Skip to Content

سەربەستبوون لە بەرهەڵستکاری .. فریدریک نیتچە

سەربەستبوون لە بەرهەڵستکاری .. فریدریک نیتچە

Closed
by حوزه‌یران 17, 2019 General, Opinion, Slider

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: سۆران ئازاد

سەربەستبوون لە بەرهەڵستکاری و ڕۆشنگەربوون سەبارەت بە بەرهەڵستکاری – کێ ناڵێت لەوەیاندا قەرزداری نەخۆشییە درێژخایەنەکەم نیم! ئەو کێشەیە ئاڵۆزترە لەوەی دەردەکەوێت: دەبێت لە بەهێزی و لە لاوازیدا ئەزموونت کردبێت. ئەگەر شتێک هەبێت دژ بە نەخۆشی پێداگری لەسەر بکرێت ئەوەیە، کە خۆڕسکی ڕاستەقینەی چاکبوونەوە لە مرۆڤدا خۆڕسکی شەڕکردن لاواز دەکات.
نە دەتوانیت لێی دەرباز بیت، نە بەسەریدا زاڵ بیت، نە لێ هەڵبگەڕێیتەوە – هەموو شتێک ئازارت دەدات. خەڵک و شتەکان بێزارکەر دەبن، ئەزموونەکان هێرشت بۆ دەهێنن؛ بیرەوەری دەبێت بە زامێکی هەراسانکەر. نەخۆشی لە خۆیدا جۆرێکە لە بەرهەڵستکاری.


دژ بەوە کەسی نەخۆش تەنیا یەک چارەسەری هەیە. من پێی دەڵێم چارەنووسخوازیی ڕووسی. نموونەی ئەو چارەنووسخوازییە بێ یاخیبوونە سەربازی ڕووسییە، کە لە کاتی دۆزینەوەی کەمینێکی ترسناک، خۆی لەناو بەفردا پاڵ دەخات. لەوە زیاتر هیچ شتێکی تر پەسەند ناکات، نە هیچ شتێکی تر وەردەگرێت و نە دەیدات، بە تەواوەتی هیچ کاردانەوەیەکی نابێت.


ئەو چارەنووسخوازییە هەمیشە نەترسان نییە لە مردن، بەڵکو لە ترسناکترین هەلومەرجدا دەتوانێت بە کەمکردنەوە و دامرکاندنەوەی مێتابۆڵیزم، جۆرە ویستێک بۆ سڕبوون، ژیان بپارێزێت. بە هەڵگرتنی هەمان لۆگیک بۆ چەند هەنگاوێک بەرەو پێشەوە، دەگەین بە دەروێش، کە بە هەفتە لەنێو گۆڕێکدا دەخەوێت.


چونکە خۆت زۆر زوو بە کار دەهێنیت ئەگەر بە خێرایی هەر جۆرە کاردانەوەیەکت هەبێت: ئەوە لۆگیکەکەیە. هیچ شتێک هێندەی کاریگەرییەکانی بەرهەڵستکاری سەرتاپات ناسووتێنێت. توڕەبوون، هەر جۆرە ناسکییەکی ناهۆشمەندانە، بێ دەستەڵاتبوون لە ئاست تۆڵەکردنەوە، تینوویەتی تۆڵەکردنەوە، هەر جۆرە ژەهر تێکەڵکردنێکی تر- هەر جۆرە کاردانەوەیەکی جیاوازتر لەوانە هێندە زیانبەخش نین بۆ کەسی شەکەت: ئەو جۆرە کاریگەریانە لکاون بە خێرا بەکارهێنانی وزەی دەمار، زیادبوونی دەردانە زیانبەخشەکانی جەستە، بۆ نموونە، لە زراوەوە بۆ گەدە. لە پێش هەموویانە بەرهەڵستکاری بۆ کەسی نەخۆش قەدەغەیە- ئەوە خراپە تایبەتەکەیە- کە بەداخەوەش هەرە سرووشتیترین ئارەزووشیانە.


