Skip to Content

“گۆڕان”  فەشەلی هێنا، یان لە نسکۆی کاتییدایە؟ … کامیار سابیر

“گۆڕان” فەشەلی هێنا، یان لە نسکۆی کاتییدایە؟ … کامیار سابیر

Closed
by حوزه‌یران 17, 2019 General, Opinion, Slider

گۆڕان، لەسەر حیسابی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی کوردستان، توانیی ببێت بە هێزێکی گەورەی سیاسیی و داینەمیکێکی گەورە بە سیاسەت بدات، بەڵام تەمەنی سیاسیی لە ماوەی کەمتر لە ١٠ ساڵدا، بەرەو کۆتایی دەچێت. هەڵکشانە سیاسیی و دابەزیینە سیاسییەکەی، زۆر بە خێرایی بوو. ئەم هێزە پشتی بە کاریزمایەکی شاخ بەستبوو کە خۆی لە نەوشیروان موصطەفادا-نم بەرجەستە کردبووەوە. بە مردنی ئەو، هێدیی هێدیی وەکو کێوی بەفر دەتوێتەوە و بەشێکی زۆری کادیرە تواوەکانی، دەچنەوە ناو یەکێتیی، یان دادەنیشن و ئەوەی ماویشن لە گردەکە، ئێستا رێک نوێنەرایەتیی چالاکتریین و وەفادارتریین لقی پارتیی دەکەن. ئەو جەماوەرەی بە دەوریشیەوە ماوە، لە سەرگەردانیی و بێ روئییەییدا، هەر ماخۆلانیەتی. لە هەموو تەمەنی سیاسیی پارتییدا، ئەوەندەی ئێستا لە دەرەوەی زۆنی سەپێنراوی ٣١ی ئابەوە ، خەڵکی موعتەمەدی وەکو ئەم قیادە و کادیرانەی گۆڕانی نەبووە.

زۆریینەی رەهای ئەوانەی ئێستا رەخنە لە گۆڕانی لقی گردەکە دەگرن، بە تایبەت کادیر و قیادییە تۆراوەکانی گۆڕان، ناوێرن و جورئەت ناکەن بچن بە لای کێشە سەرەکییەکەدا کە شەخصی نم خۆی، دیزاینەر، ئەندازیار و رائیدی ئەم دۆخەیە کە گۆڕانی تێکەوتووە. تەنانەت، بەشێکی زۆری موناجاتی ئەمانە، ئەوەیە کە کارگێڕانی لقی گردەکە، لە رێبازی نم لایانداوە و پێچەوانەی ویستی ئەو، تەوریثی دارایی و سیاسییان کردووە! ئایا بەڕاستیی ئەم زیزبووانەی گۆڕان، وەفادار و دڵسۆزترن بۆ نم، یان ئەمانەی ئێستا لە گردەکەن کە شەخصی نم، خۆی یەک بە یەک تەعیینیانی کردووە و رۆڵی پێداون؟ ئایا دەکرێت، فڵانی تۆراو و فیساری ناڕازیی لە گۆڕان، لە کوڕەکانی خۆی و لە پیاوەکانی خۆی بۆ رێبازەکەی، دڵسۆزتر بن( لە رووی سیاسیی، ثیۆریی، فیکریی و عەمەلییەوە،نم شتێکی نییە ناوی رێبازی لێ بنرێت)؟ ئەوانەی دەرەوەی گۆڕان کە ئێستا رێگە بۆ قەوارەیەکی سیاسیی نوێ خۆش دەکەن، هەموو وردەکارییەکانی تێوەگلانی شەخصی نم لەم تەوریثە دارایی و سیاسییانە دەزانن، بەڵام جورئەت ناکەن، بیڵێن و لەپاڵ کراسەکەی عوثماندا( نم)، تەبریک و تەمجیدی رۆح و گۆڕەکەی دەکەن، سیاسەت بە پۆپۆلیزم و بە موجامەلات دەکەن.

باشە، ئایا هەر بەڕاستیی، نم ئەو هەموو ساڵە لە ناو کۆمەڵە و یەکێتییدا، نەیتوانیبێت چوار قائیدی لای کەم لاساییکەرەوە( لاسییکار) بۆ تێڕوانیینە سیاسیی و فیکرییەکانی( ئەگەر فیکری بە مانا مەعریفییە سیاسییەکە هەبێت) پەیدا بکات؟ ئەمە خەتای کێیە؟ نزیکەی ١٠ دانی ساڵی رەبەق لەسەردەمی کۆمپانیای “وشە”ەوە تا مردنی، بۆچی نەیتوانی، چەند ( پیاوێک، خاتوونێک، ئەفەندییەک، ئوستاذ و کۆمبارسێک)ی سیاسیی دروست بکات و لاسایی خۆی بکەنەوە، لەو پرەنسیپ و ئاکارانەی کە خۆی و لایەنگرانی شانازیی پێوە دەکردن و دەکەن؟ ئەو هەموو کادیرە سیاسیی و قائیدە سیاسییانە، بە رۆشنبییر، بە مونەوەر و بە رابەری دەناسێنن، ئایا بۆچی نەیتوانی لای کەم چوار رۆشنبییری سیاسیی، بە ستاندەردی گۆڕانەکەی خۆی و لقە تازەکەی پارتیی( گردەکە)، دروست بکات و تەغذییەی ئەم سەرگەردانییە سیاسییەی ئەمڕۆی گۆڕان بکەن؟ ئایا هەموو ئەمانە خەتای کێیە؟

پیاوێک، بە ناوی قیادەکردنی ئۆپۆزسیۆنەوە، بە ناوی سیاسەتکردن بۆ خەڵکی رەشوڕووت، هەژارو کەمدەرامەتەکانی کوردستانەوە، بەناوی گێڕانەوەی لای کەمی مۆراڵی سیاسیی و دابیینکردنی لای کەمی عەدالەتی کۆمەڵایەتیی، سەرەنجام لە ژێرەوە، خەریکی بیزنس بێت و لە دوای خۆی سەروەت و سامانە شەخصییە مەنقول و غەیر مەنقولەکانی بە صەدان میلیۆن دۆلار دەقەبڵێنرێن، نابێ بگوترێ،من این لە کل هذا( ئەم هەموو شتەی لە کوێ بوو؟) ئیتر عەوام و حەماسییەکان، پێڵاو و جلە مارکەکانیشیان دەکرد بە پێڵاو و پۆشاکی خاکیی و هەژارانە، لێکدا لێکدا نان و ماستاو خواردنەکانیان تەخشان دەکرد کە هەژارانە دەخوات، بەڵام ئەی بانکە شەخصییەکانی؟ کۆمپانیاکان و سەرمایە مەنقولە و غەیر مەنقولەکانی گردەکە و دەرەوەی گردەکە کە هەموویان لەلایەن کوڕەکانیەوە، تەوریث کران؟ بێگومان لە هەر شوێنێک، کەسێک لە پەنای سیاسەتەوە پارە و سامانی پێکەوە نا و لێیان نەپرسییەوە، ئەو شوێنە، ژیینگەی گەندەڵییە( لێرە گردەکە مەبەستە)، گەندەڵییش لە سیاسیی و حیزبەکانەوە دەچێتە ناو سیستەمەوە و بە پێچەوانەیشەوە.


