Skip to Content

ئەرێ سەدام فریشتە بوو؟…هۆشیار جەمال

ئەرێ سەدام فریشتە بوو؟…هۆشیار جەمال

Closed
by تشرینی دووه‌م 29, 2019 General, Opinion

لەدوای هاتنی تەکنەلۆژیا و بەکارهێنانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و فراوان بوونیان لە هەرێمی کوردستان و بەکارهێنانیان لەلایەن زۆرترین هاوڵاتییەوە بەبەردەوامی، ئەمە وای کردوە جۆرێک لەفەوزا و پشێوی دروستبێت، بەجۆرێک هەرچی ڤیدۆ و قسەی نەشیاو و وێنەی نەشیاو هەیە بێ سانسۆر بڵاودەبێتەوە، لەشکرێک لە خەڵکیش لە تێچێن قسەدەکات و دەنووسێت بەبیانوی ئەوەی هەڵوێستی هەیە، یاخود ڕای خۆی دەردەبڕێت.

ئەوەی مەبەستمە قسەی لەسەر بکەم وێنە و وتە و ڤیدۆکانی گەورەترین دیکتاتۆری سەدەی ڕابردوو (سەدام حوسێن)ە، کە لەلایەن چەندین پەیج و ئەکاونتی کوردییەوە وێنە و ڤیدۆی بۆ بڵاودەکرێتەوە و ستایش دەکرێت وەک فریشتەیەک نیشاندەدرێت!

جا ئەوەندەی من چاودێری ئەو پەیجانەم کردبێت دەگەڕێن ئەو ڤیدۆ و لێدوانانەی سەدام بڵاودەکەنەوە کە باسی کورد دەکات و پاکی خۆی نیشان دەدات، بۆنموونە سەدام سەردانی ناوچەیەکی شاخاوی کوردستانی کردووە لەگەڵ کوڕە جوتیارێک قسەدەکات و دەڵێت: “من گوندەکان ئاوەدان دەکەمەوە و کارەباتان بۆدەهێنم و ژیانتان پارێزراودەبێت، بەڵام پێشمەرگە کە ئەو بە تێکدەر ناوی دەبات وێرانی دەکەن، یاخود لە ڤیدۆیەکی تردا سەدام لە هۆڵی دادگادا هەوڵی جوڵاندنی سۆزی خەڵكی دەدات و دەڵێت: “لەکاتی شەڕی (کوێت)دا، کەخۆی بە ڕزگارکردنی کوێت ناوی دەبات ئەفسەرێکی عێراقی دەستدرێژی کردۆتە سەر هاوڵاتییەکی عەرەب، کە نە عێراقی بووەو نە کوێتی بووە، بەڵام من لیژنەم بۆ دروستکرد بۆ سەلماندنی تاوانەکە لە کۆتایدا فەرمانم کرد بە لەسێدارەدانی و سێ ڕۆژ تەرمەکەیم هێشتەوە تا ببێت بە عیبرەت، ئایا ئەوە لە ڕیشی من دەوەشێتەوە بهێڵم دەستدرێژی بکرێتە سەر گەلی کورد”؟
جا لەکاتی قسەکردنەکەی سەدامدا میوزیکێکی غەمگین دانراوە لەگەڵ دەنگەکەدا، لە تێچێنیش لەشکرێک لە هاوڵاتی کوردی بێ ئاگا و بە ئاگاش ڕەحمەت و پەسن و ستایشی بۆ سەدام نوسیوە.

لە ڕاستیدا سەدام هیچی کەمترنەبوو لە هیتلەر و ستالین و دیکتاتۆرەکانی سەدەی بیست، هیتلەر هۆڵۆکۆستی کردبێت ئەوا سەدامیش ئەنفالی ئەنجامداوە، کە هیچی کەمترنییە لە هۆلۆکۆستی جولەکە، کە ئێستا حوکمی جیهان دەکەن و گەلی کوردیش لەباشور هەر لە خەمی ئەوەدایە مانگانە بڕە مووچەکەی وەرگرێت یان نا، پارچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش کوردبوونی لێسەندراوەتەوە و زمان و کلتور و هزری نەتەوەیی لەناودەدرێت لە لایەن داگیرکەرانەوە، لە ڕۆژئاوای کوردستانیش هەرچی هێزی تیرۆرستیە هەر ڕۆژە و لەژێر ناوێکدا دروستی دەکەن و زلهێزەکان دژی کورد بەکاری دەهێنن.

سوپاکەی سەدام لە ئەنفالدا هەرچی جۆری سزایە بەکاری هێنا لە دژی کورد، نوسەر (محمەد ڕەئوف) لە کتێبی (پاکیزەکانی ئەنفال)دا، کە لێکۆڵینەوەیەکی وردە لەسەر کچە فرۆشراوەکانی ئەنفال زۆر بەوردی کاری لەسەر پرسی ژنی کورد کردوە لە ساتەوەختی دەستپێکردنی پڕۆسەی ئەنفال و لە زیندانەکانی بەعسدا.

کە چەندین چیرۆکی ڕاستەقینەی کچە کوردەکانی تێدایە کە ئەستمە بۆ کەسێك کەمێک مرۆڤایەتی لە ناخیدا هەبێت شۆک نەبێت، یاخود نەگری لەبەردەم چیرۆکی ئەو کچانەدا، لە لاپەرە (٦٨)ی کتێبەکەدا چیرۆکی ژنێک دەگێڕێتەوە بەناوی ( ڕەحمە عبدولکەریم) کە دەربازبووی ئەنفالەو دەڵێت: ” بە چاوی خۆم لە سەربازگەی تۆبزاوە دەستدرێژیکردنە سەر ئافرەتانم بینوە، کچێکی زۆر جوان کە ناوی بەیان بوو خەڵكی گوندەکانی قەرەحەسەن بوو تەمەنی لەنێوان (١٤ – ١٥)ساڵ بوو، عەسکەرەکان پەلاماریان دەدا؛ تا لەتاوا شێت بوو، دواتر بە زنجیر دەیانبەستەوە بە پەنجەرەکانەوە”.

هەروەها ئافرەتێکی هەڵهاتووی عەرعەر دەگێڕێتەوە: ڕۆژی وا هەبووە (١٢)پیاو هاتوونەتە لام و دەستدرێژیان کردۆتە سەر ناموسم.

ئەمانە دوو نموونەی زۆر کورتن، بەڵام ئاوێنەی هەزاران تاوانی ناو ئەنفالە، کە دیکتاتۆری گەورە سەدام حوسێن ئەنجامی داوە، ئێستاش لێیان کردوین بە فریادڕەس.

لە ڕاستیدا من پێم وایە پێویستە حوکومەت لەڕێگەی یاساوە ڕێگە نەدات ئەم جۆرە تێگەیشتنە بڵاوبێتەوە، لەناو کوردا و هەرچی ئەکاونت و پەیج هەیە کە لەم شێوەیەن دابخرێن و کەسانی پشت ئەم کارانە سزای یاسایی توند بدرێن، بەڵام ئەو هاوڵاتیانەی تێچێن دەنووسن لەو پەیجانەو ستایش دەکەن وەک ناڕەزاییەک لە حوکومەتی هەرێم قسەکانیان مایە هەڵوێستە لەسەر کردنە، چۆن گەنجێکی ئەم وڵاتە گەیشتۆتە قۆناغێک کە ئیتر بێزاری لە ژیان و حوکومڕانی لەم هەرێمە وای لێبکات ستایشی سەدام بکات؟!

ئەو کەسانەش کە لە نائاگاییەوە لە پرسی ئەنفال و هەڵەبجە و بە عەرەبکردن و تەعریب و تەبعیس نوسیویانە پێوستە ئاشنابکرێن بەم تاوانانەی سەدام و بیر و بۆچونیان بگۆڕێت لەبەرامبەر دیکتاتۆرێکی وا گەورە کە ناموسی کوردی لەکەدار کرد.

پێویستە لێکەوتەکانی ئەنفال و هەڵەبجە و وێرانکردنی گوندەکان ئاشنابکرێن بە نەوەی نوێی کورد، کە چی بەسەر هاتووە تا گەیشتووە بەم قۆناغە، هەرچی پەیوەندی بەو کەسانەوەیە کە بە ئاگاییەوە تێچینەکانیان دەنوسن و ستایش و پەسنی سەدام دەکەن لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و لە بێزاری و بێکاری کە بەشی زۆری زانکۆی تەواو کردوە و کەس حساب بۆ بڕوانامەکەیان ناکات و دەستی کاری وڵاتن و سودیان لێ نابیرێت مرۆڤی پاکن، بەڵام توڕەن لە دەسەڵاتی حیزب و بەتایبەت دەسەڵاتدارەکان و هەروەها ئەو حیزبانەی بە ناوی چاکسازییەوە شەریکی گەندەڵیەکانی ئەم وڵاتەن.

هەوڵدان بۆ نەهێشتنی ئەم تێگەیشتنە لای ئەو کەسانە کە ناڕەزایی خۆیان ئاوا دەردەبڕن، ئەرکی حوکومەتە لە جیاتی خۆکەڕکردن و بێ دەنگ بوون لەسەر ئەم بابەتە هەڵوێستەی جددی هەبێت بە جۆرێک لە جۆرەکان هەوڵبدات ئینتیما بۆ هاوڵاتی کورد بگێڕێتەوە و ڕێگەنەدات کە توانا و لێوەشاوەییەکانی گەنجانی وڵاتەکەی بگۆڕێت بۆ جنێو و ئیهانەکردن بە کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفال کراوان، چونکە یەک وشە بنوسرێت بۆ پشتگیری کردنی سەدام وکلتورەکەی یەکسانە بە ئیهانەکردن بە بەشی زۆری میللەتی کورد بەگشتی و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان بە تایبەتی کە ئەمەش مایەی قبوڵکردن نییە

Previous
Next
Kurdish