Skip to Content

ئەدیبی کوردو مۆڕاڵ.. جەمال عەزيز قادر

ئەدیبی کوردو مۆڕاڵ.. جەمال عەزيز قادر

Closed
by تشرینی یه‌كه‌م 24, 2022 General, Opinion


لای زۆربەمان ئەو پێناسەیە لە مێشکماندا چەسپیوە کە ئەدیب و هونەتمەند کەسانی هەستەوەرو هوشیاری کۆمەڵگان و جێی متمانەی گەلن، ئەوان بەشێوەیەکی ناراستەوخۆ کار لە بەرەوپێشبردنی رەورەوەی پێشکەوتن دەکەن و گەل لە فەرهەنگی ئەوانەوە بەهرەمەند دەبێت.
ئەم دەستەواژانەو نموونەی ئەمانە لە بواری تیۆریداو بە تێگەشتنە کلاسیکییەکەی چوارچێوەیەکی جوانن کە دەکرێت لە ناواخندا زۆر پێچەوانە بێت و بگرە شوێنی مێشومەگەزو بۆگەنیی بێت، بۆ نا؟ گەر ئەدیبان لە پێشەوەی شۆڕشی فەرانسادا سیمبوڵی بەرخۆدان و گۆڕان بووبن ئەوا زەمەنەکە لای ئێمە زۆر پێچەوانە بووەتەوەو باڵی رەشی گەندەڵی سەرەتا لە ناواخنی زۆربەی ئەدیباندا رەنگی داوەتەوە(بە تایبەتی ئەوانەی پێگەیەکی وێژەیی بچوك یان گەورەیان هەبێت). ئەم گوتانە رەنگە کەسانێكی لەخۆبایی و تیۆریست توڕە بکات، بەڵام لە هەمان کاتدا راستییەکن تاکو نەدرکێنرێن ئەوەی ژێر بەڕە نایەتە سەر بەڕەو راست و چەوتی بۆ خەڵك و خوێنەران ئاشکرا نابێت. ئەو کاتە گۆڕانی بنەرەتی لە سیستەمی ژیاندا روو دەدات کە ئەدیبان راستگۆیانەو مرۆڤدۆستانە مامەڵەیان کرد، ئەو کاتە دەتوانن ببنە نموونەیەکی جوانی پێشەنگ بوون. ئەو کاتە وتەکانیش کاریگەرییان دەبێت کە لە دژی دۆخە باوە چەقبەستووەکە باهۆزێك هەڵبکات هەموو ناوە قەبە و قۆرخکاران و لافوگەزافی ئەدیب بوون و هونەرمەند بوونی ئەوانە داماڵێت کە بوونەتە بارێکی قورس بەسەر شانی وشەو فەرهەنگ و سەلیقەی ئەدەب دۆستانەوە.

دوو حیزب لە دوو زۆنی جیاوازدا هەموو خوێنڕشتن و ستەم و چاوبەست و خیانەتێکیان بەسەر گەلی داماودا تاقیکردەوە ئەنجا بەریان بۆ سێبەر-قەڵەمەکان و پاشکۆکانیان چۆڵکرد کە لە پاشماوەی دزی و گەندەڵییەکان بخۆنن و ببنە چاو ساغ و پاکانەکارانیان، قەڵەم بەسەدتە پوچەکانیش شانازی ئەوەیان بۆ دەمێنێتەوە سێڵفی لەگەڵ ئەو تاوانبارانەدا بگرن کە لە قۆناغەکانی داهاتووی مێژوودا دەردەکەوێت چ دەعباو جانەوەرێك بوون. بەڵام کۆلکە ئەدیب و ئەوانەی لە بەخشین پوکاونەتەوە ئامادەن نەك ویژدان بەڵکو هەڵوێست و خۆشیان بفرۆشن لە پێناوی بەرژەوەندی گیرفان و پلەی خۆیاندا و هەمیشە لەو گێژاوی نیفاقەدا بتلێنەوە کە نووسینەکانیان لێوەی دەدوێت.

دەزگای سەردەم و ئەوانەی بزنسەکەی بەڕێوە دەبەن پشكێكە لەو پانتاییە بەرفراوان و قێزەونەی لە قوڕی گەندەڵییەکی خەستەوە لکاون و بڕوایان بەوە هەیە کە دەڵێت: ئەوەی خۆم بۆخۆم، ئەوەی تۆش دەخۆم. تەنانەت لای زۆرێك نابێت ئەو شاعیرەی ئەو ئاوی گەندەڵی و خۆخۆییەی تیایدا چاند ناکرێت لە گەندەڵییەوە بگلێت ولەکاتێکدا دوای خۆشی کۆمەڵێك مشەخۆری جیهێشتبێت لەسەر رێبازی خۆی، هەموو داهاتەکان لوش دەدەن و تەنانەت جگە لە کتێبی خۆیان هیچی تر بۆ نەنیاس چاپ ناکەن، جا خەمەکە ئەوەیە بە شاعیری نەتەوە ناوبهێنرێت و ببێتە ویردی سەر زاری توتیەکان، ئەمەیە نەگبەتی میللەتی شەوکوێر! ئەمەیە جەهلی توان دوو! لە زۆنەکەی تریش دەزگای رۆشنبیرو چاپەمەنیی زۆرو زەبەندەی وا هەیە دەکرێت ببێتە دەزگایەکی سیخوڕیی بەسەر نووسەرانەوەو زۆر بەلاشیانەوە ئاسایی بێت، چونکە هەمووان دەقیان بەو دۆخە بۆگەنەوە گرتووەو ئەم دیاردانە بووەتە رۆتینێکی رۆژانە لای هاوڵاتییان و کەس تاقەتی خوێندنەوەی گۆڤارە تاقانە تەمەن درێژەکەشیانی نەماوە، کاتێك شتێك نەما لای ئەدیبان ناوی ویژدان و مۆڕاڵ بێت، ئەو کاتە دەستپاکی و راستگۆیی و مەبدەئو هەڵوێست دەبێتە حاڵەتێکی نامۆ. بەڵام جێی خۆیەتی لێرەدا ستایشی ئەو کەمە ئەدیب و نووسەرو هونەرمەندانە بکەین کە هێشتا خۆیان نەدۆڕاندووە پێیان خۆشترە لە پەراوێزدا گۆڕ بزر بن نەك ببنە خامەیەکی بێ ئەرزشی خوانی ستەمکاران، ئەوانەی لەو ئۆرگانە حیزبیانەدا گۆشەیان نییە و لافی ئازادی و بێلایەنی و داهێنانیش لێنادەن!

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish