Skip to Content

تەنز/ سەعدۆ و هەلا بیلنەشاما.. عەبدولڕەحمان فەرهادی

تەنز/ سەعدۆ و هەلا بیلنەشاما.. عەبدولڕەحمان فەرهادی

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 4, 2024 General, Literature

سەعدەدین، كە ئێمە بە سەعدۆ بانگمان دەكرد، كوڕێكی ڕەقەڵەی كەپوو قنجی چاوشین بوو، باوكی وی لەناو قەیسەری، دوكانی جاجم و خرار و جەواڵفرۆشیی هەبوو. ئێواران دوای دەوامی قوتابخانە بۆ هاریكاریی باوكی دەچووە دوكانەكە، بە قسەی خۆی دەیگوت ئێمە شكاكین و لە بەری ئێرانەوە هاتووین. سەعدۆ هاوپۆلی من بوو لە پێنجی زانستی و قوتابییەكی هاروهاج و فێڵزان و چاوكراوە و بە جوولەجوولیش بوو، وەلێ لە ماتماتیك ئەوەندە زیت و زرنگ بوو، وەك دەڵێن ئاگری قودرەتێ بوو! زیرەكییەكەی بە ڕاددەیەك بوو، جار هەبوو هەستم دەكرد مامۆستاكەمان سڵی لێ دەكاتەوە. قەت لە ماتماتیك و شیكارییەكانی دانەدەما. ڕۆژانە دوای بەربوونمان لە مەكتەب، من و سەعدۆ بە پێ بەناو كۆڵانەكانی گەڕەكی عارەباندا دەگەیشتینە ناو بازاڕ و ئەو بەرەو دوكان و منیش بەرەو گۆڕەپانەكەی شوێنی یانەی كۆنی فەرمانبەران و لەوێ سواری پاسەكانی ئیسكان دەبووم و دەگەڕامەوە ماڵەوە. سەردەمانی ناكۆكیی نێوان حكوومەتی عیراق و كورد، دوای ڕێكەوتننامەی یازدەی مارت، لە نیوەی یەكەمی حەفتاكانی بووری، وەختێك سەعدۆ دیار نەما. زۆرجار بەكن دوكانەكەی باوكی دادەچووم، دەمبینی داخراوە، تومەز بابی وی بەگەڵ پێشمەرگە و ئەو خەڵكە كەوتووە كە بۆ پێشمەرگایەتی چوونەتە سەرەوە بۆ شاخ! دوای ئەوە ئیتر من سەعدۆم نەدیتەوە. نزیكەی چل ساڵ دواتر، ڕۆژێكیان لە تەیراوە، نزیك مزگەوتەكەی مەلا ڕەشید لەسەر عەرەبانەیەك دانەویبوومەوە، خەریكی پیواز بژاردن بووم، كە سەرم قیت كردەوە زەلامێكی چوارشانە تەماشای دەكردم، دوای دوو سێ جار تەماشاكردن و دیققەتدان، بۆم دەركەوت ئەمە سەعە خۆیەتی! هاوارێكم كردێ: كوڕە سەعدۆ؟ ئەوە تۆی؟ لێم سووڕایەوە و باوەشمان بەیەكدا كرد، ڕاستی من نازانم لە خۆشییان بوو یان لە چی! فرمێسك زایە چاوم و ئاگام لە پیوازومیواز نەما!.. هەستم كرد سەعدۆ زۆر گۆڕاوە، پێشتر لەڕ و لاوازێكی سیرمە بوو، ئێستا یەكی كەتەی چوارشانەی لێ دەرچووە!.. لەبیرمە لە پۆلی پێنج كە مامۆستا عومەر لە وانەی ڕووەكزانی، پرسیاری ئەركی ماڵەوەی لێ دەكرد، ئەو نەیدەزانی و لێی باش نەبوو چونكە حەزی بە دەرسەكە نەبوو و نەشیدەخوێند! پێی دەگوت: (دانیشە! سەعدۆی پیسی سیسی سیرمەی سەر سەیانی). هەر شەش وشەی ڕستەكەی عومەرەفەندی، پیتی (س)یان تێدا بوو، بۆیە قسەكەی ئەوەندە مۆسیقی و شیعراوی دەهاتە بەر گوێمان، هی هەندێ نەبوو لەبیری بكەین.. من لە باسی یادگارییەكانی ئەوكاتە، ئەوەی عومەرەفەندیم بیرخستەوە، ئیتر هەردووكمان لە بیرخستنەوەی ئەمە و بیرەوەریی دیكەی ئەو سەردەمانە دەتریقاینەوە و دەماندایە قاقای پێكەنین. خۆشیی سەردەمانی هەرزەكاری، لە تۆمارگەی هزرماندا بە هەوەنتە ناسڕێتەوە!.. لەگەڵ سەعدۆ لە جووت جادەكەی تەیراوە، بەدەم پیاسەوە خەریكی گێڕانەوەی سەرهاتەكانی ساڵانی قوتابخانە و هاوپۆلیمان بووین.. خۆشترینی ئەوانەی سەعدۆ بیری خستمەوە، كە یەكێكە لە تاكتیكەكانی هونەری فرتبازی و فێڵزانی! مەگەر تەنیا یەكێكی وەك سەعدۆی ماتماتیكزانی زۆڵ، بیری بۆ ئەم جۆرە فێڵانە بچێ!..
سەعدۆ گێڕایەوە: عەبە، لەبیرتە ئەو ڕۆژەی تووشی ژانە ددانێك بووم وەختابوو لەدەستی بگریم؟ ڕاستییەكەی ددانێشەكەیم لەبیر بوو، بەڵام بەهۆی زەینكوێرییەوە چیڕۆكەكەیم بەباشی نەدەهاتەوە یاد! سەعدۆ لە سەرابنەوە دەستی بە گێڕانەوە كرد: شەوێكیان بەهۆی ژانی ددانمەوە خەو نەچووبووە چاوم، چەند حەبێكی پۆنستانتیشم خواردبوو، كاریگەرییان نەبوو، بەیانییەكەی هاتمە بازاڕ و تا نزیكی نیوەڕۆ لە دوكانەكەمان خۆمم غافڵاند، كەچی ژانە ددان دەتگوت مارەزیوە لەناو ددانێكم دەگەڕێ و بەری نەدەدام!. بۆ سەعات دوازدە، كە تۆ هاتیە دوام و بەیەكەوە شۆڕبووینەوە قوتابخانە، من بەهۆی ژانەكەمەوە حەجمینم لێ بڕابوو، ئاگام لە دەرس و دەوام نەمابوو، تۆیش لە پشووی وانەی سێیەم، منت بردە لای مامۆستا سەڵاح مەردان، كە مامۆستایەكی توركمان بوو، ماوەیەك بووە بەڕێوەبەرمان، لەوێ مۆڵەتی نەخۆشی و چوونە دختۆرمان وەرگرت و هاتینە دەرەوە. هەر بە پێ چووینە شەقامی پزیشكان، لەوێ نۆڕینگەی چەند دختۆرێكی ددانمان دۆزییەوە، یەكیان وابزانم ناوی دختۆر تەڵعەت بوو! چەند دختۆرێكی تریش لە خوار ئەو هەبوون، یەكی تریان پێم وابێ ناوی دختۆر یاوس یان یەڵماز بوو! باشت لەبیرە كە من پارەی تەواوم پێ نەبوو، دەستت لەناو هەردوو گیرفانی شەرواڵەكەم ڕاكرد، لە نیو دینار زیاترت نەدیتەوە، خۆشت ڕۆژاناسا هەر پارەی پاسی گەڕانەوە بۆ ماڵەوەت پێ بوو. لە نۆڕینگەی دختۆر تەڵعەت بەسەركەوتین، دوای نیو سەعات چاوەڕێ، لە دختۆر چووینە ژوورەوە. كە دختۆرەكە تاماشای ددانی كردم، سەرێكی بادا و گوتی:
ددانت كلۆر بووە و پێویستی بە هەڵقۆڵین و پاككردنەوە و پڕكردنەوەیە.
منیش هەر نیگەرانی ئەوە بووم كە پارەكەی بەڕكم بەشی چارەی ددانەكەم ناكات. دختۆرەكە تەماشایەكی كردمێ تا بزانێ ئاخۆ چی دەڵێم!
باشە یان نا؟
گوتمە دختۆر: ئەم پڕكردنەوەیە چەندی دەوێ؟ مەبەستم تەكلیفی پارەكەیە.
دختۆرەكە وەڵامی دامەوە: كاكە گیان بەهەمووی دەكاتە دوو دینار.
لە دختۆرەكەم پرسی، بۆ وا گرانە؟
گوتی: دینارێك هەقی بەنجەكەیە و دینارێكیش هیی پڕكردنەوەكەی. نرخەكە دیاریكراوە.
بیرم كردەوە، قیڕوسیا. گوتم: زۆرباشە، بەنجەكەی لێدە.
دختۆر دوو بەنجی لەملاولای ددانەكەم دا و گوتی: فەرموو لە دەرەوە بیست خولەكێك چاوەنۆڕبە تا بەنجەكە كاری خۆی دەكات.
هاتینە دەرەوە و پێنج خولەكێك لە بەر دەركی دختۆرەكە لای ڕێكخەری كارەكانی، دانیشتین. من هەر لە بیركردنەوەی ئەوەدا بووم چی دەقەومێ ئەگەر تەواوی پارەكەم نەبێ بیدەمە دختۆر؟
لەهیكڕا بیرێك هزری ڕاژەنیم.. عەبە، بیرتە بەیەكەوە هاتینە خوارەوە و چووینە لای دختۆرێكی دیكەی ددان؟ هەڵە نەبم هەر دختۆر یاوسەكە بوو!.. لەوێ ڕێكخەرەكەی دوای نزیكەی چارەكە سەعاتێك ناردینیە لای ئەو دختۆرە. ئەویش بە وردی لە ددانە بەنجاوییەكەم ڕاما و گوتی:
ددانەكەت زۆر كلۆر بووە و پێویستی بە پڕكردنەوەیە، ئەمەیش بە بەنج دەكرێ.
گوتمە دختۆرەكە: سەرلەبەری ئیشەكە، چەندی پارە پێویستە؟
وەڵامی دایەوە: گەر دەتەوێ ببڕای ببڕ، ئەو ددانەت ژانی نەیەتەوە، هەمووی دەكاتە دوو دینار.
گوتم: بۆ ئەوەندە گرانە؟
گوتی: دینارێك هەقی بەنجەكەیە و دینارێكیش هیی پڕكردنەوەكەی. نرخەكە دیاریكراوە.
پێشتر بیرم كردبووەوە پلانی فێڵێكی تۆكمەم دانابوو، بەڵكوو بە نیوە لێی دەرچم و دواتریش ڕێیەك بۆ باقی پارەی تێچوو بدۆزمەوە!
تەماشایەكی دختۆرەكەم كرد، ئەویش هەر چاوەنۆڕی وەڵامدانەوەمە. ترسێك ناخی گرتم. دوای چەند چركەیەك ڕووم كردە دختۆرەكە و گوتم:
باشە دختۆر گیان، ئەگەر بێ بەنج ددانەكەم بۆ پڕكەیتەوە، بێگومان هەقدەست و چارەسەری خۆ هەمان نرخ نییە؟ دەبێ نیوە بێت! مەبەستم بوو دوای ئەوەیش هێشتا نرخەكەی پێ كەم بكەمەوە.
وەڵامی دامەوە: بابی من، ئەو ددانەت زۆر كلۆر بووە، چۆن بەرگەی ژانی ڕنین و چاكردنەوەی دەگریت؟ خۆ ئەمە گاڵتەی منداڵان نییە؟
گوتم: با، بۆ من گاڵتەی منداڵانە و دڵنیام بەرگەی دەگرم.
دختۆرەكە زۆری مشتومڕ لەگەڵ كردم، سوودی نەبوو، من هەر سوور بووم لەسەر ئەوەی هەر دەبێ بێ بەنج بیكەم. ئەویش تووڕە بوو و گوتی:
شەرتبێ تۆ ئەوەندە جوامێر و ئازا و پیاو بیت و بێ بەنج لەژێر دەستم بەئارامی داسەكنێیت. شەرتبێ هیچت پارە لێ وەرنەگرم. سەیرە هاااا! تۆ لەو تەمەنەت چۆن دەتوانی بەرگەی ئەو ژانە بگریت؟ بێ بەنج؟! نامەوێ من پارەم ناوێ. دەی وەرەوە ژێر دەستم.. چوومەوە سەر كورسییەكەی و كەوتمەوە ژێر دەستی. دەستی بە ڕنینكاریی ددانەكەم كرد و نیو سەعات بەرگەی ئەو ژانەم!! گرت. هەتا هاتینە دەرەوەیش دختۆرەكە هەر بە واق وڕماوی تەماشای دەكردم و دەیگوت: یا هەلە بیلنەشاما!
خۆم و پارەی گیرفانی شەرواڵم وەكوو خۆی، سوپاسێكی گەرمی دختۆرم كرد. خۆ لەبیرتە، وەك پاڵەوانێك بەپێشت كەوتم و لە قاڵدرمەكان هاتینە خوارەوە؟. دوای سەعاتێك زیاتریش بەنجەكەی دختۆر تەلعەت هەر بەرینەدابووم.
تا گۆڕەپانی پاسەكان بەیەكەوە بووین و بەدرێژایی ئەو ڕێیە پێكەنین بەرینەدەداین و ئەو خەڵكەش هەر تەماشای دەكردین. لە گۆڕەپانەكە تەوقەیەكمان كرد و تەماشایەكی دوڕ چاوم كردیت، سكم پێت سووتا، من دەستم لە گیرفانم نا و لەو پارەیەی پێم بوو ڕوبعێكم خستە گیرفانت و تا لێك بزربووین هەر پێدەكەنیین.
————————————————
*هیچ مەرج نییە، چیڕۆك بەسەرهات یان گێڕانەوە یان ڕەنگدانەوەی ڕاستی بێت.
ع.ف

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress