Skip to Content

یەکەمین کتێبی وەشانخانەی باڵندە بڵاودەبێتەوە

یەکەمین کتێبی وەشانخانەی باڵندە بڵاودەبێتەوە

Closed
by ئاب 4, 2018 Books, General

«باران بەسەر کێڵگە دوورەکاندا دەبارێت»، یەکەمین کتێبی وەشانخانەی باڵندەیە، کە هەڵبژاردەیەکە لە شیعرەکانی وەدیع سەعادە و لە عەرەبییەوە بڕیار محەمەد تاهیر کردوویە بە کوردی.

وەدیع سەعادە شاعیرێکی لوبنانییە. ٦ـی جوولای ساڵی ١٩٤٨ لە گوندێک لە باکووری لوبنان لە دایک بووە، ناوی شەبتینـە. گوندەکە، وەک زۆر گوندی دی، بە تەواوەتی لەناو سروشتدایە. خۆی دەڵێت، لە ماڵێکدا لە دایک بووم، سەقفەکەی و ئەرزەکەی گڵ بوو. یان دەڵێت، سروشت یەکێک بوو لە ئەندامانی خێزانەکەمان. لە کۆی ئەزموونی شیعریی وەدیع سەعادەدا بە ئاشکرا ئەم ئاوێتەبوونەی سروشت و مرۆڤ دەبینینەوە.

یەکێکی دی لەو تێمایانەی لە شیعری وەدیع سەعادەدا بەری دەکەوین، مەرگە. ئەمەش چیرۆکی خۆی هەیە:
تەمەنی وەدیع ١٤ـساڵان دەبێت، کاتێک لە خوێندنگە دەگەڕێتەوە و گوێی لە مامی دەبێت: “وەدیع… وەدیع… باوکت سووتا، باوکت مرد.”

دەڵێت، کە باوکمم بینی، لەسەر قەنەفەکە دانیشتبوو، یەک پەیکەری گەورە بوو لە خەڵووز. دواتریش جەنگی ناوخۆی لوبنان و مەرگی زیاتر و زیاتر. مەرگ ئاوها هاتووەتە ناو ئەم ئەزموونەوە.

لە سەرەتادا وا پێ دەچێت بە پەرۆشییەکی زۆرەوە دەستی دابێتە نووسینی شیعر، ڕەنگە هێشتا ئەو پەرۆشییە مابێت، بەڵام پێ دەچێت لە سەرەتادا لای وەدیع هیوایەک هەبووبێت، کە ئەم شیعرانە شتێک لە دنیا دەگۆڕن، بەڵام ئێستا…

وەرگێڕ سەبارەت بە کتێبی «باران بەسەر کێڵگە دوورەکاندا دەبارێت» دەڵێت: “نامەوێت لێرەدا بکەومەوە ناو ئەو باسەی کە وەرگێڕانی شیعر کارێکی سەختە یان هەر قسەیەکی لەم بابەتە. تەنیا دەمەوێت بڵێم ئەم کتێبە یەکەم کاری وەرگێڕانی منە، پێش هەموو شتێکیش گرنگییەکی شەخسیی بۆ خۆم هەیە، هەر بۆیە کردوومە. کتێبەکە هەڵبژاردەیەکە لە کۆی بەرهەمەکانی وەدیع سەعادە، شیعری درێژ و شیعری زۆر کورتیشی تێدایە، بەڵام بە گشتی ئەزموونەکانی کۆتاییی وەدیع سەعادەی لە خۆ گرتووە.”

«باران بەسەر کێڵگە دوورەکاندا دەبارێت» لە ماوەی داهاتوودا لە دووتوێی ١٣٠ لاپەڕەدا و بە نرخی سێ هەزار دینار چاپ و بڵاو دەبێتەوە.

Bryar Muhamad

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish