
تاوانەکانی زەعیم سدیق و عراقنا واحد.. موتەلیب سەعید عومەر
لە 9ی حوزەیرانی 1963 تاوانبار زەعیم سدیق فەرماندەی لیوای بیست بوو لەسوپای عێراق. لەهێرشێکی وەحشیانەدا ژمارەیەکی زۆر خەڵکی بێتاوان لە دەوروبەری شاری کەرکوک دووچاری بۆردومان و هێرشی پیادە بوون، زەعیم سدیق خوێنڕێژ ژمارەیەکی زۆر خەڵکی کوشت و دەستی بەسەر ناوچەکانی نزیک داگرت پاشان هێرشی دڕندانەی بۆسەر شاری سلێمانی و شارەزوور و چەند شوێنی تر کرد ، ناوبراو ئەو تاوانبارە دڕندەیە بوو کەفەرمانی دابوو بەهێزەکەی کورد بکوژن هیچ سڵ نەکەنەوە ، ئەم تاوانە لەمێژوودا زۆر باسکراوە چەندین کتێب لەبارەی ئەو ڕووداوە سامناکە نووسراوە دیارترینیان کتێبی شاری سلێمانی نووسینی ئەکرم ساڵح ڕەشە ، ( ناڵەی دەروون ) شێخ محمدی خاڵ، لەوتارێکدا بەناوی چ ڕۆژێکی تووش بوو بەڕوونی باسی گرتن و کوشتن وکۆکردنەوەی خەڵکەکەی کردووە کەلەناو تەویلەی ئاژەڵاندا گەمارۆیان داون ،
وێڕای گێڕانەوەی بیرەوەرییەکان لەسەر زمانی ئەوخەڵکانەی لەڕەشبگیریەکەدا بەرکەوتوون یان ئاگاداری ڕووداوەکە بوون گیراوەکان دوای چەندین ڕۆژ لەئازارو برسێتی و سوکایەتی گەمارۆدان ئازاد کران .
دوێنێ لەیادی ئەو مەرگەساتە لەنێو تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک وێنەو گفتوگۆو یادەوەرییەکانی زەعیم سدیق وەبیر هێنرانەوە ، ئێمەی کورد باش دەزانین ئەوانەی لەوهەڵمەتدا گیراون چیان لێ بەسەر هێناون وەختێک گیران بردویانن بۆ شوێنێک بەناوی (حامیەی سلێمانی ) کەئێستا بەپارکی ئازادی ناسراوە ، لەوێ لەناو تەویلەی ئاژەڵ و گەوڕی وڵاخدا بەشێکی خەڵکەکە بەچوار ڕۆژ و زیاتر مانەتەوە ، لەبەدواچوونێکم لەگەڵ یەکێک لەو پیاوە بەتەمەنانەی لەوسەردەمەدا لەناو ڕووداوەکەدا بووە ووتی ئەفسەرێک وێنەیەکی سەرکردەیەکی ئەوسای کوردی هێناو ووتی تفێکی لێ بکە بەڵام نەی کردو ئەفسەرەکە بەدەمانچە گەنجەکەی کوشت ، یەکێکی تر گێڕایەوە ووتی ئەوشەوەی بۆ بەیانی مەنعە تەجەولەکە ڕوویدا لەماڵەوە دانیشتبووم خزمێکم هات ووتی چواردەوری شار گیراوە وەرە با بڕۆین خۆمان دەرباز کەین وتی بەناو زێرابەکانی قەراغ شار لەدامێنی جولەکان دەرچوین ،ئەوسا شاری سلێمانی هێندە گەورە نەبوو ، شایەد حاڵەکان دەڵێن هێزەکەی تاوانبار زەعیم سدیق خەڵکیان لەماڵەکانیان دەهێنایە دەرەوە وگوللە بارانیان دەکرد ، پیاوی بەتەمەن لەکاتی ڕۆیشتنی بۆ مزگەوت شەهیدیان کردووە، نەتەوەیەک بەم ڕادەیە کۆمەڵکوژ کراوە دووچاری ئەم هەموو نەهامەتی هاتووە لەهەموو ئەمانە واوەتر لەدیدارێکی گفتوگۆی پەیامنێرێک پرسیار لەژمارەیەک عەرەب دەکات کەبۆ گەشتیاری وکات بەسەربردن هاتوون بۆ کوردستان ، پەیامنێرەکە دەپرسێت ڕاتان چییە لەبارەی ئاو و هەوای کوردستان هەموویان لەوەڵامدا دەڵێن عراقنا واحد ، یەکێک دەڵێت عێراق هەمووی یەک وڵاتە شتێک نیە بەناوی کوردستان ، یەک دەڵێت عێراق لەخواروو تا ژوور یەک دەوڵەتە شتێک نیە بەناوی کوردستان ، تەنانەت بڕوایان بەوڵاتێک نیە بەناوی کوردستان ، کوردستان بەو سروشتە جوان و شیرینەی دەیان هەزار گەشتیاری عەرەب ڕووی تێدەکات پێی لەنگە بڵێ ئەمە خاکی کوردستانە کێشەکە لەوە دانیە ئێمە دەوڵەتمان نیە بەڵکو کێشەکە لەهەڕاجفرۆشی و بێ بایەخکردنی خاک و سەروەت و سامانەکەیدایە بەویستی دەسەڵاتدارانی هەرێم ، لەبەرامبەردا لەدیدی شۆڤێنیەوە عەرەب دەڕوانێتە وڵاتێک کەتەنها ئەم بەشەی ئەوان پێی دەڵێن ( شمال حبیب ) وەک بەشێک لەعێراق دەبینێت نەک وڵاتێکی ڕازاوە و ئاوەدان و پڕ پیت و فەڕ کەئەوان بەویستێ خۆیان تەڕاتێنی تیا دەکەن .
نەتەوەیەک بەدرێژایی سەددەی بیستەم لەبەردەم شاڵاوی گرتن و کوشتن و تێهەڵدان و ئاوارەیی ،دەربەدەری کۆمەڵکوژیدا بووە ئێستا خاک و ئاو سروشتی کوردستان لەژێر پێی عەرەبی چاوڕەش دا بەکەیفی خۆی و گیرفانی پڕەوە بەناو هەموو سەیرانگاو ڤێلاو مۆتێل و شەقام و شوێنەوارەکاندا دێت و دەچێت ، دانیشتوانەکەیشی بێ پارەو بژێو ژیانێکی شایستە ژیان دەگوزەرێنێ ، ئەرێ شۆڕش بۆ کرا لەپێناو چی ؟ کورد لەسەر زمان و ماف و بوونی خۆی دەیان ساڵ کوژرا ، خوێنی بەخشی سەرخان و ژێرخانی وێران کرا ، ئەنفال و کیمیاباران کرا ئێستا عەرەب خاوەن ماڵ و کوردستانیش بێ ناونیشانە ، بیرتانە لەهەشتاکاندا سرودێک لەئیزگەی دەنگی گەلی کوردستان دەیگوت چەک هەڵگری خاکێکم دوژمن لەسەری زاڵە من بووم بە بێگانە ، بێگانەش خاوەن ماڵە .