Skip to Content

شایەتییەک بۆ مێژوو منازەرەکەی مەلا بەختیار و نەوشیروان مستەفا … ستیڤان شەمزینی

شایەتییەک بۆ مێژوو منازەرەکەی مەلا بەختیار و نەوشیروان مستەفا … ستیڤان شەمزینی

Closed
by ئه‌یلول 30, 2020 General, Opinion


لە ئۆکتۆبەری ساڵی 2008دا، مەلا بەختیار داوای لە نەوشیروان مستەفا کرد، پێکەوە دیبەتێکی کراوەی تەلەفزیۆنی ئەنجام بدەن، لە ئەلفەوە تا یای هەموو شتێک باس بکەن. ئەم تەحەدایەی مەلا بەختیار پێش نۆ ساڵ لە مەرگی نەوشیروان مستەفا و چەند مانگێکیش پێش دروستبوونی گۆڕان بوو. ئەوەی ئامادەیی خۆی دەرنەبڕی بۆ ئەو دیبەیتە کراوەیە، نەوشیروان مستەفا بوو. من ئەو کاتە وتارێکی کورتم لە دوای لاپەڕەی گۆڤاری “نێوەند” لە ژمارەی “57”ی مانگی نۆڤەمبەری 2008دا بڵاوکردەوە کە داوام لە نەوشیروان مستەفا کرد بۆ روونکردنەوەی ئەو راستییە تەم لێ نیشتووانەی مێژوو بەشداریی بکات، هاوکات رووبەڕوو هەمان داوام لە نەوشیروان مستەفا کرد، ئەو بەهیچ شێوەیەک ئامادە نەبوو بێتە پای بابەتێکی لەو جۆرەوە. بۆیە پێموایە مەلا بەختیار مەرگی نەوشیروان مستەفای وەک دەرفەت نەقۆستووەتەوە لە بڵاوکردنەوەی کتێبەکەیدا بەڵکو پێش دوانزە ساڵ داوای دیبەتی تەلەفزیۆنی کردووە. بەهەرحاڵ ئەمەی خوارەوە ئەو وتارەیە ساڵی 2008 بڵاوم کردووەتەوە:

منازەرەکەی مەلا بەختیار و نەوشیروان مستەفا

وەک بینیمان “مەلا بەختیار”ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، لە رۆژنامەی”چاودێر”ەوە بانگهێشتی نەوشیروان مستەفای کرد بۆ رووبەڕووبوونەوە، لە منازەرەیەکی کراوەی تەلەفزیۆنییدا. دیارە مەبەستی سەرەکیی”مەلا بەختیار” لەسازدانی ئەو منازەرەیە راکێشانی نەوشیروانە بۆ نێو گفتوگۆیەکی راستەوخۆ، کە بێگومان هەم دەبێتە هۆی بەتاڵبوونەوەی ئەو ئەفسوونەی لە دەوری ناوبراو دروستکراوە. هەمیش دەبێتە پەردە هەڵماڵینێک لە رووی راستینەی نەوشیروان مستەفا کە نەوەک چاکساز نەبووە بەڵکو بەقەبارەیەکی ترسناک بەشداربووە لە پەرەپێدانی ئەو کولتوورە سیاسییەی ئێستاکێ بەحیساب لە دژی وەستاوەتەوە و چاکسازیی تێدا دەکات. ئەم بانگهێشتەی مەلا بەختیار یەکێکە لە هەنگاوە هەرە زیرەکەکانی باڵی بەرامبەر لە دژی ئەو باڵەی نەوشیروان کە زیاتر لە وتاری “ئێمەو ئەوان”ەوە خەتەکانی دیاریکرد و خۆی لەباڵی گشتیی یەکێتی پێ جیاکردەوە. بێ هیچ سێ ودوویەک ئەو بانگێشە،دەستپێشخەریی و پێشنیارەی “مەلا بەختیار” بۆ ئەوە نییە لە رێگەی منازەرەیەکەوە بگەنە ئەنجامێکی ئیجابیی، بەڵکو جۆرێکە لە سەلماندن بە نەوشیروان ئەویش وەک ئەوان بە قەبارە و سەنگی خۆی بەشداربووە لەو”ناعەدالەتی”یەی ئەوڕۆ لە وتاری”ئێمەو ئەوان”دا بەتوندیی رەخنەی جیددی لێگرتووە.
لەباری واقیعیشەوە نەوشیروان مستەفا نە ئەوەیە خۆی لە یەکێتی دابڕیبێت و ئەوەی راگەیاندبێت ئەو ئیتر یەکێتی بە خێر و شەڕییەوە رەت دەکاتەوە، نە ئەوەشە وەک دەستی چەپی یەکێتی درێژە بە چالاکیی بدات، ئەو لەلایەکەوە وتاری”ئێمە و ئەوان” دەنووسێت و لەلایەکی دیکەشەوە خۆی بە هاوبەش و پشکدار دەزانێت لەو بودجە و داهات و سەروەتەی هەنووکە بەدەستی “یەکێتی”یەوەیە. لەسەرێکەوە دەیەوێت وەک باڵی ریفۆرمخواز و ئۆپۆزیسیۆن نمایشی خۆی و کۆمپانیای وشە بکات، لەسەرەکەی دیکەشەوە هێشتا خۆی بەبەشێک لەجیسمی یەکێتی دەزانێت و رەوایی بەخۆی دەدات چەندێک ئارەزووی دەکات لە داهاتەکان و سامانی ئەو حزبە پشکدار و برابەش بێت. ئیدی فەلسەفەی ئەو منازەرەیەی مەلا بەختیار داوای کرد و نەوشیروان رەتیکردەوە، هەر لەوەدا نەبوو ئەو دوو کەسە کە ناکۆکییەکی قووڵ و مێژووییان لەگەڵ یەکتر هەبووە و هەیە، کێشەیەکی شەخسیی نێوان خۆیان یەکلابکەنەوە، چونکە وەک وتمان مەبەستی سەرەکیی لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو دوو کەسایەتییە لە رێی منازەرەیەکی کراوەی تەلەفزیۆنیی و لەبەردەم چاوی جەماوەر، بەچۆکداهێنانی نەوشیروان مستەفا و کۆمپانیایەکەیەتی بەتایبەت لەرێی خستنەڕووی پانۆرامای کردەوە و چالاکییەکانی نەوشیروان مستەفا لە مێژووی یەکێتیدا، هەروەها لەرێگەی ئەو لێکدژیی و ناکۆکییەی ئێستاکەش بەهەڵوێستەکانییەوە دیارە، کە وەک ئاماژەمان پێدا لە روویەکەوە ئەندازیاری چاکسازیی و داینەمۆی هێزی بەرهەڵستکارییە و لەرووەکەی تریشەوە بەشێکە لە دەسەڵات و پارتێکی سەرەکیی دەسەڵات.
من وا تێدەگەم نەوشیروان مستەفا دەبێت رێگەیەکی رۆشن بگرێتە بەر. رێگەی خۆ یەکلاکردنەوەی یەکجارەکیی، یان هەڵبژاردنی بەرەو سەنگەری ئۆپۆزیسیۆنەکان، یاخود بەشدار و بەشێک لەرەوتە گشتییەکە. لەوە بەدواوە یاریکردن لەنێوان ئەو دوو سەنگەرەدا مەهامەکەی بەتاڵ دەکاتەوە و لەپێش چاوی هاووڵاتیانیش سەنگ و بەهایەکی ئەوتۆی نامێنێت. بۆیە ئەگەر ئەمڕۆش بەپاساوی بەهێز و تاراددەیەک قەناعەتپێکەر خۆی لە داواکەی مەلا بەختیار بدزێتەوە، ئەوە بێگومان لەداهاتوودا دەیان داوای تری هاوشێوەی بەرەو روو دەکرێتەوە، تەنانەت لەلایەن هێزەکانی تریشەوە ئەو داوایەی لێدەکرێت، بێگومانیش خۆدزینەوە لە هەموو داوا و پێشنیارەکان جگە لەوەی متمانەی کاڵ و کاڵتر دەکاتەوە، لەهەمان کاتیشدا دەبێتە هۆکاری داڕوخانی یەکجارەکیی پڕۆژەکەی کە ناوی چاکسازیی و شەفافیەتی لێناوە. رەنگبێ ئەم گلاستنۆس و پرۆسترۆیکایەش هێندەی ئەوی گورباتچۆف رۆڵی هەبێت و سەرئەنجامەکەی بەداخەوە ناخۆش و تراژیدیی بێت.



تێبینی: ئەم وتارە لە ژمارە “57”ی گۆڤاری “نێوەند” لە مانگی نۆڤەمبەری ساڵی 2008دا بڵاوکراوەتەوە.

ستیڤان شەمزینی

Previous
Next
Kurdish