Skip to Content

وەرزە سەوزەکانی ئەوین.. وەرزی پێنجەم\ شیعری: ستیڤان شەمزینی

وەرزە سەوزەکانی ئەوین.. وەرزی پێنجەم\ شیعری: ستیڤان شەمزینی

Closed
by تشرینی یه‌كه‌م 1, 2021 General, Poems

گوێم لە دوو پەڵە هەور بوو
بە چرپەوە ئەدوان
ئەیانووت ئێمە لە چاوی ئاسمان ئەتکێین
کە هەوا لە باوەش ئەگرێ
گوێم لە شاخێکی بەفرین بوو
بەدەم هەرەسەوە هاواری ئەکرد
ئەژنۆم شکا و وا عەشقی شێتانەی خۆر
دڵی سەهۆڵیم ئەبرژێنێ


وا مەزانە بە رێکەوت لە حەوشەی
حەزێکدا تۆم دۆزییەوە
نا، من بەر لەسەدان ساڵ
لە خەونی یەکەمدا تۆم ناسیوە
وا تێمەگە شنەبایەکم دێم و
بە پەلە رەت دەبم
نا، خودای عەشق هەزاران ساڵە
تۆی لە چارەی من نوسیوە


لەو هەموو بارانەی من
خۆت نەخستە بەر تەنها دڵۆپێکیش
تا لە سەحرای وشکی
پیاوێکی تردا لە تینووێتیدا خنکایت
لەو هەموو شیعرەی من
تەنها یەک دانەشت هەڵنەگرتەوە
تا لە رەقایی دڵی پیاوێکی تردا
هەر وەک شوشە شکایت


لە یادمە وتت ئەبمە
دەزگیرانی شاعیرێکی سەرشێت و یاخی
بۆ ئەوەی بە خوێنی خۆی ناوم
لەسەر دەفتەری شیعرەکانی هەڵکۆڵێ
لە بیرمە وتم، ئەبمە
دیلی ژنێکی رەنگ تریفەیی بەرزەفڕ
بۆ ئەوەی کۆتری عەشقم
لەنێو قەفەزی سینگیدا ئارام بنوێ


دوکەڵ و بۆگەنیوی جەنگ و
بارووت کاسی کردووم
ئەوە منم لە جەنگی ئەوینی تۆدا
یەکەم نیگا ئەمرم
شەڕی خێڵی جنۆکە
بەر دەرگای ماڵی نیشتمانی گرتووە
ئەوە منم لە شەڕی عەشقی تۆدا
لە یەکەم ماچدا دەکوژرێم


ون ببووم
لە فنجانی قاوەکەی تۆدا
خۆم دۆزییەوە و
لەگەڵ یەکەم پێکی عەشقتدا
تاکو قیامەت مەست بووم
ون ببووم
لە قووڵایی لاپەڕەیەکی مێژوودا
منت دۆزییەوە و
لەگەڵ یەکەم هەنگاودا
کەوتمە شاری ئاوەدانی هەنوکەتەوە


ئاوێنەیەکی وردوخاش بووم
بۆ هەپرونبوونی خۆم ناگریم
نا، غەمی ئەوەمە ئیدی یاری بریندارم
خۆیم تێدا نابینێتەوە
کانییەکی وشک بووم
بۆ تینووێتی خۆم شیوەن ناگێڕم
نا، شینی من بۆ ئەوەیە
چیدی لێوی یاری بێنازم تەڕ ناکەمەوە


پرسیارم لێ ئەکەیت
بۆچی بە زمانی فریشتە ئەدوێم و
تەنها ئاشنای فرمێسک و
رێگا بنبەستەکانی ئەوینداریم؟
پرسیارم لێ ئەکەیت
بۆچی وشەکانم زۆر غەریبن و
بە تەنهاش خاوەنی ماڵێکی
سارد و ژوورێکی چۆڵم؟
وەڵامەکەیم لا نییە
رەنگبێ لەبەرئەوە بێ شاعیرم!!


کە تەرمی منت بینی
وا تێمەگە ئەمە کۆتایی رێگایە
زۆرجار رێگە سەختەکە
لەوێوە دەست پێئەکات
کە وتم ماڵئاوا و ئیدی نایەمەوە
ناڵێم چاوەڕوان مەبە
زۆر جار گەڕانەوە
لەناو ماڵئاواییدا خۆی شاردۆتەوە

——————————


Previous
Next
Kurdish