وێڕای ئەوەی نم، گۆڕان و قیادەکەی بەڕادەیەک جڵەو کردبوو کە کوڕەکانی و خزم و خۆیشەکانی، چۆنیان بوێت، تاوی بدەن؟ بە واتایەکی تر، حیزب، قیادە و قاعیدە، مۆڵگە، بارەگا و راگەیاندن، موڵک و سامانی شەخصیی و حیزبیی هەمووی بە تاپۆی رەش، بۆ کوڕەکانی گوازرانەوە. ئایا ئەمانە خەتای شوێنکەوتووانی نم-ن، یان خۆی رەنگڕێژی کردوون و بە ویست و وەصییەتی خۆی، بەڕێوە دەچن؟ کەس ناتوانێ نکوڵیی لەو حەقیقەتە بکات کە نم، هەرگیز نەیویستووە دەستکاریی ریشەیی ئەم سیستەمە چەتەگەرییەی کوردایەتیی بکات؟ هۆکارەکانی زۆرن، بەڵام گرینگتریینیان ئەوەیە کە خۆی ئەولادی شەرعیی ئەم کوردایەتییەیە و بە دێڕێک ( نووسیین دەڵێم، نەک قسەی شەفەهیی و قال و قیل) رەخنەی لێنەگرتووە. ئەصڵەن فیکر و دیدی سیاسیی نم لەم ئاقارەدا، نەک هەر روون نییە، بەڵكو روئییەیەکی شەفاف و جەرییئانەی بۆ قارون و طاغوتەکانی کوردایەتیی و ئەم فاشیزمە ئابوورییەی ( ئابووریی چەتەگەریی کوردایەتیی) ئەم سیستەمە مافیاییەی هەرێمیش نەبووە و نییە. بە واتایەکی تر، تێکەڵەیەک بوو لە هەموو پۆپۆلیزمێکی ( چەپ، ئیسلامیی، لیبراڵ، موحافیظکار، مۆدێرن، نەتەوەیی، نەژادیی، جارجار نیشتمانیی و…تاد) تێدابوو.

بە پێچەوانەی هەموو ئەو نووسەر و رۆشنبییرانەی! بەیعەتیان بە نم دا، بە پێچەوانەی هەموو ئەو سیاسیی و ژۆرناڵیست و چالاکوانانەی کە پێیانوایە خیانەت لە رێبازی! نم کراوە، بە پێچەوانەی هەموو ئەو مۆبە زۆرانەی دوای خورافەی سیاسیی و وەهمی کاریزمای کەسێک کەوتبوون، پێموایە نە خەتای قیادەی ئێستای گۆڕانە و نە خەتای کوڕەکانی “نم”یە، بەڵکو هەموو ئەمانە بە پلان، بە پیلان و بە بەرنامە داڕێژراون و سیستەمی بە بنەماڵەییکردن لە ناخ و هزری نم دا هەبووە، بەڵام جورئەتی نەکردووە تا خۆی لە ژیاندا بێت، رایبگەیەنێت. بە پێچەوانەوە، لە ژێرەوە زۆر بە وردیی و بە کارامەییی کاری بۆ کردووە. بەشێکی زۆر لە قیادیی و کادیرەکانی گۆڕان، زۆر باش ئەمانە دەزانن، لە من باشتر وردەکارییەکانی دەزانن، بەڵام هێشتا چاویان لەوەیە پۆستێک وەرگرن و لە پەنای چوونە ناو حکومەتەوە، دەستیان لە پارەی کاشی رەیع گییر بێت. هەر کاتێکیش بەریان نەکەوت، ئیتر بۆڵەبۆڵی ئەمانە دەست پێدەکات و تا رادەی ئەوەش دەڕوات کە سووکایەتیی بە گۆڕی رێکخەرەکەی پێشووشیان بکەن. بۆچی؟ چونکە کۆمەڵێ هەلپەرست و بەرژەوەندییخوازن، تەنیا و تەنیا، پارە و پۆست و خۆشگوزەرانیی خۆیان دەوێت، نە ئەهلی سیاسەتن و نە خاوەنی ئەو ویقارە سیاسییەن کە تەحەدای ئەم هەموو غەز و بەزەی پارەی رەیع و پارەی دزراوی خەڵکی کوردستان بکەن.

ئەو هەموو قیادییە پرۆکسییەی ناو گۆڕان کە وەلائی نەتەوەیی و سیلەی رەحمیان بۆ بارزانیی دەتوێننەوە، لە کوێوە هاتوون؟ مەگەر هەر هەموویان لە خوێندکارە هەرە گوێ رایەڵ و مەئمورە هەر دڵسۆز و وەفادارەکانی نم، نەبوون و نیین؟ ئەم پیاو و ژنە زەلیل و موطیعانە بۆ بارزانیی، نیشانەی ئەوە نییە کە پێشتر و لە ئۆریجناڵدا، هەموویان لەبەردەم نم، زەلیل و موطیع و خادم بوونە و خاوەنی نەک رای خۆیان نەبوون، بەڵکو هەموویان بەیعەتیان دابوو بە رێکخەری گشتییەکەیان بۆ کوێ بیانبات و لێیانبخوڕێت، ئەوان عەبید و ئەجیری ئەون و سەریان پێوەی نییە. دەی کە فیکر و فەلسەفەی سیاسیی لە حیزبێکدا نەبێت، بە مردنی قائیدەکەیان( نم)، دوای بەرژەوەندیی پارە و پۆست دەکەون، بە شیعاراتی کوردایەتیی و بە بوقی نەتەوەییش، قان دەدرێن و بۆ ئەوەی ئەم پرۆکسییبوونەیشیان تەجەلا بکەن، پەنا بۆ ئەو پۆپۆلیزمە رەشۆکییە دەبەن کە قائیدی مەرحومیان( نم)، باوەڕی قووڵی بە کوردایەتیی، بە دەوڵەتی نەتەوەیی( ئەگەر لە کوێرە دێیەیەکیش بێت) و بە سەربەخۆیی ئابووریی هەبووە.

نم، یەک شتی هەبوو لە ژیانیدا، دەیتوانی شانازیی پێوە بکات، ئەویش ئەوەبوو ئەو پیاوە لە قەناعەت و پرەنیسیپی سیاسییدا ئەنتی هەژموونی ماڵی بارزانیی بوو. جا ئەوەی بوعدە ستراتیژییەکانی ئەو مەترسییانەی دەزانی یان فاکتەری تر بوون، ئەوە شتێکی ترە، بەڵام وەکو فاکت ئەمە بەشێک بوو لە مێژووی سیاسیی ئەو پیاوە. ئێستا رێک بە پێچەوانەوە قیادەی ئێستای گۆڕان، بە تەواویی بوونە بە پرۆ پارتیی، کەی ئێن ئێن و سایت و بڵاوکراوەکانی گۆڕان، لەوانەی پارتیی باشتر و چاکتر بە مەولای گەورەی کوردایەتیی و ویلایەتە رەیعییە موخابەراتییەکەی پارتییدا هەڵدەدەن. سەرەنجام، ئەم دۆخەی گۆڕانی تێدایە، نەک هەر نسکۆیەکی کاتیی نییە و راست ناکرێتەوە، بەڵکو فەشەلێکی تەواو( فیاسکۆ Fiasco )ی سیاسەتی ئەو ئۆپۆزیسیۆنەیە کە شەخصی نم، رابەرایەتیی دەکرد! بە باوەڕی من، گۆڕان، جارێکی تر زیندوو نابێتەوە و هەرگیزاو هەرگیز ناگەڕێتەوە پێش چەند ساڵ لەمەوبەر، بەڵکو بە بچووکیی دەمێنێتەوە و وەکو هەر حیزبێکی تر، دووکانێکی سیاسیی دەبێت بۆ بیزنس و پارەپەیداکردن و خۆکاندیدکردن، بۆ ئەوەی بە حەلاواتەکانی پارەی رەیعی دزراو، بگەن. بە پێچەوانەوە، گۆڕان ئەوەندە دڵسۆزانە کار بۆ بەرنامەکانی پارتیی دەکات کە مەترسیی ئەوە هەیە لە هەڵبژاردنی ئاییندەدا، بە دەیان هەزار دەنگی بۆ تەزویر بکەن و راستی بکەنەوە و وەکو مڵۆزم لەملا، خزمەت بەولا بکات.

ئەم باسە درێژەی هەیە…

کامیار سابیر

Previous
Next
Kurdish