نرخی ژیان … به‌ختیار محه‌مه‌د
مه‌رگ هه‌میشه پێمان ده‌ڵێ: ئه‌ی مرۆڤ، ڕاوچی ئاسكی ساته‌وه‌خته زێڕینه‌كانی ژیان به! هیچ شتێك له‌م ژیانه به نرختر نییه، كه ده‌ڕواو هه‌رگیز ناگه‌ڕێته‌وه (ئاخ! ده‌سا بۆ ژیانمان زۆر خۆشناوێ؟ نازانم، بۆ هێنده ئازاری ژیان ده‌ده‌ین؟).
هه‌موو ساته‌وه‌ختێك، كه له ژیانمان تێده‌په‌ڕێ، ئه‌وه عه‌ده‌م جێگه‌ی ده‌گرێته‌وه. مه‌رگ عه‌ده‌مه، عه‌ده‌مێكی ڕه‌ها. ڕابردووش سێبه‌ری (یاده‌وه‌ری) ئه‌م عهدهمهیه، كه هه‌رگیز ناگه‌ڕێته‌وه. هونه‌ری ژیان (كه چۆن بژین) له هه‌موو شتێك گرنگتره. ئه‌وه‌ی نرخ به ژیانمان ده‌به‌خشێ به‌خته‌وه‌رییه (به‌خته‌وه‌رییه‌كی ئامانجدار). به‌خته‌وه‌ری ته‌نها شتێكی خودگه‌را نییه، به‌ڵكو شتێكی (به‌هایه‌كی) ئه‌وی دیكه و كۆمهڵگهراشه.
ئێمه وه‌ك تاك بۆ ئه‌وه‌ی به‌خته‌وه‌ر بین، هیچ چارمان نییه ده‌بێ كۆمه‌ڵگه‌ش به‌خته‌وه‌ر بكه‌ین. واته كۆمه‌ڵگه بكه‌ینه لانكه‌ی ئازادی و خۆشگوزه‌رانی و به‌خته‌وه‌ری هه‌موو لایه‌ك. ئه‌مه شه‌ڕی قورسی هه‌موومانه؛ هه‌موو ئه‌و تاكانه‌ی، كه زووتر د‌رك به‌وه ده‌كه‌ن ده‌بێ واقیعی ئێستای باوی ژیانی كۆمه‌ڵگه بگۆڕێ.
ئێمه ده‌بێ ئیراده‌ی ئازاد بین. ده‌بێ خۆمان وه‌ك تاك سه‌نته‌ری كۆمه‌ڵگه و ژیان و بوون بین. تاك ده‌بێ هه‌ست به بوونی شكۆمه‌ندانه‌ی خۆی بكا. تاكه هۆشیاره‌كان (هۆشیاره ڕێكخراوه‌كان) ده‌توانن جیهان به‌ره‌و باشتر بگۆڕن (هه‌ڵبه‌ته مه‌رج نییه گۆڕین گۆڕینی توندوتیژانه بێ). ئێمه هێنده به‌سه، كه بڕوامان به ئازادی ئه‌وانی دیكه هه‌بێ، ئه‌وه مانای ئه‌وه‌یه هه‌نگاوی یه‌كجار گه‌وره‌مان بۆ گۆڕانكاری گه‌وره هاویشتووه. تۆ ده‌بێ بڕوات به ئازادی به‌رانبه‌ره‌كه‌ت، هاوڕێكه‌ت، نه‌یاره‌كه‌ت، به ئازادی ئافره‌ت، ئازادی گه‌لان و نه‌ته‌وه‌ی دیكه هه‌بێ، ئه‌وسا له‌خۆوه پرۆسه‌ی شۆڕشی ((ئاشتیانه‌ی)) گۆڕانكاری مه‌زن له كۆمه‌ڵگه‌كه‌ت و ده‌وروبه‌ره‌كه‌ت ده‌ست پێده‌كا.
بێ گومان هیچ گۆڕانكارییه‌ك له ده‌ره‌وه‌ی حاڵه‌تی هۆشیاری و هۆشیاربوونهوهدا ڕوو نادا. تاك كه هۆشیار ده‌بێ، له‌خۆوه شێتی گۆڕانكارییش ده‌بێ. نابێ له‌بیر بكه‌ین پره‌نسیپی دیموكراسیانه‌ی ماف و ئه‌ركیش، سه‌ره‌تا له هۆشیارییه‌وه (هۆشیاری تاكه‌كانه‌وه) سه‌رهه‌ڵده‌دا و په‌یدا ده‌بێ.