شانۆى کوردى و پرسیارى سەردەم.. ئەرسەلان دەروێش
خوێندنەوەیەکى هونەریی کورت بۆ نمایشى (دڵی خۆم نییە لە سینەمدا)
لە سەردەمی ئێستادا، مرۆڤ لە قۆناغێکدا دەژی کە تەکنەلۆژیا تەنها قاوغ و ڕووی دەرەوەی ژیانی نەگۆڕیوە، بەڵکو قووڵ ڕۆچووەو دەستی بە ناو ناخی مرۆڤ گەیشتووە. ئەوەی لە سەدەکانی پێشوودا سنووری سروشت و قەدەر و ئەفسانە و خەیاڵی زانستی بوو، لە سەردەمی بایۆپزیشکی و تەکنەلۆژیای پێشکەوتوودا بووەتە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانە. مرۆڤ چیتر تەنها ئەو بوونەوەرە زیندووە نییە کە لە ناو سنووری سروشتدا لەدایک دەبێت و دەژی و دەمرێت؛ بەڵکو جەستەکەی بووەتە ماتریاڵێکی کراوە بۆ پشکنین، چاککردنەوە، دەستکاریکردن، گۆڕین و دووبارە پێکهێنانەوە.
پێشکەوتنی زانستی لە بواری پزیشکیدا، بێگومان، یەکێکە لە گەورەترین دەستکەوتەکانی مێژووی مرۆڤایەتى ؛ توانای چارەسەرکردنی نەخۆشی، ڕزگارکردنی ژیان، چاندنی ئەندام، درێژکردنەوەی تەمەن و کەمکردنەوەی ئازار، بەشێکە لەو گۆڕانکارییە زانستییەی کە ژیانی مرۆڤی لەم سەردەمەدا بە شێوەیەکی بنەڕەتی گۆڕیوە. ئەم بینراوە شۆکهێنەرە پرسیارێکى نوێ دێنێتە ئاراوە؛ پرسیارێک کە لە رەوتە زانستییەکە دەترازێت و تەنها پزیشکی نییە ، بەڵکو فەلسەفی و ئەخلاقی و ئەنتۆلۆژییە: ئەگەر مرۆڤ بتوانێت جەستەی خۆی بگۆڕێت، ئایا دەتوانێت بونیادى مرۆڤ بوون و یادەوەریی و تایبەتمەندییە خودییەکانى وەک خۆى بپارێزێت؟
ئەم پرسیارە لەوێوە قووڵتر دەبێتەوە کە ئێمە جەستە تەنها وەک کۆمەڵێک ئەندام و کارکردی بایۆلۆژی نەبینین. جەستە بۆ مرۆڤ شوێنی بیرەوەرییە، شوێنی پەیوەندییە، شوێنی خۆشەویستییە، شوێنی ئازار و شادییە، بۆیە کاتێک ئەندامێکى دەگۆڕدرێت، پرسیارەکە تەنها ئەوە نییە کە ئەندامەکە لە کوێوە هاتووە؛ پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا ئەو گۆڕانکارییە لەو پەیوەندییە قووڵەی نێوان جەستە و (خود)دا کاریگەری هەیە؟
لەوێدا (دڵ) بە تایبەتی دەبێتە ئایکۆنێکی زۆر دەوڵەمەند. لە زمان و کلتووری مرۆڤدا، (دڵ) بە تەنها ئەندامێکی جەستە نییە؛ دڵ هێمای خۆشەویستی و دڵداری و ترس و یادەوەری و ژیان و بەڵێن و ونبوونیشە. لە زانستی پزیشکیدا، دڵ ماسولکەیەکی گرنگە کە کارێکی دیاریکراوی فیزیۆلۆژی ئەنجام دەدات ؛ بەڵام لە ئەزموونی مرۆییدا، دڵ بە کۆمەڵێک مانای زۆر گەورەترەوە گرێدراوە.
هونەرمەند ( دێرین حامید ) ؛ نووسەرو ریژیسۆری ئەکادیمی و یەکێک لە دەنگە دەرکەوتووە نوێکانی بواری شانۆ لە شارى سلێمانی و هەرێمی کوردستاندا لە گەڵ دەستەیەک لە هونەرمەندان و شانۆکارانی ئەکادیمیست و بەئەزموون و بەهرمەند ، لە میانەى تازەترین بەرهەمى دا نمایشێکى تایبەت بەم پرسە دەخاتە بەر دیدو هزری بینەران بەناونیشانى ( دڵی خۆم نییە لە سینەمدا ) کە ناوەڕۆکەکەی تەنها باسکردنی دەستکەوت و پێشکەوتنی پزیشکی نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ گەنگەشەکردنى ئەو رەهەندە فەلسەفییەی لەنێوان توانای پێشکەوتنى زانستی هاوچەرخ و بەها و بنەما ئەخلاقییەکانى مرۆڤ دروست بووە. (دێرین)کەلەئێستادا خوێندکارى دکتۆرایە لەشانۆدا پێشتر لە بواری نووسین، دراماتۆرگی، وەرگێڕان و کارى دەرهێناندا لە چەردەیەک نمایشى شانۆیی ؛ تواناکانی خۆی نیشان داوە ، لەو شانۆگەریانەى من بینیومن لە شارى سلێمانى و هەولێر (هاملێت ٢٠١٠ پاشا لەسەرەمەرگدایە ٢٠١١، هەرەسى بەفر ٢٠١٣، ملوانکەى پچراو ٢٠١٨، هیچ نهێنییەک لە ئارادا نییە ٢٠٢٢، شیعری شەڕو شەرابى ئاشتى و کۆگاى ژمارە چوار ٢٠٢٤ )، بەڵام ئەم ئەزموونەی ئێستاى بەڕای من سەرنجبەرترەو جیاوازییەکەى لە سەر ئاستى دوو خاڵی دانسقەدا ڕەنگڕێژبووە کە بریتییە لە:
- گلوباڵی بابەتەکەى ؛ کە پەرەسەندنی تەکنەلۆژیای پزیشکی و ئاڵەنگارییە ئەخلاقییەکانی بەردەمى، دەخاتە ناو کۆنتێکستی کۆمەڵگەی کوردییەوە.
- هەڵبژاردنی شانۆی ئێپیک (Epic Theatre) وەک فۆرم و میتۆد بۆ داڕشتنى گوتارى ئەم نمایشە، شانۆى ئێپیکیش وەک (بێرتۆڵد برێشت ) دایناوە ، هەوڵ دەدات وەرگر لە ئاستی هاوسۆزیی سادە و باوەوە بگوازێتەوە بۆ ئاستی تێڕامان و بیرکردنەوەو، پرسیارکردن و، هاندانی وەرگر بۆ کاراکردنی ئاوەز و هەڵوێست وەرگرتنی ڕەخنەگرانە سەبارەت بەو پرسەی خراوەتە ڕوو ..
( دڵی خۆم نییە لە سینەمدا ) بەرهەمی (ناوەندی شانۆی تاڤ)ە، لەمیانەى ئەوزنجیرە شانۆگەرییە نمایش دەکرێت کە (چەتری کلتووری سلێمانی) پاڵپشتی دەکات . بەهاوکارى پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی و دەزگای میدیایی کوردسات ، لە ڕێکەوتی ٢٠ی ئەیلولی ٢٠٢٦ەوە لەسەر تەختەی شانۆی (بەدیعە دارتاش) لە شاری سلێمانی پێشکەش دەکرێت، ئەم نووسینەش زادەى ئامادەبوونمە لە رۆژى یەکەمى ئەو نمایشەدا.
• شانۆگەرى ( دڵى خۆم نییە لەسینەمدا) نمایشێکە بە پێشکەشکردنی تێزێکی بینراو و فکری ،سنووری تماشاکردنی نەریتی تێدەپەڕێنێت و دەگاتە لێکدانەوەیەکی وردی ئەو قەیرانەی بەرۆکى مرۆڤی هاوچەرخى گرتووە وخستوویەتە بەردەم پارادۆکسێکى بوونگەراییەوە.
لەم سۆنگەیەوە، ناونیشانی نمایشەکە خۆی لە بنەڕەتدا پرسیارێکی ئەنتۆلۆژی بندێڕدەخات؛ (دڵی خۆم نییە لە سینەمدا) تەنها دەربڕینی دۆخی پیاوێک نییە کە دوای نەشتەرگەری چاندنەوەى (دڵ) هەست بە نامۆبوونی ئەندامێکی نوێ بکات؛ بەڵکو دەربڕینی دۆخی مرۆڤێکە کە لە ناو جەستەی خۆیدا هەست بە بوونی شتێکی دیکە دەکات، ئەو (دیکە)یە لە ئاستی جەستەوە دەست پێ دەکات، بەڵام بەرەو کاکڵەى( خود ) دەچێت.
ئەمەیە کە نمایشەکە لە سنووری چیرۆکی (نەخۆش و پزیشک) تێدەپەڕێنێت و دەیخاتە ناو گوتارێکی گشتگیرتر: کاتێک زانست دەست دەکات بە گۆڕینی ئەوەی کە پێشتر بە سروشتی و نەگۆڕ دادەنرا، کێ بڕیار لەسەر سنووری ئەو دەستێوەردانە دەدات؟ زانست؟ یاسا؟ ئاین؟ ئەخلاق؟ کۆمەڵگە؟ یان خودی مرۆڤ؟
مەبەستەکە تاوانبارکردنی زانست یان ڕەتکردنەوەی پێشکەوتنی زانستی نییە. بەڵکو مەبەست ئەوەیە کاتێک توانای زانستی دەگاتە ئەو ئاستەی ئەندامەکانى ناوەوەی جەستە و پێکهاتەی مرۆڤ دەستکاری بکات، دەسەڵاتی زانست لە ئاستی چارەسەرکردنەوە تێدەپەڕێت و دەچێتە سەر سەکۆى پێناسەکردنەوەی مرۆڤەوە.
• شانۆگەری (دڵی خۆم نییە لە سینەمدا) لە سەر نووکى ئەم تیغە دوو دەمەدا دەوەستێت؛ بە دانانی زانست لەبەردەم پرسیاری ئەخلاق و بەهاى مرۆیی. لە دەقی نمایشەکەدا، نەشتەرگەرییەکە لە ئاستی پزیشکیدا سەرکەوتووە؛ ژیان دەگێڕێتەوە، بەڵام قەیرانەکە لە شوێنێکی دیکە دەست پێ دەکات. ئەوەی ڕزگاری کراوە، تەنها جەستەیە؛ خودی مرۆڤەکان هێشتا لە ناو پرسیاردا ماونەتەوە. !
ئەم دووالیزمەی نێوان سەرکەوتنی پزیشکی و ناکۆکییە ئەنتۆلۆژییەکەى، بنەما دراماتۆرژییەکەى نمایش پێک دەهێنێت. پزیشک دەتوانێت دڵێکی نوێ بخاتە ناو سینەی پیاوێکەوە، بەڵام ناتوانێت دڵنیابێت کە ئەو پیاوە دوای نەشتەرگەری هەر هەمان ئەو پیاوەیە لە ئاستی بیرەوەریی و پەیوەندی و هەستی خێزانیدا.
(دێرین حامید) لەم بەرهەمەدا تەنها نووسەر و دەرهێنەر نییە؛ ئەو هەوڵ دەدات لە نێوان بیرۆکە و شێوەی پێشکەشکردنی بیرۆکەکەدا گوتارێکى یەگرتوو لەڕووى فۆرم و میتۆدى نمایشەکە پێشکەش بکات . بۆ ئەم ئامانجەش بوێرانە میتۆدى (شانۆی ئێپیک – Epic Theatre)ى ( بێرتۆڵت برێشت (Bertolt Brecht هەڵدەبژێرێت.
لە تەواوى ئەو کارانی دێرین دا کە پێشووتر من بیینیومه ئەزموونی ئەو لە بواری نووسین، دراماتۆرگی، وەرگێڕان و دەرهێناندا بە شێوەیەکی بەردەوام هەڵکشاوەو گۆڕانى بەسەردا هاتووە. بەڵام لەم کارەى ئێستایدا ئەو ئەزموونە لەگەڵ بابەتێک کۆدەبێتەوە کە بە سروشتی خۆی پێویستی بە گۆڕینی زمان و فۆرمى نمایش هەیە. لێرەوە تێدەگەین کە هەڵبژاردنی شانۆی ئێپیک هەڵبژاردنێکی تەکنیکی سادە نەبووە.
یان وەک مۆدێلێک نەهێنراوە بۆ ئەوەى نمایشەکى پیا هەڵواسرێت؛ بەڵکو هەوڵ دراوە لە ناوەڕۆکەوە بۆ فۆرم نمایشسازیی پێبکرێت و کڕۆکى پرسە هزرییەکەى پێ پێشکەش بکرێت ، نەخاسمە کە گەوهەرى بابەتەکە دەربارەی گۆڕانی جەستە و شکاندنی یەکپارچەیی خودە، بۆیە پێویستى بەوە بووە شێوەی گێڕانەوەش یەکپارچەیی تماشاکردن بشکێنێت.
ئەمەش لە پەیوەندیی نێوان نووسین و دەرهێناندا بە ڕوونی دەردەکەوێت. (دێرین) بابەتەکەی بە چیرۆکێکی خێزانی دەست پێ دەکات، بەڵام ڕێگە نادات چیرۆکەکە تەنها لە سنووری خێزاندا بمێنێتەوە. بەکارهێنانی زمانەکانی ڕاڤەکردن و گۆرانیی بەکۆمەڵ و ڕاپ، چیرۆکی تاک لە سنووری تاکەکەسی دەردەهێنێت و دەیخاتە ناو پرسیاری گشتیی مرۆیییەوە.
بەڵام لێرەدا پێویستە جیاوازییەکی گرینگ بکەین: ئێپیکبوون تەنها بە مانای شکاندنی دیواری چوارەم نییە. ئەگەر تەنها ئەکتەر ڕوو لە بینەر بکات و قسەی لەگەڵدا بکات، ئەوە بەڵگەی ئێپیکبوونی نمایش نییە. ئێپیک لە سیستەمێکدا دروست دەبێت کە وەرگر لەگەڵ هەست و سۆزی خۆیدا پەیوەندییەکی ڕەخنەیی دروست بکات؛ واتە بتوانێت هەمان سات لە ناو ڕووداو بێت و لە دەرەوەی ڕووداوەکەش چاودێرى بکات.
لە (دڵی خۆم نییە لە سینەمدا) ئەم دووئاستە؛ لە جەستەی ئەکتەر، ڕووناکی، گۆرانی، ڕاڤەکردن و پەیوەندیی ڕاستەوخۆدا بەرجەستە دەبێت. نمایش هەندێک جار ( وەرگر) دەخاتە ناو ئاوێتە بوونى هەستی دۆخەکە و پاشان لەگەڵ فریزکردنى جووڵەو ڕاگرتنی دیمەن و گۆڕینی ریتم و گۆرانی یان ئاخافتنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئامادەبووانى ناو هۆڵ دا، ئەو پەیوەندییە دەشکێنێت و وەرگر دەگەڕێنێتەوە بۆ دۆخی بیرکردنەوە.
ئەمەش کاکڵەى ئامانجەکەیە ؛ چونکە نمایشەکە نایەوێت وەرگر تەنها بگریێت بۆ باوک، یان بترسێت لە پزیشک، یان تەنها خەم بخوات بۆ خێزانەکە. دەیەوێت لە کۆتاییدا بینەر لە خۆی بپرسێت: (ئەگەر من لە شوێنی ئەو پیاوە بوومایە، چی بڕیارێکم دەدا؟) و لەوەش قووڵتر: (ئەگەر زانست بتوانێت جەستەی من بگۆڕێت، چیم لە (خود)ى خۆم بۆ دەمێنێتەوە؟).
بونیادی سادەی چیرۆکەکە لە نەخۆشێکەوە دەست پێ دەکات کە پێویستی بە گواستنەوەی دڵ هەیە. نەشتەرگەری دەبێتە هیوای ژیان. خێزان لە نێوان ترس و هیوادا دەوەستێت. پزیشک بە زمانی زانست دڵنیایی دەدات. هەموو شتێک لە سەرەتاوە وەک چیرۆکێکی پزیشکی دەردەکەوێت ؛ تا ئەوکاتەى ، پرسیارێک لە ناو ئەو چیرۆکەدا بە سادەیی دێتە گۆڕێ، کە پرسیاری منداڵەکانى نەخۆشەکەیە بۆ پزیشکەکەو یەکێکە لە کلیلەوشەکانی نمایشەکە:
کوڕ : ئەو پیاوەی کە بەئاگا دێتەوە هەر باوکەکەی منە؟
کچ : تۆ دڵى پیاوێک دەدەیت بە باوکم کە خۆى ژنێکى هەیە! ئایا باوکى من ئاشقى ژنى پیاوێکى تر دەبێت؟!
لە دیدی دراماتۆرژییەوە ئەم پرسیارانە ، لە دۆخی نەخۆشی تێدەپەڕن و دەچنە ناوچەقى پرسیاری ناسنامەەوە . چونکە کۆڕەکە بە پزیشک ناڵێت (ئایا نەشتەرگەرییەکە سەرکەوتوو دەبێت؟)؛ دەڵێت (ئایا ئەو هەر باوکەکەی من دەمێنێتەوە؟). لە نێوان ئەم دوو پرسیارەدا جیاوازیی و ئاڵەنگاری نێوان زانستى پێشکەوتوو و بەها مرۆییەکان بەدیار دەکەوێت.
پزیشک دەتوانێت وەڵامی پرسیارى یەکەم بداتەوە : نەشتەرگەرییەکە سەرکەوتووە!، بەڵام وەڵامی پرسیاری دووەم بە ئاسانی لە ناو نەخۆشخانەدا نادرێتەوە. ئەوە پرسیارێکە وەڵامەکەى لە سەر( خێزان و بیرەوەری و خود) دەردەکەوێت .
دوای نەشتەرگەری، باوک زیندوو دەبێتەوە، بەڵام لەگەڵ ماهیەتى خۆیدا هەست بە نامۆبوون دەکات. لێرەدا چیرۆکەکە لە نەشتەرگەریی جەستەوە روودەکاتە نەشتەرگەریی (خود). ئەو پیاوە لە خۆی دەپرسێت کە ئەو دڵەی لە سینەیدایە، دڵی کێیە؟ ئەگەر دڵی ئەو نییە، ئەى کەواتا چی؟
ئەم پرسیارە بەهۆی بوونی پیاوە میوانەکە قووڵتر دەبێت؛ ئەو کەسەی دڵەکەی لە جەستەی باوکدا بەردەوامە. لێرەدا مردنیش بۆتە شتێکی ئاڵۆز. پیاوێک مردووە، بەڵام بەشێک لە جەستەی ئەو لە جەستەی کەسێکی تردا بەردەوامە. ئەمەش،پرسیارێکى دێرینى مرۆڤ سەبارەت بە مردن و بەردەوامبوونەوەی بوون؛ بە شێوەیەکی زانستیی نوێ دەخاتەڕوو.
لە کۆنتێکستی ئەم نمایشەدا، ئەم بابەتە بە یادەوەریی فرانکەنشتاینیشەوە دەبەسترێتەوە؛ نەک بۆ ئەوەی باوک ببێتە مۆنستەرێک – Monster ، بەڵکو بۆ ئەوەی بیرۆکەی (پێکهێنانەوەی مرۆڤ لە پارچە یەدەگەکان) لە خەیاڵی ئەدەبییەوە بێتە ناو جیهانی بایۆپزیشکی.
بەم شێوەیە، چیرۆکەکە لە ئاستی ڕووداوەوە دەگاتە ئاستی پرسیار. ئەمەش یەکێکە لە خاڵە بەهێزەکانی دەقی نمایش: ڕووداو کۆتایی نییە؛ ڕووداو دەبێتە دەروازەی پرسیارو لێوردبوونەوە.
• لە شانۆی ئێپیکدا ، ئاکتین لە بنەڕەتدا پەیوەندییەکی جیاوازی لەگەڵ کارەکتەردا هەیە. ئەکتەر نابێت بە تەواوی لە ناو کارەکتەرەکەدا ون ببێت و بتوێتەوە، دووریەکى هۆشیارانە لەنێوانیاندا دروست دەکات. ئەم دووری و مەودا بەندییە بە تایبەتی لە هەردوو چەمکی (بەنامۆکردن) و( گێستوس) دا دەردەکەوێت.
لەم جۆرە ئاکتینەدا، هەست بە تەواوی ڕەتناکرێتەوە، بەڵکو هەست لە ژێر کۆنترۆڵی بیرکردنەوەدا دەخرێتە ناو نمایش. ئەکتەر هاوسۆزى وەرگر ڕتناکاتەوە ، بەڵام لە هەمان کاتدا نایەوێت وەرگر گریمانە درامییە ئەرستۆییەکەى بەسەردا زاڵ بێت و لە هۆشیاریی خۆی داببڕێت. بەم شێوەیە، جەستە و دەنگی ئەکتەر دەبنە ئامرازێک بۆ نیشاندانی هەلومەرج و بارودۆخ، نەک بەتەنها دروستکردنی هاوسەنگى دەروونى. نامۆکردن Verfremdungseffckt لە شانۆی ئەپیکدا دوورییەک نییە بۆ ساردکردنەوەی هەستی بینەر؛ بەڵکو مەودایەکە بۆ چالاککردنی هۆشمەندى ڕەخنەگرانەی بینەر.
لە (دڵی خۆم نییە لە سینەمدا)دا ئەم تایبەتمەندییە بەڕوونى لە ئەدای هونەرمەند( پێشڕەو حوسێن)دا دەخوێندرێتەوە. ئەدای ئەو تەنها لە توانای دروستکردنی دۆخی دەروونی کارەکتەرەکەدا کورت نابێتەوە؛ بەڵکو جەستە، دەنگ، وەستان و هەڵوێستی ئەکتەر دەبنە بەشێک لە گوتاری نمایش. بەومانایەى کە گێستوس Gestus لە ئاستی کرداردا مانای خۆی وەردەگرێت: ئاکارو هەڵسوکەوتی ئەکتەر تەنها وەک بەرجەستەکردنى رەهەندە باوەکانى کارەکتەر نییە، بەڵکو پەیوەندیی نێوان کارەکتەر و سیستمی دەوروبەری دەخاتەڕوو.
بۆیە (پێشڕەو) لە ڕۆڵی باوکدا ئەرکێکى زۆر قورسى لەسەر شانە. کاراکتەرەکەی دەبێت لە یەک کاتدا چەند دۆخێک ڕەچاوبگرێت: نەخۆشێک کە لە مردن دەترسێت، باوکێک کە پەیوەندیی خێزانی بۆ گرنگە، پیاوێک کە دوای نەشتەرگەری هەست بە گۆڕان دەکات و، تاکێک کە لە خۆی دەپرسێت ئایا هەر هەمان کەسى پێشترە؟.
بەڵێ ئەم ئەکتەرە هەڵکەوتووە – کەپێشتر کارم لەگەڵ کردووەو لەنزیکەوە ئاگاداری بەهرەو ئاستى مەعریفى بەرزى هەم – لەم ڕۆڵەدا بە شێوەیەکی ڕوون توانای ئەکتەرێکی پیشەمەند و ئەکادیمیست دەردەخات. ئەو بەتەنها فۆرمی ئێپیکیمان لەرووکەشدا بۆ وێنا ناکات ؛ بە ڵکو بە مانای دراماتۆرژیی وشەکە، فۆرمەکەی ئەزبەر کردووەو زانستییانە پیادەى دەکات ، ئەمەش جیاوازییەکی بنەڕەتییە. چونکە کاتێک فۆرم دەبێتە بەشێک لە تێگەیشتن و بیرکردنەوەی ئەکتەر، هەموو جەستە و دەنگ و جووڵەیەکى دەبێتە زمان و ئامرازی گەیاندن.
بۆیە سەرسامیم بەم شانۆکارە سەرکەوتووە بۆ گلنادرێتەوە. ئەو بە جەستەی خۆی دۆخی کاراکتەر دەنووسێتەوە. وەستانەکانی، دەربڕینى دەموچاوی، شێوازی دانیشتن و جووڵەو ئاڕاستەی جەستە بۆ کاراکتەرەکانی تر و گۆڕینی ریتمی دەنگ، هەموویان لەگەڵ یەکدا دەڕژێنە نێو کاراکردنى ئەو پڕۆسەیەی برێشت بە (Gestus) دەیناسێنێت کە چەمکێکى بنەڕەتى شانۆى ئێپیکەو گوزارە لە پێبەندبوونى جەستە و بوونى فیزیکیی کەسەکان دەکات لە چوارچێوەى پێگەو دۆخی کۆمەڵایەتیدا .
لە پێشڕەودا، گیستۆس بە تایبەتی لەو ساتانەدا دەدرەوشێتەوە کە کارەکتەر لە نێوان دۆخى پێش نەشتەرگەری و دوای نەشتەرگەری دابەش دەبێت. لەوەش گرنگتر، پێشڕەو دەزانێت کە ئەکتەر لەم فۆرمە شانۆییەدا نابێت بە تەواوی دەستبەردارى هەست و نەستى کارەکتەرەکە بێت. ئەو هەندێک جار لە ڕۆڵەکە نزیک دەبێتەوە و ڕێگە دەدات وەرگر هەست بە سۆزو باری سایکۆلۆژى کەسایەتییەکە بکات، هەر چۆن لەتوانایدایە بینەر دوورتر ڕابگرێت و پێی بڵێ؛ ئەو تەنها ئەکتەرێکە لەسەر تەختەی شانۆ کە کاراکتەرەکەی پیشان دەدات. بەمەش لە ساتەوەختە پێویستەکاندا کاریگەرى ڕاگرتنى هەژموونى ئەو ئاوێتە بوونە بەهێزتر دەکات کە دیوارى چوارەمى تیادا تێکدەشکێت و کردەى نامۆبوونى Verfremdung لێوە دروست دەبێت.
پێشڕەوحسێن لە ڕۆڵی باوکدا لە بنەڕەتدا جەستەیەکی دوو جار خوڵقاو دروست دەکات: یەکەم جار جەستەی پیاوێک کە دڵی خۆی هەیە، و جارێکی تر جەستەی پیاوێک کە دڵی کەسێکی تر لە ناو سینەیدا لێدەدات. ئەو دوو جەستەیە لە هەمان ئەکتەردا کۆدەبنەوە و لە هەمان کاتدا لە یەکدی جیا دەبنەوە. ئەم ئەدایەش تەنها بە ئەکتەرى پیشەمەند ئەنجام دەدرێت.
سەبارەت بە هونەرمەندى بەئەزموون (سەربەست ئەحمەد) لە ڕۆڵی پیاوە میوانەکەدا دەبێت بڵێین؛ کاراکتەرەکەی تایبەتە، چونکە لە ئاستی یەکەمدا، دڵەکەی لە جەستەی باوکدا بەردەوامە و لە ئاستی دووەمدا دەبێتە (ئەوی تر)؛ ئەو کەسەی کە لە دەرەوەی جەستەی خۆی بەردەوامی بە بوونی خۆی دەدات.
سەربەست، لە ساتەکانی هۆگریی سۆزداری و هەستیدا بە وردی مامەڵە دەکات. ئەو توانای ئەوەی هەیە وەرگر بۆ ساتێک لەگەڵ کاراکتەرەکە نزیک بکاتەوە، بەڵام ئەو نزیکبوونەوەیە بە مەبەستی قوڵکردنەوەى بارى ئاوێتە بوونى سایکۆلۆژى نییە، چونکە دەرهێنەر لە ساتێکی دیاریکراودا ئەو هۆگرییە تێکدەشکێنێت، لەڕێگەى پڕۆسەى فرێزکردن کردن و ڕاگرتنی دیمەن، گۆڕینی ئاڕاستەی گفتوگۆ، قسەکردن لەگەڵ بینەردا، گۆڕینی ریتم و چوونەدەرەوە لە ناو ڕووداو، هەموو ئەم کاریگەرییانەش لە پێناوى ئەوەی بینەر ئاوێتەى هۆگرى سایکۆلۆژیی و سۆزدارى ئەکتەر نەبێت لە بەرجەستەکردنى ڕیالستى کارەکتەردا.
(سەربەست ئەحمەد) وەک هونەرمەندێکى ئەکادیمى و بەهرەمەند، لەم بارەدا ئەکتەرێکە بە هەر دووئاست کار دەکات: کاریگەرى سۆزداریی دروست دەکات و هەمان کاریگەریش دەشکێنێت. لە یەک ساتدا کاراکتەر دەخوڵقێنێت و لە ساتێکی تردا دەبێتە ڕاڤەکاری خودى ئەم کاراکتەرە.
ئەم پرۆسێسەش لەگەڵ ناوەڕۆکی نمایشەکەدا پەیوەندییەکی قووڵى هەیە؛ چونکە خودی کاراکتەرەکە لە نێوان بوون و نەبووندا هەڵواسراوە. ئەو مردووە، بەڵام دڵەکەی زیندووە؛ ئەو بوونی نییە، بەڵام لە ناو جەستەی کەسێکی تردا ترپەو لێدانى دڵى دەبیسترێت. بۆیە ئاکتینەکەی دەبێت ئەو پارادۆکسە وێنا بکات کە لەڕووى هونەرییەوە کارێکە ئەکتەرى پیشەمەندو بەتواناى گەرەکە ، ئەکتەرى وەک (سەربەست ئەحمەد).
(سۆنیا ئاوات) ، یەکێکى ترە لەئەکتەرە سەرکەوتووەکانى ئەم نمایشە، ئەو لە ڕۆڵی پزیشکدا جۆرێکی جیاواز لە ئاکتین پێشکەش دەکات. ئەرکى ئەو ئەدایەکە ؛کەمتر لە ناوچەى هەست ونەست و سۆز نزیک ببێتەوە و ئاست و پێگەى دەسەڵاتى زیاتر بەرجەستە بکات ، چونکە کارەکتەری پزیشک لە نمایشەکەدا نوێنەری تاکێکی ئاسایی نییە؛ بەڵکو نوێنەری ئەو دامەزراوە زانستییە پێشکەوتووەیە کە جەمسەر سەرەکى هاوکێشەى ئاریشەو ئاڵەنگارییەکە پێک دەهێنێت.
ئەمەش لە شێوازی وەستان و، جوڵە و دەنگی (سۆنیا) دەبێتە بەشێک لە مانای کارەکتەر. ئەو جەستەی خۆی بە شێوەیەکی ئەندازەیی ورد بەکاردەهێنێت؛ جوڵەکان دیاریکراون، دەنگ کۆنترۆڵکراوترە و دیالۆگەکان بە جۆرێک لە دڵنیاییەکى پیشەییەوە پێشکەش دەکرێت.
ئەو جۆرە ئەداکردنە لە ئاستێکى ڕۆبۆتی نزیک دەبێتەوە، بەڵام نابێت ئەوە بە مانای ئەوە بخوێندرێتەوە کە پزیشکەکە مرۆڤ نییە. بە پێچەوانەوە، ئەوە شێوازوفۆرمێکە بۆ پیشاندانی جیاوازیی نێوان جیهانی زانست و جیهانی هەست و نەست ، کە بەجوانترین فۆرم چەمکى گیستۆس Gestus پراکتیک دەکات.
پزیشکەکە ژیانی باوک ڕزگار دەکات. لە ئاستی پزیشکیدا ئەمە کارێکی ئەرێنییە. بەڵام نمایشەکە ئەو سەرکەوتنە بە کۆتایی پرسەکە نازانێت. ئەوەی پزیشک نایبینێت، خێزان دەیبینێت؛ ئەوەی پزیشک بە ژمارە و ئەنجامی پزیشکی دەیپێوێت، خێزان بە یادەوەری و هەست و پەیوەندی کۆمەڵایەتى و مرۆیی دەیپێوێت.
ئەم دوو جیهانە لە جەستەی (سۆنیا) و کارەکتەرەکانی تریشدا ڕووبەڕووى یەکتر دەکرێنەوە. سۆنیا بە جۆرێک لە ساردییەکی میکانیکى دەجوڵێت و دەدوێت ، نەک بۆ ئەوەی بینەر لێی بێزار بێت، بەڵکو بۆ ئەوەی بزانێت ئەم دەنگە، دەنگی سیستمێکە کە جەستە لە شێوەیەکی پزیشکیدا دەبینێت.
خانمە ئەکتەر (گوڵی حەسەن) لە ڕۆڵی ژنەکەدا ئەویش لە ناوچەیەکی دەروونی زۆر ئاڵۆزدا کار دەکات. کێشەی ژنەکە ئەوە نییە کە هاوسەرەکەی مردووە؛ کێشەکەی ئەوەیە کە هاوسەرەکەی زیندووە، بەڵام ناتوانێت بە تەواوی بزانێت ئەو هەمان مرۆڤە یان نا.
ئەم دۆخە قەیرانێکی سایکۆلۆژیی تایبەت دروست دەکات. گوڵی ئەم قەیرانە بە دووکەرتبوونێکی دەروونی دەخاتەڕوو: لە لایەکەوە ژنەکە دەیەوێت باوەڕ بکات ئەو پیاوە هەر هاوسەرەکەی خۆیەتى، لە لایەکی ترەوە ڕووبەڕووى نیشانەکانی نامۆبوون دەبێتەوە.
ئەو بە دوای دەنگ و ڕەفتار و یادەوەرییەکانی هاوسەرەکەیدا دەگەڕێت ، وەک ژنێک کە ناسنامەکەی بە پەیوەندییەکەوە گرێدراوە.
ئاکتین لێرەدا دەبێتە هونەری (نەدۆزینەوە)، خۆشەویستی بە چی دەناسرێتەوە؟ بە جەستە؟ بە یادەوەری؟ بە دەنگ؟ بە ئاکار؟ یان بە مێژووی هاوبەش؟ نواندنى (گوڵى حەسەن) هەموو ئەم پرسیارانە دادەگیرسێنێت.
سەبارەت بە هەردوو ئەکتەرى گەنج (شادی نەجمەدین) لە ڕۆڵی کچەکەدا و ( کامۆ بەرزان) لە ڕۆڵی کوڕەکەدا، دوو ئاستی دیکەی ئەم قەیرانە بەرجەستە دەکەن. ئەوان نەک تەنها منداڵی باوکێکن، بەڵکو شایەدی گۆڕانی ئەو باوکن لە ژێر هەژموون و کاردانەوەکانى زانستى پێشکەوتووى سەردەمدا..
بۆ منداڵەکان، باوک تەنها کەسێک نییە کە لە گەڵتدا دەژی ؛ باوک بەشێکە لە سۆزو خۆشەویستى ، بیرەوەریی منداڵی، دڵنیایی، پەیوەندی و پێکهاتەی خێزان. بۆیە کاتێک باوکەکە دوای نەشتەرگەری چاندنەوەى دڵى گۆڕانکارى بەسەردا دێت ، ئەوان تەنها ڕووبەڕووی نەخۆشێکی گۆڕاو نابنەوە؛ ڕووبەڕووی گۆڕانی وێنەی خۆشیان دەبنەوە لەناو ئاوێنى ژیان و خێزان و کۆمەڵگادا.
(شادی) لە ڕۆڵی کچەکەدا ئەو گۆڕانە بە هەستێکی زۆر ڕوون وێنا دەکات. لە نێوان باوکی پێشووتر و باوکی ئێستادا بۆشایییەک هەیە، شادی لێکەوتەکانى ئەو بۆشاییە لە ڕووی ئاکتینەوە بە هەموو ڕەهەندێکییەوە دەردەخات.
بەڵام (کامۆ) بە شێوەیەکی دیکە رووەکانى هەمان قەیران واڵا دەکات. کوڕەکە زۆرجار پرسیار دەکات، بەڵام پرسیارەکەی لە بنەڕەتدا پرسیاری ناسینەوەی باوکە. ئەو دەیەوێت بزانێت ئەو پیاوەی بەرانبەریەتى ، هەمان ئەو کەسەیە کە لە بیرەوەرییەکانییدا هەیە یان نا؟!.
هەردوو ئەکتەر لە ئاستی پاراستنى ریتمی نمایشەکەشدا،کاریگەرییەکی دیاریان هەیە. جوڵە و هاتنەناوەوە و چوونەدەرەوە و بزواندنی جەستەییان، ریتمی نمایش بژوێن تردەکات. ئەوان بە مانایەکی دراماتۆرژی دەبنە (داینەمۆی گۆڕینی وێنەکان) جەستەی ئەوان تەنها بۆ نواندنی کاراکتەر نییە؛ بەشێکە لە میکانیزمی گۆڕینی فەزا و وێنە.
• لێرەشدا دەبێت ئەوە بڵێین ؛ کۆى ئاستى سەرکەوتووى نواندن لەم نمایشەدا ئەو ڕاستییە بەرجەستە دەکات، کە ئەو یەکگرتووییەى لە فۆرمى ئاکتین و ئەداى ئەکتەرەکاندا دەبینرێت، بەشێکی گرنگە لە کارکردنى (دێرین حامید)ى دەرهێنەر..
دێرین لەم نمایشەدا لەگەڵ ئەکتەر تەنها لەسەر (چی دەڵێیت) کارى نەکردووە؛ بەڵکو لەسەر (چۆن دەیڵێیت، لە کوێ دەیڵێیت، چۆن دەوەستیت، کەی دەجوڵێیت، کەی ڕادەوەستیت، کەی لە کاراکتەر دەچێتە دەرەوە و کەی دووبارە دەگەڕێتەوە ناوی) کارى کردووە.
ئەمە لە فۆرمی ئێپیکدا بنەڕەتییە. چونکە ئەکتەر نابێت تەنها جەستەیەک بێت بۆ کاراکتەر ؛ بەڵکو جەستەی بیرۆکەش بێت.
دێرین حامید، ئەم ئاستە لە کارکردنی ئەکتەرەکاندا لەگەڵ سیستەمی سینۆگرافیا و ڕووناکی و موزیک پەیوەست دەکات. ئەکتەر لە ناو فەزایەکی بێدەنگدا کار ناکات؛ هەموو جوڵەیەکی لەگەڵ ماتریاڵ و موفرەداتى سەر شانۆ و ڕووناکی و دەنگ و ریتمدا بەرکەوتنى هەیە.
• لە (دڵی خۆم نییە لە سینەمدا)، سینۆگرافیا تەنها ڕێکخستنی شوێن نییە. فەزا خۆی دەبێتە بەشێک لە بونیادى دراماتۆرژی نمایشەکە . ئەسکەلە ئاسنییەکان، پایە چیمەنتۆکان ، کە بە نایلۆن پەردە پۆشکراون ، شاشەى ڤیدیۆواڵەکان، بانەر، ڕووناکی، جلوبەرگ، موزیک و خودى جەستەی ئەکتەرەکان لە یەک سیستمی ماناداردا کۆدەبنەوە .
ئەم سیستمە سینۆگرافییە لە لایەکە وە وێنەی جیهانێکی پیشەسازیی و تەکنەلۆژیک دروست دەکات، لە لایەکی ترەوە هەستى ساردو سڕى جیهانێکی دەستکرد بۆ بینەر وێنا دەکات . ئەمە تێفکرین و داڕشتنە دوانەییە سەرنجبەروگرینگە: تەکنەلۆژیا دەتوانێت ژیان بپارێزێت، بەڵام لەهەمان کاتدا فەزایەکی نوێ و نامۆش دروست دەکات!
ئەسکەلە ئاسنینەکان لەم سینۆگرافیایەدا لە ئاستی شتەوە دەگوازرێتەوە بۆ ئاستی نیشانە. لەڕووى سیمیۆلۆژییەوە پەیوەست بوونى بە زانستەوە لەو شوێنەوە سەرچاوە دەگرێت؛کە ئاسن بە ساردی و ڕەقی و ئەندازەیی رووت زەقبووەتەوە، جیاوازییەکی ماددی لەگەڵ جەستەی زیندووی مرۆڤ دروست کردووە. جەستە گەرمە، گۆڕاوە، ئازار دەچێژێت و هەست دەکات؛ ئاسن ساردە، ڕەقە و بە پێوانە و ئەندازە ڕێکخراوە.
لەلایەکى ترەوە،رەهەندێکى ترى هەیە کە ئاماژەیە بۆ شارستانییەت و بونیادنان. ئەسکەلە ئامرازێکی بەرزکردنەوەیە. مرۆڤ بەهۆیەوە دەتوانێت لە ئاستێکى بەرزترو هەڵکشاوتر بنواڕێت. بەم مانایە، ئەسکەلە لەم نمایشە مێتافۆرێکى پێشکەوتنی شارستانییە.
بەڵام لەهەمان کاتدا پرسیارێکیش لەناو بینراوەکەدا دروست دەکات: ئایا هەر بەرزبوونەوەیەک بەرەوپێشچوونە؟ ئایا مرۆڤ کاتێک لە سروشت بەرزتر دەبێتەوە، نزیکتر دەبێتەوە لە خۆی؟
ئەم پرسیارە ئەسکەلەکەو پایە چیمەنتۆکانى باگراوندى فەزانى نمایشەکە لە کەرەستەی بیناسازییەوە دەگۆڕێت بۆ ئاماژەیەکی ئەنتۆلۆژی.
نایلۆن و پلاستیک لەگەڵ ئاسن جۆرێکی دیکە لە هەست دروست دەکەن. ئەگەر ئاسن نیشانەی ڕەقی و ساردیی جیهانی پیشەسازی بێت، پلاستیک و نایلۆن هەستی ساختەبوون دەخوڵقێنێت!
ئەو ماتریاڵانە جۆرێک لە شەفافییەتێکی ساختە دروست دەکەن. بۆ نموونە ؛بینەر دەتوانێت هەندێک شت ببینێت، بەڵام هەرگیز ناتوانێت بە تەواوی لە وردەکارییەکانی دڵنیابێت؟!. ئەمە بە جۆرێک لەگەڵ دۆخی باوکدا هاوتەریبە؛ جەستەی ئەو لەبەرچاوى بینەرە، بەڵام هەست و نەست و ناخی ئەو بە تەواوی دوورە دەستە و ڕوون نییە.
پلاستیک و نایلۆن بەم شێوەیە لەگەڵ چەمکی جەستەی دەستکاریکراودا پەیوەندییەکی سیمیۆلۆژیی دروست دەکەن: شتێک لە سروشتەوە وەرگیراوە، بەڵام لە فەزایەکی ساختەدا دووبارە پێکهێنراوە.
لە لایەکى ترەوە ، روویەکى پێشکەوتووى پێکهاتەى سینۆگرافیا لەم نمایشەدا، بەکارهێنانى شاشە و ڤیدیۆواڵەکانە کە لە جیهانی نمایشەکەدا فەزایەکی دووەم دروست دەکەن؛ جیهانی وێنە و تۆمار و زانیاری بینراو. ئەمەش پەیوەندییەکی قووڵى بە ناوەڕۆکی نمایشەکەوە هەیە، چونکە مرۆڤی سەردەمی تەکنەلۆژیا تەنها لە جیهانی جەستەدا ناژی؛ بەڵکو لە جیهانی وێنە و داتا و تۆمار و نمایشکردنی خۆدیشدا دەژی.
شاشە جەستەکە دووبارە دەکاتەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا جیاوازیی نێوان جەستە و وێنەی جەستە پیشان دەدات. ئەمەش لە فۆرمی ئێپیکدا دەتوانێت کاریگەرییەکی تایبەت دروست بکات، چونکە وێنەی جەستە دەتوانێت جەستەی ڕاستەقینە لە دوورەوە بۆ وەرگر بخوێنێتەوە.
هەرچۆن (بانەر) و وشەی نووسراو لە فەزای شانۆدا پەیوەندیی وەرگر لەگەڵ نمایش دەگۆڕێت. وەرگر چیتر بەتەنها تەماشا ناکات؛ بەڵکو دەخوێنێتەوە. لە شانۆی ئێپیکدا ئەم گۆڕینی کردارە گرنگە، چونکە وەرگر دەبێت لە هەمان کاتدا بینەر و خوێنەر و بیرکەرەوە بێت.
ڕووناکی لەم نمایشەدا یەکێکە لە بەهێزترین ئامرازەکانی دروستکردنی مانا. وێڕاى ڕەهەندو ئەرکە ئیستاتیکى و دراماتیکییەکانى ، رۆڵێکى گرینگى هەیە لە شیکردنەوەو گوزارشتى مانا بەخش و سیمیۆلۆژیی، بەنموونە ئەگر هەندێک وردببینەوە لەو ساتەی دوای ئەنجامدانى نەشتەرگەریەکە، کە چۆن ڕووناکییەکی بەهێز لە هەردوو لاوە دەموچاوی( باوک – پێشڕەوحسێن) دەکاتە ناو دوو ناوچەی ڕەنگی کۆنتراست وجیاوازەوە: شین و زەرد، سارد و گەرم. ئەم دابەشکردنەی ڕووناکی دەتوانرێت وەک وێنەیەکی دەرەکی قەیرانی ناوخۆیی کارەکتەر بخوێندرێتەوە. دەموچاوی مرۆڤ بە سروشت یەکە، بەڵام ڕووناکی ئەو یەکبوونە دەشکێنێت و دەیکاتە دوو ناوچە.
شین لەم کۆنتێکستەدا دەتوانێت هەستی ساردی، دووری، هۆشیاریی پزیشکی و جیهانی تەکنیکی هەڵبگرێت؛ زەرد دەتوانێت لە بەرامبەریدا ناوچەی گەرمی، بیرەوەری، ژیانی خێزانی و هەستی مرۆیی بێت. بەڵام مانای ڕەنگەکان جێگیر نییە؛ بەڵکو ماناکانیان لە پەیوەندی لەگەڵ کۆنتێکستی دیمەنەکە دروست دەبن.
ئەوەی گرینگە، خودی کۆنتراستەکەیە. جەستەی باوک لە ناو ڕووناکیدا دەبێتە وێنەیەکی دوو پارچە. ئەوە هەمان قەیرانی ناوخۆیییە کە لە چیرۆکدا هەیە: جەستە هەر یەکە، بەڵام خود لە ناویدا لەگەڵ خۆیدا ناکۆکە.
لێرەدا ڕووناکی دەبێتە پەیڤێکی بێدەنگ؛ ئەوەی کاراکتەر ناتوانێت بە دیالۆگ بە تەواوی بیڵێت، ڕووناکی بەرجەستەى دەکات.
هەروەها بەکارهێنانی ڕووناکی لە ناو هۆڵدا لە ساتەکانی گفتوگۆ و پەیوەندیی ڕاستەوخۆدا، بەشێکە لە سیستەمی شکاندنی دیواری چوارەم. بەڵام کاریگەرییەکە لەوە زیاترە.
کاتێک ڕووناکی دەگاتە شوێنی دانیشتنی بینەر، بەشێک لەو هێڵە هەستەگییەى کە بینەر لە پشت تاریکی هۆڵدا نەخشاندوویەتى تێکدەشکێت. چیتر (وەرگر) تەنها تەماشاکارێکى نەرێنى نییەو بوونی خۆی لە فەزای نمایشدا هەست پێ دەکات.
ئەمە لە فۆرمی ئێپیکدا گرنگە، چونکە پەیوەندیی نێوان نمایش و وەرگر دەبێت ڕوون بێت. ئەکتەر کاتێک ڕوو لە هۆڵ دەکات، بینەر ناچار دەبێت بزانێت کە ئەو خۆی بەشێکە لە دۆخی سەیرکردن.
بەم شێوەیە، ڕووناکی لە هۆڵدا جۆرێک لە (سیاسەتی بینین) دروست دەکات؛ واتە دیاری دەکات کێ دەبینرێت، کێ دەبینێت و کێ دەبێتە بەشێک لە فەزای نمایش.
رەگەزێکى ترى سینۆگرافیا لە نمایشەکەدا ئێکسسوارو جلوبەرگە، کە تەنها پێداویستییەکی بینراو نییە. لەم شانۆگەریەدا کە ناوەڕۆکەکەی لەسەر قەیرانی ناسنامە دامەزراوە، جلوبەرگ خۆی بەشێکە لە پرسیارە ئەنتۆلۆژییەکە : من کێم؟!
چونکە گۆڕینی جلوبەرگ دەتوانێت گۆڕینی پێگە و دۆخی کاراکتەر نیشان بدات. ئەکتەر کاتێک جلوبەرگی دەگۆڕێت، وەرگر هەست بە گۆڕینی ئاستێکی دیکەی بوونی کاراکتەر دەکات.
لە فۆرمی ئێپیکدا، جلوبەرگ دەتوانێت لە ساتێکی کورتدا زانیارییەکی زۆر بدات: کاراکتەر کێیە، لە کوێیە، چی گۆڕاوە و ئێستا لە چ پێگەیەکدایە.
بەم مانایە، ئەکتەر و جلوبەرگ لێرەدا لە یەکدی جیا نین. ئەکتەر دەبێتە توخمێکی سینۆگرافی، و جلوبەرگ دەبێتە بەشێک لە ئاکتین .
• موزیک و گۆرانی؛ دەنگی بیرکردنەوە
موزیک و گۆرانی لە نمایشەکەدا تەنها بۆ دروستکردنی کەش و هەوا بەکارنەهاتوون. هۆنراوەکانی (تەڵەعەت تاهیر)ى شاعیر وئاوازەکانى (ئەرکان عەبدولقادر) لە دروستکردنى گۆرانییە بەکۆمەڵەکان دەبنە بەشێک لە زمانی گشتی نمایش.
ئێمە وەک ڕەوە ئەسپێک
رادەکەین بە شوێن ژیان
ئەوەی ساتێک پشوو با
دەمرێ لەژێر سمەکان
مرۆڤی ئەم سەردەمە … دەربازبوونی ئەستەمە
لە شانۆی ئێپیکدا، گۆرانی دەتوانێت ڕووداوەکە نەک بەردەوام بکات، بەڵکو ڕووداوەکە ڕابگرێت و لێی دووربکەوێتەوە. ئەمە خاڵێکی گرینگە. گۆرانی دەتوانێت لە توانەوە لەنێو هەست و نەستەوە ، وەرگر بگەڕێنێتەوە بۆ ئاستی بیرکردنەوە.
دەبوایە دوو جار بژین
بە جارێک دادمان نایە
هەتا هەست دەکەی فێر بووی
جێیهێشتووی ئەم دنیایە
مرۆڤی ئەم سەردەمە … دەربازبوونی ئەستەمە
چڕینى بەکۆمەڵیش دەنگی تاک دەگۆڕێت بۆ دەنگی کۆمەڵ. ئەمە لە ناوەڕۆکی نمایشەکەدا بایەخدارە، چونکە قەیرانی (باوک) لە کۆتاییدا ، وەک قەیرانی تاکێک نامێنێت؛ بەڵکو دەبێتە پرسیاری کۆمەڵگە.
دەنگ لێرەدا دەبێتە (دەقی دووەم). ئەوەی دیالۆگ بە وشە دەیڵێت، موزیک بە دەنگ و ریتم و بێدەنگی نێوان نۆتەکان دەیخاتە ڕوو.
• دەق، رێژی و دراماتۆرگی؛ یەک سیستەم لە ناو یەک پرسیاردا
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەم بەرهەمە ئەوەیە ؛ نووسین و ڕیژیسۆرى لەلایەن یەک کەسەوە ئەنجام دراوە، کە بووتە فاکتەرێکى بەهێزی یەکگوتاریی نمایشەکەو ڕوونى فۆرم و پەیامەکەى.
پەیامەکە؛ لە دەقەوە دەست پێ دەکات و لە فەزا و ئاکتین و ڕووناکی و موزیکدا بەردەوام دەبێت. ئەمە واتای ئەوەیە کە نمایشەکە تەنها (دەقی نووسراو) نییە؛ بەڵکو دەقێکی گەورەترەو کۆی هەموو ئەو توخمانەى لەپێکهاتەکەیدا کۆکردووەتەوە.
دەقی نووسراو دەڵێت: (من کێم؟)
جەستە دەڵێت: (من گۆڕاوم)
سینۆگرافیا دەڵێت: (تۆ لە جیهانێکی دەستکرددا دەژیت)
ڕووناکی دەڵێت: (تۆ لە ناو خودى خۆتدا دوو پارچە بوویت)
پزیشک دەڵێت: (جەستەکەت ڕزگار کراوە)
خێزان دەڵێت: (بەڵام ئایا تۆ هەر هەمان کەسیت؟)
گۆرانی دەڵێت: (ئەم پرسیارە تەنها هی تۆ نییەو، بۆتۆنییە)
لەئاکامیشدا ؛ وەرگر دەبێت بپرسێت: (ئەگەر من لە شوێنی ئەو بوومایە، وەڵامەکەم چی دەبوو؟)
کۆی ئەم پرسیارانەش نمایشەکە لە ئاستی چیرۆکەوە ، دەگوێزێتەوە ئاستی گوتار. بێگومان ئا لێردا رۆڵی گەورەو بنچینەیی (دێرین حامید) دەدرەوشێتەوە ، لەداڕشتن و یەکخستن و بەرجەستەکردنى گوتارێکى شانۆیی تۆکمە لەڕێگاى نمایشێکى کوردى بە میتۆدى شانۆى ئێپیک و بەئاستێکى بەرزى هونەریی.
• شانۆی کوردی و پرسیاری سەردەم
لە ئێستاى بزووتنەوەی شانۆی کوردیدا، گرینگی ئەم بەرهەمە تەنها لە بابەتەکەیدا نییە؛ بەڵکو لەو هەوڵە مەرەدارەدایە ؛ کە شانۆی کوردی لەگەڵ پرسیارەکانی سەردەمی خۆیدا گفتوگۆ بکات.
شانۆی کوردی، وەک هەر شانۆیەکی دیکە، لە مێژووی خۆیدا زۆر جار لەگەڵ پرسە سیاسی و کۆمەڵایەتی و نەتەوەییەکاندا هاوگوتارو پشتیوان بووە. بێگومان ئەو بوارانە هێشتا گرنگن و نابێت وەلاوە بنرێن، بەڵام جیهانی ئەمڕۆ کۆمەڵێک پرسیاری نوێی هێناوەتە پێشەوە: بایۆتێکنەلۆژیا، دەستکاریی جەستە، ژینگە، ژیانی دیجیتاڵ، زیرەکی دەستکرد، دەستکاریی زانیاری و داهاتووی مرۆڤ.
بۆیە شانۆی کوردی پێویستی بەوە هەیە کە ناسنامەی کلتووریی خۆی بە زمانێکی نوێ دابڕێژێت کە لەتوانایدا بێت بخزێتە نێو پرس و دیالۆگە جیهانییە هاوچەرخەکانەوە. لەو ڕوانگەیەشەوە دەکرێت بڵێین : (دڵی خۆم نییە لە سینەمدا) نموونەیەکەى سەرکەوتووى متمانە بەخۆ بوونە سەبارەت بەوەى کە چیرۆکێکی کوردی لۆکاڵى ، دەتوانێت پرسێکی گڵۆباڵ هەڵبژێرێت و بە میتۆدێکى زانستى بەرز پێشکەشى بکات . لێرەدا پێم خۆشە هەڵوێستەیەکى زیاتر بکەین.
• لۆکاڵبوونی چیرۆک و گڵۆباڵبوونی پرسیار
چیرۆکەکە لە سلێمانی دەکرێتە نمایش، بە زمانی کوردی پێشکەش دەکرێت، خێزانێکی کورد لە سەنتەرى ڕووداوەکەدایە و پەیوەندییەکانی ناو خێزانەکە بە ئاستی کلتووریی خۆمانەوە گرێدراون. بەڵام ( دڵ و جەستە و مردن و ناسنامە ) هیچ سنوورێکی جوگرافی ناناسن.
ئەوەی ئەم نمایشە دەیکات، ئەوەیە پرسیارێکی جیهانیی لە ناو ئەزموونی کۆمەڵگەی کوردیدا جێگیر دەکات. ئەم پرۆسەیەش کارێکی دراماتۆرژییە؛ چونکە بابەت کاتێک گڵۆباڵ دەبێت کە لە ناوەڕۆکی تایبەتی خۆیدا بتوانێت پرسیارێکی هاوبەشی مرۆیی بخوڵقێنێت.
لەم نمایشەدا، (دڵ)ی (باوک) دەبێتە کڕۆک و دڵى پرسیارەکە. ئەوەی لە سینەی یەک پیاودا ڕوودەدات، دەگاتە مەرزەکانى ئەوەی کە لە ناوەڕاستی جیهانی هاوچەرخدا ڕوودەدات: لەکاتێکدا مرۆڤ توانای زۆرتر بۆ پێشکەوتن و تەنانەت گۆڕینی ئەندامەکانى جەستەى خۆی وەک گۆڕینى پارچە یەدەگەکانى هەر ئامێرێکى دروستکراو پەیدا دەکات، کەچى هێشتا گیرۆدەى یەکلاکردنەوەى ناسنامە مرۆییەکەیەتى.
• کۆتاییی کراوە؛ نمایش کۆتایی دێت، پرسیارەکە نا
کۆتاییی نمایشەکە بە باسکردنی داهاتوو و گۆڕینی مێشک و نەشتەرگەرییەتازەکان ، پرسیارەکە لە دڵەوە بەرەو مێشک دەبات. ئەمە خۆی مانایەکی گرینگ هەیە. ئەگەر لە سەرەتادا پرسیارەکە لە جەستە و دڵ دەستى پێ کردبێت، لە کۆتاییدا دەگاتە مێشک؛ واتە لە (ئەندام) بەرەو (هۆشیاری) دەڕوات.
لە کۆتاییدا:
دەستخۆشی بۆ ناوەندی شانۆی تاڤ، بەرهەمهێنەری نمایش، و بۆ پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی و دەزگای میدیایی کوردسات ،هەروەها پێویستە دەستخۆشییەکی تایبەت بۆ رێکخراوى چەترى کلتووری سلێمانی تۆمار بکرێت؛ هەر هەنگاوێک بۆ دروستکردنی زەمینەی بەرهەمهێنان و هاندانی گرووپە شانۆییەکان دەتوانێت بەشێک بێت لە هەوڵی گەڕاندنەوەی شانۆ بۆ ناو ژیانی کەلتووریی شار.
ئاخر شانۆ تەنها پێویستی بە هۆڵ نییە؛ پێویستی بە ژینگەیەکى لەبارە. پێویستی بەوەیە نووسەر بتوانێت بنووسێت، ریژیسۆر بتوانێت دیدگاو زەین و سەلیقى خۆى بەرجەستە بکات، ئەکتەر بتوانێت مەشق بکات، سینۆگراف بتوانێت فەزا دروست بکات، موزیسیەن بتوانێت لەگەڵ جەستەدا گفتوگۆ بکات و وەرگر بتوانێت لە کۆتاییدا بە ئاوەزێکى سیخناخ بە پرسیارەوە هۆڵەکە بەجێبهێڵێت.
لەم ڕوانگەیەوە، پشتگیریی چەترى کلتووری سلێمانی بۆ (دڵی خۆم نییە لە سینەمدا) و نمایشەکانی تری ئەم وەرزە، شایستەی پێزانینە؛ چونکە بەرهەمهێنان تەنها دروستکردنی نمایش نییە، بەڵکو دروستکردنی مەرجی بوونی شانۆیە.

ئەرسەلان دەروێش




