Skip to Content

نوسەری سه‌ركه‌وتوی ئەدەبی منداڵان.. رەزا شوان

نوسەری سه‌ركه‌وتوی ئەدەبی منداڵان.. رەزا شوان

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 12, 2020 General, Kids Literature

لە کۆندا، نوسەران بە شەرم و ترسەوە رویان لە بواری ئەدەب و نوسین بۆ منداڵان دەکرد. لە ترسی ئەوەی کە ناوبانگیان نەزڕێ و بە چاوێکی کەمتر لێیان نەڕوانن و پێگەی ئەدەبی و کۆمەڵایەتیان نەیاتە خوارەوە. بەڵام لە ئەمڕۆدا ئەو ترس و روانینە گۆڕاوە. نوسەرانی بواری ئەدەبی منداڵان، پێگەیەکی بەرزی ئەدەبی و کۆمەڵایەتییان هەیە. خەڵکی رێز و پێزانینیان بۆ خزمەتی پیرۆزیان هەیە، بە دراوێکی دەگمەن دایان دەنێن. چونکە نوسەرانی بواری ئەدەبی منداڵان، رۆڵێکی زۆر بەرز و کارتێکردنێکی گرنگیان لە رۆشنبیریکردن و هۆشیاریکردن و لە پەروەردەکردن و لە ئاراسەکردنی دروستی منداڵان هەیە، بۆ هێنادی داهاتویەکی شیاوتر و گەشتر و جیهانێکی ئارامتر.
نوسەری فەرەنسی (فه‌ره‌نسیس فیداڵ) ده‌ڵێت:”نوسەرانی منداڵان دەتوانن تام و چێژی جیهان بگۆڕن.. بەڵکو دەتوانن خودی جیهانیش بگۆڕن”
گەر تۆی نوسەر، خەون و خولیای نوسینت بۆ بابەتی منداڵان هەیە و دەتەوێ ببیت بە نوسەرێکی ناسراو و سەرکەوتوی بواری ئەدەبی منداڵان و نوسینه‌كانت بەدڵی منداڵان بـن. گەر دەتەوێ ئەم خەون و خولیایەت بێنیتەدی. پێویستە ئەوە بزانیت، کە تەنیا حەز و ئارەزو و هـیواخوازی بەس نین، بۆ دەستەبەرکردنی هێنانەدی ئەم حەز و ویستنەت. ئەدەبی منداڵان، پێویستی بە زانین لە (بنەما و خەسڵەتە تایبەتییەکانی ئەدەبی منداڵان) و بە شارەزاییەکی لە قۆناغەکانی گەشەکردن و هەراشبون و سایکۆلۆژیای منداڵان و پەروەردەی نوێ و زمانی منداڵان هەیە. پێویستی بەوە هەیە کە چۆن دەتوانیت لە جیهانی پاک و بێگەردی منداڵان نزیک بیتەوە لە زمان و لە خواستەکانیان تێبگەیت.
نوسین بۆ منداڵان کارێکی زۆر پیرۆزە. بەڵام کارێکی هەڕەمەکی و ئاسان نییە. یا وا بیربکەیتەوە، کە ئەوان منداڵن و زۆر تێناگەن. نوسین بۆ منداڵان خۆشە، بەڵام خوشە ئەوە ناگەیەنێ کە ئەوان بە هەمو نوسین قایلـدەبن. بەڵکو نوسین بۆ منداڵان قورسترین نوسینە. چونکە تۆ مامەڵە لەگەڵ کۆمەڵێک وشەی دیاریکراو و کەمدا دەکەیت. پێویستە بە وردی بیر لە هەر وشەیەک لە وشەکانت بکەیتەوە، ئایا لە هـۆش و لە خەیاڵ و لە دەرونی منداڵاندا جێیان دەبێتەوە یا نا؟ چونکە نوسین بۆ منداڵان ئەوە نییە کە تۆ چۆن دەوێت وا بنوسیت، بەڵکو پێویستە ئەوە بزانیت، کە منـداڵان خۆیان چیان دەوێت، ئەوەیان بۆ بنوسیت. مەبەستیشمان ئەوە نییە، کە ترس بخەینە بەردەم ئەو نوسەرە تازانەی، کە دەیانەوێت لەم بوارەدا تێهەڵبچن و بەهـرە و توانا و شارەزاییان بخەنە خزمەتی ئەدەبی منداڵانی کوردمانەوە. بێگومان کەسیش بە نوسەری لەدایک نەبـوە. نوسین بۆ منداڵان خۆشەویستی و بەهـرە و زانین و شارەزایی و فێربون و هەوڵـدانە.
بە کورتی و بە چڕی باس لە هەندێ لە بنەما تایبەتمەندییەکانی ئەدەبی منداڵان دەکەین، کە پێویستە نوسەرانی ئەدەبی منداڵان بە گشتی و نوسەرانی تازە ئەدەبخوازی منداڵان بە تایبەتی بیانـزانن و پەیـڕەوییان بکەن:
١ـ پێویستە ئەوە بزانێت، کە تۆ بۆ منداڵان دەنوسیت و پەیامەکەی ئاراستەی ئەوان دەکەیت. نابێت لە تایبەتمەندیەکانی جیهانی پاک و بێگەردی و بێتاوانی ئەوان لابدەیت.
٢ـ پێویستە لە بواری دەرونناسی و پەروەردەی نوێی منداڵان نابەڵەد نەبێ و بایەخێکی زۆر بە لایەنی سایکۆلۆژی و پەروەردەیی منداڵان بدەیت. چونکە گرنگترین ئامانج لە ئەدەبی منداڵاندا، پەروەردەکردنی دروستی منداڵانە، بۆ ئەمڕۆ و بۆ داهاتویەکی باشتر.
٣ـ پێویستە شارەزاییەکی باشت لە خەسڵەت و لە نیشانەکانی قۆناغەکانی گەورەبون و گەشەکردنی منداڵان هەبێت. تێکستەکانی بابەتەکانت، لە هەمو رویەکەوە لەگەڵ ئەو قۆناغە منداڵییەدا بگونجێت. بۆ نمونە: بابەتێکی نوسراو بۆ منداڵانی تەمەن حەوت و هەشت ساڵان. حەز و سەرنجی منداڵانی تەمەن یانـزە و دوانـزە ساڵان راناکێـشێت.
٤ـ ناوەڕۆک و فـۆرم، دو چەمکی ئەدەبی منداڵانن و تەواکەری یەکترین، هەردو باڵی ئەدەبی منداڵانـن، پێویستە نوسەری منداڵان هاوسەنگییەک، لە نێوان ناوەڕۆک و فـۆرمدا دروست بکات، هـیچ لایەکیان نەکات بە قـوربانی لایەکەی تریان.
٥ـ نوسەری منداڵان نابێت، خۆی رابدات و باڵادەستی و فانتازی خۆی لە نوسینەکانی بۆ منداڵان دەربخات. خۆی چـۆنی دەوێت وا بیربکاتەوە و بنوسێت، بەڵکو پێویستە ئەوە بزانێت کە منداڵان ە چـۆن و چـیان دەوێت.
٦ـ زمان گرنگترین کەرەستەی نوسین و گوزارشتکردنە. منداڵانیش خاوەنی زمان و فەرهەنگی وشەی تایبەت بە خۆیانن، زمانی ئەوان ئاسان و شیرین و رەوان و سادەیە. پێویستە نوسەری منداڵان ئەم راستییە بزانێت. بە زمانێکی شیرین و پەتی و ساکاری بێ ئاڵۆز و بێ گـرێوگۆڵ تێکستەکانی دابـڕێژی تا منداڵان بە ئاسانی لێیان تێبگەن، پێویستە رستەکانی کورت و ناسک و باوبـن. لە رەوانبێژی و لە قسەی بە توێکڵ و مەبەست قوڵ و شاراوە و پێچ و پەنا دوربن. هەر قـۆناغـێکی منداڵێش ئاستی زمانی تایبەت و خەیاڵی بڕکراوی و توانای تێگەیشتنی ئەو قۆناغە منداڵییەیان هەیە. زمانی نوسین بۆ منداڵان، زانیاری و شارەزایی و هونەر و بەهـرەیە، کە هیچـیان لەوانەی تریان جیانابنەوە. مەبەستیش لە ئاسانی نوسین ئەوە نیە، کە منداڵان بە ساوێلکە و هـیچ نەزان بزانیت و هەمو شتێکیان بۆ راڤـە و شەنوکەوبکەیت، هـیچ بوارێک بۆ بیرکردنەوە و لێکدانەوە و تێگەیشتن، لە مەرام و مەبەستی بابەتەکەت بۆ بیرکردنەوەی و بۆچـون و هەڵـهێنجانـدنی منداڵان نەهـێڵیتەوە.
(جاکـلین ساندەرز) دەڵێت:” با ئەدەبی منداڵان، هـێندەش ئاسان نەکرێتەوە، کە وا بزانن منداڵان هـیچ نازانـن”
٧ـ پێویستە نوسەرانی ئەمڕۆی ئەدەبی منداڵان داهێنەر و نوێخوازبن، لە چوارچێوەی قوناغی ئەدەبی کلاسیکی و شێواز و کلیشەی باونەماو و نەگونجاو بۆ ئەم سەردەمە، دوربکەونەوە، بە شێواز و بە ستایلێکی تازە بنوسن. ئەوەش بزانن کە منداڵانی ئەمڕۆ، نەوەی منداڵانی سەدەی رابردو نین. منداڵانی ئەمڕۆ، زۆرزانتر و بلیمەتر و هۆشیارتر و چاوکراوەترن، نەوەی ئایفـۆن و ئایپاد و ئینتەرنێت و گۆڤاری رەنگاوڕەنگی منداڵان و چەندین ئامێر و دەزگای سەیر و سەمەرەن. نەوەی شۆڕشی تەکنەلـۆژیـان. خـەون و خواست و هـیوا و ئـەدەب و هـونەر و پێداویستییەکانیشیان، هەمان هـیوا و خواست و پێداویستییەکانی نەوەکانی رابردو نین. پێویستە نوسەری ئەدەبی منداڵان ئەم راستییانە لەبەرچاو بگرێت. وەکو (کۆنفۆشیۆس) دەڵێت:”منـداڵانمان، منـداڵانی سـەردەمی ئێـمە نیـن.. منـداڵانی سەردەمی خۆیـانن”.
٨ـ پێویستە نوسەری ئەدەبی منداڵان، لە نوسینەکانیدا بێلایەن بێت و لەژێـر کاریگەری هیچ ئایدۆلۆژیایەکی سیاسی و ئاینی مەبەستداردار نەبێت، بۆ بەرژەوەندییەکی تەسکی سیاسی. نابێت دڵپاکی منداڵان بقۆزێتەوە و بە لارێیاندا بەرێت و بیانخاتە ژێر کاریگەری ئەو ئایـدۆلـۆژیـایەی کە خـۆی بـڕوای پێی هـەیە.
٩ـ نوسەری ئەدەبی منداڵان، گەر خـۆی لە جیهـانی بێتاون و جوان و وەنەوشیی پـڕ لە خەونی سەوز و هـیوای شیرین و راز و نیازی پاکی منـداڵان، نزیک نەکاتەوە، لەسەر ئەژنۆکانی لایان دانەنیشێت و گـوێی لە زمانی ساکار و لە قسە قوت و شیرینەکانیان نەگرێت و سەیری یاری و هەڵسوکەوتیەکانیان نەکات و تێکەڵـیان نەبێت. ناتوانێت بە زمانی راستیی منداڵانەوە بابەتەکانی بنوسێت.
وەکو دەشڵێن، لە نـاخی هەر نوسەرێکی بواری منداڵاندا، منداڵێک هەیە، منداڵیی خۆی دێتەوە یاد و بەرچاو. ئەو منداڵەی کە لە ناخیدایە، داوای لێدەکات بچێتە ناو منداڵان و ببێت بە هاوڕێیان. داوای لێدەکا کە وێڵی دوای دۆزینەوە و نوێخوازی و داهـێنان بێت.
١٠ـ بێگومان خوێندنەوە بۆ هەمو نوسەرێک زۆر پێویستە. پێویستییەکی پێویستیشە بۆ نوسەری ئەدەبی منداڵان، تا ببێت بە خاوەنی باکگـراوندێکی رۆشنبیری و ئەدەبی باش. پێویستە خوێنەرێکی هەمیشەیی باش بێت، بە تایبەتیش خوێندنەوەی ئەو پەرتوکانەی کە بۆ منداڵان نوسراون یا دەربارەی منداڵانن، لەگەڵ خوێندنەوەی گۆڤارەکانی منداڵان. تا لە شێوازی نوسینی نوسەرانی بە ئەزمونی ئەم بوارەدا، ئیلهـام و سود وەربگـرێت.
(سیـلـڤـیا لـۆبیـز) دەڵێـت:”یەکەم.. گرنگ ئەوەیە کە: بخوێنیتەوە.. بخوێنیتەوە.. بخوێنیتەوە” سی جار جەخت لەسەر “بخوێنیتەوە” دەکا. نوسەر تا زیاتر بخوێنێتەوە، زیاتر فێردەبێت و وەردەگرێت. باشتر و جوانتریش بابەتی نوسینەکانی دادەڕێـژێت.
هەر لە بارەی گرنگی خوێندنەوەوە (ئاسەر گـۆردن) یش دەڵێت:”تا زیاتر بخوێنیتەوە.. بۆت دەردەکەوێت کە چەنـد زانیاریت کەمە”
١١ـ پێویستە نوسەری ئەدەبی منداڵان هەمیشە گەشبین و هیواخوازبێت. کۆتایی بابەتی نوسینەکانی بۆ منـداڵان، بە خۆشی و شادی و سەرکەوتن و دڵنیایی و بە هـیوابەخشین کۆتاییان پبهێنێت. ناشبێت کـۆتایی چـیرۆک و شانـۆ و ئۆپەرێت و هـۆنـراوە و رۆمـان بۆ منـداڵان، بە کارەساتی خوێنڕشتن و کوشتن و تراژیـدیـا کۆتاییان پێبێت. چونکە لە ئەمڕۆ و داهاتوشدا، کارتێکردن و رەنگدانەوەیەکی نێگەتیڤیان لەسەر منداڵان دەبێت.
١٢ـ پێویستە نوسەری منداڵان، بە دڵێکی فراوانە، ئەو رەخنە و تێبینییانە وەربگرێت، کە رەخنەگـران لە نوسینەکانی دەگـرن. بە هەلێکی باشی بزانێت، بۆ راستکردنەوەی هـەڵە و خاڵە لاواز و نەرێنییەکانی و درێـژەدان بە خـاڵە بەهـێز و ئەرێنییەکانی.
١٣ـ پێویستە نوسەری منداڵان، ئەوە بزانێت، کە جوانسازی فاکتەر و پێویستییەکی زۆر گرنگە، نەک تەنیا لە ئەدەبی منداڵانـدا، بەڵکو لە سەرجەم هـونەرەکان و لە هەمو بوارەکانی ژیانی مرۆڤـدا. داڕشتنی بابەتی نوسینەکانت بە جوانی، گاریگەرییان لەسەر هـۆگربون و ئارەزو و حەزی خوێندنەوەی نوسینەکانت لە لایەن منداڵانەوە دەبێت. ئەدەبـدۆستێک دەڵێت:”تا ئەمرۆش نازانـم، چـۆن ئـەدەب دەتـوانێت لە خەمەکان شتی جـوان دروست بکات؟”
١٤ـ نوسەرانی ئەدەبی منداڵانی کوردمان، ئەرکێکی پێویست و پیرۆزی زۆر گـرنگـیان لە ئەستۆدایە. ئەویش ئەوەیە کە لە نوسینەکانیاندا لایەنی نیشتمان پەروەری فەرامۆش نەکەن. پێویستە بە ئەپەڕی دڵسۆزییەوە، منداڵەکانمان، بە هەست و رۆحی کوردایـەتی گـۆش و پەروەردەیان بکەن. سـۆز و خۆشەویستی و هـاوبەستەبونیان بۆ کوردستانی نیشتمانی شیرینمان، لە لایان خۆشەویستر و شیرینتر بکەن. لە میانەی ئـەو سـرود و هۆنـراوە و چـیرۆک و شانـۆ و ئۆپەرێت و پەخـشان و رۆمانانەی کە بۆیان دەنـوسن.
١٥ـ نوسەری منداڵان پێویستە، لە میانەی نوسینەکانییەوە، ئەوە بخـاتە دڵی منداڵانی کوردمانەوە، کە پاراستنی ژینگەی جـوان و سروشتی کوردستان، ئەرکێکی پێویستی نیشتمانی و رەوشتییە و گوزارشتە لە خۆشەویستی و لە دڵسۆزییان بۆ کوردسـتان.
