
کولتوری سەقەت.. نەوزاد بەندی
سیستمی فەرمانڕەوایی عێراق هەتاکو کۆتایی فەرمانڕەوایی ئەحمەد حەسەن بەکر ساڵی 1979 سیستمێکی شارستانیی مۆدێرن بوو، دوور لە دەسەڵاتی خێزان و تیرە و خێڵ، بۆ نمونە کوڕ و کچ و برا و خوشک و ئامۆزا و زاوا و خاڵۆزا و مام و خاڵەکانی عەبدولکەریم قاسم و ئەحمەد حەسەن بەکر، کەس نەیئەناسین و دیار نەبوون، هیچ دەسەڵات و پۆست و پلە و پایەیەکی فەرمانڕەواییان لە وڵاتدا نەبوو، واتا وەک هەر سەرۆک کۆمارێکی شارستانیی مۆدێرن، کەسانێکی ئاسایی بوون، بەڵام کاتێک سەدام حسێن هاتە سەر کورسی دەسەڵات، یەکسەر خەزوور و ژن و کوڕ و کچ و زاوا و ژنبرا و خاڵ و مام و ئامۆزا و خاڵۆزا و پاسەوانە تایبەتەکانی سەدام لە شانۆی سیاسەتا قوت بوونەوە، هەر یەکێکیان پلە و پۆست و دەسەڵاتی خۆی وەرگرت، ئیدی کوڕی بکژ و ببڕ، ئامۆزای سەرسەریی و خەزووری چەقۆکێش و جۆرەها دڕندە و تاوانباری بنەماڵەی سەدام وەک گورگ بەربونە گیانی میللەتانی عێراق، یاسا و دەستوور کەوتە ژێر پێڵاوەکانیان، بە جۆرێک هاووڵاتیانی عێراقیان وەک مێش و مەگەز تەماشا ئەکرد و بە ئارەزووی خۆیان ئەیانکوشتن و زیندان و ئەشکەنجە و بزریان ئەکردن.
داهاتی ووڵات وەک میراتیی بنەماڵەکەیانی لێهات و بە بێ سنوور تەخشان و پەخشانیان دەکرد بۆ نمونە کۆمپانیای تایبەت بە پەیکەر و وێنە زەبەلاحەکانی سەرۆک و خزمەکانی لە ووڵاتی ئیتاڵیای سەنتەری پەیکەرتاشیی جیهان، دامەزرێنرابوو، ئەوە لە کاتێکدا سەربازێکی سوپاکەی بە مانگانەی تەنها 21 دینار، پەلکێشی بەرەکانی جەنگە گاڵتەجاڕییەکانی ئەکرا و ڕۆحی ئەکێشرا.
لە دوای ڕوخانی ئەو ڕژێمە ترسناکە گاڵتەجاڕە، گەلانی عێراق بە تەمای سیستمێکی فەرمانڕەوایی مۆدێرن و تێکنۆکرات بوون، بەڵام جێگای پێکەنینه کە نەک هەر ئەو کولتوورە سەقەتەی سەدام قەڵاچۆ نەکرا، بەڵکو بە زیادەڕەوییەوە پەیڕەویی لێکرایەوە، بە جۆرێک ئەگەر سەدام سەدەیەک عێراقی دواخستبێ، ئەوانەی دوای خۆی هەزاران ساڵ عێراقیان بە قوڕدا برد، ئەوەتا بەچاوی سەر ئەبینین لە سەرتاسەری عێراقدا، کوڕ و کچ و خزم و یار و یاوەری سەرۆک و سەرۆک حیزب و بنەماڵە و تیرە و هۆزەکان، هەموویان بڕیار بە دەست و بکوژ و ببڕن، شازادە و ملیاردێرن، بێ باکانە سامانی سەر زەوی و ژێر زەوی نیشتمان بە هەدەر دەدەن، نەخوێندەوار و گەمژە و هەوەسباز و ملهوڕ، هەموو ڕێز و شەرم و شکۆیەکیان لێ هەڵگیراوە، ڕۆژانە دەیان جار یاسا و دەستووری ووڵات وەک جووتێ پێڵاو لە پێ دەکەن، هەرچییەکیان بوێت، بە چەقەنەیەک دەستیان ئەکەوێت تەنانەت بڕوانامەی دکتۆرا و سەرۆکایەتیی زانکۆ، لە هەموو بەها ڕەوشتی و ئاینیی و مرۆڤایەتییەکان داشۆراونەتەوە، هیچ حیسابێک بۆ عەقڵ و لۆژیک و مێژوو ناکەن، ڕۆژنامە و بیریار و نووسەری ئۆپۆزیسیۆن وەک گیزەی مێشولە تەماشا ئەکەن و هەر کاتێک گیزەکە بێزاری کردن، بە سپرایەکی پف پاف لەناویان ئەبەن.
ئەم کولتوورە سەقەتەی سەدام بووەتە مەزهەب و ئاینی هەموو کاربەدەستانی عێراق، لە بەڕێوەبەری دەزگایەکی بچووکەوە، هەتا ئەگات بە سەرۆکەکانی ووڵات.واتا ئەگەر جاران یەک سەدام هەبووبێ ، ئێستا دەیان هەزار سەدام لە ووڵات بەلەسە بوون و سمکۆڵ ئەکەن و جووتە ئەوەشێنن، جوگرافیا و ئابووری و کۆمەڵایەتیی و زانست و هونەر و ئەدەب و مێژوو و ڕەوشت و هەموو بەهاکانی مرۆڤ ئەشێوێنن و باکیان نییە، لەناو غەریزە و حەزە حەیوانییەکانیاندا نوقوم بوون و بۆ یەک چرکەیش، بچوکترین ڕەخنە له خۆیان ناگرن. جارێکیان پیاوێکی کوێر خۆی ئەگەیەنێتە سەدام پێی ئەڵێ : گەورەم ! بەڕێوەبەرایەتیی هات و چۆ مۆڵەتی شۆفێرییم نادەنێ، ئەڵێن کوێریت.
سەدام حسێن یاسا و لۆژیکی لە پێ کردبوو، لە لوتکەی بەلەسە بوون و خۆ بە خوا زانیندا، بە کوێرەکەی ووت : سبەینێ بڕۆ بۆ بەڕێوەبەرایەتیی هات و چۆ پێیان بڵێ : سەدام حسێن ئەڵێ مۆڵەتی شوفێریی بدەنێ !!..
ئەمڕۆ دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە 20 ساڵ بەسەر لە سێدارەدانی سەدامدا، برادەرێک ووتی : ئوتومبیلێکم لە بەرپرسێک کڕی، تابلۆکەی هی بەڕێوەبەرایەتیی هات و چۆی هەولێر بوو، پێم وت میرم بڕۆم بۆ هەولێر بۆ ئەوەی ساڵانەکەی بخەمە سەرخۆم ؟
بەرپرسەکە پێی وتبوو : هەولێری ناوێ، بە هات و چۆی سلێمانی بڵێ هی فڵانە، تابلۆکەت بۆ دەگۆڕن بە سلێمانی!
جێی پێکەنینە سەرۆک خێڵی وای تێدایە تابلۆی کۆمەڵێک لە ئوتومبیلەکانی هەمان ژمارەن.. ههههههه..یان تابلۆیان هەر نییە، کوڕی بەر پرس هەیە کەسێکی بە بێ تاوان کوشتوە، فەخامەتی باوکی نەیهێشتووە کوڕە پیاو کوژەکەی تەنانەت یەک شەویش لە زیندان بێ، بە بەڕێوەبەری زیندانی وتووە : من لەم شارەدا نوێنەری یاسام، واتا نوێنەری یاسا هاتووە ئەم کوڕە لە زیندان بهێنێتە دەرەوە ..ههههههه .. ئەمە چەند گالتەجاڕ و لە هەمان کاتدا خەمگینیشە ..چەند نمونەیەکی خێرام هێنایەوە تاکو حوکمی خێڵ و لەپێکردنی یاسا لە سەردەمی سەدامەوە هەتا ئەمڕۆ، ڕوونتر بکەینەوە.
گەلێک کولتووری سەقەتی تر هەیە کە بە ئاگاداریی و بێ ئاگاداریی، دەسەڵات و میللەت پێکەوە پەیڕەوی لێ دەکەن، بووە بە داب و نەریت، ناتوانن لێی لا بدەن. بۆ نمونە لە سەردەمی سەدامی سەرۆکخێڵدا، لە شارەکانی کوردستاندا لە ئێوارەوە خەڵکەکە دوکان و بازاڕیان چۆڵ ئەکرد و لە ماڵەکانیاندا جێگیر دەبوون، چونکە شەوان لە زۆربەی شارۆچکە و شارەکانی کوردستاندا قەدەغەی هات و چۆ بوو، بۆ نمونە خۆم زیاتر لە جارێک کاتێ ئاڕاستەم لە کەرکوکەوە ه بۆ سلێمانی بووە، سەعات 5 ی ئێوارە، لە بازگەکە، ڕێگایان نەداوم و گەڕێنراومەتەوە بۆ کەرکوک.
ئێستا ئەم کولتوورە سەقەتە هێشتا لەلای زۆرینەی خەڵکی کوردستان بە توندیی پەیڕەو ئەکرێت، واتا ئێواران هەمووان بۆ ماڵەکانیان ئەگەڕێنەوە، شەقامەکان قەڵەباڵغییەکی زۆر بە خۆیانەوە ئەبینن، بە بێ ئەوەی شەوان قەدەغەی هات و چۆ بێ، تەنها وەک کلتورێکی سەقەت چووەتە ناو خانە و کڕۆسۆمۆمی خەڵکەکەوە، بە بێ ئاگاداریی خۆیان بەردەوامیی بەو ترسەی سەردەمی سەدامی سەرۆکهۆز ئەدەن و پەیڕەویی لێدەکەن، زۆرینەی خەڵکەکە لەگەڵ ئێوارەدا وەک کۆڕەو بەرەو ماڵەکانیان، بە خێراییو پەله پڕوسکێ،ڕائەکەنەوە بۆ ماڵەکانیان.
کولتورێکی تری سەردەمی سەدامی سەرۆکخێڵ، بازگەی نێوان شار و شارۆچکەکان بوو، لە سلێمانی هەتا کەرکوک بۆ نمونە، لە باخی بەختیارییەوە بازگەکانی سەدام دەستیان پێدەکرد، هەتا ئەگەیشتیتە کەرکوک دە دوانزە بازگە ئوتومبیلی خەڵکیان ڕائەوەستاند و داوای ناسنامەیان لەسەر نشینەکان ئەکرد و دایانئەبەزاندن و جانتاکانیان ئەپشکنین، وەک کۆمەڵێک بوونەوەری ئەستیرەیەکی تر لە سەرنشینەکان وورد ئەبوونەوە، لە تاوانبارێکی وەهمیی ئەگەڕان، زۆرجار سەرنشینێکیان لە بازگەکە ڕادەگرت و بە ئوتومبیلەکەیان ئەوت بڕۆ، هەندێک جار ئەو سەرنشینە فێرخوازی زانکۆ و پەیمانگا بوو، لە ڕێی گەڕانەوەیدا بۆ زانکۆکەی لە موسڵ یان بەغداد، لە بازگەی قەرەهەنجیر بۆ نمونە، دابەزێنرابوو، ڕاگیرا بوو، وەک دوژمنی گەل و نەتەوە و ئاڵا زیندان کرابوو ..!!
ئێستایش ئەم کولتوورە سەقەتەی سەدامی خێڵخواز درێژەی هەیە و پەیڕەویی لێدەکرێ، لە نێوان شار و شارۆچکەکانی عێراقدا بە کوردستانیشەوە، چەندین بازگەی چەکداریی دەسەڵاتەکان ئەبینین، لە هەندێکیاندا تانک و زرێپۆش وەستاون، چەندین تاسەی بەرز و ناقۆڵا و ڕاگری کۆنکرنێتی بەهێز دانراون، هەتا ئەو تاوانبارە وەهمییانە نەتوانن بە ئاسانیی بۆی دەرچن و لە سزای گەل و نیشتمان قوتار بن!
بە ڕاستی ئەمە کولتورێکە لە یەک کاتدا جێگای شەرم و پێکەنینیشە، بۆ نمونە بڕۆ بۆ وڵاتێکی وەک ئێران یان تورکیا. لەسەر سنور یەک پۆلیس پاسپۆرتەکەت مۆر ئەکا، ئیتر لە باشماخەوە هەتا ئەگەیتە دەریای خەزەر کە زیاتر لە 10 سەعات شۆفێرییە بە خێرایی سەروو 120کیلۆمەتر لە سەعاتێکدا، یەک بازگە نابینیت یان لە شاری سیلۆپییەوە هەتا ئەگەیتە شاری ئەنکەرای پایتەخت، زیاتر لە 17 سەعات ڕێ بە ئوتومبیل، یەک بازگە نایەتە ڕێت، پۆلیسێک نابینیت مۆڕەت لێ بکا و داوای ناسنامەت لێبکا، به ڕوخسارتا بگەڕێ بەڵکو ئەو تاوانبارە وەهمییە له تۆدا بدۆزێتەوە و قۆڵبەستت بکا !
چ نەخۆشییەکی سەختە ئەم بازگە و تاسە و کۆنکرێت و تەرتیباتە.
کولتوری وێنەی سەرۆک کە پێدەکەنێ و کەسیش ناپرسێ بۆچی پێدەکەنێ، سڵاو دەکا و ڕوونیش نییە سڵاو لە کێ دەکا، وێنەی سەرۆک شتێک ئەخوێنێتەوە یان ئەینوسێ، پەنجە ڕائەوەشێنێ و توڕەیە، سەرۆک لە کاتی ووتارێکی مێژوویی ناسکدا، لە ساتەوەختی بڕیارێکی چارەنوسسازیی گرنگ و بێ وێنەدا، هەموو ئەو وێنانە، کولتوری سەقەتی سەدامی تیرەگەر بوون و لە دوای خۆی شین بوونەتەوە و بە چەندین جۆر پێوەن و موتوربە کراونەتەوە.
کولتوری قات و بۆینباخ پۆشین بە چلەی هاویندا لە لایەن بچوکترین بەڕێوەبەر هەتا سەرۆکەکان خۆیان، کولتوری سەدان پاسەوانی کەڵەگەت و چوارشانە و شارەزا لە فەلاقە کردنی مرۆڤدا، کولتوری کۆشکی گەورە و ناوازە، کولتوری کەناڵی تایبەت بە جوانکردنی سەرۆک و کارەکانی، پڕۆژەکانی، پیاوەتیی و ئازایەتیی و سەرکەوتنەکانی، زیرەکیی و جوانیی و بنەچە پیرۆز و بێوێنەکەی، کلتوری گۆرانی وتن بە قەد و باڵایدا لەلایەن گۆرانیبێژه هەلپەرست و پارە پەرستەکانەوە، شیعر نوسین بەسەر دەسکەوت و ئامانجە مەزنەکانیدا لەلایەن شاعیرە شیعرفرۆشەکانەوە، پڕ کردنەوەی ڕۆژنامەکان بە ووشەی سواو و بێ تام و بێ بۆ بەسەر حوسن و جەمال و دەلال و شەهامەت و سەخاوەتی سەرۆکدا لەلایەن قڕپۆقەکانی ڕۆژنامەوە کە لەسەر پارەی مفت و بێ عەرەق ئەژین،وەک حەربا بە ناو حیزب و مەزهەبەکاندا بۆی ئەخشێن و ڕەنگیان ئەگۆڕن و زمانیان بۆ ناو گیرفانە هەڵئاوساوەکان درێژ ئەکەنەوە و پارەی پێ ئەگرن، دەرئەنجامەکەیشی ئەوەیه ، بڕۆ ڕۆژنامەی حیزبەکان کلیۆ و نیوێکت بۆ ئەکێشن بە هەزار دینار وەک سفرەی نانخوارن و بۆ ناو قەفەزی کەناری و شوشە سڕین بەکارئەهێنرێن نەک بۆ خوێندنەوە.
لە ڕاستیدا مانەوە و پەیڕەوکردن و جوینەوە و کۆپی و پێستکردنەوەی کولتوری سەقەتی سەدامی سەرۆکعێل، دەسەڵات و میلەتێکی کەمئەندام پێشکەش ئەکا، کۆمەڵگایەکی نەبەکام، ئیفلیج دێنێتە بەرهەم، ووڵاتێکی زیندان ،کە تێکڕای دانیشتووانەکەی بە بێ ئاگاداریی خۆیان حەز ئەکەن لێی هەڵبێن، ئەگەر بە سەرهەڵگرتنی یەکجارەکیی بێ بۆ ئەوروپا، یان بە گەشتی دینی و گەشتیاریی، بۆ ئەوەی ئەو کۆمەڵگایانە ببینن کە کولتووری سەقەت بێزاری نەکردوون، جا کە ئەگەڕێنەوە بۆ زێدی کولتوورە سەقەتەکەی خۆیان، یەکەم قسەیان ئەوەیە کە لەو گەشتەیاندا مێشکیان فۆرمات بۆتەوە، یان ئەپدەیت یان شەحن بۆتەوە، ئیتر نازانن چۆن و بە چی ؟چونکە لەو زبڵخانە کولتوورییە سەقەتەی خۆیان بێ ئاگان ..یان ڕاستتر ئەوەندە تیایدا ڕۆچوون و دووبارەیان کردۆتەوە، لایان وایه بەشێکە لە نیشتمانپەروەریی و ئاین و ڕەوشتی بەرزی نیشتمانیی