سانسۆرکردن مێژوویەکی دوورو درێژی هەیە… ئاراس سەعید
Closed
کام بەهاو کامە شیرازەیی کۆمەڵایەتی، لەپێناوی بەهاو نەریتە پیرۆزەکانی نیشتمان و نەتەوە، یان لەقاڵبدانی ئەقڵ و خەساندنی فیکر و سەرکوتکردنی ئازادی بیروڕا.
- سانسۆرکردنی نوسین و بیرکردنەوە نەک شتێکی نامۆ نیە بەکۆمەڵگای ئێمە، بەڵکو مێژوویەکی دورو درێژی هەیە. لەماوەی ئەم زەمەنە مێژویەدا سانسۆرکردن بەسیستماتکیکراوە و لەڕێگەی مۆنپۆڵ کردنی سێکتەری پەروەدە و کاروباری ئایینی و ڕۆشنبیریەوە. بازنەیەکی فیکری و کلتوری سەپاو و تواندنەوەی جیناوەکانی من و تۆ و ئەو لەناو ئێمە و ئێوەو ئەواندا. دەسەڵاتی سیاسی لەمێژە لەڕێگەی کارخانەکانی پەروەدەوە هەوڵی بەرهەم هێنانی تایپێک لەمرۆڤی پاسیڤ و دۆگامەیە. لەمنداڵیەوە وەکو تاکێکی گوێڕایەڵ پەروەدەدەکرێت و ئەقڵی منداڵ وەکو تەنەکەی خۆڵ پڕ دەکرێت لەزبڵ و خاشاکی باو. مرۆڤ بۆی نیە هیچ گومانێک لە وتەکانی مامۆستا و وانەکە هەبێ و هەمووان ئامادەدەکرێن لەسەر یەک شێواز بیربکەنەوە و گوێڕایەڵی مامۆستا و لەخۆیان گەورەتربن. وردە وردە ئەم مرۆڤە دەرونی دەق دەگریت بم شێوازە ڕاهێنانەوەو لەداهاتوشدا گومانی لەهیچ شتێک نیەو ڕۆبۆت و مەیمونێکی ئامادەکراوە بۆ لێخورێن. مامۆستایی ئایینی بەبێ هیچ سانسۆرێک پرسی ئەخلاق دەگۆڕێت بۆ کۆمەڵێ حەرام و حەڵاڵی ئایینی، پرسی ئازادی دەگۆڕێت بۆملکەچبونی خودا و گومانکردن دەکاتە گوناهێکی گەورە و واوەیلا و گومڕایی بۆ ئەو کەسانەی وگومان لە بەرنامەی ئیسلام دەکەن. سێکتەری ڕۆشنبیریش لەڕێگەی ڕۆشنبیرە کۆنزیرڤاتیڤەکانیەوە بەردەوامە لەبەرهەمهێنانی فیکری کۆنەخوازی و ڕوحی ناسیۆنالیزم و پیرۆزکردنی سەرکردە. پوچەڵکردنەوەی هەر ڕوئیاو فکرێکی نوێ کە تابۆ و پیرۆزیەکانی تێک دەشکێنێ.
- بەها و نەریتە پیرۆزەکان چین؟
کاتێک زۆرینە دەق دەگرێت بە کۆمەڵێک دەق و چیرۆک وئەفسانەوە ئیتر ڕاستەوخۆ دەبێتە تابۆیەکی پیرۆز، بەواتایەکی تر، هیچ کەسێک مافی فۆڕۆمەلە کردن و ڕیفۆرمکردنی نیە. ئەمانە جگە لەکۆمەڵێک ترادسیۆنی خێڵ و نەتەوە و یاسایی ڕەهایی ئایینی هیچی زیاتر نین. ڕێزگرتن و ملکەچی بوونی ئیتیکی دەستەجەمعی، چەپاندنی بیرکرنەوە و ڕوئیای تاکەکەسە لەلایەن زۆرینەوە. سانسۆر واتا، بیرکردنەو تێڕوانینی لەگەڵ ئەقڵیەتی خێڵە ژنکوژەکانی کوردستان و حیزب و ئیسلامی سیاسی جیاواز بێت دەبێت دەستکاری بکرێت یاخود ڕێگری لێبگرێت. - ئەم بڕیاڕەی وەزارەتی ڕۆشنبیری، گەڕانەوەیە بۆسەدەکانی ناوەڕاست و مۆنۆپۆڵکردنی ئازادی بیروڕا و دروستکردنی بەربەستە لەبەردەم هەر فیکری نوێ و هەوڵێکی کراونەوە لەکۆمەڵگادا. سانسۆر دانان بۆکتێب لەلایەن نوخبەیەکی حیزبی و ئایینەوە هیچ جیاوازی نیە لەگەڵ سوتاندنی جیۆردانۆ برۆنۆ و سوکایەتی کردن بەگالیولۆ سوتاندنی کتێبەکانی ئیبن ڕوشد. وەزارەتی ڕۆشنبیری بەم بڕیاڕەی کلتور و فەرهەنگی کوردی لە باردۆخی وەستاو قەیرانی و فیکری و ئەخلاقیدا نەک بەرەو پێشەوە نابات، بەڵکو باردۆخی فەرهەنگ و فیکر و کلتوری کوردی دەگەڕێنتەوە بۆ سەردەمی کۆپەرنیکۆس و سەدەتاریکەکان و سەردەمی عێراقی دوای موعتەزیلە.