Skip to Content

رۆمانی ( گۆشەگيری ) خوێندنەوەيەک لە بن تريفەی مانگە شەو و شەپۆلە نەرمەکانی زنە-5-.. سەردار جاف

رۆمانی ( گۆشەگيری ) خوێندنەوەيەک لە بن تريفەی مانگە شەو و شەپۆلە نەرمەکانی زنە-5-.. سەردار جاف

Closed
by ئه‌یلول 4, 2022 General, Literature, Slider



{ بەشی پێنجەم و کۆتایی }

کات و شوێن
کات کەرەستەيەکی ماتريالی نييە بيبينين و بيگرين، يان بۆنی بکەين، يان تامی بکەين، لە ناوەوەی هەر يەکێکمان پانتاییەکی گەورەی قۆرخکردووەو سڵی لێدەکەيەنەوە و دەترسين، زۆرجاريش گوێمان لەوە بووە کە لێرەو لەوێ دەوترێت ” کات نەيبڕی دەتبرێ ” بۆ چەمکە شمولييەکەی رەنگە وا نەبێ جونکە لە کۆتاييدا هەر کاتە دەمانبڕێت، وەلێ بۆ مەيسەربوونی کارێ بۆ کاتێکی دياريکراو دەشێ زۆر لە خۆت بکەيت و بەر لە کاتی دياريکراو بەرهەمەکەت بە دەست بێنيت. کات ژنێکی هێندە شۆخ و شەنگ و بێوێنەيە هەموو زيندەوەرێک ئاشقی بووە تەنانەت لای ئاژەڵەکانيش، ئەوە نييە لە ئەو فيلمە کورتانەی لە سەر ئاژەل نيشان دەدرێت لە زۆربەی هەموو زۆرياندا دەگوترێت ” ململانێ لە پێناو مانەوە “. کەواتە کات ئەو ژنە شۆخەيە هيچ کامێکمان لە خەونيشدا ئەو جمالييەتەی ژنەکەمان نەديوە. ئاشقين و دەستمان لێی بەر نابێت و لێی دەترسين. هەندێکی ديکە بە ديکتاتۆر دەيشوبهێنين کە بە سەر هەر هەموودا زاڵە و دەسەڵاتێکی رەهای هەيە و تەنيا خۆيشی دەمێنێتەوە، تەماشا لە ” ئيفلاتون ” و ئەرستۆ ” وە تا بە کانت و هايدگر و بۆ ئيمڕۆيش شۆڕ دەبێتەوە، باسکردنی کات کۆتایی پێنەهاتووە و کۆتاييشی پێنايەت، ئەوانەی ژيانيان جێهێشت و دوا ماڵئاواييان کرد، مردن و کات هەر نەمرد و وەک خۆی ماوەتەوە و وا ئێمەيەکی زۆر زۆر بچوکيش باسی دەکەين و نابڕێتەوە.
کات توخمێکی سەرەکی رۆمانە وەک کەسايەتييەکان و شوێن، پانتاييەکی بەرفراوان هەم لە خودی رۆمانەکە و هەميش لە زهنی خوێنەر دەخوڵقێنێت، چەمکێکی بەرفراوانی هەيە و پێويستە رۆماننووس هەر زوو خوێنەر ئاشنای سەردەمی رووداوەکانی رۆمانەکە بکات، ئەگەر لای ئێمە ئاشنا بوون بە کات بە سادەیی ديقەت بدرێ و وا بە ساناييش لێی تێبگەين، ئەوا لای بيرمەندان و فەيلەسوفان چەمکێکی قووڵ و پانتایی و فەزايەکی هێجگار زۆری هەيە.رۆمان بۆ خۆی هونەری کاتە، واتا کات ئێستاتيکا بە رۆمان دەدات بە جۆرێک کە خوێنەر پڕ جێژ دەکات، کاتێک کە خوێنەر ئاشنای کاتەکە بوو ئيدی لە ئێستای خۆی ون دەبێت و دەچێتە ئەوکاتی رووداوەکان و بە ئامان دامانيش دەسبەرداری خوێندنەوە نابێت، با لێرەوە رۆچينە نێو رۆمانەکە سەبارەت بە کات، کاتێک خوێنەر دەخزێتە نێو رۆمانەکە ئەوەی عەوداڵی دەکات و لە سۆراغی بێت زەمەنی رووداوەکانی رۆمانەکەيە، زۆرێک لە سەر ئەوە کۆکن کە کات لە رۆماندا سێ ئاراستەی هەيە، ” زەمەنی رووداوەکان، زەمەنی نووسينی رۆمانەکە، کاتی خوێندنەوەی رۆمانەکە” بيروبۆچون و ديدگای بەرفراوانتريش لەم بارەوە هەن ، کە هەم هونەريانە و هەميش زانستيانە لێی دەدوێن، پێمان وايە ئەوەندەی لای خوێنەر گرينگە زەمەنی رووداوەکان بزانێت، هێندە لای گرينگ نييە کە بزانێت کەی نووسراوە، ئەو کاتەيشی دەيخوێنێتەوە لای ئێمە ئەوە کاتی ناوەوەی مرۆڤە هەستی پێناکات، جونکێ خۆی لە ناو کاتەکەيە. نووسەر لە لاپەڕە (١٨) شتێکمان بە گوێدا دەچرپێنێ دەربارەی کات ؛ (( ئەمە هەموو تێگەيشتنی سوزی بوو بۆ چيڕۆکە پڕ تراژيديەکەی راکردنی ڤێسنا لە دەست جەنگ و ماڵوێرانی کوشتنی بە کۆمەڵ . ئەمە تێگەيشتنی سوزی بوو کە هەموو جارێک ڤێسنای دەخستە گريان،ل ١٨ )) نووسەر لە چەند شوێنی ديکە باس لەوە دەکات کە ڤێسنا لە يۆگسلافيای کۆنەوە هەڵهاتووە، لێرەدا بيرمان بەرەو دونيای شەر و ئاژاوەکانی ئەم وڵاتە دەبات، کە لە ساڵانی ١٩٩١ بۆ ٢٠٠٢ درێژەی کێشا، وەلێ لوتکە و گەرمی شەڕەکان لە نێوان ١٩٩١ بۆ ١٩٩٥ بوو، ئەمە کاتی هەڵاتنی ڤێسنايە وەلێ ئەوان لە سەردەمێکی تردان، جارێکی تر کە دێتەوە سەر زەمەن ئاڵۆسکاوی تری دەکات کە دەڵێ ؛ (( لە کۆنەوە ناوی لە ليستی پۆليسی تاواندا هەبوو، لە زەمەنی حکومەتی ” هيلمۆت کۆڵ “وە، کە بە زەمەنی “مارکی ئەڵمانی” دەناسرێت، ناوی لە مەخفەرەکانی پۆليسی بەرلين و فرانکفۆرت و ميونشن و تەنانەت هامبۆرگيش هەبوو، ل ٣٧)) بە هەڵە نەچووبم ” هيلمۆت کؤڵ” لە حەفتاکانی سەدەی رابردووەوە تا کۆتایی نەوەتەکان پێنج جار هاتۆتە دەسەڵاتەوە، هەر دەگەڕێين و لە سۆراغی سەردەمەکەين، : (( بە رای زۆرێک لە پيشەوەرانی گۆشتی سوور، تەنها دراوێکی نوێی وەک يۆرۆ، بازاڕی ئەڵمانی و کرێی کرێکاری خۆماڵی تێکنەدا، نەخێر….ل ٤٥)). بۆ يەکەمجار يۆرۆ لە ١ / ١ / ٢٠٠٢ کەوتە بازاڕەکانەوە، ئێستا شتێکمان بۆ ساغبۆوە لە زەمەنەکە، بيرمان نەچێت کە هەر بەشێک لە بەشەکانی (( دوو مێينەکە / کۆڵانی قەيسەر / ئيگۆيەکی دوور؛ جاکۆمۆ کازانۆڤا / ئەنۆبيس )) کە چوار بەشی رۆمانەکەن، هەست بە جياوازی کاتەکانی رووداوەکانيان دەکرێت، ئەوەی گوتمان لە بەشی يەکەمدايە، پێويستە بۆ خوێنەر لە بری نووسەر ماوەکە شيبکەينەوە” ماوەی رووداوەکانی رۆمانەکە” کە لە دوا بەش و لە ” ئەنۆبيس ” سەفەر دەکات بۆ قاهيرە ناراستەوخۆ کاتەکەمان پێ دەڵێ؛ (( لە فڕۆکەخانەی قاهيرە توانی لە دە خولەکدا ڤيزە وەربگرێت و لە گەڵ يەکەم تاکسيدا خۆی کرد بە جەنجاڵی قاهيرەدا، لە تاکسييەکەدا، شۆڤێرەکە باسی ئەوەی بۆ کرد ئيخوانەکان هەموو گەشتياری بيانيان بە گسکی ئيمانی مورشيدی ئەعلا راوناوە، ل ٢٢٥)) ئێستا زەمەنی ئيخوانەکانە کە دەکەوێتە نێوان ( ٢٤ ی يونيوی ٢٠١٢ ) بۆ ( ٣ ی يوليوی ٢٠١٣ ) ، بەم پێيە ئێمە دوای ٢٢٤ لاپەڕە خوێندنەوە لە بەش و لايەنێکی زەمەنی رووداوەکانی رۆمانەکە بە جۆرێک لە جۆرەکانی زەمەنی ناوەکی ئاشنا بووين. ئێمە دەمانەوێ بە سادەیی لە رۆماندا لە کات تێبگەين جونکە رۆمان شيعر نييە بۆ دەستەبژێر بنووسرێت، (( دەگوترێت لێرەدا دوو پرسياری بنەڕەتی سەر هەڵدەدات، دەکارێ لە بارەی کاتەوە بيانسەپێنيت، يەکەميان ئەوەيە کە ؛ کات چييە، دووهەميشيان ؛ چۆن کات پێوانە دەکەين، پرسياری يەکەم پەيوەستە بە فەيلەسوفەکان و دووهەميشيان بە فيزيککاران و زانايانەوە، زۆرينە پێيان وايە پرسياری يەکەم بێوەڵام دەمێنێتەوە، لە بەر دژواری و سەختی خەياڵکردن لێی، ” سانت ئۆگستن ” لە دانپێدانانەکانيدا دەڵێ؛ ئەگەر کەس پرسيارم لێ نەکات کات چييە ئەوا دەزانم، وەلێ گەر ويستم بۆ پرسيارکەرێ شرۆڤەی بکەم، ئەوا نازانم))٢٣. کەواتە کات شرۆڤەکردنێکی سەخت و قووڵی هەيە، کاتێک دێينە سەر ئەوەی چۆن کات پێوانە بکەين، ئەوا گۆشەگيری لەم بيرە فەلسەفييەمان دەئاڵێنێ، وەک سەرپێيش ديقەتی بدەين ئەوا هێشتا زەمەنی رۆمانەکەمان نەدۆزيوەتەوە، (( ‘ کانت ‘ جەخت لەوە دەکاتەوە کات چەمکێکی ئەمپێريا نييە لە ئەزموونەوە وەرگيرا بێت، جونکێ لەگەڵبوون هاوشێوەی بە دوای يەکبووندايە، هەستی پێناکەيت ئەگەر بنەمايەک بۆ کات دانەنێيت، بەم جۆرە خەياڵکردنی شتێک لە چوارچێوەی ئەم مەرجەدا بە تەنها توانایی هەيە، کات پێشينە بە دەستدراوێکە، لە بەر ئەوە دەکارێ تەنها پێشبينی دياردەکان بکەين کە چاودێری دەکەين، بەم شێوە دەتوانين خەياڵکردنی دياردەکان رەشبکەينەوە، وەلێ ناتوانين کات بسڕينەوە کە بۆ خۆی پيشينەيەکە ” بوونی هەيە ” ، لە بەر ئەوە هەڵدەستين بە تێگەيشتنی دياردەکان، لە سەر ئەگەری کاتە لە پێشينەکان، توانای پرنسيپە يەقينييە پەيوەندييەکانی کات دادەمەزرێت، کات جگە لە تەنها رەهەندێک هيچی ديکەی نييە، کاتەکان جياوازن پێکەوە نين وەلێ بۆ خۆيان بە دوای يەکەوە دێن )) ٢٤. لێرەدا ئەوەمان بۆ ساغ دەبێتەوە کە نووسەر خۆی نەيتوانيوە بە زنجيرە گرێمان بدا بە کاتەوە لێ گەڕاوە ئێمە بۆ خۆمان لەو سۆراغەدا بين، نموونەيش لە بەر دەست هەن، لەم دوو هەڵە مێژووەی ناو رۆمانەکەوە؛ (( جاری يەکەم لە دوای شکستی کۆماری مهاباد بوو لە ساڵی ١٩٤٦ کە ژەنڕاڵ مەلا موستەفای گەنج بەرەو مەنفای سۆڤيەتی کۆچی کرد و جاری دووهەميش بە پيری لە ساڵی ١٩٧٥ بەرەو مەنفای ئەمريکا کۆچئ کرد ل ١٢٣))، راستە کۆماری ديموکراتی کوردستان لە ١٩٤٦ دامەزرا و هەر لە هەمان ساڵ رووخا، وەلێ مستەفا بارزانی لە ١٨ / ٦ / ١٩٤٧ ئاوارەی يەکێتی شوورەوی بوو، جاری دووهەميش مستەفا بارزانی ١٩٧٥ ئاوارەی ئامريکا نەبوو، وەلێ شۆڕشەکە لە ١٩٧٥ بە پيلانێکی نێو دەوڵەتی شکستی هێنا دەنا بۆ خۆی ئەگەر هەڵە نەبم لە ١٩٧٦ بەرەو ئامريکا رۆيشتووە.

قسەيەکی باوی ئەفلاتۆن هەيە دەڵێ؛ (( هەموو قۆناغێک لە رووداوێکی پێشووەوە بۆ رووداوێکی دادێ دەڕوات )). ئێمە وای دەبينين لەم رووانگەوە رووداوەکان بە تێپەڕبوونی هەموو قۆناغەکان بە هەموو کايەکانييەوە پێکەوە گرێدراون، کەوابوو هەموو ئەو جيرۆک و رووداوانەی ناو رۆمانێک پێکەوە گرێدراو و پەيوەست بە يەکن و بە جۆرێ لە جۆرەکان رايەڵەی پەيوەندي نێوانيان بە هێزە.

شوێن
لە گەڵ ئەوەی توخمێکی سەرەکی و گرينگی رۆمانە، هاوکات جێ بايەخی بيرمەندان و رەخنەگران و خودی رۆماننووسانيشە، ئیدی چەند نووسەر کاريگەريانە وەسفی بکات، ئەوا لای خوێنەر رەهەندێکی دەروونی و هێماگەلێکی توند و کاريگەرتر بە قووڵایی ناخی هزر و بيريدا دەگەيەنێت، ئەوە دەکەوێتەوە سەر پانتایی بير و هزری نووسەر کە بە عەقڵانيەتێکی ئەوتۆ بێتەگۆ خوێنەر لە گەڵ رۆمانەکە بکاتە يەک جەستە. ئێمە ئەگەر بێتو بە وردی شرۆڤەی کات لە گۆشەگيريدا بکەين ئەوا ئەوەندەی تا ئێستا نووسيومانە زۆر زۆر کەمن تەنها ئەگەر بۆ شوێنی بنووسين، ئێمە هاتووين زۆر بە کورتی بەرکوڵ و بەرچاو روونييەک لە هەمبەر هەمەلايەنی ئەم رۆمانە بخەينە بەر ديدی خوێنەر، هەرچەندە دڵنياين لايەنی زۆری رۆمانەکەيش فەرامۆش دەکەين، چونکە مرۆڤی ئەمرۆ بە داخەوە حەوسەڵەی ئەوەيشی نييە لە تۆڕە کۆمەڵايەتييەکان لايکێک بۆ هاوڕێکەی بکات، چ جای بێتە سەر ئەم درێژکردنەوەی شرۆڤەيە.
هەر تاکێکی ئاسایی لە هەر شوێنێک بێت بايەخ بە شوێنی خۆی دەدات، ئيديۆمی کورديش هەيە دەڵێ ؛ (( بزن بۆ شەوێ جێگای خۆی خۆش دەکا ))، کەواتە شوێن بۆ هەموو زيندەوەرێک گرينگی هەيە، ئیدی جوان و پاک راگرتنی شوێنيش وەک ئەوەيە نووسەر بە جوانی و سەليقەييەوە تەوزيفی شوێنەکەمان بۆ بکات، ديقەت بدە، سەبارەت بە ئەو لايەنە باوەی لە کوردستەندا هەيە، باسی گەلانی ديکە ناکەين رەنگە زۆر لە پاشتريش هەبن، وەلی بە دڵنياييەوە زۆر پێشکەوتووتر هەيە، کاتێک پياوی ماڵ دێتەوە ناوماڵ بە سەر يەکەوە شێواوە هاواری لێهەڵدەستێ کە بۆچی ناوماڵەکە وا لەوتاو و پيس و پۆخڵە، ئەگەر لە ئەوروپايش بيت کە دێيتەوە بە نەرمی ئەو پرسيارە بە ديوێکی ديکە دەکەيت و خودی خۆتيش هاوکار دەبی لە رێکخستنەوەی ماڵەکە، ئەميش بەڵگەيەکی ديکەيە کە شوێن لای هەر تاکێکمان جێ بايەخی خۆی هەيە.
ئێمە پێويستمان بەوە هەيە نووسەر نەشارەزایی ئێمە بکا بە ئاشنا بوونێکی تەواوی ئەو شوێنانەی رووداوەکانی تێدا روو دەدەن، کۆڵانی خوار و خێچ کە جێ مشتومڕی سوزی و ڤێسنايە، لە رووی تەوزيفکردنييەوە ناتەواو و و هەژارە، زۆر شۆڕنابينە نێو ژانرەکەوە، کۆڵانی قەيسەريش کە پاژی سێيەمی رۆمانەکە هەر بە ناوی کۆڵانی قەيسەرەوەيە بە هوردی بۆ مان شيناکاتەوە، با بزانين چۆن لێی دەدوێ، لە لاپەڕەی يەکەمی کۆڵانی قەيسەر دەڵێ؛ (( لە سەر سووچی کۆڵانەکەی تر راوەستابوو کە بە ” کۆڵانی قەيسەر ” ناسرابوو،ڵ ٨٧)) پاشان و دوای چەند دێرێک لەمە دەڵێ (( مامە عەزە لە سەرەتای ” کۆڵانی قەيسەر ” وەستابوو، کە بە کايسەر گاسە “Kaiser Gasse ” ناسراوە، ئەو کۆڵانەی تەنيشت فراون گاسەوەيە ” Frauen Gasse ” کە مانای کۆڵانی ژنان دەگەيەنێت، ئەم کۆڵانەيش بە پێچێکی بچوک دەچۆوە سەر ” خانەی ژمارە چل و حەوت ” کە ئەويش لەشفرۆشخانەيەکی يان بڵێين بۆردێلۆيەکی گەورە بوو، بۆ ماوەی بيست و چوار کاتژمێر لە بەردەم پياوە ئازادە ………. کراوەبوو، لە سەرێکی ترەوە دەچووە سەر ئەو کۆڵانەی ڤێسنا ناوی نابوو ” کۆڵانە خوارەکە” کە ئەويش دواجار دەکەوتە سەر شەقامە سەرەکيەکە.ل٨٧ )). پێمانوايە بۆ رۆمانێکی ئاوا ئەم دەستنيشآنکردنەی کۆڵانی قەيسەر نەمازە کە بەش يان پاژێکی تايبەتی رۆمانەکەی وەرگرتووە هەم کەمە هەميش لای خوێنەر ناڕونە، دوای چەند لاپەڕەيەک گۆڕەپانی فردريکيشی بۆ زياد دەکات؛ (( سنوورەکانی ئەم وڵاتە توند و داخراو بوون، ئەو لەو زەمەنەوە، ئەم هاتوچۆی کۆڵانی قەيسەر و کۆڵانی ژنان و گۆڕەپانی فردريکی چواردە” Friedrich der Vierzehnte ” دەکات.ل ٩٩)) بابزانين دواتر چی دبێژێت، ؛ (( ئەم هەموو خەمە وردانەی تێدا تەقاندبۆوە و لە سەر سوچی کۆڵانی قەيسەر چەقی بەستبوو، کە بە نێوی قەيسەرە شکۆدارەکانەوە ناونرابوو، کە راستييەکەی کۆڵانی شکۆ نەبوو. ل ١٣٤ )) خوێنەر پێويستی بە ئەوەيە هەر لە سەرەتاوە بە وردی هەم ئەم کۆڵانە و هەميش کۆڵانی خوار و خێچ و هەميش ئەو پانتاييە بەرفراوانەی سێ کيشوەر ئەوە دەهێنێ لە رۆمانێکی وادا دە لاپەڕەيەکی بۆ تەرخان بکەی (( شوێن لە ڕۆماندا گرينگييەکی زۆر داگير دەکات، نەک لە بەر ئەوی توخمێکی هونەریيە، يان شوێنی ئەو رووداوانەيە کە تێيدا روودەدەن، و کەسايەتييەکان تێيدا جوڵە دەکەن، بەڵکو لە هەندێ کاری ناوازەدا بۆ کەشێک دەگۆڕدرێت هەموو توخمەکانی رۆمانی تێدا بەرجەستە دەبێت، بە رووداگەل و کەسايەتييەکانەوە، و ئەو پەيوەنديانەی لە نێوانياندا هەيە، ئەو پانتاييە دەڕەخسێنێت کە کاری تێدا دەکات، و بيروبؤچوونی خۆی تێدا دەردەبڕێت، خودی خۆی دەبێتە هاوکارێک بۆ گەشەکردنی بونياتی رۆمانەکە، و هەڵگری ديدگای پاڵەوانەکە، و نوێنەرايەتی و تێڕوانينی دانەريش دەکات، بەم جۆرە شوێن وەک پارچە کۆتاڵێک نييە سەبارەت بە تابلۆيەک، بەڵکو ئەو پانتايەيە کە لە تابلؤکەدا دەيخوڵقێنێت )) ٢٤. ئەم سەرچاوەيش بۆ زێتر بەرچاوڕوونی خوێنەرانی ئەم شرۆڤەيە هێنامانەوە.

کەسايەتييەکان و گفتوگۆ
ئەگەر نەڵێين تەواوی بنەما سەرەکييەکانی رۆمان هەر هەموو پێکەوە گرێدراون ئەوا جگە لە نێو رۆمانيش ژيانی ئاسایی مرۆڤ خۆی لە خۆيدا گرێدراوێکی بتەو بەهێزی (( کات و شوێن بۆ کەس و گفتوگۆ )) هەرگيز بێدابڕان نابن.کەسايەتيش وەک هەر توخمێک لە توخمەکان بە بۆچوونی ئێمە نەبوونی کەسايەتی لە رۆماندا وەک ئەوەيە زەوی کەسی لە سەر نەژی، ئەمە بۆ رۆمانە ئەفسانەييەکانيش راستدەکەوێتەوە، لەوێش لەبری مرۆڤ زيندەوەر يان بێگيان کەسايەتييەکانن، کەسايەتی بۆ خۆی سەر بە چيرۆکەکەيە نەک بە وتار، رۆماننووس گەرەکە هەر لە رستەی يەکەمەوە ئاماژە بەسيمای کەسايەتی و کێشمەکێش و رەوتی نێو رۆمانەکە بدات، نووسەر هاتووە لايەنی دووەمی ئەنجام داوە، وەلی ئەو کەسايەتييانە رۆڵی ناوەنديان لە رۆمانەکەدا هەيە، واتا ئەو کەسايەتييانە نين پاڵەوانی سەرەکی بن. کاتێکيش خوێنەر بە پاڵەوان ئاشنا دەبێت، لە چوارچێوەی ئەودا وەک لوغزێک شاردراوەتەوە، ئەمە پێدەچی هەمان ئەو ڕێچکەی کافکا بێت کە لە کەسايەتی ” کۆشک ” دا بە پيتی ” کاف ” باسی دەکات، هەرچەندە کافکايش لەم کارەيدا داهێنانی نەکردووە وەلێ لە ناو کۆمەڵی ئاوروپایی وەرگرتووە، بە دەستکارييەوە، ئەمە رێچکەيەکی هاوچەرخی ئەدەبە، لە هەمانکات ناکرێ خوێنەر لە قوڵایی کەسەکان تێ نەگات، لەوانە ئێمە ” ئەو ” لەم رۆمانەدا بە کەسايەتييەکی سووڕاو دەبينين وەک رووەکانی؛ کەلتوور و داب و نەريتی رۆژهەڵاتی، پاشان هەڵگەڕانەوە و لە دونيای گاڵتەجاڕی خۆيدا ريسوای دەکات، وەک لە سەفەرەکەی قاهيرەيدا دەردەکەوێت، ديوێکی ديکەيش هەڵگەڕانەوە بۆ کەسێکی هەوەسبازی سيکسی کە لە گۆمەڵگای خۆی وانەبووە، ” وايش بوو بێت وەک ئاوروپا بە ئاشکرا نەبووە” ،(( کەسايەتی رۆمان لای هەندێک لە رەخنەگرە فەڕەنسييە هاوچەرخەکان ، هەروەک ، کەسايەتی سينما؛ يان شانۆييە، لە دونيای ئەندێشە دانابڕێت، کە بە بەنرخی دەزانيت، لە زيندەوەران و شتەکان تێيدا، ناکرێ کەسايەتييەک لە هزرماندا بوونی هەبێت، وەک ئەوەی هەسارەيەکی دی بێت، بەڵکو پەيوەستە بە سيستماتيکێک ، بە هۆيەوە، تەنها ئەو بە هەموو رەهەندەکانييەوە لە ناوماندا دەژی )) ٢٥. ديسانەوە لە رۆمان کەسايەتی رووکەش يان بڵێين خەسڵەت جێگير هەيە، ئەم دوو ديوە کەسايەتييە چەند رەهەندێکيان هەيە؛(( رەهەندی دەرەکی، رەهەندی ناوەکی” دەروونی ” ، رەهەندی کۆمەڵايەتی، رەهەندی فيکری )) دوای خوێندنەوە هەست بە غيابی بەشێک لەم رەهەندانە دەکەين.
گفتوگۆ بەشێکی هەرە گرينگی نێو چيرۆکە بێ گفتوگۆ تەواوی رۆمانەکە لە جيهانی لوغز دەسووڕێتەوە، تەنانەت لە چيرۆک و فيلمە ئەفسانەييەکانيش دەبينين ئاژەڵەکان لە گەڵ يەکدی گفتوگۆ دەکەن، ئەم گفتوگۆيانەيش لە ناو چيرۆک و نۆڤێلت و رۆماندا سێ جۆريان هەيە؛ (( گێڕانەوە، راستەوخۆ يان ” بەدوای يەک ” ، خودی )) ، لە رۆمانی گۆشەگيريدا ئيسماعيل حەمەئەمين جۆری يەکەميانی پێڕەو کردووە، لە ڕێی گفتوگۆکانی کەسايەتييەکانەوە خوێنەر ئاشنای خودی کەسايەتييەکان و نهێنييەکانيان تا دەگاتە خەسڵەت و ئاکار و بيرکردنەوەکانيان دەبێت، هەر گفتوگۆ کێشەکان ئاڵۆز دەکات و دەيگەيەنێتە ترۆپکی پڵۆتەکە” الحبکة ” هەر ئەويش دايدەمرکێنێتەوە و بەرچاوڕوونييەک دەداتە خوێنەر و ئاوەزی بەئاڵۆسکاوی جێناهێلێت، هەروەها فاکتەرێکی گرينگە بۆ چارەسەرکردنی لايەنی مێژوویی رۆمانەکە و بە سانایی چارەسەری دەکات، فاکتەرێکی ديکەی