Skip to Content

(ئیتر چاویلکەکانمان لە چاومان خۆشتردەوێت.. لاودین لوقمان

(ئیتر چاویلکەکانمان لە چاومان خۆشتردەوێت.. لاودین لوقمان

Closed
by ئایار 16, 2023 General, Opinion

زیرەکی دەستکرد،جیا لەوەی شۆڕشێکی زانستی و تەکنەلۆژیە،دەکرێت دەستپێکی شۆڕشی دەستکردەکانش بێت بەسەر ئەسڵدا،لەزیرەکی دەستکردەوە سەربکێشێت بۆ واقعی دەستکرد و ئەزموونی دەستکرد و ژیانی دەستکرد.
ڤی ئاڕ((virtual reality) یەکێکە لە کەرەستە پێشکەوتووەکانی ئەمڕۆ و بەهۆی بەسترانی بە زیرەکی دەستکردەوە،چاوەڕوان دەکرێت لە ئایندەدا گەشەسەندنی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت.
ڤی ئاڕ داهینراوێکە کە دەتوانیت لە ڕێگای چاویلکەیەکی گۆشە فراوانەوە،هەر ژینگەیەک کە ئارەزووی دەکەیت، بیبینیت و ئەزموونی بکەیت،هاوکات لە ڕێگەی کۆمەڵێک کەرەستەی فیدباکەوە کە لە جەستەت دەیبستیت،جوڵە و کردەکانت پەیوەست بکات بە جیهانی مەجازی و وەک بەشێک لە واقع مامەڵەی لەگەڵدا بکەیت.
جیا لەوەی دەکرێت بە کۆمەڵێک شێواز یارمەتیمان بدات،هاوکات دەکرێت ڕووبەڕوی کۆمەڵێ کێشەی گەورەی ئۆنتۆلۆجیمان بکاتەوە.
کێشەی دەستکردەکان ئەوەیە،کە بە ئەگەرێکی زۆرەوە تەنها لەوێدا ناوەستێت کە ڕۆڵی یاریدەدەرێک و هاوکارێک ببینێت وەکو زیادکراوێک بۆ ئەزموونەکانمان،بەڵکو ڕاستەوخۆ ڕۆڵی پێشبڕکێکارێک دەبینێت و جێگای ئەسڵەکان دەگرێتەوە.
ڕەنگە دوور نەبێت کە لە داهاتوودا جیاوازییەکانی واقع و واقعی دەستکرد هێندە کاڵەوە ببێت،ئیتر لێکی جودا نەکەینەوە،یاخود بەهۆی سۆزمانەوە بۆ واقعی مەجازی گرنگی بەوە نەدەین کە کامیان ڕاستەقینەیە.
وێنای بکە کاتێک کەسێک ،مرۆڤێکی ئازیز و خۆشەویستی لەدەستدەدا،لەبری ئەوەی زەبری واقع قبوڵبکات و ئازاری نەبوونی بچێژێت،ئیترلە ڕێگای چاویلکەکەیەوە،لە واقعی مەجازیدا ژیانی لەگەڵدا بکات و پێکەوە نوکتە بگێڕنەوە و قاقابکەن،یان پێکەوە بچن بۆ شوێنگەلێک کە یادەوەریان تێیدا هەبووە و ئەو خواردنانە تام بکەنەوە کە پێکەوە ئارەزویان کردووە.
لەهەمان کاتدا بەهۆی فیدباکەکانەوە هەمان هەستی بۆ بگوازرێتەوە و هەمان جۆشۆخرۆشی بایۆلۆجی تێیدا ڕووبدات کە لە واقعدا دەیچێژێت.
یان تۆ وەک مرۆڤێک کە کۆمەڵێ ئارەزوو و خەونی جۆراو جۆر بە ژیانەوە دەبینیت،ڕەنگە ئیتر زۆر پێویست نەکات تەمەنێک لە هەوڵدان و کۆڵنەدانی بۆ تەرخانبکەیت هەتا پێی بگەیت،بەڵکو لە ڕێگای چاویلکەکەتەوە ئەزموونی دەکەیت و پەرۆشیەکەت دەڕوێتەوە.
گەر سەرەنج لە ئایدۆلۆژیستێکش بدەین ،ئەو واقعە دەستکردەی کە لە ڕێگەی کۆمەڵە گوتار و حیکایەتێکەوە فانتازیای پێوە دەکرد،ئێستا وەک واقعێکی بەدیهاتوو و شکڵگرتوو،دەتوانێت تێیدا بژێت و جیهان بەوشێوازە ببینێت کە ئەو دەیەوێت،ئیتر لە ڕێگای واعیزەکانشیەوە،مانگانە یان هەفتانە فایلی نوێ دابگرێت و لەبری گوێگرتن لە جیهانبینیەکان، خۆی بینەر و سوبێکتێکی چالاک بێت لە جیهانەکەدا ،بەهەمان شێوە دەکرێت ئەزموونی بینینی بەهەشت بکات و ئەوانەشی کە لاڕێن و لایانداوە لە ڕێگاکە، لە دۆزەخدا بیانبینێت و شایەدی گڕکێشانیان بێت.
ڕەنگە ئیتر هەر وتارێک یان پێرسێکتیڤێک وەکوو فۆڕمێکی ئایدیاڵی، پۆتیەنشەڵی ئەوەی هەبێت ،ببێت بە جیهانێک و فەزایەک کە ئەزموون بکرێت و سوبێکت چالاکانە ژیانی تێدا بکات.
هەر بەڕاست، گەر ژیانکردن لە واقعی دەستکرددا هێندە ئاسان و بەچێژ و بێ تراوما بێت،بۆچی دەبێت ئەزموونی ژیانێکی قورس و تاڵاوی واقعی ڕاستەقینە بکەین؟
ئیدی هەستە دەستکردەکان و یادەوەرییە دەستکردەکان لە واقعێکی دەستکرددا کە بە پێی خواستەکانی ئێمە دادەڕێژرێت،ویستراوتر نابێت لە واقع؟.
لە داهاتوودا کە گریمانە دەکرێت بەهۆی پێشکەوتنی ڕۆبۆتە هۆشمەندەکانەوە چەندین ملیۆن کرێکار بێکار بکەون،چونکە لە بنەمادا ئەوان خاوەن کار نین هەتاوەکوو ڕۆبۆتەکان هاوکاریان بکەن و کارەکانیان بۆ بەڕێوە ببەن،بەڵکوو کارەکەرەکەن و ئەمڕۆ کە ڕۆبۆتەکان باشتر کارەکان ئەنجامدەدەن، ئیتر جێلێژ و بێکار دەبن،بەهەمان شێوە دەبێت پێشبینی ئەوە بکەین کە لەدەستدانی کارەکانمان بەهۆی زیرەکی دەستکردەوە،تاکە هەڕەشە نیە کە ئەگەری ڕوودانی هەبێت، بەڵکو دەشێت حەقیقەت و بەرکەوتن بە جیهانێکی ڕەسەن لە دەست بدەین و دەستکردەکان جێگایان بگرنەوە.
ئیتر بۆ هەر کارێک کە دەتەوێت ئەنجامیبدەیت، پەیوەست دەبێت بە هۆشمەندی دەستکردو و دیڤایسە هۆشمەندەکانەوە،ئیتر لە بری جیهان ،جیهانەکان بونیان دەبێت و لەبری واقع واقعەکان بونیان دەبێت،هەر کامیانش کە لەگەڵ ویست ئارەزووەکانی تۆدا دێتەوە ئەوەیان هەڵدەبژێریت و لەوێدا دەژێیت.
ڕەنگە ئایندەیەکی هێجگار دوور نەبێت ،کە وامان لێبێت،چاویلکەکانمان لە چاومان خۆشتر بوێت.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish