نیگار نادر، ده‌نگێك له ناو هه‌ره‌سه‌کانه‌وه … ئه‌میر ره‌سول
لێکۆڵینەوەی رەخنەیی:
ئه‌و خۆی ده‌ڵێت: “له سه‌دان خواست و نه‌رێت و ڕێسا ده‌ستم کێشاوه‌ته‌وه، له‌سه‌دان حه‌زو هیواو خولیا دڵم کێشاوه‌ته‌وه تا خۆم خۆماڵی کردووه، خۆ کۆکردنه‌وه‌و هزر دۆزین و زمان هه‌ڵکۆڵین ده‌ستپێکی خۆ خۆماڵیکردنه.”
(ل12/ من به کاتی هه‌ولێر.)
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: ” بەهۆی شیعرەوە دەتوانین دەستبەسەرو بیربەسەر و دڵبەسەر نەبین.. هەمیشە ئەو هەستە ناهێڵێت ببەزم کە بەشیعرەوە چەندە مر‌ۆڤم …”
(millat.co/art/post_detail.php?id=299)
ئه‌وجا بزانین نووسه‌رانی وه‌ك حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن و شاعیر‌و نووسه‌ر غه‌مگین بۆڵی چی سه‌باره‌ت ئه‌م شاعیره ده‌ڵێن:
غه‌مگین له گۆرانییه‌کی شین دا سه‌باره‌تی ده‌نووسێت: “یەكێكە لەو ژنە شاعیرانەی كە لە هیچ ژن شاعیرێكی كوردی ناچێت و هیچ ژنە شاعیرێكی كوردیش لەو ناچێت . ئەمەش بۆ جیاوازیكردن بۆ شاعیرێك زۆرە.”
issuu.com/kurdishwriters/docs/shin
هه‌روه‌ها حه‌مه‌سه‌عید له‌باره‌ی شوبهاندنی شیعره‌کانیه‌وه له بابه‌تی (کۆتر له سه‌روه‌ختی فڕین‌دا) نووسیویه‌تی:
“شیعر چییه؟ یه‌کێک له پێناسه هه‌ره جوانه‌کانی شیعر، ئه‌وه‌ی (ئیبن ره‌شیق)ـه که ده‌ڵێت: شیعر ئه‌وه‌یه که ژنه‌وتن ده‌کاته بینین”
arassofe.blogfa.com/post-561.aspx
وێرای ئه‌وه‌ی به‌شێك له خوێنه‌ران و نووسه‌ران وا تێده‌گه‌ن ته‌نیا شیعره‌کانی نیگار نادر له جوغزی ئیرۆتیك ده‌خوڵێته‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی (یاسین برایم) له ماڵپه‌ڕی ده‌نگه‌کان و بابه‌تی (سه‌مای وشه ئیرۆتیكیه‌كان له شیعره‌كانی نیگارنادر دا) دا باسی لێوه کردووه.
یان وه‌ك چۆن له رۆژنامه‌یه‌کی تردا ئاماژه‌ی پێکراوه له نێو ناوی ئه‌و خانمه ئیرۆتیکنووسانهی شه‌پۆلی نوێی شیعری کوردی:
“سەبارەت بە شیعری ئیرۆتیكی كوردییەوە، تەماشا دەكەین لەم ساڵانەی دواییدا ئەمجۆرە شیعرە لای ئافرەت و كچانی كوردستانەوە زۆر قووڵبونەتەوە و چەند شاعیرێكی ژن جەربەزە و ئازایانە لەرێگای شیعرەكانیانەوە داوای ئازادی ئافرەت ومافەكانیان دەكەن و وێنای ژیانی ئافرەت بەگشتی و خودی خۆیان زۆر وردانە و دڵسۆزانە دەخەنە ڕوو، نموونەی ئەم شاعیرە ژنانەش (دڵسۆز حەمە، نالە عەبدولڕەحمان، نیگار نادر، كەژاڵ ئەحمەد، ئاوێزان نوری، رۆژ هەڵەبجەیی، چۆمان هەردی، ژاوێن شاڵی، شەرمین وەلی، چنوور نامیق، سارا عومەر… هتد”
www.xebat.net/detail_articals.php?id=16273
به‌ڵام له واقیعدا ئه‌مه نه‌ك به شێوه‌یه‌کی موتڵه‌ق سه‌باره‌ت نیگار راست نییه، به‌ڵکو ئه‌م شاعیره به که‌ره‌سه‌و زمانی خۆی زۆر هوشیارانه خۆی له قه‌ره‌ی بواره هه‌سته‌وه‌ره‌کانی تری ژیانی کۆمه‌ڵگای کوردی مۆدێرن داوه، به تایبه‌تی له به‌رهه‌مه‌کانی ئه‌م دواییانهیدا، بۆ نموونه ئه‌و ده‌نووسێت:
“پووچی سیاسی ده‌رهاویشته‌ی پووچی رۆشنبیرییه، چونکه کاتێك رۆشنبیر دیدو هه‌ڵویستی نه‌بێ له مه‌ڕ هه‌ر گۆڕانکاری و بزاوتێکی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی، رای به هه‌ند وه‌رنه‌گیرێ و که‌سایه‌تییه‌کی که‌نه‌فتی هه‌بێ، رۆشنبیرێکی پووچه”
(ل 23- ها ئه‌تو سه‌رپشك به)
هه‌روه‌ها له موخاته‌به‌ی خوێنه‌راندا, ستایڵی ئایرۆنیك بەکاردەباتەوەو شۆڕش و دۆخی هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ی تێگهشتنهکانیان یاد دێنێته‌وه که ده‌ڵێت:
بڵێ (به‌ڵێ) له بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی ده‌تگوت (نه‌خێر).
(ل13 گێ مه‌ده‌یه 2015/ هه‌ولێر)
دووباره له‌م سیاقهداو له وتارێکدا ده‌ڵێت: ” ساڵی ٢٠١٦ وەکو بڕبەند بریندارکەربوو، ساڵێک کە بۆ برینی کوردبوون زۆر بەسوێ و پڕژان، ساڵێک پڕ لە ڕژانی خوێنی کوردان و بەهەدەردانی ئامانجی نیشتیمانی بوو، پڕ لە ساویلکەیی و خۆبەدەستەوەدان و پڕ لە سازش و دەستەبەسەری و دانەوان، پڕ لە مرداربوون لە نەوتدا و دەستخەڕۆ بوون لە فەریکە سیاسەتدا، ساڵیک تژی لە چەقبه‌ستوویی گەندەڵی و بەستەڵەکی چاکسازی، ساڵێک ئەو هەرێمە تێیدا گەیشتە ترۆپکی دووڕوویی و فیشاڵی سیاسی، هەرزانترین سینارێۆیی سازان و یەکخستنی لایەنەکان، سالێک پڕ لە دووڕوویی پووچی ئەدەبی و هونەری، دووڕوویی و داڕوخانی کومەڵایەتی.”
cultureproject.org.uk/kurdish/ساڵ-چۆن-وەکو-چەقۆ-دەتسمێ
هه‌روه‌ه نووسیویه:-
( ئەی خودایە چەند ئەستەمە ڕاستگۆ بیت و سەلامەت دەرچیت!)
cultureproject.org.uk/kurdish/ئەو-سەردەمەی-سەرم-دەمنابێ-تێدا
له ده‌قێکی شیعریی ته‌نزئامێزو راشکاویشدا ده‌بێژێت:
تیاترۆخانه‌یه‌کی گه‌وره‌م
ئه‌گه‌ر بڕووخێم
به هه‌زاران سیاسی
له ژێریدا
تێدا ده‌چن
(ل 84/ هه‌موو ژته‌دا ژیونه‌ته‌وه)
شاعیر نه‌ك ته‌نیا رۆژو ساڵه‌کان ده‌نووسێته‌وه‌و قه‌ناعه‌ت و یاده‌وه‌ریه‌کانی تێدا تۆمار ده‌کات، به‌ڵکو رهفزکردنهوهیهکی سه‌یر له وشه‌کان دروست ده‌کات و له کۆتاییدا سه‌ر ده‌کێشێت بۆ ئێگزیستیالیزم، بنواڕن ئه‌وه‌ی لای تۆ و ئه‌و و یه‌کێکی تر جێی دڵخۆشی و په‌ناو ڕێز‌و خۆپێوه خهریکردنه، لای ئه‌م چۆن له‌گه‌ڵ ئه‌زموونه تاڵه‌کانیدا وه‌کو به‌فر ده‌تاوێنه‌وه، له رۆژمێری ساڵی 2007دا ئاوها تۆمار ده‌کات:
”دوو هه‌زارو حه‌وت حه‌وت جۆره
پێکه‌نینی له روو گه‌ڕاندم
پێکه‌نین به خۆم، پێکه‌نین به خۆشه‌ویستی
پێکه‌نین به راستگۆیی، پێکه‌نین به مردن
پێکه‌نین به پیرۆزیی
پێکه‌نین به وه‌فاداریی، پێکه‌نین به تێکۆشان”
( ل10 هه‌موو ژته‌دا ژیونه‌ته‌وه)
هه‌روه‌ها شاعیرێكه بۆ یه‌که‌مجار بواری یاسا‌و بڕگه‌کانی دێنێته ناو شیعره‌وه‌و سزای ئه‌و پیاوکوژانه‌ی پێده‌دات که ژن ده‌کوژن:
بارانێك ره‌ت ده‌که‌مه‌وه “406” به‌سه‌ر
هه‌موو خۆشه‌ویستاندا ده‌سه‌پێنم
(ل 85 هه‌موو ژته‌دا ژیونه‌ته‌وه)
(تێبینی: ماده‌ی 406 هةركةسيك لة يةكيك لةوحالةتانةى خوارةوة يةکێكى كوشتبێت بة لة سێدارةدان حوكم دةدرێت (اعدام) 1-ئةگةر پێشتر نيازى كوشتنى هةبێت يان سةنگةرى بؤ دانابيت….)
ئه‌م ئاماژه‌یه‌ش له شیعردا تیههڵکێشهیهکی بواری زانین و خوێندنه به ژیان و شیعر، که بوێریی ده‌خوازێت له‌و بازنه ته‌سکه‌ی وشه‌سازی زۆربه‌ی شاعیران ده‌ربچیت و که‌ره‌سه‌ی نوێ بخه‌یته ناو شیعره‌کانه‌وه.
هه‌روه‌ها له لادانه سیمانتیکیهکانی شاعیر؛ ئه‌و جیاوازتر له ره‌گه‌زی به‌رانبه‌ر ده‌ڕوانێت، ره‌نگه ئه‌م هۆیه‌ش بێت له ده‌قێکی تردا رووبه‌رووی نه‌هامه‌تیه‌کان و ته‌نیایی ده‌کاته‌وه.. بێگومان لای هه‌ر یه‌کێك له ئێمه په‌یوه‌ندیه کۆمه‌ڵایتییه‌کان مانایه‌کی جیاواز‌و دیاریکراوی هه‌یه، داب و نه‌رێت لە شوێنێك ره‌نگه جیاوازتر بێت وه‌ك له ره‌وشی گشتی و تایبه‌تی سۆسیۆلۆژی وڵاتان و نه‌ته‌وه‌کانی تر، هه‌روه‌ها دیدی شاعیریش ره‌نگه جیاواز بێت له هی زۆرینه‌ی کۆمه‌ڵگا، بێگومان ئه‌مه‌ش له هۆکاری بابه‌تی و زاتی به‌ده‌ر نییه، وێڕای ئه‌وه‌ی ئاسان نییه ره‌گه‌زی مێ بیدرکێنێت، له‌مباره‌دا به 3 نموونه‌ی شیعریی زیاتر به کاردانه‌وه‌کانی شاعیردا رۆده‌چین:
ئه‌ز کاتژمێرێکم بێ ده‌ره‌تان
پتر له یه‌ك چرکه
له‌سه‌ر هیچ پیاوێك به‌ن نابم
( ل 63 هه‌موو ژته‌دا ژیونه‌ته‌وه)
جزدانه‌که‌م ورده‌ی ده‌یان
پیاوی تێدایه
مۆبیله‌که‌م تێکستی له
بیست سی پیاو ڕا بۆ دێ
لێ دڵم
خوێنی سه‌د پیاوی دیی
تێدا هاتوچۆ ده‌کا
(هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو ل5)
پیاوان وه‌ک چه‌پکه‌گوڵ وان،
هه‌ر بۆ دوو سێ ڕۆژ
ڕه‌نگیان جوانه و بۆنیان خۆش،
پاشان ده‌بێ فڕێیان ده‌ی.
ئه‌م جیاواز نووسینه بێت ره‌نگه وای کردبێت ده‌قه‌کانی وهرگێردرابێتنه سه‌ر زمانه‌کانی فارسی و عه‌ره‌بی و ئینگلیزی، وه‌ك ده‌قی (یادداشت های یک فروردین)
ئه‌وه‌ی خوێنه‌ر سه‌رنجی زمان و ستایڵ و ته‌کنیکی شیعره‌کانی ئه‌م شاعیره بدات، ده‌بینێت زۆر ساده‌و راسته‌وخۆ ده‌یهه‌وێت مه‌به‌سته‌کانی به روونی بگه‌یه‌نێته خوێنه‌ر، بێ په‌نا بردن به هونه‌ره‌کانی ره‌وانبێژی وه‌ك میتافۆڕ و پاشان ته‌کنیکه نوێکانی گه‌مه‌کانی زمانی شیعریی و دۆزینه‌وه‌ی زمانی شاراوه‌ی ناو زمانی ئاشکرا، به واتایه‌کی تر ته‌کنیکی هۆنینه‌وه‌ی ده‌ق به زمانی شیعریی، یان زیاتر کارکردن له‌سه‌ر بابه‌ت نه‌ك زمان، بۆیه زۆرجار به‌رکه‌وتنمان ده‌بێت له‌گه‌ڵ زمانی به‌کارهێنانی ناوچه‌یی و رۆژانه‌ی خه‌ڵكدا، ئه‌مه‌ش دوو رووی هه‌یه؛ روویه‌کی پۆزه‌تیڤ و روویه‌کی نێگه‌تیڤ، هه‌ر ره‌نگه داخوازی و ساده‌یی خوێنه‌ران وای له شاعیر کردبێت به زمانی ئه‌وان بنووسێت تاکو نه‌ڵێن له شیعره‌کان ناگه‌ین و شاعیریش راستگۆیانه هه‌ر ویستبێتی ئه‌م خاڵه بپێکێت و حاڵه‌ته جیاوازه‌کانی ناخه‌کی ده‌رببڕێت، ئه‌مه ئه‌و جۆره‌یه له شیعر که بۆ ساته‌وه‌خت ده‌نووسرێت و له‌سه‌ر هێڵی ئاینده‌خوازیی به‌لادا دێت. به‌ڵام له لایه‌کی تر بڵند بوونی ئاستی زمان و ته‌کنیك له شیعردا په‌راوێزی ده‌خات و له بازنه‌ی شاعیران و خوێنه‌رانی نوخبه‌دا ده‌یهێڵێته‌وه، جا سه‌رکه‌وتوو ئه‌وه‌یه ستایڵێکی نموونه‌یی له‌و ناوه‌نده‌دا هه‌ڵبژێرێت، له کۆتاییشدا خاڵی مه‌به‌ست زۆریی شیعر نووسین نییه، به‌ڵکو چۆنیه‌تی زیاتر جێی بایه‌خه.