فیسیۆلۆجیستی مەزن (بوودا) زۆر بە باشی لەوە تێگەیشتبوو. ئایینەکەی ئەو باشترە پێی بگوترێت جۆرێک لە پاقژی تا ئەوەی سەرلێشێواوانە لەگەڵ دیاردەی بێ بەزەییی وەک مەسیحیەت لێی بڕواندرێت. کاریگەریەتیەکەی لە سەرکەوتن بەسەر بەرهەڵستکاریدا مەرجدار کراوە. سەربەستکردنی گیان لەوەدا یەکەم هەنگاوی باشبوونەوەیە. “دوژمنداریی بە دوژمنداریی کۆتایی نایەت؛ بە هاوڕێیەتی دوژمنداری کۆتایی پێ دێت.” ئەو وشانە لە سەرەتای وانەکانی (بوودا)دا هاتوون. ئەوەی لێرەدا قسە دەکات ڕەوشت نییە؛ ئەوەی لێرەدا قسە دەکات فیسیۆلۆجییە.


بەرهەڵستکاری لە لاوازیدا لە دایک دەبێت و زیانبەخشترینیشە بۆ لاوازەکان خۆیان. بە پێچەوانەشەوە، لە سرووشتێکی دەوڵەمەندا، هەستێکی ناپێویستیە: زاڵبوون بەسەر ئەو هەستە لە ڕاستیدا دەوڵەمەندبوون دەسەلمێنێت. هەر کەسێک بزانێت چەندە فەلسەفەی من دژ بە بریندارکردنەوە و کینەیە، تەنانەت لەناو وانەی “ویستی سەربەست” – شەڕکردن دژ بە مەسیحیەت یەکێکە لەو حاڵەتانە- تێدەگات بۆچی ئەو خاڵە، دڵنیاییە خۆڕسکییەکەم لە کرداردا، لە هەڵسوکەوتی خۆمدا دەخەمەڕوو. لە ماوەکانی پووککانەوەمدا، ئەو هەستانەم وەک زیانبەخش دەبینی و لە خۆمم قەدەغە کردن؛ هەر کە ژیانم گەشاوەتر بوو، ئەو هەستانەم وەک نزمیەک دەبینی و لە خۆمم قەدەغە کردن. ئەو چارەنووسخوازییە ڕووسییە، کە خستمەڕوو، چەندین ساڵە بۆ هەموو دۆخەکان، شوێنەکان، ماڵەکان و کۆمەڵگە نەخوازراوەکان پەیڕەوم کردووە، کە بە ڕێکەوت بەریان کەوتووم: باشتر بوو لەوەی بیانگۆڕم، لەو هەستەی کە دەکرا وانەبێت – لە یاخیبوون لە ئاستیاندا.


هەر جۆرە بێزارکردنێکی من لەو چارەنووسخوازییە، هەر بە ئاگاهێنانەوەیەکی من بە فشار، ڕەوشتیانە منی هەراسان کردووە- و لە ڕاستیشدا هەموو کاتەکانیش لە ڕووی ڕەوشتەوە ترسناک بووە.
پەسەندکردنی خۆت وەک ئەوەی چارەنووس بێت، نەک خۆزگەخواستن بەوەی “جیاواز” بیت – ئەوەیان لەو دۆخانەدا لە خۆیدا هۆشمەندییەکی گەورەیە.

—————————————-

سەرنجێک
ئەو پارچە نووسینە بەشێکە لە پەرتووکی (ئێکەی هۆمۆ)، کە (نیتچە) لەبارەی ژیان و کارە فەلسەفییەکانی خۆی نووسیویەتی. لەبەر گرنگی و قووڵیی پەیامەکە، بەشێوەیەکی کاتی و بۆ ئێستا ئەو بەشەیانم بە شایستەی بڵاوکردنەوە بە جیا بینی.


سەرچاوە:
Nietzsche, Friedrich (1898 ). On the Genealogy of Morals and Ecce Homo. Translated by Walter Kaufmann. VINTAGE BOOKS (1989). p. 229-231

Previous
Next
Kurdish