کۆکردنەوەی زانيارييەکانە بۆ گەياندنی بە خوێنەر، کاتێک خوێنەر ئەو هەموو گێڕانەوەيە دەخوێنێتەوە دووچاری وەڕسبوون و بێزاری دەبێت کە نۆبەتی گفتوگۆ دێت مێشکی پشوويەک دەدات و هەناسەيەکی درێژەدانی خوێندنەوە هەڵدەکێشێ هەندێ جار دەگاتە ئەو ئاستەی وەک ئەوە بێ کە هيچ ناخوێنێتەوە ئەمە لە کاتێک ڕوودەدات کە خوێنەر بە جۆرێ ئاوێتەی رۆمانەکە بووە دەيەوێت هەرچی زووترە بە دەرئەنجام بگات، کارێکی گرينگ لايەنی سۆزدارييە کە ئەويش هەر لەم رێگايەوە جارەسەر دەکرێت، لە کاتێکدا زۆربەی ئەوانەی بايەخ بە لايەنی هونەری دەدەن هەستێکی ترس و دڵەڕاوکێ ختوکەيان دەدات، بۆيە فەزای سۆز و پێکەنين و گريان غيابی دەبێت، هەڵبەت مەبەستمانە ئەم حاڵەتانە لای خوێنەر بخوڵقێنێت، من لێرەدا بۆ گۆشەگيری هيچ ناڵێم چونکە هەر تاکێک لەوەی رۆمانەکەی خوێندبێتەوە بە ئاشکرا هەست بە لايەنی لاوازی دەکات،
لە ڕووی گفتوگۆوە ئەوەی سەرنجی ئێمەی راکێشا بێت، بە هەق دەموودوويەکی نێو رۆمان و واقيعيانەی نێو کۆمەڵ بێت، ئەوەی لە نێوان ڤێسنا و سوزی هەر لە سەرەتاوە روو دەدات، دواييش ئەو گفتوگۆيەی لە ” کۆڵانی قەيسەر” هەست پێدەکەين ، لە ؛ “ئێگۆيەکی دوور؛ جاکۆمۆ کازانۆڤا” نووسەر هەندێ ساردبوونەوە يان بێزاری پێوە دەرکەوتووە، وەلێ لە “ئەنۆبيس ” دا، هێندەی باکگراون دەبينرێ هێندە واقيعی رۆمانەکە و گفتوگۆ نابينين.
دەرئەنجام….
سەرباری هەموو ئەو تێبينيانەمان بە گيانێکەوە مامەڵەمان لە گەڵ رۆمانەکە کردووە کە دوورونزيک پەيوەندی بە ناسين و نە ناسينی نووسەرەوە نييە، برای ئازيزمان کاک ئيسماعيل حەمەئەمين نووسەرێکی ديار و خاوەن قەڵەم و رێچکەی تايبەتی خۆيەتی، لايەنە باشەکانی رۆمانەکە هەر کەسێک رۆمانەکەی خوێندبێتەوە هەستی پێکردووە ئێمەيش هەروەها دەستخۆشانەی لێدەکەين، بە هيوای سەرکەوتن و بەردەوامی. لە دوماهيشدا ئەم چەند خاڵە دەخەمەڕوو؛
١ – دەکرا ئەم رۆمانە چوار رۆمان بوايە لە بری يەک رۆمان، ئێمە لای خۆمانەوە ئەو خەسڵەتانەی تێدا دەبينين، وەک چۆن ” نەجيب مەحفوز ” سييانەی هەيە، با ئيسماعيل حەمەئەمينيش جوارانەی هەبايە، ناڵێين چوارينە با نەچێتە خانەی شيعرەوە، دەکرا لەو چوار رۆمانەدا چارەسەری تەواوی کەموکورتييەکانی بکردايە و ئەو پەلەپرووزێيەيشی پێوە ديار نەدەبوو.
٢ – ئەگەر نووسەر بۆ جێ پێگەيەکی پێوانەیی کار دەکات، کە ئەوە خواست و ماندووبوونی هەموو تاکێکە هەر يەک لە بوارەکەی خۆيدا، ئەوا بەڕای ئێمە رۆمانەکە لە چوارچێوەی” هاوڕەگەزخوازی” دا بووايە، سنوورێکی تری دەگرت و لە دەرگايەکی تری دەدا، هەر جەندە لێرە زۆرزۆر بەکەمی باسی لێوە کردووە.
٣ – لە کات و شوێن و سەردەم و گێڕانەوەی باکگراون، گەڕانەوە بۆ رابردوو خوێنەری تووشاری وەڕسبوون کردووە، نووسەر بە کارزانی و لێزانانەی خۆی دەيتوانی ئەم حاڵەتانە چارەسەر بکات.
٤ – دووکاری گرينگ لە رۆمانەکە لە بيرکراون کە لە ناوەوەيش بە کورتی باسمان لێوەکرد، ئەويش لايەنی سۆزە، هەموو رۆمانەکەمان خوێندەوە نەگرياين نە پێکەنيين، کەسێکی گرژ و مۆن لە ناو غەريزە هيچ و پوچەکانمان پەنگمان دەخواردەوە و هيچی تر. لە عەوداڵی ئەو دەربازبوونەيش بووين لەو دونيا ئاڵۆسکاوەی بۆی خوڵقاندين و نەگەيشتينە دەرئەنجام.
ئەوەی ماوە لە يەک دێردا بڵێين: ئەوەی باسمان کردن بەکورتی و پوختی بوو، جا يا راستەوخۆ يا ناراستەوخۆ لێی دوواين.
بمێنن بە خۆشی و ماندووم کردن …..

——————————————————————–

ئەو سەرچاوانەی سوودم لێوەرگرتوون ؛
1 – خەونی نووسين لە روانگەی هەشت نووسەری هاوچەرخەوە / لە فارسييەوە دڵشاد خۆشناو / دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم – ٢٠٢٠.
2 – رۆمانی گۆشەگيری / ئيسماعيل حەمە ئەمين – پرۆژەی کولتور بە هاوکاری ناوەندی کەپر/ ٢٠٢٠.
3 – أنطولوجيا اللغة عند مارتن هيدجر – أبراهيم أحمد ، أستاذ جامعة مستغانم – الجزائر/ الدار العربية للعلوم الناشرون – منشورات الأختلاف – ٢٠٠٨.
4 – شۆبنهاوەر الفلسفة و العزلة / عبدالرحمن کيبش / سايتی ASJP لە رۆژی ٣٠ / ١٢ / ٢٠١٣
5 – هەمان سەرچاوەی پێشوو .
6 – أشکالية الوجود و التقنية عند مارتن هيدجر- أبراهيم أحمد – منشورات الأختلاف – الدار العربية للعلوم – ناشرون، الجزائر – ٢٠٠٦
7 – الحلقة المفقودة، الکشف عن أصل البشري الأول – کۆلين تادج – و – جوش يونج – ترجمة مروة هاشم – منشورات الکلمة – أبوظبي – الأمارات ٢٠١١
8 – فەرهەنگی زاراوەکانی ئەدەب و زانستە مرۆڤايەتييەکان – د . نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد . لە بڵاوکراوەکانی ناوەندی غەزەلنووس بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە، ٢٠١٥
9 – هەمان سەرچاوە…
10 – هەمان سەرچاوە.
11 – بنية الشکل الروائي – الفضاء ، الزمن ، الشخصية – حسن بحراني / المرکز الثقافي العربي – بيروت ١٩٩٠
12 – هەمان سەرچاوە
13 – فێرجينيا وۆڵف – بێرنارد بلاکستون – دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، لە فارسييەوە ناهيد رۆستەمی/ ٢٠٢٠
14 – خەونی نووسين، لە روانگەی هەشت نووسەری هاوچەرخەوە / لە فارسييەوە دڵشاد خۆشناو.دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم – ٢٠٢٠
15 – فێرجينيا وؤلف – بێرنارد بلاکستون – دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، لە فارسييەوە ناهيد رۆستەمی- ٢٠٢٠
16 – جينالوجيا التراث ، الأصول التراثية، للهوية الثقافية، علي أسعد وطفة ، موقع watfa.net في ٧ / ٣ / ٢٠٢١.
17 – الرواية بين الأيديولوجيا والفن، الرواية الأردنية أنموذجا/ د . حنين أبراهيم معالي / عمان- الأردن، الان ،
18 – الرواية السياسية و التخيل السياسي / بقلم جميل حمداوی ، ديوان العرب . ١١ / ٣ / ٢٠٠٧
19 هل يمکن تحييد الأيديولوجيا عن ملامح النص الروائي / يوسف المحيميد / جريدة الشرق الأوسط / الملاحق- ثقافة / ١٢ / ٢ / ٢٠١٧
٢١- الحبکة و أنواعها في الرواية – نهضة الشريفي – موقع أشراقات قرآنية / ليوم ٢٢ / ١ / ٢٠٢٠ ، والمسندة الی ” في النقد الأدبي الحديث’ ١٣٣
٢٢ – هەمان سەرچاوەی پێشوو .
٢٣ / المکان والزمان لدی کانط / بقلم مثنی حامد / مجلة الکلمة اللندنية العدد ٤٣ في نوڤمبر ٢٠١٠ .

٢٤ – جمالية المکان في الرواية / بقلم ، أحمد زياد محبک – ديوان العرب الألکترونية، ٦ / ٦ /٢٠٠٥
٢٥ – في نظرية الرواية / بحث في تقنيات السرد / د. عبدالملک مرتاض – المجلس الوطني للثقافة والفنون والآداب / الکويت . ١٩٩٨
• عەبدولباقی يوسف / رۆماننووس و ئەديبی کورد – ١٩٦٤ لە هەسەکە لە دايک بووە، لە سەر ئاستی وڵاتانی عارەبی نووسەرێکی ديار و بەرچاوە. دەيان بەرهەمی چاپکراوە، هەر لە رۆمان و چيرۆک و توێژينەوە.
• پی. دی . جێمز، يەکێکە لە بەرجەستەترين و خۆشەويستترين نووسەرانی بەريتانيا، ئەو ماوەيەکی زۆر بە ( شاژنی تاوان ) ناسراوە، و بە پێشڕەوی رۆماننووسەکانی دەقی پۆليشی دەژمێردرێت، ساڵی ١٩٢٠ لە ئۆکسفۆرد لە دايک بووە ، لە تەمەنی ٤٢ ساڵيدا لە ١٩٦٢ يەکەمين رۆمانی خۆی بە ناوی” دەموچاوی داپۆشە” بڵاو کردۆتەوە.

———————-

بۆ خوێندنەوەی بەشەکانی تر کلیکی لینکەکانی خوارەوە بکەن..

بەشی یەکەم…

بەشی دووەم…

بەشی سێیەم…

بەشی چووارەم…

Previous
Next
Kurdish