Skip to Content

ڕۆمان و تەکنەلۆژیا – بەشی هەشتەم … گۆران سەباح

ڕۆمان و تەکنەلۆژیا – بەشی هەشتەم … گۆران سەباح

Closed
by ئاب 16, 2020 General, Literature


ڕاستیی ئەوڕۆ خەیاڵی نەوەی پێشووە. لە سەرەتای هەشتاکاندا، کاتێ نیکۆلاس نیگرۆپۆنتێ بە دنیای ڕاگەیاند ڕۆژێک دێت کتێب لەسەر تابلێت دەخوێنینەوە، سکرین گچکە دەبێتەوە و بە دەنگ و ڕەنگ لە دوورەوە بەشداری کۆنفڕانس دەکەین، دنیا فشەی پێ کرد. زۆر کەس فشەی بە ڕۆمانی خەیاڵی (خەز) دێ، دەڵێن هەمووی درۆیە، بەس ئەوەی ئەوڕۆ بە فشەی دەزانن سبەی ڕاستییە.
گرینگە خەزنووس بزانێت چۆن تەکنەلۆژیا بەکار دەبات کاتێ خەزێکی تەکنەلۆژی دەنووسێت. بواری تەکنەلۆژیا فراوانترە لەوەی ئێمە بە مۆبایل و سکرین و کۆمپیوتەر سنوورداری دەکەین. ئەم باسە ئەو تەکنیکانە دەخاتە ڕوو پێویستن بۆ نووسینی خەز. بێو ئەم تەکنیکانە نێنە بەکاربرن، خوێنەر لە وردەکاری تەکنیکیی ڕۆمانەکە ناگات. خەزنووس، جولی هیزی، دەڵێت هێندە باسی وردەکاری مەکە خوێنەر سەری پێ بێشێت، تەنێ کاریگەریی تەکنەلۆژیا لەسەر کارەکتەر بدرکێنە (٢٠١٨). خەزنووس، سوزان کۆڵنس، لە ڕۆمانی (Hunger Games) ناچێتە ناو وردەکاری میکانیکیی شوێنی یارییەکە، باسی تەکنیکی تەکنەلۆژی ئامێر و چۆنێتیی کارکردنیان ناکات. نەک هەر پێویستی پێی نییە، خوێنەر، بگرە لێشی تێک دەچێت و تامی لێ ناکات.
خۆ گەلێ شاکارە خەز تژین لە تەکنەلۆژی و زمانی تەکنیکی. ئەدی ئەوە چییە؟ کاتێ سەیری فیلمێکی خەز دەکەیت، واقت وڕدەمێنێت لە وردەکارییەکان و دەپرسی، “خەزنووس چۆن ئەمەی نووسیوە؟” بێو ئەم خەزانە بخوێنییەوە (Hunger Games, Fransktein, Ender’s Game, Station Eleven, The Maze Runner, Fahrenheit 451) وەڵامەکەت دەست دەکەوێت. خەزنووسی ئەم ڕۆمانانە و هی تریش ئەم تەکنیکانەی خوارەوەیان بەکار بردووە، بۆیە سانایە بۆ تێگەیین.
تەکنەلۆژیای نوێ بچوێنە بە شتێکی ئاشنا (هیزی، ٢٠١٨). ڕۆمانی (Virtual Sabotage)ی جولی هیزی ئەم تەکنیکەی بەکار بردووە. باسی هەندێ ئامێری سەیر دەکات و دەیچوێنێت بەو ئامێرانەی ئێستە هەن. من لە ڕۆمانی نوێمدا (ساڵی نوێ دێتە چاپکرن و نامەوێ ئێستە ناوەکەی ئاشکرا بکەم) باسی جۆرە تەلەفۆنێک دەکەم و دەیچوێنم بە ئایفۆنی ئێستە تا خوێنەر لێم حاڵی بێت.
زێتر باشتر نییە. درێژدادڕی هەردەم سەرئێشە دروست دەکات. لە باسەکانی پێشوودا باسی درێژدادڕیم کردووە. ئەی ئەگەر وردەکارییەکە تەکنیکی و تەکنەلۆژی بێت؟ ئەوە هەر مەپرسە، بە یەکجاری مێشکت تێک دەدات و ڕۆمانەکەت لەبەرچاو دەکەوێت.
کاتی خۆی لە ناوەندیی کۆماری کوڕان، مامۆستای مێژوومان بە بست وەڵامەکانمانی دەپێوا، چەند زۆر بووایە، هێندە نمرەت وەردەگرت. خۆ کەس نەیدیبوو وا بکات، بەڵام ئەوەی زۆری نووسیبا زۆری وەردەگرت، با ڕاستیش نەبایە. سەیری زۆربەی نووسەرانی کورد بکە، بەتایبەتی پیرەکان، حەزیان لە درێژدادڕییە. بەڵگەت دەوێت، بڕۆ ڕۆمانەکانی بەختیار عەلی بخوێنەوە. هەر ڕۆمانێکی بەختیار ڕێک نیوەی زیادەیە. من ئەم حوکمە دەدەم چونکە دەتوانم و دەزانم باسی چی دەکەم. دەتوانم شاری مۆسیقارە سپییەکان بە ٢٠٠ لاپەڕ دابڕێژمەوە. لە ڕۆمانی (دواهەمین هەناری دونیا)دا، چوار لاپەڕی یەکەم خوێنەر بێزار دەبێت لە بیست و یەک ساڵ دیلێتیی کارەکتەرەکە، هێندە دووبارە دەبێتەوە، هێندە دەیهێنێت و دەیبات تامەکەی دەسوێت. بێو من تەحریری ئەو چوار لاپەڕەیە بکەم، دەیکەم بە نیو لاپەڕ و ئەو هەموو سێ سفرییەش لا دەبەم (. . . )، نازانم نووسەری کورد بۆ هێندە حەزی لەو سێ سفرەیە و ناشزانێت ئەرکی چییە. شێرزاد حەسەن و بەختیار عەلی ئەو نەوەیان فێری ئەو کوردییە سەقەتە کردووە. لە دەرفەتێکدا دێمە سەر ئەو جۆرە ڕۆمانانەش کە چەشەی ئەدەبیی خوێنەریان خەساندووە، نووسەری نوێی سەقەتیش بەرهەم دێنن. نموونەی بەختیار و شێرزاد دەهێنمەوە، چونکە خەزمان نییە. ڕەخنەش لێیان ڕەتکردنەوەیان نییە. نابێ پاساو بۆ ڕەخنە بهێنمەوە، بەڵام خەڵک هەیە تێ ناگات.
لە ڕۆمانی (Flowers for Algernon)دا، دکتۆر چارلی گۆردن نەشتەرگەریێک دەکات، بەڵام نووسەر وردەکاری تەکنەلۆژیی ئامێرەکان باس ناکات، زێتر گرینگی بە ئەنجامەکەی دەدات. خەزنووس دەبێت ئاگای لە ئاستی ڕۆشنبیری و مەعریفی خوێنەر بێت، بۆیە ئەم دوو تەکنیکەی سەرەوە یارمەتی خەزنووس دەدەن یارمەتی خوێنەر بدات لە ڕۆمانەکەی تێبگات. لە ڕۆمانی نوێمدا هێندە باسی وردەکاری تەکنەلۆژی و زانستی ناکەم. بەس ئەوە مانای ئەوە نییە هەر هیچ زانیاری نەدەیت. نا. زانیاری بدە بەس هێندە داوی مەدێ.
ناو لە شتەکانت بنێ. لە ڕۆمانی نوێمدا کۆمەڵێک ئامێری زانستیم داهێناوە و ناویشم لێ ناون، وەک: ماگنۆسکین، ئاڕگ، پۆهمان و تاد. ناو بێ سیفەت و ئەرک نییە. سیفەت و ئەرکیان ئاشکرا بکە. پێویستن. بێو شتەکان ناویان نەبێت، خوێنەر ون دەبێت و نازانێت چ باسە. ڕۆمانی (Star Trek) بخوێنەوە، هەر شتە و ناوی خۆی هەیە. ئەمەش کاری نووسەر و خوێنەر ساناتر دەکات.
پابەندی ئەو یاسایانە بە بۆ جیهانی خەزەکەت داتناون. لە باسەکانی پێشوودا، بە تێری باسی بنیاتنانی جیهان و یاساکانم کردووە. نووسەر نابێ یاساکانی بشکێنێت. ئەی کارەکتەر؟ ڕێی تێدەچێت. سەرپێچیکردنی یاساکان دەبێ لە پێناو شتێکدا بێت، یان هۆی خۆی هەبێت. پاڵەوانی ڕۆمانە نوێیەکەم یاساکان دەشکێنێت، بەڵام هۆی خۆی هەیە و بەشێکە لە چیڕۆکەکە. بەس بێو نووسەر لە بەشی یەکەم یاسایێک دابنێت، بەشی چوارەم یاسایێکی ڕێک پێچەوانەی ئەوی هەبێت و بەشی دەیەمیش یاسایێکی تر، ئەوە پابەندبوون نییە بە یاسا. ئەمە سەر لە خوێنەر دەشوێنێت.
دوا تەکنیک ئەوەیە، دەبێ تەکنەلۆژیا خزمەتی کارەکتەر بکات، نەک بە پێچەوانەوە. تەکنەلۆژیا بۆ خزمەتی مرۆڤایەتییە. كارەکتەر گرینگترە لە تەکنەلۆژیا. کاریگەریی تەکنەلۆژیا پێشان بدە لەسەر کارەکتەر، نەک بە پێچەوانەوە. لە ڕۆمانی (دووی سوور)دا، تەکنەلۆژیا کار دەکاتە سەر خەڵک و پێشانم داوە چۆن خەڵک دەگەوجێنێت. لە ڕۆمانی (Fahrenheit 451)دا، ئاخۆ گای مۆنتاگ دەگۆڕێت بێو کلاریس نەبووایە؟ نا. کەواتە خوێنەر دڵی زێتر بۆ کارەکتەر و لایەنە مرۆییەکە لێ دەدات تا لایەنە تەکنەلۆژییەکە. ڕاستە داهێنانەکە خەیاڵ و بلیمەتیی نووسەر پێشان دەدات، بەس نابێ لەسەر حسێبی کارەکتەر بێت.

سوودم لەم سەرچاوە دیتووە

Julie Hyzy (November 3, 2018). Writing about fictional technology. Retrieved on August 13, 2020 at https://www.writersdigest.com/publishing-insights

Previous
Next
Kurdish