Skip to Content

پیاوی ناو فەرش.. چیرۆک/ نەوزاد بەندی

پیاوی ناو فەرش.. چیرۆک/ نەوزاد بەندی

Closed
by حوزه‌یران 7, 2023 General, Literature

بۆ ئەوەی بتوانی لەو شارەدا بژیت ئەبوو یان لە دوورەوە تەماشای بکەیت ، یان لە نزیکەوە لووتت توند بگریت و سێ لەسەر چواری چاوەکانیشت دابخەیت ..
ساڵانە لە ئاهەنگەکانیدا ، چەند جارێک لەسەر سەرچۆپی ئەبوو بە شەڕە تەقە و قوربانیی هەبوو ..
کەمترین موچە ئەدرا بە کرێکاری خۆڵ و خاشاک ، هێندە کەم ، تەنانەت بەشی ئەوەی نەدەکرد ڕۆژانە خۆیان وپۆشاکەکانیانی پێپاک بکەنەوە، دوای ئەوەی بۆگەنترین شار و بۆگەنترین میللەتیان بەو حاڵە پاک دەکردەوە ..
یەکێک لە ووتاربێژەکانی ، کە دواتر شوێنبزر کراو کەس نەیزانی چی لێ بەسەر هات ، لە ووتارێکی هەینیدا هاواری کرد : ( خەڵکینە ! بە ڕاستی سوپاستان ئەکەم ! کە ڕۆژانە هەر هەمووتان بە بێ ئیش دێنە ناوبازاڕ و .. لە دەبە و تف و ئاغزە جگەرە زیاتر ، فڕێ نادەنە سەر شەقامەکان .. جارێکی تر و تر ، سوپاستان ئەکەم و دەستتان ئەگوشم کە میز و پیسایی ناکەنە سەر شەقامەکان ، چونکە واتانبکردایە ، شارەکە ئەبوو بە ژێر پیساییەوە و.. بە هیچ جۆرێکیش وازتان لەو کارە نەدەهێنا ، وەک چۆن بە هیچ جۆرێ واز لە براکوژی و پیس کردنی سەیرانگا و ناو شارەکان و ..ئازاردانی گیاندار و دار و درەخت ناهێنن ..هەر بۆیە لە ناخی دڵمەوە ، دەستخۆشیتان لێ دەکەم و ..مژدەی ئەوەتان ئەدەمێ تەنها سەبر بگرن و .. میز وپیسایی مەکەنە سەر شەقامەکان ، بەهەشت بۆ خۆتان ئەبەنەوە ..چونکە بە ڕاستی ئەو سەبر و تەحەمولەتان ئەجری گرانە و .. خوای گەورە تەفر و توناتان بکات ، وەچە و بنەچەتان نەمێنێ ، وەک گەل و وەک حوکمەت، وەڵاهیی شایانی سووتاندن و کیمیایی و ئەنفالکردنی سەرتاسەرین . .. توخوا چی هەیە ئێوە شانازیی پێوە بکەن و ..ڕووتان بێ بە هۆیەوە لە بارەگای خوادا ڕاوەستن ؟
ڕووتان ڕەش بێ ..بە نەفرەت بن .. بە نەفرەت ـــ)
ئەڵێن گوایا ، هەندێ کارمەندی دەمامکدار ، بە پۆستاڵەوە دێنە ناو مزگەوتەکە و ناهێڵن ووتارەکەی تەواو بکا ، لەگەڵ خۆیاندا ئەیبەن .. ئەڵێن ئەوەندەی لە توانایدا بووە ، دەمامکدارەکانی شەقباران و تفباران و جنێوباران کردووە ، کەچی هەزاران نوێژخوێن ، وورتەیان لێوە نەهاتووە ، بەشێکیان داڵغەیان ڕۆیشتووە و بەشێکیان خەوتوون و بەشێکیشیان بە کاوەخۆ خەریکی چڵم دەرهێنان بوون ..ئەم چڵم دەرهێنانە لەو دواییەدا زۆر پەرەی سەندبوو ، تەنانەت هەندێکیان وەک گوڵەبەڕۆژە ئەیخوارد دوای ئەوەی پزیشکێکی ئەڵمانی سەلماندبووی کە چڵم ، پڕ پڕە لە مادەی سوودبەخش و دژە بەکتریا و ..دەرمانخانەیەکە بۆ خۆی ، تەنانەت داوای کردبوو بکرێ بە دەرمانی ددان ..ئەم هەواڵە ، کاردانەوەیەکی گەورەی لەو شارەدا هەبوو ، هەرچەندە هیچیان ئەڵمانییان نەدەزانی ..پێشبینی ئەوەیان لێدەکرا ، نرخی چڵم لە بازاڕەکانیاندا وەک نرخی گۆشت و دۆلار بفڕێت ..
بەڵام بابەتەکەی ئێمە هیچ شتێ لەوانە نەبوون کە باسمان کردن ..
کوڕێک لەو شارەدا ئەژی ، تەمەن 27 ساڵ ، زیرەک ، چوارشانە ، هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە یاساکاندا .. بەڵام بێ عەشیرەت بوو ..واتا ئەیویست وەک کەسێکی مۆدێرن بژی ..ڕەنگە بڵێم تاقە کەس بوو ، کە ناوی تیرە و خێڵ بە ناوەکەیەوە نەبوو ..ئەوەیش وایلێکردبوو لە بەڕێوەبەرێتیەکانی باج و ناسنامە و پاسپۆرت و کوتان و خۆراک و خوێندنی باڵادا توشی دەنگە دەنگ و تەنانەت شەڕیش بێ .. ئەڵێن سەرۆکی زانکۆیەک پێی وتووە : باشە گریمان دکتۆرایشت تەواو کرد ، خزمەتی کێ ئەکەی ؟ تۆ کە بێ عەشرەت لێخوڕی ، بە تەمای ئیش بۆ کێ بکەی ؟
لە حاڵێکدا ویستی یەخەی سەرۆکی زانکۆ بگرێ ، چونکە بە پێی یاسا ئەو قسەیە ،دژی کومەڵگای شارستانی و هاوچەرخ و ئەو جۆرە شتانەیە ..گەڕانەوەیە بۆ کاتێ کە مرۆڤ گونی خۆی و گێزەری لێک جیا نەئەکردەوە و بە بەرد ڕاوی ئەکرد و لە ئەشکەوتا ئەخەوت ..بەڵام عەشرەتی سەرۆکی زانکۆکە ، بەعزێکیان لەوێ بوون و ..هەتا خوا حەزکا ، کوتیبوویان ..
دوای ساڵێ ، ویستبووی درێژە بە خوێندن با ، لە ڕێی ئەنتەرنێتەوە داوای خوێندنی باڵای پێشکەش کرد، لە کۆتا هەنگاوی پێشکەش کردنەکەیدا ، حەزی لە کچێک کرد ..واتا لەو دوا هەنگاوەدا ، لە رێی مەسنجەرەوە ، نامەیەکی عاشقانەی بۆ هات .. بەڵام هەر بەردەوام بوو لە پڕ کردنەوەی داوای خوێندنی باڵا ، لەو دوا هەنگاوەدا ، لەگەڵ ئەوەی حەزی چوبووە سەر کچێک ، بەڵام لە لیستەکەدا ناوی ئەو زانکۆیەی تێدا نەبوو کە ئەم ئەیویست .. لە بەشی ناڕەزایی و پرسیاردا ، ناڕەزاییەکی لە دێڕێکدا نوسی ، ئاخۆ بۆ چی ناوی زانکۆی کەرکوک لە لیستی زانکۆکاندا نییە ؟
دوای سێ ڕۆژ ، بە نامەیەکی ئەلکترۆنی وەڵامەکەی هاتبۆوە ، کە تەنها ووشەیەک بوو ، نوسرا بوو : ( بە هەوەس ) ..
عەشقی کچەکە نەبووایە ، هەر ئەو شەوە وڵاتی جێدەهێشت ..دایک و باوکیشی پێیان خۆش بوو ، ئەیانزانی کوڕەکەیان زۆر سەرەڕۆیە و..ڕەنگە خێزان پێک بێنێ ، فەرق بکا ..ئەم فەرق کردنە لەو شارەدا زۆر بەکار ئەهات ، به بێ ئەوەی هیچ کەسێ بە موو فەرقی کردبێ ..
پڕۆسەکەیان زۆر خێرا گەیاندە ئەنجام .. کچەکە خراپ نەبوو ، دوو نەشتەرگەریی جوانکاریی کردبوو ، بە چوارساڵ پەیمانگایەکی ناحوکومیی تەواو کردبوو .. ئەم هێشتا لێی نەپرسیبوو ئاخۆ بۆچی لەو شەوەدا ئەو نامە عاشقانەیەی بۆ ئەم نارد ..ڕاستتر نەیئەویست لەو خەیاڵە خۆشە دەربچێ ..تۆ بە ڕێدا بڕۆی ، پارچە ئاڵتونێ بدۆزیتەوە ، ئەگەر زۆر ووردی بکەیتەوە ، هیچ خۆشییەکی لێ نابینی ، تەنانەت کە خاوەنەکەیشی ئەدۆزیتەوە ، ڕەنگە پیاو خراپت بکا و بڵێ سێ پارچە بوو ، کوا دووانەکەی تر ؟
مانگی یەکەم ڕای ماڵە خەزوورانی بەم جۆرە بوو :
٭ کوڕێکی قۆز و چوارشانە ، بە ئەدەب و بەڕێز ، ئیشکەر و ئازا ..
مانگی دووەم داتاکان گۆڕانکاریی بەسەرهات :
٭ کوڕێکی زرتە بۆز‌ ، قسە لەڕوو ، ڕاشکاو ، ئیشکەری بێ ئیش .
مانگی سێیەم ، ووردەکارییەکانیان گۆڕی :
٭ کوڕێکی فیلە قوڕینە ، قسەزل ، زۆر بڵێ ، تەمەڵ ..
مانگی سێیەم ، ماڵە خەزوورانی لە بنی هەمانەکەیان دا و بەم جۆرە وەسپیان دا :
٭ شێتێکی زلە حۆتە ، بەکاری هیچ نەهاتوو قسە دەرپەڕێنەر و بێ متمانە ، وەک مانگا خۆی ئەلێسێتەوە ..

ئەمیش ، عەسرێکیان سێ بە سێ ژنەکەی تەڵاق دا ..ئەو بە گریانەوە ڕۆیشتەوە ماڵە باوانی و ئەمیش ڕۆی بۆ کەباب نادر ..
شەوێکی درەنگ نامەیەکی بۆ هات ، لە ماڵە خەزوورانیەوە بوو ، یەکپارچە جنێو بوو ..گەڕا ، زۆر بە ووردیی بە ناو جنێوەکانیانا گەڕا ، هیچ زانیارییەکی نەدۆزییەوە ، تەنها جنێو بوون ..
بڕیاری دا بوو بە دایک وباوکی نەڵێ ..ماڵەکەی هەڕاج کرد و .. داواکاریی ڤیزەی پێشکەش کرد .. لە ئوتێلێکی هەرزان بەهای قەراغ شاردا ، شەو و ڕۆژ خەوی ئەبینی ..یان ڕاستتر زۆربەی کاتەکانی بە خەو بەسەر ئەبرد ..وەک ئەوەی لەسەر پشتی کەشتییەک هەموو جیهان ئەگەڕێ و.. لە شەقامە پڕ درەختەکانی ووڵاتێکا کە نازانێ چییە ، بە لای درەختێکی سەوزدا تێدەپەڕێ ، کە نازانێ چی پێ دەڵێن ..کورسیەک کە نازانێ لە چ دارێ دروستکراوە ، داوەتی دانیشتنێکی دەکا و ..کیژۆڵەیەک لەو سەری شەقامەکەوە ، دێت ، ئەویش لە ووڵاتێکی وەک ئەمەی ئەم ڕایکردووە …
ئیتر بەو جۆرە ، هەر جارەی لە ووڵاتێک خۆی دەبینییەوە کە نەیدەزانی چی پێ دەڵێن و .. میوەیەکی دەخوارد بێ ئەوەی بزانێ ناوی چییە ..
پۆلیسەکان پێش ڤیزەکەی گەیشتن ..قۆڵبەستیان کرد و بردیان .. بە هۆی خۆ وونکردن لە دادگا ، دوو هەفتە کردیانە ژوورەوە ، ڕۆژی حەوتەم دایک و باوکی هاتن بۆ لای ..هیچیان پێ نەووت ، ئەمیش هیچی پێ نەووتن ..نیوسەعات لەگەڵیدا دانیشتن و هەستان ڕۆیشتن …
ئەم ناخۆشتر لە زیندان ، نەمانی خەونەکانی بوو .. ئیتر نەیدەتوانی سواری پشتی کەشتیەک بێ کە نەزانێ ناوی چییە و .. بە دەریایەکدا بڕوا ، نەزانێ چی پێ دەڵێن ..لە چێشتخانەیەکدا کە دیار نییە چەند ئەستێرەیە ، خۆر لەچیایەکەوە ئاوا بێ ، هێشتا نە چیای وای بینیبێ و ..نە بزانێ ناوی چییە ..
بەڕێوەبەری زیندانەکە ، بەسەر پۆلیسی ئێشکگردا نەڕاندی :
( چۆن نازانی ؟ ئەی تۆ ئێشکگری چیت ؟ )
پۆلیسەکە لە دۆخێکدا تەنگە نەفەس بوو بوو ، لێوی خوارەوەی ئەلەرزی ، ووتی : ( گەورەم ، من چوزانم ، وامزانی خەوتووە . . کەکاتی نانی بەیانی هات ، لاشەیەکی سارد و سڕ بوو .. ئێ خۆ هێشتا حوکم نەدراوە ، بە تەنیا ، لە ژوورێکدا بوو ..کێ ئەتوانێ بزانێ دۆخی تەندروستی تێکچووە ؟؟)
کاغەزێکی دەرهێنا :
( ئەمە لە ژێر سەرینەکەیدا بوو )
— هەرگیز من خەڵکی ئێره نەبووم .. لەم دۆرگە چۆڵەدا ، کە نازانم ناوی چییە . ، ڕۆژ نییە سەد جار ، بە بینینی حاڵی خۆم ، توشی لەرز و تا نەبووبم .. لەو کەناراوەدا، ساڵەهای ساڵ ، کەشتییەک نەهات هەڵمبگرێ .ڕزگارم کا لە خۆم .. حەزم ئەکرد ووڵاتێک تەڵاق دەم ، کەچی کچێکم تەڵاقدا ، کە سووکایەتی نەما پێمی نەکا … لەو هەموو شەو و ڕۆژە شێدارەدا ، چاوەڕوانی کلیلێ بووم ، ئەو هەموو تەم و دوکەڵەی ناخم بۆ بکاتەوە .. هەر هیچ نەبێ بزانم لە چ ساڵ و .. لە چ مانگ و.. لە چ ڕۆژێکدام ….ناوی هیچ شتێکم نەزانی .. لەگەڵ هیچیاندا نەمتوانی دوو هەنگاو بڕۆم …باشترین کاتەکانم ئەوانە بوون لە بێ ئاگاییدا بەسەرم بردن ..ئێستایش ، لەم تۆپەڵە خوێن و پیسایی و چەوری و گۆشتە ، چاوەڕێی چین لەکاتێکدا من خۆم چاوەڕێی هیچی لێ ناکەم ــــ

پزیشکی دادوەر ڕاپۆرتێکی نوسی لە چەند ووشەیەکی تێکەڵ و پێکەڵدا ، دەری دەخست ئەم کورە چوارشانەیە ، هەر لەمنداڵییەوە لە ناخدا مردووە ..هەر بۆیە خۆشترین کاتی ئەو کاتە بووە کە زیندانکراوە ..چونکە لەوێدا ئیتر توانیویەتی مردنە له مێژینەکەی خۆی ڕابگەیەنێ ..
لێرەدا پزیشکی دادوەریش ، لاشەیەکی سارد و سڕی حەوت زەمانمردوو بوو ..
بەڕێوەبەری تەندروستی بە پەلە پەیوەندیی بەوەزیری تەندروستیەوە کرد ، داوای لێکرد لەگەڵ بەڕێوەبەری پرۆگرامی تەندروستی جیهانییدا کوبێتەوە ، لەوە ئەچێ ڤایرۆسێکی تازە هاتبێتە شارەکەمان ..لەماوەی کەمتر لە دوانزە کاتژمێرا دوو قوربانی هەبووە ..یەکێکیان پزیشک بووە ..
بەڕێوەبەر قسەی تریشی زۆریکرد ، پێش ئەوەی توشی دڵەکوتە بێت و ..لەسەر مێزەکەی سارد بێتەوە …

Previous
Next
Kurdish