قەسیدەی رووتبوونەوەی پیاوێکی کێویی.. ستیڤان شەمزینی
تۆ ئەی ژنە نازدارەکە
ئەگەر کاتت ھەیە
چەند خولەکێک گوێم بۆ رابگرە
بێ حەپەسان لە وشەکانم ورد ببەوە
تۆ منت زۆر گۆڕیوە
پێش ناسینی تۆ
بەھەشتی داڵغە شەھوانییەکانم
جمەی دەھات لە حەشاماتی سۆزانی
ھێندە لاسار بووم
حەزم دەکرد چەقۆیەک بکەم
بە لاقەبرەغەی خۆردا
بێ شەرمکردن لە تریفە
بەردبارانی مانگەشەو بکەم
ھیچ سەرلەشکرێکی دێرین
ھیچ سیاسەتمەدارێکی ھاوچەرخ
ھێندەی من بەد ئەنگێزە نەبووە
حەزم لە خاپوورکردنی شارەکان و
کوشتنی کانیاوەکان و
ئەشکەنجەدانی ئازادیی بوو
ماڵی بیرکردنەوەم
شوێنی حەسانەوەی نیرۆن بوو
بیرم دێتەوە
زەلکاوی بۆقەکانم شێواند
بە قامچی بەربوومە گیانی پەروانە
ھێلانەی چۆلەکەکانم تێکدا
بەو دیمەنە شێواوە
قاقا دەکەوتمە پێکەنین
با ئەوەشم لە بیر نەچێت
ھێندە سادیست بووم
حەزم لەو فیلمە ترسناکانە دەکرد
خوێن تیایاندا جۆگەلەی دەبەست
رقم لە قوربانییەکان دەبووە
پێکی سەرکەوتنم
بۆ جەلادەکان تێدەکرد
رەنگە بڕوا بەوە نەکەیت
ئەگەر بڵێم
حەزم دەکرد لەشی گوڵ
لە بن پێڵاوی دڵڕەقیمدا بپلیشێتەوە
بە شمشێرێکی کۆن
سەری ھەزاران
خەونی نوێ لێ بکەمەوە
ببمە بایەقووشی جەنگ و
سەرژمێری کوژراوەکان بکەم
دەبێت باوەڕت بەم قسانەم بێت
ئەوەندە درۆزن بووم
ھێندە دڵگەرمانە فووم دەکردە
میزەڵدانی درۆکانمەوە
چەندان جار بە چڕوچاومدا دەتەقین
بێ تەریق بوونەوە، دووبارە
فووم لە درۆیەکی گەورەتر دەکردەوە
ھێندە بێ شەرم بووم
تەنوورەی مێژووم ھەڵدەدایە و
باسی جلی ژێرەوەیم
بۆ ئایندە دەکرد
ھێندە دۆڕاو بووم
قومارم لەسەر ھەرچی کردبا
بە ئیفلاسبوونم کۆتایی دەھات
تەنیا یەک جار نەبێت
جۆکەری کۆنکەنی پایز
کردمییە براوەی تێکڕای گەڵا وەریوەکان
ھێندە کێویی بووم
ئەنگوستیلەی ھیچ خەیاڵێکی شارستان
بە پەنجە دڕەندەکانی منی نەدەکرد
ھێندە تەڵخ و تۆزاویی بووم
رووم نەدەھات
لە بەردەم ھیچ ئاوێنەیەکی رووندا
تەماشای ناشرینی ناخم بکەم
ھێندە بەدفەڕ و زمانشڕ بووم
ھاوڕێتی رەشەبام دەکرد
ھەواڵی تواندنەوەی دوو مۆمی شەیدام
لە باوەشی یەکتردا
بەسەرتاپای خێوەتەکانی
عەشیرەتی خەنجەردا بڵاو دەکردەوە
نامەوێت بەم قسانە شۆک بیت
وا تێبگەیت سەرەم ھاتووە
بمبەن بۆ شێتخانە
نا، دەمەوێت خۆم رووت بکەمەوە
لەبەردەم تۆدا
جلەکانم ھەر لەبەردا دەبێت
دەخوازم ماسکەکانم دابنێم
لە تەنگەبەریی گۆڕ دەترسام
ھەمیشەش گوناھی مەزنم دەکرد
ئاگرم لە کولانەی سەگەکان بەردەدا
گڵۆپی سەرشەقامەکانم دەشکاند
لەگەڵ تاریکییدا سەرچۆپیم دەگرت
بە لای ھەر درەختێکی بەرداردا تێپەڕیبم
تا سنووی رشانەوە لێم خواردووە
پاشان ھەموو چڵەکانیم شکاندۆتەوە
لە ھەر کانیاوێک تینووێتیم شکاندبێت
پڕم کردووە لە بەردی سپڵەیی
لە ھەر پەناگەیەک پشووم دابێت
وەک پاشماوەی جەنگ جێمھێشتووە
لە ھەر شارێک داڵدە درابم
نزای کاولبوونیم کردووە
بە ھەر دەشتێکدا رۆشتبم
تەمەنام کردووە ببێتە قەبرستان
حەزم لە بوختانکردن بوو
چەندان جار بوختانم بۆ دەریا کردووە
لەگەڵ کەشتیوانەکان بە شەڕم داوە
زۆرجاری تریش
بوختانم بۆ مۆم ھەڵبەستووە
گێژەڵوکەم ناردووە بۆ گیانی
لەناکاو وەک ئیزرائیل
رۆحی دەرکێشاوە
ھیچ کاتێک پێنەکەنیووم
مەگەر ئینجانەم بە شکاویی بینیبێت
مەگەر چرچ و لۆچیی غەمگینی
بە رووخساری کۆترێکی گەنجەوە
بە تەواویی سەرنجی راکێشابم
یان ئەو کاتەی بینیوومە
جادووی رەش لە باخێک کراوە
گوڵ لە ھەناویدا
دەستی کردووە بە ھەڵوەرین
ھەر لەو کاتانە پێدەکەنیم
دەمبیست گەشبینی
سزای لە سێدارەدانی بۆ دەرچووە
یان باڵندەیەکی شیکی بەرزەفڕ
بڕیاری خۆکوشتنی داوە
ئەو کاتانەش کە ھەواڵم پێدەگەیشت
گۆرانی سەری خۆی لە قوڕ ناوە و
لەبەر قاپی نیگەرانی کەوتووە
ئەمە ھەموو داستانی منە
پێش ناسینی تۆ
پرسیار مەکە ھەنووکە چۆنم
بە چاوی خۆت دەبینیت
گریانم
لە چاوی ھەر کارێزێکی بێ نازدا
پێکەنینم بەسەر لێوی عەشقەوە
بارانم بۆ ھەر کێڵگەیەکی تینوو
زریانم بۆ راماڵینی تەپوڵکەی کینە
ھەورە بروسکەم بەھەموو پیاوێتیمەوە
بەسەر دێوی تەنھاییدا دەگرمێنم
کەمانچەیەکم بەدەستی چرچی خوداوە
ئایەتێکم لە سورەتی خۆشەویستی
پارچەیەکم لە ئەڵماسی مرۆڤدۆستی
ژیلەمۆیەکم بە شەماڵی عەشق دەگەشێمەوە
پەشمەکم لە نێو دەمی شیعردا دەتوێمەوە
شەونمم بە لاجانگی دابڕاندا دێمە خوارەوە
ھاواری ئەوینێکم سەدان ساڵ دەنگ دەداتەوە
کەشتییەکم پڕ لە سەرنشینی مەست
زەریای موحیبەت دەبڕن
پێکێک “مەی”م، ژنێک دەمخواتەوە
سەری پڕ دەبێت لە خەیاڵی جوتبوون
پەنجەی درەختێکم
تەسبیحاتی سەوزبوونەوە دەکات
قاچی خەونێکم
بەرەو واقیع ھەنگاو دەنێت
چریکەی تیژی مەقامبێژێکم
تەرمی ھەلاھەلابووی
جوانی دەلاوێنێتەوە
خۆ دەیبینیت، من زۆر گۆڕاوم
ئەو مرۆڤە مێشک چڵکنەی پێشوو نیم
ئەو پیاوە داڕووخاوەی جاران نیم
ئەو بوونەوەرە سامناکەی رابردوو نیم
رەنگە پێت سەیر بێت
ئەم دۆنادۆنە چۆن روویدا!
نھێنییەکەیت بۆ ئاشکرا دەکەم
تەنھا یەک جار
بەر دوو دڵۆپ
پرشنگی مێینەیەتی ژنێک کەوتم
تەنیا دوو دڵۆپ بوو نەک زیاتر
تەنیا دوو دڵۆپ