نیشتمانێك له دار ژاڵه … ئومێد مه‌حمود
نیشتمان..
كه تۆ خه‌واڵو بووی و
هێشتا قژی به‌یانیت دانه‌هێنابو
من و دایكه كڵۆڵه‌كه‌م
له پێشوازیتدا سه‌ری هه‌میشه به‌رزمان بۆ دانه‌واندی و
فه‌رشی سوورمان،
به خوێنی خۆمان بۆ راخستی ..
كه‌چی قه‌ره‌قۆزه‌كانی ئه‌و زه‌مانی كه تۆ پشتت
له‌ژێر قامچییه‌كانی حه‌لاج دا
كووڕ ببو،
ئه‌وان له‌سه‌ر خوانه‌كانی سوڵتان ..
كه‌نزیك و جه‌وارییه‌كانیان ده‌ڕازانده‌وه‌و ..
پێكی چرووكیان هه‌ڵده‌دا ..
به خشكه، هاتن و ..
خوێنی من و دایكه داماوه‌كه‌م و ..
مێزه‌ر و ته‌سبیحه‌كه‌ی قازی محه‌مه‌د و..
چاویلكه‌كه‌ی جگه‌رخوێن و..
(مه‌م و زین)ی خانی و..
گۆچانه‌كه‌ی پیره‌مێردو ..
ریشه قه‌ترانی و جامانه‌كه‌ی مامه ریشه‌یان
له بازاره‌كانی ئه‌نكه‌ره‌و..
بۆرسه‌كانی له‌نده‌ن و..
باڵه‌خانه‌كانی ده‌وحه‌و ..
دیوه‌خانه‌كانی ریازو..
تاران و تووووووووووووووووووووووووووران …
هه‌راج و هه‌رزانرفرۆش كرد.
نیشتمان ..
هاوار بۆ كێ ده‌به‌یت و فرمێسكی بێ ئومێدیی
بۆ كێ هه‌ڵده‌ڕێژی..؟
هاوار، له نێو ده‌ریاكان و سنووره‌كانی نامۆیدا
خنكاو..
ماسیه‌ك و نه‌وره‌سێكش
گوێی له وه‌سیه‌ته‌كه‌ی نه‌بو..
به‌سه‌ر به‌له‌مه قاچاخ و پڕله درۆكانی شۆڕشه‌وه،
ته‌نها نامه‌یه‌ك و
دزدانێك و دوا وێنه‌ی یادگاریی..
له‌گیرفانی شه‌پۆله‌كانی مه‌رگدا جێهێشت و
دواماڵوایی له من و تۆ و ……………….
گوڵه نێرگزه‌كان كرد.
نیشتمان ..
هێشتا من و
مناڵه چاوزیته گوڵه‌به‌رۆژه‌فرۆشه‌كه‌ی كۆڵان،
پیاسه‌یه‌كی ئێوارانی سه‌ر خاسه‌مان به‌كامی دڵ نه‌كردبو..
شۆسته‌كانی كۆڕنیشیان دایه به‌ر نه‌قیزه‌ی مه‌تر و
به‌ردو زه‌ل و ..
ته‌نانه‌ت،
سه‌ره‌مێكوته‌و..
چه‌مه‌كشیان نایه نێو ته‌رازو و
له گونیه‌و به‌ڕكیان توند كرد ..
نیشتمان ..
زامه‌كانت له‌سه‌ر كام گه‌ڵای بابرده‌ڵه ..
یان گڵكۆی شه‌هید و ..
قیژه‌و هاواری ده‌نگه خنكاوه‌كانی (ئیجه)دا بنووسمه‌وه..؟
كام په‌یڤم،
جورئه‌تی دركاندنی ..
فرمێسكی به كوڵی پیره داك و بابی ..
نائاسووده به جه‌سته‌ی ساردی،
رۆڵه خێرنه‌دیوه‌كه‌ی هه‌یه..؟
نیشتمان
دارستانه‌كانت بۆنی مه‌رگیان لێدێ و
كه‌متیارو چه‌قه‌ڵ،
پاسه‌وانییانه ..!
كه‌نارییه‌كان هه‌ڵفڕین و ..
پاسارییه‌كانیان سه‌ربڕی و ..
گوڵه‌شه‌وبۆ و مێخه‌كانیان كرده گه‌ردنی..
كچه شازاده شێت و شووره‌كه‌و..
ئه‌ویش فڕێی دایه به‌رده‌می ..
پشیله كوێره‌كه‌ی ..!