١٦ـ نابێت نوسەرانی منداڵان، جییاوازی لە نێوان کچان و کوڕانـدا بکەن. پێویستە بە چاوێکی یەکسانی و هاومافی و هاوئەرکی لە هەردو لایان بڕوانن، ئەم بڕوابونەشیان، لە میانەی نوسینەکانیان بۆ منداڵان رەنگ بداتەوە. بە تایبەتیش لە کاتی هەڵـبژاردی پاڵەوان و کاراکتەر و کەسایەتییەکانی چـیرۆک و هـۆنراوە و شانـۆ و ئۆپەرێت رۆمانەکانیادا. پێویستە هەستی خـوشک و بـرای و هـاوڕێتی و دڵسۆزی و رێـز لە یەکتری گرتن، لە هـۆش و دەرونیاندا بـڕوێنن. بە تەواکـەری یەکتریان بـزانن.
١٧ـ پێویستە نوسەرانی ئەدەبی منداڵان، لە میانەی نوسینەکانیاندا، بە هـیچ کلۆجێک، سوکایەتی و بێڕێزی بە دایکان و باوکان و داپیران و باپیران و مامۆستاکان و بە مێژو و بە شەهـیدانی کوردسـتان و بە پـێشمەرگە و بە سەرکـردە نەمرەکانمان و بە هـەمو کەسایەتییە تێکـۆشەرە ناسراو و ناودارەکـانی گەلەمان نەکەن. پیـاوان بن یا ژنـان بن. سوکایەتیش بە داب و نەریت و کەلەپور و کولتور و بە بەهـا پیرۆزە رەسەنەکانی گەل و نیشتمانەکەمان و بە زمـانی شیرینی کوردیمان نەکـەن. هەمـو ئەمـانە بەشـێکـن لە ناسنامەی نەتـەوەییمان.
١٨ـ پێویستە نوسەرانی ئەدەبی منداڵان، لە نوسینەکانیاندا، لایەنی كۆمیدی و جەڤەنگی فەرامـۆش نەکەن. چـونکە ئەو بابەتانەی کە خەنـدە دەخـنە سەر لێوەکانی منـداڵان و دایانهێننە پێکەن و قـاقـا، خۆشی و شادیش دەخەنە دڵە قنجەکانیانەوە، پشوش بە بیر و هـۆشیان دەدەن. دەبنە هـۆی نەهـێشتنی گـرژی دەرونی و جەستەیی و رەوانـدنەوەی خـەم و پەستی و دڵتەنگی و نائـارامی منـداڵان.
١٩ـ پێویستە نوسەرانی ئەدەبی منـداڵان، لە نوسینی ئەو بابەتـانە دوربکـەونەوە، کە ترس و تۆقین و دڵەڕاوکێ و گومان دەخەنە دڵی منداڵانەوە، یا بابەتی شەڕ و کوشتن و گـزی و دزی درۆ و فـێڵ و لەخشتەبردن و بێ ئومێدی و رەشبینی و.. هـتد. هەردەمیش گەشبینی و هـیوای سەرکـەوتن و باشتریـان پێببەخـشن.
٢٠ـ پێوستە نوسینەکانی بواری منداڵان، هۆنراوە و چیرۆک و شانۆ و ئۆپەرێت، کورت و بەچـێژبن، نەک، درێـژ و بێـزارکەربن، کەم و پوخـتبن، نەک زۆر و بـۆربن. سوک و ئاسانبن، نەگ گـران و ئاڵـۆزبن. لەگەڵ چـۆنێتـیدابـن، نەک چەنـدێتـیدابـن.
٢١ـ شەرم و نەنگی نییە، گەر نوسەرانی بواری منداڵان، بە تایبەتیش نوسەرانی تازە دەستپێکـردو. تێکستی نوسینەکانیان، پێشانی نوسەرانی ناسراو و بە ئەزمـونی بـواری ئەدەبی منداڵان بـدەن، کە شارەزای بـواری ئەدەبی منداڵانن. سود لە راو و تێبینی و لە پێشنیارەکانیان وەربگـرن. پـێش ئەوەی کە نـوسینەکانیان بڵاوبکـەنەوە.


رەزا شـوان
نەرویـج: ١١/ دێسەمبەر/٢٠٢٠

(*) نوسەرێکی کوردە، لە (١٩٤٦) لە کەرکوک لە باشوری کوردستان لەدایک بوە، لە ساڵی (١٩٦٥) وە دەنـوسێت، بە تایبەتیش لە بواری ئـەدەب و پەروەردەی منـداڵان. لە ساڵی (١٩٩٩) وە، لە شاری (بێـرگـن) لە وڵاتی نەرویج دەژی. مامۆسـتای خانەنشیـنە.
r.shwan@hotmail.com

Previous
Next
Kurdish