Skip to Content

فیلمی سینەمایی “هەتاو” نوێنەری سینەمای ئێران لە ڕێوڕەسمی ئۆسکاری 2021

فیلمی سینەمایی “هەتاو” نوێنەری سینەمای ئێران لە ڕێوڕەسمی ئۆسکاری 2021

Closed
by تشرینی دووه‌م 15, 2020 Cinema, General

مەنسوور جیهانی ـ فیلمی سینەمایی “هەتاو” لە دەرهێنانی “مەجید مەجیدی” و لە وێنەگرتنی سینەماکاری کورد “هوومەن بێهمەنێش” وەکوو نوێنەریی سینەمای ئێران بە ڕێوڕەسمی مەراسیمی ئۆسکاری 2021 ناسێندرا.

لێژنەی ناساندنی نوێنەری سینەمای ئێران بە ڕێوڕەسمی ئۆسکار، دوای چەندین کۆبوونەوەی بەردەوام، فیلمی سینەمایی “هەتاو” (خورشید) Sun لە دەرهێنانی “مەجید مەجیدی” بە ناونیشانی نوێنەری سینەمای ئێران بە ڕێوڕەسمی ئاکادیمیای ئۆسکار لە ساڵی 2021 ناساند.

دکتۆر “رائید فەریدزادە” سکرتێر و وتەبێژی لێژنەی ناساندنی فیلمی ئێرانی بە ئۆسکار گوتی: کاری ئەم لێژنەیە، بە لەبەرچاوگرتنی گۆڕینی یاساکانی ئۆسکار، باشترین فیلم کە بە زمانی بیانی و بێجگە لە زمانی ئینگلیزی سازکراون و گۆڕینی مۆڵەتی کاتی بەشداریی لەم خولەدا، بە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆڕۆنا، بە هەڵسەنگاندنی 90 فیلم کە لە وڵاتی ئێران نمایش کراون، دەستی پێکرد و پاشان ئەندامانی لێژنەی هەڵبژاردن بە لیستێکی هاوبەشی 12 فیلمی گەیشتن.

گوتیشی: لە درێژەدا، ئەندامانی لێژنەی ناساندنی نوێنەری سینەمای ئێران بە ڕێوڕەسمی ئۆسکار، بە دووبارە خوێندنەوەی یاسا و ڕێساکان و هەڵسەنگاندنی پسپۆڕانەی فیلمەکان و دوای وەرگرتنی دەنگەکان و کۆکردنەوەی بیرووڕاکان، لە نێوان سێ فیلمی سینەمایی “هەتاو” (خورشید) لە دەرهێنانی “مەجید مەجیدی”، “داری گوێز” (درخت گردو) لە دەرهێنانی “محەمەد حوسێن مەهدەویان” و “یەلدا” (یلدا) لە دەرهێنانی “مەسعوود بەخشی”، فیلمی سینەمایی “هەتاو” لە دەرهێنانی “مەجید مەجیدی”یان وەکوو بەرهەمی کۆتایی هەڵبژارد و ئەم بەرهەمە بە واژۆی ئەم لێژنەیە، بە ناونیشانی نوێنەری سینەمای ئێران بە ڕێوڕەسمی ئۆسکاری ساڵی 2021 ناسێندرا.

ئەم فیلمانەی دیکە کە لە لیستی سەرەتایی لێژنەی هەڵبژاردندا بۆ ناساندنی نوێنەری سینەمای ئێران بە ئۆسکار بوون، بریتی بوون لە: فیلمی سینەمایی “بارهەڵگری زێڕ” لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد “توورەج ئەسڵانی”، فیلمی سینەمایی “دنیا لەگەڵم سەما بکە” (جهان با من برقس) لە دەرهێنانی “سرووش سێحەت”، فیلمی سینەمایی “ماڵی باوکی” (خانە پدری) لە دەرهێنانی “کیانووش عەیاری”، فیلمی سینەمایی “مەلەی پەپوولە” (شنای پروانە) لە دەرهێنانی “محەمەد کارت”، فیلمی سینەمایی “رۆژگاری نارنجی” (روزگار نارنجی) لە دەرهێنانی “ئاڕش لاهووتی”، فیلمی سینەمایی “تومان” لە دەرهێنانی “موڕتەزا فەڕشباف”، فیلمی سینەمایی “گاڵتەجاریی پێکردن” (مسخرەباز) لە دەرهێنانی “هۆمایوون غەنی زادە”، فیلمی سینەمایی “مردن لە ئاویی خاوێندا” (مردن در اب متهر) لە دەرهێنانی “نەوید مەحموودی”، فیلمی سینەمایی “یەلدا” لە دەرهێنانی “مەسعوود بەخشی”، فیلمی سینەمایی “کوشتارگا” (کشتارگاە) لە دەرهێنانی “عەباس ئەمینی”، فیلمی سینەمایی “داری گوێز” (درخت گردو) لە دەرهێنانی “محەمەد حوسێن مەهدەویان” و هەروەها فیلمی سینەمایی “هەتاو” (خورشید) لە دەرهێنانی “مەجید مەجیدی”.

ئەندامانی لێژنەی ناساندنی فیلمی ئێرانی بە ناوەندیی فەرهەنگ و هونەرە سینەماییەکانی ئۆسکاری 2021 لە هونەرمەندانی پێشنیارکراویی ماڵی سینەمای ئێران پێکهاتبوون کە بریتین لە: “محەمەد عەلی نەجەفی” دەرهێنەر، “جەماڵ ساداتیان” بەرهەمهێنەر، “ئاتیلا پێسیانی” ئەکتەر، “کەماڵ تەبریزی” دەرهێنەر، “محەمەد داوودی” وێنەگر، “نەرگیس ئابیار” دەرهێنەر، “فەرهاد تەوحیدی” سیناریۆنووس و “ئانتۆنیۆ شۆرەکا” ڕخنەگری سینەما و دکتۆر “رائید فەریدزادە” سکرتێر ئەنجوومەنی نێودەوڵەتی سینەمای ئێران و جێگری نێودەوڵەتی ڕێکخراوەی سینەمایی فاڕابی وەکوو ئەندامی یاسایی ئەم لێژنەیەی هاوڕێیەتی کرد.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish