
کازیوەیەک لە خوێنی ئاڵ.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر
( ١)
بە بینینی دەریاچەی خوێنینی کازیوە
خۆم لە بیرکرد
چی بێئۆقرەیەک دڵم ئەبات
بە درێژایی کەنارێک لە چۆڵیا
تێر گریام، لە دوورەوە
زرنگە زرنگی کڵێساکان
کۆترە تەنیا بێ جێگەکانی تەرە کرد
مانگ هێشتا
فرمێێسکێکی زیویی بە چاوەوە بوو
زانیم دەبێ زۆرتر بڕۆم
بەرەو بریسکەی ئەو پلیکانەی، دەگەنە
چرا درەوشاوەکانی ئەو هەورانەی
بە رۆشتنی پەریەک دڵی شکا
(٢)
ترسم لە نەهاتنی پایزێکی ترە..و
لە نێو گیا سەوزە تەڕەکانا
گیانم دەرچێ
لێویشم هێشتا پڕ بێ
لە چرۆی ئاڵی شیعر
(٣)
غەمناکە شەقام ، ئێستا، سەرم
بەرزئەکەمەوە، دەشێ
پەرژینی درێژکراوەی
کەنار دەریا بە تەلیسمی
سەوز و
پەمەیی دەورە درابن، ئەوانە
پەرژینی فرمێسکی
نامۆییمن، کێلگە دوورەکانی غوربەت، کە هەر
نایگەمێ و دڵ دەڵێ
هەر هەنگاو بنێ
هەر دەیگەیتێ
(٤)
لە خۆم دەپرسم، چەند جاری تر دەتوانی
بە سەمەرەیی
بە کۆڵانە تاریکە خەوتوەکانا تێپەڕی
بێ ترسی کەوتنە نێو زەلکاوی
بیرەوەری ژەهرینی شارێک نغرۆ
دەرکپێکردن بەوەی
کە هەرگیز لێرە نامێنم، خۆشبەختیشە
بەوەی کە کاتیە بوون
جێگاکانیش ، دەربەندی پڕ حەسرەتن
هاتن و چونیش
یاریەکی غەمگینە
لە نێوان کابووسی گەورەبوون و
هەڵهاتنی کەم تەمەنی
خۆری منداڵیەکی رەوشەن