ئێره … به‌ختیار محه‌مه‌د
ئێره پڕه له شاعیری وشه‌فرۆشی درۆزن.
پڕه له سه‌ركرده‌ی درۆفرۆشی ده‌ماخسز.
ئێره پڕه له مه‌لای جاهیلی شه‌ڕفرۆش.
ئێره پڕه له‌و ڕۆژنامه‌نووسانه‌ی،
كه له قه‌فه‌سی ماڵی گه‌وره‌ی حزبدا
وه‌ك تووتی قسه ده‌كه‌ن و ده‌خوێنن.
ئێره پڕه له‌و پزیشكانه‌ی،
كه له جه‌للاده‌كانی ناو به‌ندیخانه‌كان ده‌چن.
ئێره پڕه له‌و پارێزه‌رانه‌ی،
كه گاڵته به دادپه‌روه‌ری ده‌كه‌ن.
ئێره پڕه له‌و سه‌ركردانه‌ی،
كه وه‌ك بانكێك
ته‌ماشای نه‌خشه‌ی وڵاتیان ده‌كه‌ن.
ئێره پڕه له‌و قه‌یره‌كچ و قهیرهكوڕانهی،
كه هه‌موو شه‌وێ ته‌رمی ناوگه‌ڵیان
به تف ده‌شۆن و
سوپاس و حه‌مدی بێ پایانی خواش ده‌كه‌ن.
ئێره پڕه له‌و ژن و مێردانه‌ی،
كه به‌شه‌و جووت ده‌بن و
به‌ڕۆژیش له‌گه‌ڵ یه‌ك به‌شه‌ڕ دێن.
ئێره! ئێره!
ئێره پڕه له‌و خوا په‌رستانه‌ی،
كه به‌شه‌و گوێ له وانه‌كانی شه‌یتان
ده‌گرن و
به‌ڕۆژیش باسی وانه‌كانی خوا ده‌كه‌ن.
ئێره پڕه له‌و خائینانه‌ی،
كه له ماڵی شووشه‌یی دۆلاردا ده‌خه‌ون.
پڕه له‌و شۆڕشگێڕانه‌ش،
كه له ماڵی كارتۆنیی
حه‌سره‌تدا ده‌خه‌ون.
ئێره پڕه له‌و عاشقانه‌ی،
كه زۆر ته‌نیان و
پڕه له‌و تهنیایانهش،
كه زۆر عاشقن.
ئێره پڕه له‌و نووسه‌رانه‌ی،
كه له باوه‌شی گه‌رمی ده‌سه‌ڵاته‌وه
تف له ئازاره‌كانی گه‌ل ده‌كه‌ن.
ئێره پڕه له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی،
كه به‌رده‌وام نیكاح له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات ده‌كه‌ن و
داوای زۆرترین پاره و ماره‌ییش ده‌كه‌ن.
ئێره پڕه له جرجی ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی،
كه له پشیله‌كانی ده‌سه‌ڵات تۆقیون و
هه‌رگیز ناشوێرن
له كونی بچووكی به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان
ده‌رچن و سهردهرێنن.
ئێره پڕه له‌و كۆڵانانه‌ی،
كه پڕن له زێی بچووك.
پڕه له‌و باخانه‌ش،
كه له بێ ئاویدا ده‌خنكێن.
ئێره پڕه له‌و شه‌قامانه‌ی،
كه یاسای ڕۆیشتنی تێدا نییه،
پڕه له‌و پۆلیسانه‌ش
كه به‌رده‌وام ژماره‌ی
ئۆتۆمبێله‌كان ده‌نووسن.
ئێره ! ئێره!
ئێره پڕه له‌و ڕه‌خنه‌گرانه‌ی،
كه هه‌میشه دۆ و دۆشاو
تێكه‌ڵ ده‌كه‌ن،
به‌ڵام خۆشیان نازانن،
كه – هه‌ندێك جار -
چی ده‌ڵێن و چی ناڵێن؟
به‌ختیار محه‌مه‌د