کوندێرا و سووکیی بوون.. ئەحمەد ڕەسوڵ
ڕۆماننووس لە پشتی کاراکتەرانی ڕۆمانەکەیەوە خۆی حەشاردەدات. “گۆستاڤ فلۆبێر- ڕۆماننووسی گەورەی فەڕەنسیی، نووسەری ڕۆمانی بەنێوبانگی مادام بۆڤاری”
ژیانی کاراکتەرانی ڕۆمان، ئەگەری هێشتا بەدینەهاتووی ژیانی ڕۆماننووسن.” میلان کوندێرا”
…
لەسەر ڕێزنەگرتنی تەواوی بۆ شەممەی پیرۆز، سەرزەنشتیان کرد. شەممەی پیرۆزیان بۆ مرۆڤ دروستکردووە نەوەکو مرۆڤ بۆ شەممەی پیرۆز. “ڕۆمانی ئاهەنگی ماڵئاوایی”
هیچ شتێک لەوە ناخۆشتر و غەمهێنەرتر نییە کە شەو بێدار دەبیتەوە و دەبینیت کەسێک لە تەنیشتت بە ئەوپەڕی بێباکییەوە خەوتووە. “تۆماس، پاڵەوانی ڕۆمانی سووکەڵەیی لە تاقەت بەدەری بوون”
…
ڕۆمانی “سووکەڵەیی لەتاقەت بەدەری بوون”
تاۆتالیتاریانیزم، نادڵنیاییەکی بەردەوام
تۆتالیتاریانیزم لە یەکێک لە تایبەتمەندییەکانیدا ئەوەیە کە بە دیوێکدا جۆرێک لە ژیان زاڵ دەکات بەسەر مرۆڤەکاندا لە فەزای گشتییدا کە هەمیشە هەست بە نادڵنیایی بکەن و ئەمەش نائارامیی و ترس لە ژیانیاندا دەکاتە دۆخێکی بەردەوام. لە ڕاستییدا مرۆڤەکان بۆیە لە نادڵنیایی بەردەوامدان چونکە بەردەوام دەیانەوێت دڵنیایی لە پەیوەند بە دەوڵەتەوە بەدەستبهێنن، واتا بەردەوام دەیانەوێت دڵنیا بن لەوەی دەوڵەت هیچ گومانێکی لێیان نییە، نەوەکو گومانی لێیان نەبێت، بەڵکو دەیانەوێت لەوە دڵنیا بن کە دەوڵەت لە دڵسۆزیی و ڕاستگۆیی ئەوان لە ئاست دەوڵەتدا دڵنیایە، کە دەوڵەت، تەنها کۆمەڵێک دەزگا نییە، بەڵکو هەر کەسێکە، کەسێک ئەگەر بیناسیت و نەیناسیت، کەسێک تەنانەت ئەگەر منداڵێکیش بێت کە لە ڕاڕەوی باڵاخانەکەتدا کە تیایدا نیشتەجێی ڕێکەوتی بکەیت، یان تەنانەت ئەو بێدەنگیی و تەنیاییەی لە ژوورێکی ئاپارتمانەکەتدا دەروی داویت هەندێجار هێندەی دڵسۆزانە نوێنەرایەتیی دەسەڵات و دەزگا و سەرۆکەکانی دەکات هێندە ڕەنگدانەوەی تاینەتمەندیی ژیانی خۆت و خواست و بیرکردنەوە و ئارەزووەکانی خۆت نییە. لە کورتیدا دەوڵەت لە هەموو شوێنێک و هەموو کاتێک و هەر کەسێکە.
تۆماس، پزیشکێکە، لە کۆمەڵگایەکدا دەژی کە تێیدا دەسەڵاتدارێتییەکی تۆتالیتار پایەدارە و ڕۆچووەتە هەموو کونج و کەلەبەرێکی نەوەکو فەزای گشتیی و دەزگا دەوڵەتییەکانەوە بەڵکو ژیانی تایبەتیی مرۆڤەکانیشەوە. تۆماس دوای ئەوەی هاوسەرگیریی کردووە تێدەگات، کە جۆری کەسێتیی ئەو بۆ هاوسەرگیریی و ژیانێکی پابەند و سۆزدارانەی هەمیشەییی نابێت، بۆیە لە هاوسەرەکەی جیادەبێتەوە. لە ڕاستییدا تۆماس ئارەزووی ژیانێکی ناپابەند دەکات و دەیەوێت ژیانێکی زۆر تایبەتیی هەبێت بە پێچەوانەی شێوە ژیانی داسەپێنراوی کۆمەڵگاکەیەوە کە هیچ نهێنییەک و گۆشەیەکی نادیاری لە ژیانی تاکەکەسەکاندا نەهێشتووەتەوە.
تۆماس، تاکگەرا و ناپابەند
تۆماس دەڵێت: هیچ شتێک لەوە ناخۆشتر و غەمهێنەرتر نییە کە شەو بێدار دەبیتەوە و دەبینیت کەسێک لە تەنیشتت بە ئەوپەڕی بێباکیی خەوتووە. یان ئەوەی کاتێک سەرتناوە بەسەر کتێبێکەوە و بۆ ماوەیەکی درێژ بە دنیای نێو کتێبەکە ئاوێتە بوویت و لە ناکاوێک سەر هەڵدەبڕیت و دەبینی کەسێک لە ژوورەکەتدا بە لاموبالاتییەوە دانیشتووە. لەو دۆخانەدا پرسیارێک، کە غەمگینیی و تووڕەیی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، بە مێشکی تۆماسدا بێت ئەوەیە کە ئەم کەسە لە کەیەوە لەم ژوورەدا دانیشتووە یان خەوتووە و من ئاگام لێی نەبووە؟!، یان پرسیاری ئەوەی کە ئایا بۆ بەبێ مۆڵەتی من و بێ ئاگای خۆم هاتووە لە ژوورەکەم دانیشتووە یان خەوتووە؟! هەمیشە لەو دۆخانەدا تۆماس هەستی بە غەریبیی خۆی دەکرد لەو ماڵە و لەو ژوورە. لە ماڵێکدا و لە ژوورێکدا ئەگەر بەردەوام کەسێکی غەریب بە تەنیشتمانەوە و لە نزیکمانەوە بوو ئەوا خۆمان دەبینە غەریب، بە ئەو ماڵە غەریب دەبین و ژیانێکی غەریبانە دەژین.
تۆماس خانمێک بە نێوی سابیناوە دەناسێت و پەیوەندیی ئیرۆتیکی و سۆزدارییان بۆ دروست دەبێت. شەوێک تۆماس لە ماڵەکەی خۆی لە دوای خواردنەوەی، شوشەی بوتڵە شەرابەکە دەکێشێت بە زەوی ژوورەکەدا و داوا لە سابینا دەکات بەسەر پارچە شکاوە تیژەکانیدا بە پێخواسی بڕوات. سابینا کە خۆی عاشق بە تۆماسە، وای لێکدەداتەوە ئەم داواکارییە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە تۆماسیش عاشقی ئەو بووە و دەیەوێت بە ئەم داواکارییە سەختە خۆی لەو پەیوەندییە عاشقانەیە، کە کۆتوبەندێکە، ئازاد بکات یان ئەوەبێت ڕاددەی عاشقبوونی سابینا تاقیبکاتەوە، بە دیوەکەیتریشدا لەوانەیە لە بێزاریی و ڕقی تۆماسەوە بێت لە سابینا.
وەفاداریی ڕۆشنایی و خیانەت تاریکیی
سابینا سەرسامە بە ناپاکیی. واتا ئارەزوو دەکات هەر کەسێک کە خۆشیدەوێت و ئارەزووی لەگەڵدابوونی دەکات، ئەم خیانەتی لێبکات، دەزانێت کە تۆماس بەردەوام لە پەیوەندیدایە لەگەڵ کچان و ژنانی دیکەش. شەوێک کە دەزانێت تۆماس ئاگادارە، سابینا لەگەڵ یەکێک لەو پیاوانەدا دەخەوێت کە لە نێوەندی ڕۆژنامەگەرییدا کاردەکات بەڵام لە ڕاستییدا ئەندامی دەزگا نهێنیی و سیخوڕییەکانی دەوڵەتە بۆ سیخوڕییکردن بەسەر هاونیشتمانییانەوە. ئیتر دواتر کە دەگەڕێتەوە بۆ لای تۆماس لە ماڵەکەی خۆی، تۆماس توڕە دەبێت و داوادەکات پەیوەندییەکەیان کۆتایی پێ بهێنن و چیتر یەکدی نەبیننەوە. سابینا وا تێدەگات کە تۆماس هێندە ئەڤیداری بووە نەیتوانیوە بەرگەی خیانەتەکەی بگرێت و لێی جیابووەتەوە، بەڵام لە ڕاستییدا تۆماس بەو هۆکارە پەیوەندییەکەی لەگەڵ سابینا پچڕاند، چونکە هەستیکرد ئەو پیاوە سیخوڕەی دەوڵەت بەهۆی سابیناوە هاتووەتە نێو ژیانی تۆماسەوە و سیخوڕی بەسەرەوە کردووە. واتا سابینا بووە بە ئەو درزەی کە دەزگاکانی دەوڵەت و پیاوە سیخوڕەکانیان لێیەوە بێنە نێو ژیانی تایبەتیی تۆماسەوە و نهێنییەکانی بزانن.
سابینا لە باسکردنی پەرۆشیی خۆی بۆ ناپاکیی و قێزهاتنەوەی لە وەفاداریی، ئەوە دەگێڕێتەوە کاتێک تەمەنی چواردە ساڵان بووە عاشق بە کوڕێک بووە، باوکی کە بە پەیوەندییەکە دەزانێت چیدی لە ماڵەوە ناهێڵێت بێتە دەرەوە و هەر کاتێکیش بهاتبایەتە دەرەوە لە ژێر چاودرێرییەکی توندی باوکیدا بوو. واتا ژیانی تایبەتیی و نهێنی بۆ نەمابووەوە و هەمووی ئاسکرا و زانراو بووە لەلای باوکیی و هەمیشە چاودێر بووە بەسەریەوە. هەڵبەت گوایا باوکی زۆری خۆشویستووە و نەیویستووە تووشی دڵشکان و هەڵەی کوشندە ببێت بە ئەو تەمەنەیەوە کە بۆ هەموو ژیانی کاریگەریی خراپی لەسەر دابنێت. باوکی ئەندامێکی حزبی کۆمۆنیست و هاونیشتمانییەکی دڵسۆزی دەوڵەت بووە. ئەویش کە هەر لە منداڵییەوە بەهرەی نیگارکێشانی تێدا بووە، بەردەوام وێنەی گوڵەکانی لەسەر مۆدێلی کوبیزم و لەسەر شێوازی پابلۆ پیکاسۆ کێشاوەتەوە. بەڵام دواتردەچێتە پڕاگ بۆ خوێندنی هونەرە جوانەکان، لەوێش ڕێگای لێدەگرن بە دڵخوازی خۆی لەسەر مۆدێلی کوبیزم و لەسەر شێوازی پیکاسۆ نیگاربکێشێت، بەڵکو دەبێت لەسەر مۆدێلی ڕیالیزمی سۆشیالیستی وێنەبکێشێت. لێرەوە دەوڵەت دەبێتەوە بە نموونەی باوکی لە ڕێگریکردن لێی بۆ وێنەکێشانی دڵخوازانەی خۆی هەروەکو چۆن باوکیشی ڕێگربوو لەبەردەمییدا بۆ عاشق و دڵخوازەکەی. دایکی سابینا دەمرێت و باوکی لە قەهر و خەمی لەدەستدانی هاوژینەکەی خۆی دەکوژێت، کە ئەمەش نیشانەی وەفاداریی باوکی سابینایە بۆ هاوسەرەکەی، کە نەیتوانی بەبێ ئەو هەڵبکات و بژی. بۆیە لێرەوە لە داخی باوکی، قێزهاتنەوە لە وەفاداریی و پەرۆشیی بۆ خیانەت لە ناخیدا چەکەرەی کرد و ڕەگی داکوتا. بۆ خیانەت لە دەوڵەت، بە دزییەوە وێنەی گوڵەکان و گوڵدانەکانی لەسەر مۆدێلی کوبیزم و لەسەر شێوازی پیکاسۆ دەکێشا. دواتر هاوسەرگیریی کرد و کە زانیی مێردەکەی خۆشیدەوێت، خیانەتی لێکرد و لێی جیابووەوە. لە قۆناغێکدا تۆماس دەناسێت و پەیوەندییان بۆ دروست دەبێت بەو شێوەیەی پێشتر باسکرا.
دواتر پیاوێک بەنێوی فڕانز دەناسێت، کە پیاوێکی شان و قۆڵ ئەستور و بەهێز و ماسولکە گەورە و هەروەها پێشتر پاڵەوانێکی کاراتێی و تایکواندۆ بوو. پەیوەندییەکی سۆزدارییان بۆ دروست دەبێت، کە لە ڕاستییدا ئەوە فڕانزە زێتر عاشق بە سابینایە و سابینا ئەسڵەن هیچ خۆشی ناوێت و بەڵام ڕقیشی لێی نییە. بەڵام ئەو فڕانز هێندە توند عاشق بە سابینایە، سابینا ئەمە بە هەلێکی باش دەزانێت تا پەیوەندیی لەگەڵ دروست بکات و زێتر وابەستەی بکات بە خۆیەوە و فڕانز بخاتە نێو خیانەتێکی درێژ مەوداوە لە بەرامبەر ژنەکەیدا، ماری کلود کە زۆر فرانزی خۆشدەوێت. سابینا چێژ لەوە وەردەگرێت کە فڕانز ناپاکیی لە هاوسەرە باش و ئەڤیندارەکەی خۆی بکات و لە پێناوی ئەمدا و بە فشاری سابینا فڕانز لە ژنەکەی، ماری کلود جیاببێتەوە. دواتر لە یەکێک لە گفتوگۆکانیاندا سابینا بە فڕانز دەڵێت تۆ کە ئەو هەموو ماسولکە بەهێزەت هەیە، هێزەکەی تۆ ڕووی لە دەرەوەیە نەوەکو ناوەوە، لە ناوەوە کەسێکی بێهێزی و لاوازیت. فڕانزیش دەڵێت لە ڕاستییدا ئەم هێزەی کە من هەمە چۆن ڕوو لە ناوەوە نییە، ڕوو لە دەرەوەش نییە، چونکە هەتاوەکو ئێستا نە شەڕم لەگەڵ کەس بووە و نە دەمولوتی کەسێکم شکاندووە، بۆیە ئەم هێزەی من بوون و نەبوونی وەکو یەکە و لە ڕاستییدا ئەەوەی من هەمە هێز نییە. لە درێژەی گفتوگۆکەیاندا سابینا دەڵێت تەنانەت لە پەیوەندیی نێوانیشماندا ئەو هێزەی تۆ هیچ سوودێکت پێنانەبەخشێت. فڕانز دەڵێت، خۆشەویستی ئەوەیە چاوپۆشیی لە هێزی خۆمان بکەین.
فڕاانز زۆر سەرسامە بە چەمکی وەفاداریی لە ژیانی مرۆڤدا. فڕانز کاتێک پێش هاوسەرگیرییەکەیان لە پەیوەندییدا بووە لەگەڵ ماری کلود، ویستویەتی ماری کلود بەجێبهێڵێت، بەڵام ماری کلود هەڕەشەی خۆکوشتنی لێدەکات ئەگەر بەجێیبهێڵێت. بۆیە لە ئاست ئەو عەشقە توند و قووڵەی ماری خۆی پێناگیرێت و دادەنوێتە سەر ئەژنۆکانی و دەستەکانی ماچ دەکات و دواتر هاوسەرگیری لەگەڵ دەکات. هەرچەندە تەنها ئەو جارە بوو دەربڕینی ئەو سۆز و خۆشەویستییە زۆرە لەلایەن ماری کلودەوە بۆ فڕانز و هەرگیز جارێکی تر دووبارەینەکردەوە و سۆز و خۆشەویستییەکی ئەوتۆی بۆ دەرنەبڕییەوە.
سابینا، بوون وەکو نادیاریی و خەڵوەت
فڕانز ئەو پرسیار و وەڵامە ڕستەییەی کافکای هەردەم لە یادە کە دەڵێت مانای ژیان چییە؟ درۆنەکردن و نەشاردنەوە لە ڕاستییدا ژیانە. بەردەوام ئەو ئەنجامگیرییەش کە ڕاستەوخۆ بە دوای ئەمەدا بە مێشکیدا دەهات ئەوە بوو کە لەو کاتەوەی بە سابینا ئاشنا بووە لە درۆدا دەژی. بەڵام سابینا بۆچوونێکی پێچەوانەی هەبوو، هەر کات و بە هەر شێوەیەکی جیاواز و لە گۆشەی جۆراوجۆرەوە بەیانی دەکرد و بە توندی داکۆکی لێدەکرد و ئارگیومێنتەکانیشی بۆی گەلێک بەهێز و پتەو بوون. بەبۆچوونی سابینا. لەگەڵ خۆ و خەڵکیتر درۆنەکردن، تەنیا کاتێک دەکرێ کە مرۆڤ لەگەڵ خەڵک نەژی. هەر کە زانیمان کەسێک ئاگاداری کارەکانمانە، بمانەوێت و نەمانەوێت لەگەڵ ئەو چاوە بینەر و چاودێرانەدا ڕێکدەکەوین، ئیتر لەو ساتەوە هیچ کام لە کارەکانمان ڕاسستگۆیانە نین. سابینا، ئەدەب و هونەرێکی بە سووک و ئاستنزم دەزانی کە هەموو کون و کەلەبەری ژیانی تایبەتیی و تەنیایی ئەدیب و هونەرمەندی ئاشکرا بکردایە. سابینا باوەڕی تەواوی بەوە هەبوو کە هەر کەس خەڵوەتی خۆی بدۆڕێنێت، هەموو شتێکی دۆڕاندووە. هەمیشە دەیگووت: کەسێک بە خواستی خۆی واز لە خەڵوەتەکەی بهێنێت و بەبێ فشار و ئاسان دەستبەرداریی تەنیایی خۆی ببێت، لە ڕاستییدا غوولە، یان شتێکی کەمتر لە ئینسانە.
پیریی و لاوازیی، دڵنیایی لە پێکەوەبووندا
تۆماس کە چەند جارێک ڕوودەکاتە شارۆچکەیەکی باشوری ووڵاتەکە کە هەندێ گەڕاوی لێیە و خەڵکی بۆ چارەسەری پزیشکی ڕوویتێدەکەن. لەوێ کچێکی گەنج بەنێوی تێریزا، کە کارمەندە، دەناسێت و لە درێژەی چەند جار سەردانکردنەوەی بۆ ئەو شارۆچکەیە، پەیوەندی لەنێوانیاندا دروست دەبێت. ئیدی بەردەوام لە گرفتی قووڵی ناپابەندیی و بێهەستیی تۆماس و پابەندیی و هەستەوەریی تێرێزادا پەیوەندییەکەیان درێژە دەکێشێت و تا لە شوێنێکدا کە بەبێ هیچ مەبەستێک و نائاگایانە لە ئاهەنگێکدا تێرێزا لەگەڵ کەسێکی دیکە بۆ ماوەیەکی کەم سەما دەکات. دواتر و لە ماڵەوە تۆماس پێی دەڵێت کە هەستی بە غیرە و ئیرەیی کردووە کاتێک تێرێزا لەگەڵ هاوکارەکەیدا سەمای کردووە. تێرێزا کە ئەمە دەبیستێت زۆر دڵخۆش بێت و بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەر لەشی سووک دەبێت و باری ژیانی هێندە سووک دەبێت کە خەرکە بفڕێت. باوەش بە تۆماسدا دەکات و بە سەمایەکی شێتانە و کێویانە بۆ هەر چوار سووچی ژوورەکەی دەبات. بەڵام تۆماس نەوەکو بە غیرە و ئیرەیی پێبردنەکانی تێریزا لە بەرامبەر خۆیدا دڵخۆش نابێت بەڵکو هەستدەکات باری ژیانی قورس دەبێت و لەشی هێندە قورس دەبێت کە تەنانەت توانای جوڵەی بە پاڵکەوتنیشەوە نامێنێت.
لە قۆناغێکدا تۆماس لە کاری پزیشکیی دەردەکرێت و لەگەڵ تێرێزا دەچنە گوندێک لەوێ سەرقاڵی کشتوکاڵ دەبن و لێرەوە تێرێزا هێواش هێواش هەستی دڵنیایی بۆ پێکەوەژیان دایدەگرێت تا ئەو کاتەی ڕۆژێک تۆماس دەبینێت کە خەریکی گۆڕینی تایەی ئۆتۆمبیلەکەیەتی، کە ئۆتۆمبیلێکی کۆنە، و دەستەکانی دەلەرزێت و لە دوورەوە لاوازیی و پیربوونی تۆماس دەبینێت و هەست پێدەکات و ئەمەش خاڵی دڵنیایی تەواوەتیی تێرێزایە لە پێکەوەبوونی تاهەتایی لەگەڵ تۆماس.
پیربوون و لاوازیی دەبێتە دڵنیایی لە پێکەوەژیان و خاڵی هاوبەش و کۆکەرەوەی تۆماس و تێرێزا و دەکرێت هەمان شت، بۆ ژیان و مرۆڤەکانی تریش بە گشتیی ڕاست بێت.
…
ئەوەی سەرەوە هەندێ سەرنج و گوزارش بوو بۆ هەندێ بۆچوون، وێستگە و کاراکتەری سەرنجڕاکێشی نێو ڕۆمانی “سووکەڵەیی لە تاقەت بەدەری بوون” ی “ڕۆماننوسی بەنێوبانگی چیکی-فەڕەنسی، میلان کوندێرا”، کە لەلایەن “عەتا نەهایی” ەوە وەرگێڕدراوە بۆ زمانی کوردیی، ئەگەر هەندێ لە گوزارشەکان جیاوازییەکیان هەبێت لەگەڵ ڕۆمانەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە دە ساڵ زیاتر دەبێت ڕۆمانەکەم خوێندووەتەوە و لە نووسینی ئەم سەرنجانە تەنها بە خێرایی ڕۆمانەکەم چاوپێداخشاندەوە. جگە لەم ڕۆمانەی میلان کوندێرا، هەردوو ڕۆمانی “نەمریی” و “ئاهەنگی ماڵئاوایی” شم خوێندووەتەوە.
…
میلان کوندێرا، ڕۆماننوسیی بەنێوبانگی چیکی-فەڕەنسیی، لە ساڵی ١٩٢٩ لە شاری برنۆی لە چیکوسلۆڤاکیا “جاران” لەدایکبووە. باوکی “لودڤیک کوندێرا” پیانۆژەن و میوزیسیانێکی بەنێوبانگ بووە. کوندێرا سەرەتا میوزیکی خوێندووە و دواتریش لە زانکۆ سینەمای خوێندووە. چەندین نووسینی فیکریی هەیە سەرباری بەرهەمەکانی لە بواری شیعر و چیرۆکدا، هەروەها ڕۆمانەکانی لەوانە “نەمریی”، “سووکەڵەیی لەتاقەت بەدەری بوون”، ئاهەنگی ماڵئاوایی”، “هێواشیی”، “نەزانیی”، “گاڵتە”، “ژیان لە شوێنێکی ترە” و …هتد. تا ساڵی ١٩٧٠ دوو جار دەبێتە ئەندامی حزبی کۆمۆنیست و دوو جار دەردەکرێت و پاشان لە ساڵی ١٩٧٥ وڵاتی چیک بەجێدەهێڵێت و لە فەڕەنسا نیشتەجێ دەبێت. لە بەشێک لە ڕۆمان و نووسینەکانیدا ڕەخنەگرێکی وورد و قووڵی سیستمە تۆتالیتارەکانە کە وڵاتەکەی خۆی بەدەستی وەها سیستمێکەوە بۆ زەمەنێکی درێژ دەیناڵاند. ڕۆمانەکانی کوندێرا ڕووبەرێکی فراوانن بۆ گفتوگۆیەکی فەلسەفیی قووڵ لە نێوان کاراکتەرەکاندا. خاوەنی چەندین خەڵاتە بۆ ڕۆمانەکانی. ڕێکەوتی ١٢-٧-٢٠٢٣ ڕۆژی چوارشەممە بۆ دواجار ماڵئاوایی لە ژیان، نوسین و ڕۆمان کرد و بۆ هەتایە وەکو ناوێکی درەوشاوەی دنیای ئەدەبیات لە جیهاندا دەمێنێتەوە.