زه‌یتوونستان.. به‌ختیار محه‌مه‌د
Closed
ئه‌م ڕۆمانه‌م (نۆڤلێته‌م) سێ جار خوێنده‌وه و ئه‌م سه‌رنج و بۆچوونانه‌شم له‌لا گه‌ڵاڵه بوون:
- چیرۆكی (تیمه‌ی = گرێچنی) ئه‌م ڕۆمانه، چیرۆكێكی فیمینستییه. به‌واتای سه‌رله‌به‌ری پاڵه‌وان و كه‌سایه‌تییه‌كان ئافره‌تن و ئه‌وان كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی هه‌موو ڕووداوه‌كانن. ئه‌وان گێڕه‌ره‌وه‌ن و ئه‌وان سه‌ربرده‌چی و ئه‌وان حیكایه‌تخوان و حیكایه‌تبێژن.
ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌م ڕۆمانه ڕۆمانێكه، كه گێڕه‌ره‌وه‌كه‌شی ئافره‌ته (ئافره‌تن) و ئه‌گه‌ر نووسه‌ره‌كه‌ی كه‌ریم كاكه نه‌با و ناوه‌كه‌ی له‌سه‌ر نه‌با، ئه‌وا حه‌تمه‌ن ده‌مانگوت نووسه‌رێكی ژن نووسیویه‌تی. دایه زه‌یتوون ده‌ڵێ: ((دوایوه‌ی ڕێی زه‌یتونستان داخرا، له كه‌زی زه‌ر دابڕام، بۆ ماوه‌یێ ئاگام لێی بڕا، ئه‌وه بوو له فه‌یسبووكێ دیتمه‌وه، زانیم له گژ نووسینه‌وه‌ی سه‌ربرده‌ی خۆی و خه‌ڵكه، ئه‌وه دیسان بزرمكرده‌وه، هه‌موو رێگاكانی دیتنه‌وه‌ی له سه‌ر خۆی داخستووه.
ده‌ترسم منیش له‌پڕ بزر بم، بۆیێ به باشم زانی ڕۆژانه شـتێ له سه‌ربرده‌ی خۆم و ئه‌و و ئه‌وان بنووسمه‌وه.)). ل 32 - كاره‌كته‌ره‌كانی ئه‌م ڕۆمانه زۆربه‌یان شه‌رڤانن: شه‌رڤانی مێ.
- ناوی كاره‌كته‌ره‌كان هه‌مووی ناوی نائاسایی و فانتازیین؛ له ناوی كه‌سایه‌تی ڕۆمانه‌كانی به‌ختیار عه‌لی ده‌چن. واته ناوه‌كان ناوی خوازه‌ی شیعریین. به‌نموونه: له‌لای كه‌ریم كاكه ئه‌فرینی دڵ، بارینی گوڵ، میدیای یارسانی… هه‌یه، له‌لای به‌ختیار عه‌لی خه‌ندانی چكۆله، نه‌سه‌رده‌یننی بۆنخۆش، میدیای غه‌مگین… هه‌یه.
- كاره‌كته‌ره‌كانی ئه‌م ڕۆمانه، موسڵمان و جووله‌كه و ئێزیدیی و فه‌له‌ن. ئه‌وان مرۆڤن. ته‌نها مرۆڤ، كه بۆ ئازادی خۆیان و زه‌یتوونستان تێده‌كۆشن و خه‌بات ده‌كه‌ن. ئه‌وان نموونه‌ی پێكه‌وه ژیانن. ئه‌وان دژی تیرۆری ((ئاڵای ڕه‌شن)). واته تیرۆری چه‌ته‌كانی داعش.
((گوتم:
كاتێ ناڵه‌ی زه‌یتوونستان هاته گوێم، خۆم پێنه‌گیرا.
گوتی:
زه‌یتوونستان ئێمه‌مانان كۆده‌كاته‌وه.)).ل 43 – 44
زه‌مه‌نی گێڕانه‌وه‌ش له‌م ڕۆمانه‌دا له زه‌مه‌نی كۆچی جووله‌كانه‌وه ده‌ست پێ ده‌كا، واته له كۆتایی ده‌یه‌ی چلی سه‌ده‌ی ڕابردوو، تا ساڵانی ده‌یه‌ی بیستی سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك ده‌خایه‌نێ. - یه‌كێك له تایبه‌تمه‌ندییه باشه‌كانی ئه‌م ڕۆمانه ئه‌وه‌یه، كه به كورتی و پوختی و به چڕی و به زمانێكی كوردی پاراو و ڕه‌وان نووسراوه. ئه‌مه‌ش هۆكارێكه، كه خوێنه‌ر ((كه‌مه‌ندكێش ده‌كا)) تا كۆتایی بیخوێنێته‌وه.
- شێوازی گێڕانه‌وه له‌م ده‌قه‌ی كه‌ریم كاكه‌دا، شیوازێكی ئاڵۆزه (ته‌مومژاوییه). ئاڵۆز به‌و واتایه‌ی یه‌ك گێڕه‌ره‌وه (وه‌ك ڕۆمانه ته‌قلیدییه واقیعییه‌كان) ڕووداوه‌كانی ڕۆمانه‌كه‌مان به زنجیره‌یه‌كی ڕێك و ڕاست بۆ ناگێڕێته‌وه؛ به‌ڵكو چه‌ندین گێڕه‌ره‌وه له وه‌خت و سه‌رده‌می جودادا و له زه‌مه‌نێكی نالۆژیكی په‌رش و بڵاودا سه‌ربرده و ڕووداوه‌كانمان بۆ ده‌گێڕنه‌وه.
- ده‌ق ده‌بێ خوێنه‌ر بخاته مه‌راقه‌وه: مه‌راقی سه‌رلێده‌ركردنی. مه‌راقی چۆن خۆی له ون بوون و سه‌رلێشێواندنی ناو دارستانی ده‌ق (وك ئیمبرتۆ ئیكۆ ناوی لی ده‌نێ) ڕزگار بكا و رێگا و ده‌ریچه‌یه‌ك بدۆزێته‌وه بۆ ڕزگار بوون. له ده‌قدا واتای چێژ له‌م مه‌راق و سه‌رلێشێوانه‌دایه. ئه‌م ده‌قه‌ی كه‌ریم كاكه وامان لێ ده‌كا: هه‌رده‌م دووچاری دڵه‌ڕاوكێ و مه‌راق و سه‌رلێشێواندن و هه‌ڵوه‌سته‌كردنمان ده‌كا. ئاڵۆزیی ئه‌م ده‌قه له‌وه‌دایه، كه خوێنه‌ر سه‌راسیمه و سه‌رگه‌ردان ده‌كا. هه‌ر به فیعلی زمانی (شێوازی گێڕانه‌وه‌ی) ئه‌م ده‌قه وه‌ك دارستانێكی گه‌وره‌ی چڕ و پڕه، كه هه‌ست و دركی خوێنه‌ر له ناو خۆیدا ون ده‌كا، بۆیه خوێنه‌ر ده‌بێ هه‌وڵی یاری خۆده‌ربازكردن بدا. چێژی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م ڕۆمانه له‌م یارییه‌دایه.
- له‌م ڕۆمانه‌دا له زۆر جێگادا زمانی خوازه (ره‌مز) زاڵه. به‌نموونه ڕۆژئاوا (عه‌فرین و كۆبانێ). شاری خۆر هێمایه بۆ هه‌ولێری به‌ر له سه‌رده‌می كۆچی جووله‌كه و هه‌ولێری دوای ئه‌و سه‌رده‌مه‌ش. شاری فه‌رهوودیش وا تێبگه‌م هێمایه بۆ به‌غدا : ((له كۆڵانی ته‌نه‌كه‌چیان قاوه‌یخانه‌یێ هه‌بوو، دانیشتم، قاوه‌یه‌كم گازكرد، دیار بوو شاگرده‌كه زمانی شاری خۆری نه‌ده‌زانی، به زمانی شاری فه‌رهوود خۆشهاتنێكی خۆشی لێكردم، منیش هه‌ر به زمانی شاری خۆر وه‌ڵاممدایه‌وه، پیاوێكی به ته‌مه‌ن به‌رانبه‌رم دانیشتبوو، چاوی له سه‌رم هه‌ڵنه‌ده‌گرت، به زمانی شاری خودا…)). ل 183 لێره‌دا باشتر له واتای وه‌سفی شاری خۆر (هه‌ولێری جاران) تێده‌گه‌ین: ((وای ده‌ستی شكاوم بۆ جووله‌كه، دوای كۆچی ئه‌وان، ئه‌و شاره جوانیی پێوه نه‌ما، به‌ره‌ی ئێمه هێنده سووكایه‌تییان پێكردن نه‌بێته‌وه، ئه‌وان به ده‌ستی ئێمه‌وه تاڵاو و زوخاوی زۆریان چێشت…)). ل 210 پێده‌چێ شاری خودا‌ش هێما بێ بۆ قودس (ئۆرشه‌لیم). شه‌مه‌نده‌فه‌ری كۆچیش هێمایه (خوازه‌یه) بۆ كۆچی جووله‌كان. له‌مه‌وه ده‌توانین به‌م ڕۆمانه بڵێین، كه ڕۆمانێكی ڕه‌مزییه (هێماییه).
- له هه‌ندێك شوێنی ئه‌م ڕۆمانه‌دا، خه‌یاڵێكی ئه‌ده‌بی جوان ته‌ونی شێوازی گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌كان ده‌چنێ. به‌نموونه ته‌ماشای ئه‌م خه‌یاڵه (خوازه‌یه) بكه: ((پێڵاوی بن بالیفم ده‌رهێنا، له سه‌ر ئه‌و مێزه‌م دانا، به به‌ر چاومه‌وه پێڵاو بووه پێنج پشكۆی گه‌ش، هه‌ر پشكۆیێ به قه‌د گۆی مه‌مكێ، دوای تاوێ، پشكۆكان له شوێنی خۆیان به ڕیز كه‌وتنه سه‌ما و هه‌ڵپه‌ڕكێ، زۆری نه‌برد پشكۆكان شێوه‌ی پیتیان وه‌رگرت، ئای!…)) 157 یان: ((من چاوم هه‌ر له سه‌ر تاكه پێڵاو بوو، دیتم ده‌جوولایه‌وه، له پڕ بووه سمۆره، له چاوترووكانێ به مناری رووناهیدا هه‌ڵگه‌ڕا، له‌و دووره‌وه دیتم له سه‌ر سه‌ره‌وه، لێمده‌ڕوانێ، مناره تا ده‌هات نزیكتر ده‌بۆوه ده‌ستم كه‌مێ درێژتر با، سه‌ری په‌نجه‌م ده‌گه‌یشته پێڵاوی به سمۆر بوو، هاوارمكرد: داده، ئه‌ها پێڵاوه‌كه‌م بۆته سمۆره)). ل 167
- وادیاره نووسه‌ر خۆشی له ناو ڕۆمانه‌كه‌دا پاڵه‌وانێكی لاوه‌كییه: ((… وای لێهات، ئاخافتنی له‌بیرچۆوه، ته‌نها یه‌ك وشه‌ی گۆ ده‌كرد، ناوی كوڕه ره‌شتاره‌كه، ناوه ناوه سێ جار ده‌یگۆته‌وه: كه‌ریم، كه‌ریم، كه‌ریم.)). ل 171
- ئه‌م ده‌قه كۆپله شیعری زۆر جوانیشی تێدایه، وه‌ك:
هۆ هۆ كیژه جوو
له دوای كۆچی توو
دڵ بووه سووتوو
به با و ئاودا چوو… ل 208 - له هه‌ندێك شوێن و له هه‌ندێك گفتوگۆدا، پڕ به دڵ له ناخه‌وه پێده‌كه‌نیم و پێكه‌نینم ده‌هات. به‌نموونه له‌و شوێنه‌دا كاتێك گوڵئه‌ندام (گوڵنار) له دوكانداره چوارشانه‌كه ده‌پرسێ: ((له بن پێت چی هه‌یه؟
ته‌ماشای بن مێزه‌كه‌ی كرد و به سه‌رسووڕمانه‌وه:
كاشی، بۆچی ده‌پرسی؟
گوتم:
ئه‌دی له بن كاشیه‌كه چی هه‌یه؟
به پێكه‌نینه‌وه:
پوورێ دیاره ئه‌وڕۆ به منت گرتووه! له بن كاشیه‌كه زیخ و چه‌مه‌نتۆ و به‌رد و خۆڵ و…
گوتم:
ئه‌دی بن خۆڵه‌كه چی تێدایه؟
تێگه‌یی ئاسایی نیم، به بزه‌یه‌كی شیرنه‌وه:
نازانم، تۆ بڵێ.
گوتم:
گۆڕی براكه‌م ڕێك له بن پێی تۆیه.
كابرا هه‌ستایه‌وه و به روویه‌كی خۆشه‌وه:
پله، وه‌ره دانیشه، با ئاوێكت بۆ بهێنم.
گوتم:
گۆری باپیر و نه‌نكیشم وا له بن دیواره‌كه و ئه‌ودیون.
گوتی:
فه‌رموو، چی ده‌خوازی، تا بۆت بكه‌م.
گوتم:
سوپاس، ماڵت ئاوا.)). ل 191 – 192 - هه‌ڵه‌یه‌كی ڕێنووس هه‌یه، به‌نموونه جودانه‌كردنه‌وه‌ی پاشگر و كاری (دا) له دوای ئه‌و وشانه‌ی، كه ڕاسته‌وخۆ له دوایانه‌وه دێن. به‌نموونه له ڕسته‌ی :((كاپتنیش پێیه‌كی له ده‌ستدا)) ل 210 (دا) لێره كاره، نه‌ك پاشگر، بۆیه بۆ جواداكردنه‌وه‌ی له (دا) ی پاشگر، وا ڕاستتر و باشتره، كه وه‌ك وشه‌یه‌كی واتادار سه‌ربه‌خۆ بنووسرێ، هه‌رچی (دا) ی پاشگره پێویسته به وشه‌ی پێش خۆی بلكێ، وه‌ك ((له خه‌ونمدا)).
- هه‌ست ده‌كه‌م نووسه‌ر له به كار هێنانی پاشگری (ه‌وه) زێده‌ڕۆیی ده‌كا و هه‌ندێ جار له شوێنی نه‌گونجاو و نه‌شیاو به كاری ده‌هێنێ. به نموونه له ڕسته‌ی ((به زۆر خستیانه ناو تڕومبێله‌وه…)). ل 83 وای بۆده‌چم، كه ئه‌م پاشگره لێره زێده و نه‌شیاوه، به‌سه بگوترێ به زۆر خستیانه ناو تڕومبێل… ناو تڕمبێلێ… ئه‌م پاشگره له سلێمانی له به‌رانبه‌ر پاشگری (ڕا) ی هه‌ولێره. به‌نموونه له سلێمانی ده‌گوترێ: ((له منه‌وه… له سلێمانییه‌وه…))، له هه‌ولێر ده‌گوترێ: ((له منڕا… له سلێمانیڕا…)).
- له‌م ده‌سته‌واژه‌یه تێناگه‌م: ((له سه‌ر ده‌رگایه))، له پاڕسته و شاڕسته‌ی: ((ئێستا له سه‌ر ده‌رگایه، ئه‌و ژنه ماوه‌یه‌كه پیشه‌ی دانیشتنی سه‌ر ده‌رگایه.)). ل197 نازانم مه‌به‌ستی چییه؟ ئایا ئه‌م ده‌سته‌واژه هه‌ڵه نییه؟ من زانیومه ده‌گوترێ: ((له پێش ده‌رگایه… پیشه‌ی دانیشتنی پێش ده‌رگایه)). مه‌به‌ستی له‌سه‌ر ده‌رگا، ئایا دانیشتنی سه‌ر كۆسپه‌یه؟ له‌لای من روون نییه. ده‌شێ من ئاگام له‌م جۆره گوته و ده‌ربڕینه نه‌بێ و به هه‌ڵه‌دا چووبم.
- له وشه‌ی ((له‌مه‌چێترانه)) تێناگه‌م و نازانم مه‌به‌ستی چییه؟ ئایا مه‌به‌ستی له‌مه‌باشتره‌یه‌یه؟ تۆ بڵێی هه‌ڵه‌ی چاپ نه‌بێ؟ ل 59
- وای ده‌بینم، كه كه‌ریم كاكه – ماده‌م ڕۆمان ده‌نووسێ – پتر بایه‌خ به لایه‌نی ڕۆشنبیریی ده‌روونناسیی بدا؛ ئه‌م بواره بۆ ڕۆماننووس و نووسینی ڕۆمان یه‌كجار پێویست و گرنگه. ئه‌مه بۆ هه‌موو نووسه‌رێك و هه‌موو ڕۆماننووسێك ڕاسته.
- ڕۆمان (ئه‌ده‌ب) زاده‌ی خه‌یاڵه. ئه‌م ڕۆمانه‌ی كه‌ریم كاكه‌ش تژییه له خه‌یاڵی ئه‌ده‌بی دانسقه و جوان. هه‌ر خۆی له خۆیه‌وه خه‌یاڵی وێناكردنی پێڵاو به كۆتر و سمۆره، خه‌یاڵێكی فانتازی ئه‌ده‌بی شیرینی جوانه. ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌ده‌ب له خه‌یاڵ دابڕی و داماڵی، له ئه‌ده‌ب بوون ده‌كه‌وێ و هیچ مافێكی به‌سه‌ر ئه‌ده‌به‌وه نامێنێ. ئه‌ده‌ب واته داهێنان، داهێنانیش له ڕێی خه‌یاڵ و بیركردنه‌وه نه‌بێ هه‌رگیز به‌دی نایێ. له‌مه‌وه ئه‌و ئه‌ده‌به‌ی (ڕۆمانه‌ی) له خه‌یاڵ هه‌ژاره، ئه‌ده‌بێكی كرچ و كاڵ و هه‌ژاریشه.
- دانی پێدا ده‌نێم، ئێستاش له پاش دوو جار خوێندنه‌وه، به ته‌واوی سه‌ره‌ده‌ریم له واتای (تیمه‌ی) ئه‌م ڕۆمانه نه‌كرد و له مه‌راقی تێگه‌یشتنی خۆی هێشتمیه‌وه. هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ی وای كرد ئه‌م ڕۆمانه بخوێنمه‌وه و لێی به‌رده‌وام بم، شێواز و زمانی ده‌ربڕینه‌كه‌ی بوو (واته ته‌كنیكی گێڕانه‌وه و ڕۆحه ئیستاتیكییه‌كه‌ی). هه‌ڵبه‌ت ئاڵۆزی و ته‌ماندنی واتاكه‌شی (به هۆی ته‌كنیكی ناته‌قلیدی شێوازی گێڕانه‌وه‌كه‌ی)، به‌ده‌ر نییه له‌م هۆكارانه.
- به‌ڵام ئێستا، كه كردمه سێ جار خوێندنه‌وه، باشتر له گوتاری پشت په‌رده‌ی شێوازی گێڕانه‌وه‌ی ڕۆمانه‌كه تێگه‌یشتم.
- من كه سێ جار بتوانم كتێبێك بخوێنمه‌وه، واته - له گۆشه‌نیگای خۆمه‌وه – ئه‌و كتێبه كتێبێكی باشه، چونكه ئه‌گه‌ر باش نه‌بێ و چێژبه‌خش نه‌بێ، چۆن ده‌توانم و حه‌وسه‌ڵه‌م هه‌یه، كه سێ جاران له‌سه‌ر یه‌ك بیخوێنمه‌وه؟ بۆیه ده‌ڵێم ده‌ست خۆش كاریم كاكه بۆ ڕۆمانه جوانه‌كه‌ت.
ژێده‌ر: كه‌ریم كاكه، زه‌یتوونستان به پێڵاوی پیرۆزه‌وه / ڕۆمان، چاپی یه‌كه‌م – 2021
به‌ختیار محه‌مه‌د