Skip to Content

ڕۆمانی “جارێکیتر هاوسەرگیری ناکەم” و کۆمەڵێ بیروهزری جوان.. شاخەوان قادر شۆڕش

ڕۆمانی “جارێکیتر هاوسەرگیری ناکەم” و کۆمەڵێ بیروهزری جوان.. شاخەوان قادر شۆڕش

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 6, 2022 General, Literature



“جارێکیتر هاوسەرگیری ناکەم” ناونیشانی ڕۆمانێکە کە هاوڕێ و نووسەری هێژا شوان حەسەن نووسیوویەتی، ڕۆمانێکە لەچەند دیدێکی جیاوازەوە گوزارشت لە کێشەکانی هاوسەرگیری و بەیەکەوەژیانی پیاو و ژن دەکات، دەچێتە ناو کێشە جیاجیاکانی هاوسەرگیری لە چەند ئەزموونێکی جیاوازەوە. لەنێوان نمونەکاندا سێ جۆری هاوژینی کە مرۆڤی کورد لە وڵاتانی ئەوڕوپادا تووشی دەبن یا دەکرێ تووشی ببن بەتەواوی زاڵن. “ئازاد” کە منداڵێکی لە ژنی یەکەمیدا بەناوی “ساوێن” هەیە ڕۆڵی سەرەکی لە هاوسەرگیریەکاندا دەبینێ و گێرانەوەکان ئەزموونەکانی ئەون. ئازاد لەگەڵ ڕۆیشتنی کاتدا خۆی پێگەیاندووە و بۆتە کەسێکی هۆشمەند و ئازاد لە کۆمەڵگەی سویدیدا، بەجۆرێک کە توانیویەتی سنوری ترادیسیۆنانەی هاوسەرگیری ببەزێنێت و بێسڵەمینەوە بچێتەناو ژیانێکی تازە و هاوژینی دیکە پەیدا بکات.
ئەو گرفت و ناکۆکییە خێزانداریانەی کەگوزارشت دەکرێن بابەتێکن لەگەڵ ژیانی ڕاستەقینەدا تەواو گونجاون و دەکرێ لەلایەن زۆر لە کوردانی ئەوڕوپادا بناسرێنەوە. نمونەی یەکەم، هاوسەرگیری لەنێوان کوڕێک و کچێک لەکوردستاندا و دواتر هاتنیان بۆ ئەوڕوپا، کێشە و گرفتەکانی ئەو جۆرە هاوسەرگیریە و گەماڕۆ کۆمەڵایەتیەکانی کۆمەڵگە کە کاریگەریان لەسەر دەستپێک و دروستبوونی هاوسەرگیریەکەدا هەیە و دواتر وەکو تارمایی بەسەر خێزانەکەوەن و تێکەڵی ژیانی ناوخۆی ژن و مێردن. لەلایەکیتر چۆنیەتی پێگەیشتن و گەشەکردنی ژن و پیاو و چۆنیەتی وابەستەیی یا خۆڕزگارکردن لە گرێ و بەربەستە پیاوسالارییە کوردەواریەکان کە دەکرێ زۆر ئاسایی دوو دەرهاویشتەی جیاواز لەخۆ بگرن. یەکێک دەرچوونە لە نۆرم و نەریتە بەسەرچووەکان و یەکێک گەڕانەوە و وابەستەییە بە نۆرم و نەریتە کۆنەکان و دەربڕینیانە بەجۆری دیکە. دیارە ئەم نمونەیە واتە هاتنی ژن و مێرد لە کوردستانەوە بۆ ئەوڕوپا و دواتر چ چارەنووسێک چاوەڕوانیان دەکات دەکرێ بەسەدان ڕێچکەی جیاواز لە کۆمەڵگەی نوێی ئەوڕوپیدا گوزەرکەن و دەرهاویشتەی جیاوازیان بێگومان دەبێت. وەکو هەر هاوسەرگیریەک بنەمایەکی تایبەت بەخۆی هەیە. ئەوەی نووسەر ئاماژەی بۆ کردووە یەکێکە لە ڕێچکە و دەرهاویشتەکانی.
دوای ئەوە نووسەر دێتەسەر جۆرێکی تری بەیەکەوەژیان لەنێوان ئازاد و کچێکی سویدی بەناوی “سۆفیا”، ئازاد مرۆڤێکی هۆشمەند و ڕاستگۆیە و لەگەڵ نۆرم و ئیتیکی سەردەمیانەدا ئاشنایە و کێشەیەکی دیاری نییە، تەواو دەتوانێ لە کۆدەکانی ژیانی کۆمەڵگەی سویدی بگات، سۆفیا کچە سویدیەکی ژیر، هوشیارو چاڵاکە، ئەو ئازادی بەڕاستی خۆش دەوێت و بەڕادەیەک ڕەچاوی بەرژەوەندیەکانی ئازاد دەکات و ئەوانەی خۆی دەخاتەلاوە، بەڵام لەبەرامبەردا ئازاد بێئاگایانە چوارچێوەی ژیانە تایبەتەکەی خۆی تەواو نابەزێنێت دوا لە سۆفیا ناکات بێت لەگەڵی بژی و خانووەکەی خۆی بداتەوە و لەخانووەکەی ئازاددا ژیانی هاوژینی و بەیەکەوەیی بێ جیایی ئەدرەس دەستپێبکەن. ئازاد خواست و بەرژەوەندیەکانی سۆفیا نابینێ و پەیوەندیەکە لەسەرەتاوە تا کۆتایی ئەو لاسەنگییە بەخۆوە دەگرێت، تاکو ڕۆژێک سۆفیا پێی دەڵێت ئیتر تەواو من چیتر ناتوانم. بەمجۆرە ئازاد ئەو دیارییە دەگمەنە لەدەست دەدات کە دەکرێ مرۆڤ یەک جار لە ژیانیدا دەستی بکەوێت. ئازاد خۆشەویستی ژنێکی ژیر و مرۆڤدۆست لەدەست دەدات.
دوای ئەوە ئازاد تێکدەشکێ و لەناخەوە بریندار دەبێت و بەدوای وەڵام و هۆکارەکاندا دەگەڕێت و دەکەوێتە گومان و ڕەخنە لە خۆی. دوای ماوەیەک بە کچێکی کورد بەناوی “نسێ” ئاشنا دەبێت کە لە وڵاتی سوید گەورەبووە و هەڵگری بیروهزرێکی کوردی و سویدیە، کچێک لەلایەن دایکوباوکێکی کوردەوە لە سوید گەورەبووە و پەروەردەکراوە، لەچوارچێوەی رێکخستنی هاوسەرگیریی خێزانیدا بەشوو دراوەتە کوڕەخاڵەکەی و منداڵیكیان بەناوی “کەڤین” دەبێ و دواتر بەناچاری لەمێردە نادڵسۆزەکەی جیابۆتەوە. ئەوەش کاریگەری لەسەر نسێ نواندووە. ئازاد لەژێر تارمایی خۆشەویستی سۆفیادایە و نسێش لەژێر کاریگەری کێشەکانی پێشووی. ئازاد لەگەڵ نسێ دەستی بەهاوژینی کردووە، بەڵام دوو مرۆڤی جیاوازن و حەز و ئارەزووەکانیان جیایە، زۆرنابات جیاوازیەکان دەگەنە ڕادەیەک ئیتر ئازاد توانای هەڵگرتنیانی نامێنێ و بڕیاری جیابوونەوە دەدات. بەڵام وەکو مرۆڤێکی سنگفراوان و پێگەییوو ئارەزووی هەیە وەکو دوو برادەر بمێننەوە و مندالەکانیان ساوێن و کەڤین یەکتر ببینن.
لەگەڵ ئەوەی ئازاد کەسایەتیەکی سەردەمیانەی هەیە و بەڵێنی داوە ڕاستگۆیانە بژیت، بەڵام بەهۆی وابەستەیی بە کۆمەڵگەی کوردیەوە تووشی لادان دەبێت و هەستدەکات لەگەڵ کۆمەڵگەی سویدی ڕاستگۆ نییە و ئەویش بەهۆی بەرژەوەندیەکانی کەسانی نزیکیەوە لە کاری ساختەکاریدا دەگڵێ و ناتوانێ بڵێ نا. دواتر ئەو هەڵانە ئازاری دەروونی ئەو دەدەن.
ئەو گفتوگۆ و مشتوومڕانەی لە میانەی هاوسەرگیریەکاندا ڕوودەدەن، ڕیالیستانەن و دەتوانن سوود بە مرۆڤ لەم ڕوانگەیەوە بگەیەنن، وەکو ئەو کێشانەی ئاماژەیان بۆ دەکرێت بەزیندوویی هەن. جگەلەو گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە بەسوودانە نووسەر کۆمەڵێ بابەتی گرنگ دەهێنێتە ناوەوە و سەریان هەڵدەداتەوە، وەکو تێگەیشتن لە بابەتی ئازادی مرۆڤ لە دیارکردنی چارەنووس و بەئاسایی وەرگرتنی بۆنمونە دیاردەی هاوڕەگەزخوازی لە سویددا، بەباتی پێکداکەوتنی دوو کەلتور سەبارەت بە کوردەکانی سوید کە هەڵگری کەلتوری کۆمەڵگەی کوردستانن و لە وڵاتێکی پێشکەتووی وەکو سوید دەژین و لەگەڵ گرفت و کێشەکانی ئەو پێکدادانە کەلتوریەدا لەململانێدان، ئەو باوردۆخەی کە بوونی هەیە و ناتواندرێ نکۆڵی لێبکرێت. وەکو مرۆڤی کورد کە لە کوردستانەوە هاتووە ئێستا هەڵگری هەردوو کەلتوورە و ڕاکردن لێی چارەسەر نییە، بەڵکو دانپێنانە پێی. وە بابەتی ژینگە و ڤیگیتاربوون و تێگەیشتن لەمبارەیەوە، بابەتی دین و بڕواهەبوون و بە بوونی خوا، بابەتی ئەو کوردانەی لەیۆنان هەموو سنورێکی مرۆڤبوونیان بەزاندووە و بوونەتە دڕندە و بازرگانی وەکو ئاژەڵ بە مرۆڤ دەکەن، بابەتی ساختە و فرتوفێڵێ هەندێ لە خێزانە کوردەکانی سوید لە سیستەمی سویدی لەپێناوی پارەدا، کە لەچەندین لایەنەوە خۆدەخەنەڕوو، بابەتی گەندەڵیی دەسەڵاتی کوردی و ئەو کوردانەی لێرە و لەوێ لێی دەخۆن هتد. هەروەها سەیرێکی ڕەخنەگرانە لەبابەتەکان و ڕەخنەگرتن لە بیروهزری یەکلاکەرەوە یا تاکپەرستی و ونکردنی ئامانجی ڕاستەقینە، یا ڕەشکردنەوەی ڕابردوو بێ ئامادەیی بۆ باشترکردن، تەنگژەی سیاسی باشوور و سیاسەتی یەکترسڕینەوە، رەگەزپەرستی، ئیسلام و کۆنەپارێزی، تووندڕەویی چەپەکان و هتد. زۆر بابەتی گرنگی سەردەمیانەی دیکە کە ڕۆژانە هەن و خوێنەر بەرەوڕوویان دەبنەوە. “ئازاد و شێروان” بەیەکەوە لەڕێگەی گفتوگۆکانیاندا خوێنەر دەگەیەننە هەواری جۆرێک لە تێگەیشتنی سەردەمیانە.
نووسەر لە هەندێ لە گێڕانەوەکاندا وایکردووە ڕاستەوخۆ لەگەڵ خوێنەر بدوێت و خوێنەریش بهێنێتە ناو گفتوگۆکان، بەمجۆرە خوێنەر هەست دەکات کە پاڵەوانی ڕۆمان لەگەڵ ئەویش دەدوێت. بەمجۆرە هەوڵدەدات تۆش بکاتە بەشێک لە گفتوگۆکان و ڕاستەوخۆ بەتۆش دەڵیت کە ئەو دەیهەوێ ڕاستگۆیانە بدوێت.
هەروەها نووسەر گرنگی بەڕووداوو و بەسەرهاتەکانی کوردستان و کۆمەڵگەی کوردەواری دەدات و تێکەڵی گێرانەکانی نێو کۆمەڵگەی سویدیان دەکات. گرنگیی بەکۆمەڵێ وشەی کوردەواری یا ناوچەیی جوان دەدات و لە خوێندنەوەی ڕۆمانەکەدا هەستیان پێدەکرێت، وەکو وشەی ناندنین، هاوژین و هاودەم، ئەمن، بزنەڕێ، جاڕسکردن، ترومبێل هتد دەبیندرێن و ئاسان لە ڕستەکاندا دەکەونە بەرگوێ.
ئازاد کە پاڵەوانی ڕۆمانەکەیە جەخت لەسەر خاڵێکی گرنگ لە ژیانی هاوسەرگیریدا دەکاتەوە و پێداگریی لەسەردەکات، ئەویش ڕەتکردنەوەی هاوژینییە لەسەر بنەمای ناڕاستگۆیی و درۆ، وە ڕەتکردنەوەی چاوپۆشییە لەبوونی ناکۆکی هەمیشەیی، وە خۆبواردن و خۆڕاهێنان لەگەڵیدا. لای ئازاد گرنگە مرۆڤ ئازادانە بیرکاتەوە و ڕاستگۆ بێت، گرنگە هاوژینی بەرابەر بێت و بەکردەوە لەهەردوولایەنی ژن و مێردەوە بێت، ژن و پیاو بە دروستی لەهەموو ئەرک و کارەکانی خێزاندا هاوکار و هاودەم بن. هەروەها ئازاد بەپێوسیتی نازانێت درێژە بەهاوژینییەک بدات کە تیایدا ئاسوودە نییە. وەکو نایەوێ پیاوسالارانە فەرمان دەرکا و ژنیش ملکەچی بێت و چاوەڕوانی بڕیاری مێرد بێت یا ئەوە بکات کە مێرد دەیهەوێ و ئارەزوویەتی.
زۆر بابەتی دیکە هەن کە دەکرێ ئاماژەیان بۆ بکرێت، بەڵام ئەمن لێرەدا وازیان لێ دەهێنم.
ئەوەی لە کتێبەکەدا هەستم بە بزرییان دەکرد لەچەند خاڵیکدا ئاماژەیان بۆ دەکەم: یەکەم لەکاتی گفتوگۆ نێوان دووکەس یا سێ کەسدا باشتردەبوو ئەگەر ناوی کەسەکە لەبەرامبەر گوتنەکەدا دابندرێت، چونکە گەلێکجار لەبەر بوونی چەند ناوێک ناچاردەبووم بگەڕێمەوە دواوە تاکو بزانم کێیە ئێستا ئەوە دەڵێت و دەردەبڕێت. هەندێجار بەسەریدا ڕەت دەبووم و نەدەگەڕامەوە دواوە. دووەم یەکێ لە کۆڵەگەکانی بابەتی هاوژینی سێکسە لەنێوان دوو مرۆڤی گەیشتوودا، دەکرا گرنگی زیاتر بەو لایەنە بدرێت وەکو کێشەکان دەکرێ لێرەوە سەرهەڵبدەن.
گومانی تێدا نییە کەوا بابەتی گفتوگۆکان هەمووی بابەتی ڕیالیستانە و هەنوکەیی زۆر گرنگی خێزان و کۆمەڵگەن، بەخوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە دیدی مرۆڤ سەبارەت بە تێگەیشتن لە ژیانی هاوژینی و ژیان بەگشتی فراوانتر دەبێت.
دەستخۆشی لە هاوڕێ و نووسەر شوان حەسەن دەکەم و بەهیوای بەرهەمی زیاتر.

٤/١٢/٢٠٢٢

Previous
Next
Kurdish