویەتییەوە هەمووی دێنێتەوە و هیچ شتێک لە گەدەی خۆی ناگرێت و ئەوەی دەخوات و دەیخواتەوە فڕێیدەداتە دەرەوەی جەستەی.
ئەو ڕشانەوەی ڕەنگێکی بێزەوەر و بۆنێکی ناخۆش و دیمەنێکی بێزارکەری هەیه.
نەخێر، بەڵکو هێڵنج و ڕشانەوەکەی (ڕۆکانتان) حاڵەتێکی دەروونی و ڤایرۆسێکی تایبەت و جیاوازە و لە قووڵایی ڕۆحیدا لە دایک بووە و هەڵقوڵاوە و لەوێشەوە بۆ ئەقڵ و بیرکردنەوەی هەڵکشاوە و دواتر بۆ هەموو جەستەی تەشەنەی سەندووە.
هێڵنج و ڕشانەوەکەی ئەو مەعنەوین و فشار لەسەر دەروونی دروست دەکەن و ناتوانێت عەبەسییەت و بێماناییەکانی ئەو ژیانە پووچەی تێدا دەژیت هەرس بکات و هەر کە بە ڕێگای هزر و تێڕامان و بیرکردنەوە، خۆراکێکی مەعریفی و فەلسەفی و زانیاری و ڕۆشنبرییەک دەرخواردی زاکیرەی مێشکی دەدات، یەکسەر هێڵنجی بێمانایی دایدەگرێت و دەڕشێتەوە بەسەر هەموو بووندا و ژیان غەرقی ڕشانەوەیەکی مەعنەوی دەکات.
ئەو ژیانەی لە هەموو ڕوویەکەوە لێی بێزارە و بە پووچ و بێمانای دەبینێت. ژیانێک، بۆ ئەو لە کابووسێکی تۆقێنەر و ترسناک زێدەتر نییە!

بەو چەشنە ئەو هێڵنجە کوشێنەر و نەگریسە عەبەسییە تێکەڵ بە جەستەی ڕووکانتان بووە و تەشەنەی سەندووە بۆ ناو خوێن و دەمار و ڕۆح و هەموو بوونی و بە هۆیەوە توشی حاڵەتێک بووە کە هەست بە تەنیایی و دڵگوشین و غەریبی و نامۆیی بکات و هەموو شتێک لای پووچ و هیچ بێت و بێزارییەکی کوشێنەر بە هۆیەوە تەواوی بوونی داپۆشێت!
هێڵنجێک، ئەو حەزەی لا دروست کردووە کە کۆتایی بە هەموو شتێک بێنێت و هەموو شتێک لای ئەو بە فعلی کۆتاییان هاتووە و جگە لە پووچی و بێمانایی، شتێکی تر لە دەرەوەی تەنیایی و هێڵنجەکەی ئەو بوونیان نییە.”ئەو هێڵنجە هەستێکە خواستی کۆتاییهێنان بە هەموو شتێکت لادروست دەکات.
یاخود ئەو بێزارییە گەورەیەیە کە هەموو شتێک لای بە کردارەکی کۆتاییان دێت، لەو کاتەی هەست بە سووکی یاخود قورساییەکەی دەکەیت، هێڵنجەکە لەناو خۆم نا بەتەنها من هەستی پێدەکەم، لەوێ، لەسەر دیوار، لەسەر بەرزاییەکان، لە دەوروبەرم، لە هەموو شوێنێک. کافێکە جگە لە شتێک بە تەنیا زێدەتر نییە، ئەو شتەیش منم کە تێیدامە”.
بەو شێوەیە(ڕۆکانتان)ی عەدەمی بە دەست گرێی هێڵنجەوە دەتلێتەوە و هێڵنجی لە هەموو شتێک دەبێتەوە و کەوتووەتە ناو توونێلی هێڵنجێکی کۆشێنەر و دەروونپڕۆکێنەرەوە و ئاسۆیەک نابینێتەوە تا لەو هێڵنجەدەروونییە بە ئازارە قورتاری بکات.
سەرەڕای ئەو هێڵنجە قورس و دژوارەیش، ئەو حەزی لێیه گوێ لە گفتوگۆی خەڵک بگرێت و پشکنین بۆ کردەوەکانیان بکات.
بۆیە بڕیار دەدات وەک پڕۆژەیەک دوای ئەوەی داوای لێ دەکرێت پەڕتووکێک لەسەر ژیانی(مەرکیز دور ڕۆلبۆن) بنوووسێت و لەپاڵ ئەوەشدا یادداشتی ڕۆژانەی ژیانی لە تێنووسێکدا تۆمار بکات. ئیدی لە شارە خەیاڵییەکەی بۆفێل دەست بە نووسینی یادداشتەکەی دەکات و وەک خوێنەر و لێکۆڵەرێک و بنووسێک لە پارک و کافێ و پەڕتووکخانە و مۆزەخانەی شاردا دەسووڕێتەوە و لە دیمەنی شەقام و مرۆڤ و ژیان دەکەوێتە تێڕامان و دەنووسێت و پێداچوونەوە بە نووسینەکەی دەکات و دێڕێک زیاد دەکات و دوو وشە دەسڕێتەوە و ڕستەیەک پالفتە دەکات و جێگۆڕکێ بەو چەمک و ئەو واتا دەکات و دەکەوێتە بیرکردنەوە بۆ دواتر کە دەبێ چی بکات و چی نەکات.

بەو چەشنە، (ڕۆکانتان) ئەو ماوەیەی لە بۆفێل دەمێنێتەوە، لە وردودرشتی ئەو شارە و ژیان و مرۆڤ ورد دەبێتەوە و سەیری هاتوچۆکەران دەکات لەسەر شەقامەکانی شار و سەرنجی دیواری فرۆشگا و دیمەنی باخ و کافێکان دەدات و بە قووڵی له هەموو جوولەیەک قاڵ دەبێتەوە.
تا بتوانێت خوێندنەوەیەکی تایبەت و قووڵ بۆ دەوروبەر و شتەکان بکات و قسە لەسەر تێڕوانین و لایەنی دەروونی و مێشک و سروشت و میزاج و حەزی مرۆڤەکان بکات و بە وردی و بابەتییانە و زانستییانە لە بارەیانەوە بنووسێت و هەموو شتێک بە لۆجیکی خۆی شلۆڤە بکات و بیانخاتە ژێر نەشتەری ئەو لۆژیکە هێڵنجاوییەی خۆی و لەسەر بنەمای لۆژیکی بێزاری قسەیان لەسەر بکات.

ئیدی بە قووڵی ڕۆ دەچێتە بیرکردنەوە، تا بیسەلمێنێت ئەو هێشتا لەو ژیانە پووچەدایە و نەمردووە.”من بوونەوەرێکم بیر دەکەمەوە، کەواتا من هەم ….”.
ڕووکانتان ئەوکارە و نووسین دەکات نەک لەپێناو ئەوەی مەبەست لێی نووسین بێت، نەخێر، بەڵکو تا لەو هەستە تاڵ و تەنیاییە دەروونییەی کە تێی کەوتووە ڕزگاری بێت. یان هەر هیچ نەبێت ئەو خۆخەریککردنەی بە نووسین، کەمێک لە باری ئازارە ڕۆحی و فشارە دەروونییەکەی کەم بکاتەوە و لە ڕێگایەوە ڕووبەڕووی سەختی و عەبەسییەتی ژیان ببێتەوە و ئەو ئلتیهابە فیکرییەی چارەسەربێت و ئەو دڵگوشینە یەخەی بەربدات.
چونکە بۆ ئەو نووسین هیچ بەها و پیرۆزی و گرنگییەکی نییە. ئەو هەموو شتێک لە تێڕوانینیدا پووچە.
بۆیە ئەو وەک ئەرک و پرۆژە نووسین ناکات، بەڵکو دەیەوێ لە ڕێگای نووسین و خۆخەریککرنی بەو کتێبەوە، ئەو هەستە لە خۆی دوور بخاتەوە و خۆی لەو هێڵنجە دەروونییەی ناوەوەی خاڵی بکاتەوە و ئارامی ڕۆحی و دەروونی بۆ بگەڕێتەوە. ئەو هەرکاتێک هەست بەوە بکات لە هەستە هێڵنجاوییەکەی چاک بووەتەوە، دەستبەرداری نووسین دەبێت و دەچێتە خەوێکی ئارام و قووڵەوە و دەڵێت”دەخەوم، من چاک بوومەوە”. ئەفسووس! ئەو سەرەڕای گەڕان و تێکەڵبوون بە خەڵک، کابووسی هەستکردن بە تەنیایی وازی لێ ناهێنێت.

“دۆخەکە زۆر خراپە، من هەست بە خراپی دەکەم، ئەو بێزەوەرییە، ئەو هێڵنجە، ئەو جارە شێوازێکی نوێیە، لە کافێکەبووم تووشم بوویەوە”.
ئەو هەستە ناخۆشە وای لێ دەکات دوای نووسینی چەند لاپەڕەیەک، دەست لە نووسین هەڵبگرێت. ئەو، ئیتر نە یادداشتی ڕۆژانەی ژیانی خۆی و نە ئەو کتێبەیش کە ئەدیب و ڕۆشنبیرێک داوای لێ دەکات لەبارەی ژیانی(مارکیز دۆر ڕۆلبۆن)ی ئەرستۆکراتی سەدەی١٨ بنووسێت، هیچیان تەواو ناکات و بە نیوەناچڵی دەستیان لێ هەڵدەگرێت. ئەو نووسینەی وەک یادداشتێکی ڕۆژانەی نووسیویەتی، لە پڕۆژەی کتێبێکدا خۆی دەبینێتەوە و ناوی کتێبەکەش دەنێت(هێڵنج). لەوبارەیەوە دەڵێت “کۆمەڵانی خەڵکی ئەو ڕۆمانە دەخوێننەوە و دەڵێن ئەنتوان ڕووکانتان ئەوەی نووسیوە..”. ئیدی ئەو یادداشتەی گەشتی ژیانی ڕووکانتان(سارتەر)خۆی دەبێتە ئەو ڕۆمانەی قسەمان لەسەر کرد.
دوای(هێڵنجیش)، حاڵەتە هێڵنجاوییەکەی ڕووکانتن هەر بەردەوامی دەبێت و ئەو هێڵنج لە شەقامەکان، لە شار، لە کتێبخانە، لە مرۆڤ، لە نووسین و لە هەموو شتێک دەکات. ئەو هەستە ناخۆشە یەخەی بەرنادات و جێی ناهێڵێت. سەرەڕای قورسایی دۆخەکە، ڕووکانتان ناچار دەبێت بچێتە ژێر ئەمری واقع و لەگەڵ ئەو هێڵنجه خۆی ڕابێنێت. ئیدی دەگات بەو بڕوایەی کە ئەو هێڵنجە دەبێتە بەشێک لە کەسایەتی و کەینوونە و ژیان و بوونی ئەو و تازە وا زوو لێی جیا نابێتەوە. “هێڵنج جێم ناهێڵێت، هەست ناکەم بەو خێراییە و وا زوو جێشم بێڵێت، بەڵام چیتر بەرگەی ڕووبەڕووبوونەوەی ئازارەکانی ناگرم، چیتر ئەو نەخۆشی نییە، بەڵکو ئەو منم”. بۆ دەرچوون لەو توونێلە تاریکەیە، شاری بۆفێڵ بەرەو پاریس جێ دێڵێت و لەوێ دەچێتە هۆڵی هونەری و گوێ لە مۆسیقا دەگرێت، وەک دەربازبوون لەو دۆخە دۆزەخییەی تێیکەوتووە. هەستدەکات هونەر تاقە ڕێگەیە بتوانێ یارمەتی بدات و لەو هەست و هێڵنجە فریای بکەوێت و ئارامیْ ڕۆحی و دەروونی بۆ بگەڕێنێتەوە. ڕووکانتان دەیەوێت لە بری نووسین و بیرکردنەوە، بە مۆسیقای جاز چارەسەری هێڵنجەکەی و حاڵەتە دەروونییەکەی بکات. ڕووکانتانی پاڵەوان وەنەبێ کەسێکی ڕەشبین یاخود دژە ژیان بێت، به پێچەوانەوە، ئەو، ئەوپەڕی هەوڵی خۆی خستەگەڕ تا لە هۆکاری ئەو دۆخە دەروونی و هێڵنجە سایکۆلۆجییەی کە گیرۆدەی بووبوو، چارەسەرێک بدۆزێتەوە و ڕزگاری بێت. بۆ ئەمەیش کۆمەڵێک ڕێگای تاقی کردەوە، وەک خوێندنەوە و بیرکردنەوە، نووسین، گەشت و گەڕان، دواینیشیان میوزیک. تا دووباره لەو هێڵنجەی لێی بووبوو بە گرێکوێرە و بۆی نەدەبووەوە و لێی حاڵی نەدەبوو، تێبگات. تا چارەسەرێکی بۆ بدۆزێتەوە و تێکەڵ بە ئاوەدانی و خەڵک و ژیان ببێتەوە و ئەو نامۆبوون و تەنیایی و هێڵنجە یەخەی بەربدات. ئەفسووس! مرۆڤ هەرچەند هەوڵی ڕزگاربوون بدات، سوودی نییە وەک ڕووکانتان دەیڵێت.”هیچ سوودی نییە مرۆڤ هێڵنج دەوری دەدات، وا دەبینرێت ئەوە چارەنووسی مرۆڤ دەبێت لە ژیان”.

ڕووکانتان عاشق بوو و خۆشەویستی هەبوو(ئانی). ڕووکانتان بەردەوام لەگەڵ یادگارییەکانی دەژیا و بیری لەو چرکەساتە خۆشانە دەکردەوە کە لەگەڵ خۆشەویستەکەی پێکەوە بەسەریان دەبرد. ئاواتەخوازبوو بە دیداری بگاتەوە و ژوانی لەگەڵ ببەستێت. ئەو، باسی لەوکاتانە دەکرد کە خۆی لە وڵاتی جیبۆتی و ئانی لە عەدەن بوو. ئەو لە سەرەتا تا کۆتایی چیرۆکەکە باسی خۆشەویستییەکەی ئانی و یادگارییەکانی و وردودرشتی ژیانی دەکات و لەو جیابوونەوە تاڵ و بە ئازارەی نێوانیان دەدوێت. جیابوونەوەیەک، برینێکی ساڕێژنەکراوی هەمیشەیی لە دەروونیدا جێهێشت و ڕۆحی خستە ئازارێکی بە سوێی نەبڕاوە و هەموو خەونەکانی تێکوپێک شکاند و ئاواتەکانی لە گۆڕ نا و ڕێڕەوی ژیانی گۆڕی و گشت بەختەوەری و ئارامی و ئاسوودەیی و چێژێکی ژیان لەگەڵ جیابوونەوە لە ئانی، لێی جیابووەوە و هیچ لە کەسایەتی و بوونی نەمایەوە، جگە له پیاوێکی تەنیا و سەرگەردان و نامۆ و هێڵنجاوی و دابڕاو و گۆشەگیر نەبێت.

ماوەتەوە بڵێم: هێڵنج بەرجەستەکەری دیدەنیگا و جیهانبینی و تێڕوانینە عەبەسییەکەی سارتەرە لەمەڕ بوون، گەردوون، ژیان و مرۆڤ و سارتەر لە ڕێگای کارەکتەری ڕووکانتانەوە فەلسەفە عەبەسییەکەی خۆی لە هێڵنجدا دەخاتەڕوو. “من، کلیلی کەینوونە و بوونی خۆم دۆزییەوە، کلیلی هێڵنجەکەم، کلیلی خودی ژیانم. لە ڕاستیدا ئەوەی لە دواییدا بە دەستم هێنا وەک ڕزگاربوونێک لەو عەبەسییە سەرەکییەدایه” . هێڵنج وەک گەشتێکی سەختی (ڕۆکانتان)، گەشتێک، کە گوزارشتە لە ڕەتکردنەوەی گەڕانەوە بۆ ڕابردوو و لۆژیکیبوونی گەردوون و ڕووداو و شتەکان و دووپاتکردنەوەیه لە فەوزاییبوونی وجوود و بێمانایی ژیان.

سارتەر له هێڵنجدا دەیەوێت پێمان بڵێت لە هیچ و بێمانایی و عەدەمەوە هاتووین بۆ ژیانێکی بێمانا و بە پووچ
گەرێتی دەوردراو بەرە و عەدەمێکی بێمانا و پووچیش دەڕۆینەوە و دەبینەوە بە هیچ و عەدەم.
هێڵنج پێمان دەڵێت، خۆتان فریو مەدەن بەوەی ئەو ژیانە شوێنی ژیان و خۆشی و ئاسوودەیی و دڵنیاییە. نەخێر، هەرگیز لەم ژیانە مرۆڤ بە ئارامی و بێ هێڵنج و دوور له دڵەڕاوکێ و بێزاری ناژیت و ژیان بە عەبەسییەت و ئازار و نەهامەتی و تراجیدیا دەور دراوە و مرۆڤ کائینێکی خەفەتناک و گۆشەگیر و دابڕاوە و تەنیاییبوون سیمایەتی و هیچ ئایین و ئایینزا و ئایدیۆلۆژیا و فیکر و ئایدیا و فەلسەفە و زانستێک و هیچ شتێک لە توانایدا نییە ئەو عەبەسییەت و ئازار و نەهامەتییەی ژیان لابەرێت و واتا بۆ ئەو ژیانە پووچ و بێمانایە بدۆزێتەوە. ئەی چارەسەر چییە وەک حەلێکی بوونگەرایی و وجوودی بۆ ئەو وجوودەی سارتەر لای پووچ و عەبەساوی و بێمانایە؟ سارتەر لە ڕێگای پاڵەوانە نهلیستەکەی ڕووکانتانەوە پێمان دەڵێت، هەر هێندەمان لە دەست دێت لەو ژیانە بێمانا و پووچەیه کە لە ڕێگای ئەدەب و هونەر و میوزیکەوە تۆزێک ئارامی بۆ دەروون بگەڕێنینەوە و گەر تاقە دەروازەیەکی قورتاربوون و ڕێگایەکی ڕزگاربوونیش هەبێت، ئەوە جگە لە ئەدەب و هونەر و میوزیک، چیتر نییە بتوانێت ببێت بەو هێزەی بەسەر نیگەرانی و قەڵەقە وجوودییەکاندا زاڵ بێت.

“شەماڵ بارەوانی”

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress