
بۆچی حکومەتی ئێران لەم دۆخە تۆقاوە؟.. عەبدولڕەحمان گەورکی
رژێمی مەزهەبیی ئێران کە مانەوەی خۆی لەسەر سەرکوت، تیرۆر، هەناردەکردنی بناژۆخوازی و نکۆڵیکردن لە ئازادییەکان بنیات ناوە، لە ساڵانی رابردوودا بە هۆی پەرەسەندن و فراوانبوونی پشتیوانیی نێودەوڵەتی لە موقاومەتی ئێران و بە تایبەت لە خانمی مریەم رەجەوی، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەنجومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران، لە رادەبەدەر تۆقاوە. لە راستیدا هەرچەشنە شەرعیەتدانێکی سیاسی و نێودەوڵەتیی موقاومەت، هەڕەشەیەکی جیددییە بۆ سەر مانەوەی ئەم رژێمە داڕزیوە. چون ئاماژەیە بە نزیکیبوونەوەی بەدیلێکی دێموکراتیک و راستەقینە و جێی متمانە بۆ داهاتووی ئێران لە بەرامبەر رژێمی مەزهەبیدا.
لە چەند مانگی رابردوودا پشتیوانیکردنێکی سەرسوڕهێنەر بۆ موقاومەتی ئێران لە ئاستی نێودەوڵەتیدا تۆمار کراوە: زۆرینەی نوێنەرانی کۆنگرێسی ئەمریکا بڕیارنامەیەکیان پەسەند کرد کە پشتگیرییان کردووە لە پلاتفۆرمە (10) خاڵییەکەی خانمی مریەم رەجەوی. هەروەها زۆرینەی پەرلەمانی ماڵتا و زۆرینەی ئەنجومەنی پیرانی بەریتانیا و زیاتر لە 330 ئەندامی ئەنجومەنی گشتیی بەریتانیا و هەروەها زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپی پشتیوانیکردنی خۆیان بۆ موقاومەتی رەوای خەڵکی ئێران راگەیاندووە. ئەم ئاستە لە پشتیوانیکردن، بێ گومان زەنگی مەترسییە بۆ سەر رژێمی ویلایەتی فەقیهی و کاردانەوەی تووڕەی داوودەزگاکانی رژێمی ئێران و لەوان مەجلیس و وەزارەتی دەرەوەی ئەو رژێمەی لێکەوتەوە.
پرسیاری بنەڕەتی ئەوەیە: بۆچی پاڵپشتییەکی لەو شێوەیە، بووەتە هۆی ئەم ئاستە لە ترس و دڵەڕاوکێ لە ناو رێبەرانی رژێمدا؟ دەبێت وەڵامەکە لە سروشتی پێکهاتەیی رژێمی ئێران بۆی بگەڕێین. رژێمێک کە لە بنەڕەتدا لەسەر ئینکاری دیموکراسی و ئینکاری ئازادیی تاک و کۆمەڵایەتی و سەپاندنی سەرکوتی بەربڵاو دامەزرابێت، بەرگەی بوونی ئەڵتەرناتیڤێکی دیموکرات و رێکخراو و سکۆلار و باوەڕمەند بە یەکسانی ژنان و پیاوان ناگرێت. بە تایبەت کاتێک ئەم ئەڵتەرناتیڤە نەک هەر تیۆری، بەڵکو پراکتیکی و پێی لەسەر زەوییە و خاوەن بنکەیەکی جەماوەری و مێژووییە.
کاردانەوەی توندی رژێم بەرامبەر بە پەسەندکردنی ئەم بڕیارنامانە و پشتیوانیکردنی نێودەوڵەتی و لەوانە بانگهێشتکردنی باڵوێزەکانی رۆژئاوایی و دەرکردنی لێدوانی فەرمی لە لایەن مەجلیسی شووڕای ئیسلامی و وەزارەتی دەرەوەی رژێم و کەڵک وەرگرتن لە میدیای فەرمی و نیمچە فەرمی بۆ هێرشکردنە سەر موقاومەت، ئاماژەیە بە قووڵترین ئاستی دڵەڕاوکێ لە پێکهاتەی سیاسی دەسەڵاتداردا. ئەم هێرشانە ئەوە دەردەخەن کە رژێمی ئێران نەک هەر توانای قەبووڵکردنی لایەنێکی سیاسیی رکابەری نییە، بەڵکو لە بەرامبەر هەر شەرعیەتدانێکی نێودەوڵەتیی ئۆپۆزسیۆن، خۆی لە مەترسی داڕماندا دەبینێت.
لە لایەکیترەوە، ئەم رژێمە باش دەزانێت کە چالاکییەکانی (ناوەندەکانی شۆڕش)ی سەر بە موقاومەتی ئێران لە ناوخۆی ئێران، چەندین جار تەحەدای نەزمی سیاسیی دەسەڵاتی کردووە. ئەم گرووپانە کە لە ناو دڵی شار و گەڕەکەکانی ئێراندا چالاکن، توانیویانە وەک بڵێسەی ئاگری ناڕەزایەتی جەماوەری بەرامبەر بە رژێمی ئێران، گیانی بەرخۆدان لە کۆمەڵگادا زیندوو رابگرن. ئاگاداربوون لەم تۆڕە دینامیکییە لە ناوخۆی ئێراندا، بەتایبەتی کاتێک لەگەڵ پشتیوانیی سیاسی و یاسایی جیهانیدا یەکدەگرێتەوە، رژێمی بە بەردەوامی تۆقاندووە.
لەم پێوەندییەدا رژێمی مەزهەبیی ئێران هەوڵێکی بەرفراوانی بۆ بڵاوکردنەوەی بوختان لە دژی موقاومەت و خانمی مریەم رەجەوی دەستپێکردووە. بەکارهێنانی کرێگرتەکانی لە میدیای فارسی لە دەرەوەی ئێراندا، بەکارهێنانی کرێگرتە سیخوڕ و هەواڵگرییەکانی، کە خۆیان وەک شرۆڤەکار و رۆژنامەنووس حەشارداوە، بڵاوکردنەوەی هەواڵی ساختە و راپۆرتی شێواوی چالاکییەکانی موقاومەت و تەنانەت بەکارهێنانی کرێگرتە و رێکخراوەکانی پەیوەست بە دیکتاتۆرییەتی شای رووخاو، هەموو ئەمانە بەشێکن لە هەڵمەتە رێکخراوەکانی رژێمی ئێران. ئامانجی ئەم پڕوپاگەندەیە قەناعەت پێکردنی رای گشتی نییە، بەڵکو دروستکردنی گومانە لە نێوان لایەنگرانی نێودەوڵەتی موقاومەت و کەمکردنەوەی شەرعیەتی گەشەسەندووی موقاومەت.
بەو حاڵەیش، ئەوەی لە ئێران روو دەدات زۆر جیاوازە لەو پڕۆپاگەندانە. خەڵکی ئێران ساڵانێکە دژی ستەمی مەزهەبی راپەڕیون. راپەڕینەکانی ساڵانی ٢٠١٧ و ٢٠١٩ و ٢٠٢٢ بە روونی دەریانخست کە خەڵک چیتر بەردەوامیی ئەم سیستەمەیان ناوێت و بەدوای گۆڕانکارییەکی بنەڕەتیدان لە پێکهاتەی سیاسی وڵاتدا. لە دروشمەکانیاندا نەک هەر رەتکردنەوەی شەرعیەتی ئەم دەسەڵاتە، بەڵکو داوای گۆڕینی دەسەڵات، بەرەو کۆمارێکی “دیموکراتیک” و “ئازاد” دەکەن کە خانمی مریەم رەجەوی نوێنەرایەتی دەکات.
خانمی مریەم رەجەوی و ئەنجوومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران پلانێکی روونیان لە سەر بنەمای بەها جیهانییەکان پێشکەش کردووە. بەرنامەی 10 خاڵی کە بریتییە لە جیاکردنەوەی ئایین لە دەوڵەت، یەکسانبوونی ژنان و پیاوان، هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان، خودموختاریی نەتەوە و نەتەوەکانی ئێران و پەیوەندیی ئاشتیانە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، بە مۆدێلێکی نوێ بۆ داهاتووی ئێران دادەنرێت.
هەر لەبەر ئەمەشە کە پشتیوانیکردنی جیهانی لەم موقاومەتە، گەورەترین هەڕەشەیە بۆ سەر بەردەوامی هەژموونی رژێمی مەزهەبیی ئێران. چونکە ئەم پشتیوانیکردنە تەنیا سیاسی نییە، بەڵکو هێمای سەرەتای کۆتاییهاتنی دیکتاتۆرییەتی ئایینییە لە ئێران. ئەو رۆژەی موقاومەتی خەڵکی ئێران بە پشتیوانیکردنی نێودەوڵەتی، سەرکەوتنی کۆتایی بەدەست دەهێنێت، سەرەتای سەردەمێکی نوێ دەبێت لە مێژووی ئێران و ناوچەکەدا.
عەبدولڕەحمان گەورکی نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی