Skip to Content

نامەیەکی کراوە دەربارەی دژەجووگەرایی و کتێبی کۆمەڵناسی ئازادی.. سەلاحەدین ئەحمەد

نامەیەکی کراوە دەربارەی دژەجووگەرایی و کتێبی کۆمەڵناسی ئازادی.. سەلاحەدین ئەحمەد

Closed
by كانونی دووه‌م 31, 2021 General, Opinion

کتێبی کۆمەڵناسی ئازادی لە نووسینی عەبدوڵا ئۆجالانە و تەرجەمە ئینگلیزییکەی لە ساڵی ٢٠٢٠دا لە لایەن پی ئێم پرێسەوە بڵاوکراوەتەوە.

دژەجووگەرایی (یان ئەنتایسەمێتیزم) یەکێ لە بەربڵاوترین دیاردەکانی رەگەزپەرستییە و ریشەکانی دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمە تاریکەکان. ئەم دیاردەیە هۆکاری سەرەکی ژمارەیەکی زۆری هەڵمەتی پاکتاوکردنی رەگەزییانە و ستەمکاری و تاڵانکردن و ئاوارەکردنی خەڵکانی بە جووناسراو بووە لە میزۆپۆتامیا و باکوری کیشوەری ئەفریقیاوە بۆ زۆربەی ناوچەکانی کیشوەری ئەوروپا. ئەمە راستییەکی حاشاهەڵنەگرە و بریا دووپاتکرنەوەی پێویست نەبوایە.

لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە و لە پای تاوانی نازییەکان دژی جووەکانی ئەوروپا، دژەجووگەرایی وەکو قەیرانێکی جیهانی ناسێندراوە بەڵام دیاردەکە هێشتا زۆر دوورە لە بنبڕکردنەوە. لێکۆڵینەوە لە دژەجووگەرایی کایەیەکی بەرفراوان و ئاڵۆزە؛ دیاردەکە هی ئەوە نییە بکرێ لە چەند دێڕێکدا کورتبکرێتەوە یان شێوازەکانی لە لیستێکی نیمچەئاساییدا خاڵبەند بکرێن. بە داخەوە لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ناوین و باکوری ئەفریقیا، بە هۆی زاڵبوونی نەتەوەپەرستی و توندڕەوی مەزهەبییەوە، کردار و گوتاری دژەجووگەرایی بە رادەیەکی ترسناک بەردەوامن. تا ئەم ساتەوەختەش زۆربەی جووەکانی ئەم ناوچانە بێبەشکراون لە مافی نیشتەجێبوون لە زێدەکانی خۆیان.

ئەو بەرخودانە دژەفاشیستەی کە لە باکوری کوردستان دروستبوو رۆشنگەرییەکی بێوێنەی لە هوشیاری گشتییدا دروستکرد و بەشێکیش لەو هوشیارییە نوێیە پشتیوانیکردنە لە پرسی میللەتانی دیکەی داگیرکراو و خەڵکانی بێدەنگکراو لە ناوچەکەدا. لەبەر ئەوە، جیاواز لە زۆر شوێنی دیکە، بە شێوەیەکی گشتی هەر وەکو چۆن رووبەڕووبوونەوەیەکی ئومێدبەخش دژی دیاردەی دژەیەزیدیگەرایی بەرپا بووە، دیاردەی دژەجووگەراییش بە بەراورد بە ناوچەکانی تری رۆژهەڵاتی ناوین روو لە کەمبوونە. بەڵام ئەو کارەساتانەی کە بە هۆی ئەو جۆرە رقە رەگەزپەرستیی و مەزهەبییەوە قەوماون پێویستی و ئەرکی زیاتر دروست دەکەن بۆ بزووتنەوە رۆشنگەرییە دژەفاشیستەکان.

لەو گۆشەنیگایەوە، نووسەری ئەم نامەیە پێشنیار دەکات کە وەکو هەڵوێستێکی ئازایانە و لە بنەمای خۆڕەخنەکردنەوە نووسەری کتێبی کۆمەڵناسی پەشیمانی خۆی رابگەیەنێ لە هەموو ئەو بەشانەی کە دەربارەی جووبوونن، بە تایبەتی ئەو بەشەی کە لە ژێر ناونیشانی ”ئایدیۆلۆجی جووبوون”دا چاپکراوە. بە رانەگەیاندنی پەشیمانییەکی وەها، بە داخەوە دەرگای تۆمەتی دژەجووگەرایی دژی کتێبەکە بۆ هەمیشە بە ئاوەڵایی دەمێنێتەوە، بەدەر لە سروشتی ئەم رەوشە مێژووییە، هەلڕەخسان بۆ روونکردنەوەدان، چۆنحاڵیبوونی خوێنەران، یان نییەتباشی نووسەری کتێبەکە.

لە نامەیەکی لەم چەشنەدا باسی ئەوە ناکرێ ئاخۆ ئەو بەشەی کتێبەکە و هەندێ نووسینی تری نووسەر دژەجووگەران یان نا و ئەگەر دژەجووگەران بە پێی چی جۆرە پێوەر و خوێندنەوەیەک. ئامانجی ئەم نامەیەش ناوزەدکرن نییە. لە هەموو حاڵەتێکدا، مادام لانی کەم یەک جوو دەڵێت ئەو نووسینە دژەجووگەرایە، کەس رەوایەتی ئەوەی نییە بەو جووە بڵێت ئەو نووسراوە دژەجوو نییە. هەڵەیەکی کوشندەیە بە قوربانی بگوترێ قوربانیبوون چییە یان چی نییە. خودی دەرسدادانی ستەمدیدە دەربارەی ستەم ستەمە. بەشێکی ناوەکی لە چەوساندنەوە بریتییە لە بەکەمگرتنی هەڵسەنگاندنی قوربانییەکان و بێڕەواکردنی هەستەکانیان.

بە هیوای ئەوەی ئاپۆ و هەموو زیندانیانی رژێمە رەگەزپەرست و مەزهەبیی و دژەکوردەکان ئازاد بن، بەڵام با ئەگەری ئەوە دانەین کە ئاپۆ ئازاد ناکرێ وەلێ لە ئایندەدا توانای پەیوەندیگرتن بە ئاپۆوە دروست دەبێتەوە. کە دەرفەتی پەیوەندیگرتن رەخسا، با ئەم پێشنیارەشی بۆ بکرێ وەکو یەکێ لەو پرسانەی کە بەرگەی دواخستن ناگرن، بە پلەی یەکەم لەبەر قوربانیانی دژەجووگەرایی، بە پلەی دووەم بۆ بەرگرتن لە دروستبوونی نیگەرانی لە ناو پشتیوانانی ئەو بەرخودانەی کە ئێستا قورساییەکی جیهانیی هەیە و بە ناوی رۆژئاڤا و ئاپۆوە ناسراوە، و بە پلەی سێهەمیش لەبەر شایستەیی ناوبانگی خودی ئۆجالان وەکو بیریارێکی شۆڕشگێڕی نێونەتەوەویی ئەم سەردەمە.

سەلاحەدین ئەحمەد
٣٠\١\٢٠٢١

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish