Skip to Content

کتێبی.. ڕەنگڕێژیی ژینگە لە شیعری منداڵانی کوردیدا.. ڕۆستەم خامۆش

کتێبی.. ڕەنگڕێژیی ژینگە لە شیعری منداڵانی کوردیدا.. ڕۆستەم خامۆش

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 15, 2023 General, Kids Literature

ناساندن:
(ڕەنگڕێژیی ژینگە لە شیعری منداڵانی کوردیدا) فازیل شەوڕۆ، بە سوود وەرگرتن لە پەنجاو پێنج سەرچاوەی کوردیی، عەرەبیی و ئینگلیزیی، ئەو کتێبەی نووسیوە.
کە سەیری بەرگی پێشەوەی کتێبەکە دەکەی، وا هەست دەکەی کە بۆ منداڵان نووسراوە، چونکە وێنەی منداڵێکی کچ دەبینی، کە بە ڕوویەکی خۆشەوە خەریکی بۆیە کردنە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەو بۆ گەورە ساڵان نووسراوە، بە تایبەتی بۆ ئەوانەی کە دەیانەوێ لەبارەی ئەدەبی منداڵان، زانیارییەکانیان زیاتر بکەن.

زۆرجار گلەیی ئەوە دەکەین و دەڵێین، کتێبمان بە زمانی کوردیی، لەبارەی ئەدەبی منداڵان نییە، کە لە ڕاستیشدا وایە، ئەوەی هەمانە، لە پەنجەکانی دوو دەست تێناپەڕن، بۆیە هەر کەم و کووڕییەک هەبێ لە نووسینی شیعر و چیرۆک بۆ منداڵان، یەکێ لە هۆکارە هەرە سەرەکییەکان، نەبوونی کتێب و توێژینەوە و سەرچاوەی زانستییە لەو بارەوە، بۆیە کاتێك کتێبێک، چ دیمانەی شاعیر و نووسەرانی ئەو بوارە بێت، یان لێکۆڵینەوە و ڕەخنە، دڵخۆش دەبین و دیدەمان ڕۆشن دەبێتەوە بە ناوی نووسەر، لاپەڕە و ناوەڕۆکی کتێبەکە، چونکە بە لای من و زۆرێک لە شاعیر و نووسەرانی دڵسۆزی ئەدەبی منداڵان، ئەوە وەک پێویستییەک دەیبینین و بە گرنگ لێی دەڕوانین.
کتێبی (ڕەنگڕێژیی ژینگە لە شیعری منداڵانی کوردیدا) یەکێكە لەو کتێبانەیە، کە دەکرێ وەک سەرچاوە لێی بڕوانرێ و شاعیران و نووسەرانی بواری منداڵان، کەڵک و سوودی لێببینن، چونکە بە شێویەکی زانستییانە نووسراوە و ئەوەی پێوە دیارە کە نووسەر “فازیل شەوڕۆ” وەک خەمخۆرێکی ئەو بوارەیە، شارەزای ئەدەبی منداڵانە.

فازیل شەوڕۆ، لە لاپەڕە (٣)ی کتێبەکەیدا نووسویەتی: (پێشکەشە بە: خەمخۆرانی ئەدەبی منداڵان)، بۆ وای نووسیوە؟ چونکە تەواو درکی بەوە کردووە کە ئەدەبی منداڵانی کورد، جگە لە هەندێک خەمخۆر و دڵسۆز، ئەوانی دیکە لە سایەی ڕەخساندنی دەرفەت بۆ بڵاو کردنەوە، بە ئاسانی بەرهەمەکانیان بۆ چاپ دەکرێ و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەقەکانیان بڵاو دەکەنەوە، بۆیە دەتوانین بڵێین ئەوانە وەک پێویست شارەزا نین، بۆیە “فازیل شەوڕۆ” لای خۆم باسی کردووە و گوتوویەتی: ئەدەبی منداڵان وێرانە، لە کۆڕ و جێگەی دیکەش باسی کردووە، بۆیە ناوەڕۆکی کتێبەکەی بریتییە لە ڕەخنەی ئەدەبیی، ئەو دەیەوێ پەیامی ڕاستەقینەی ئەدەبی منداڵان، بە ڕێگەی ڕەخنەیەکی بونیادنەر، بگەیەنێتە خوێنەرانی ئارەزوومەندی ئەو بوارە.
بابەتی ژینگە بووەتە کرۆکی کتێبەکە، بۆیە توێژینەوەکە لەڕێی ئەدەبی منداڵانەوە، گرینگیی ژینگە دەخاتە ڕوو، یان دەتوانین بڵێین ژینگە و ئەدەبی منداڵان، بە هاوبەشی بوونەتە ناوەڕۆکێکی سەرنج ڕاکێش.
فازیل شەوڕۆ، کەسێکی فرە بەهرەیە و دەستی بۆ زۆر بابەت و بواری جیا جیا بردووە و تێیدا سەرکەوتوو بووە.
وەک شاعیر، کۆمەڵێک شیعری ناسک و جوانی نووسیوە، یان وەک نووسەر و ڕەخنەگر، سەدان وتار و ڕەخنە و لێکۆڵینەوەی پێشکەش کردووە، لە بواری هونەرییش کەسێکی دەست ڕەنگینە، ئەگەر باسی پەروەردەش بکەین، ئەوا قسەی زۆر هەڵدەگرێ، چونکە وەک مامۆستایەک، کە لە هەرێمی کوردستان و عێراق و وڵاتی لیبیا وانەی گوتوەتەوە و پیشەکەی خۆی زۆر خۆشویستووە و دڵسۆز بووە.
جگە لە چەند بوارێک، ئەو کەسێکی پسپۆڕ و شارەزای پەروەردەیە، لە ئێستادا خاوەنی چەندان کتێبی بە نرخە لە بوارەکانی: ئەدەبیی، ڕۆشنبیریی، کلتووریی و پەروەردەیی… هتد.
نووسەر لە لاپەڕە (٥)دا دەڵێ: ((گەیشتمە ئەو قەناعەتە، کە ژینگە، وەک بابەت و چەمک و بایەخ، حزووری گەرمی لە شیعری منداڵانی کوردیدا هەیە)).
لە لاپەڕە (١٠)ی کتێبەکەشدا، دەڵێ: لەتیف هەڵمەت یەکەم شیعری بۆ منداڵان لە ساڵی (١٩٧٥) نووسیوە و لە ڕۆژنامەی (پاشکۆی عێراق) بڵاوی کردووەتەوە و یەکەم کۆبەرهەمی بۆ منداڵان لە ساڵی (١٩٧٩) بە ناوی (جوانترین دێ) چاپ کردووە. بێگومان ئەوانەش دوو زانیاری باشن لەبارەی لەتیف هەڵمەت و ئاوڕدانەوەی لە ئەدەبی منداڵان.
هەرچەندە زۆرن ئەو شاعیرانەی، کە شیعریان لەبارەی ژینگەوە بۆ منداڵان نووسیوە، بەڵام نووسەر، تەنيا ئاوڕی لە بەرهەمی (٣٢) شاعیر داوەتەوە، کە ئەمانەن:
(گۆران، لەتیف هەڵمەت، عەزیزی مەلای ڕەش، ئەسعەدی لوڕزادە، ئەمین محەمەد، ع.ع. شەونم، عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی، کەمال ئەسعەد چەرمەگا، ئەلند مزووری، خالید عەبدل، محەمەد بەرزی، گوڵاڵە ستاوەند، ئازاد عەبدولعەزیز مزووری، هاوژین سڵیوە، ئەمین سەپان، محەمەد داریاس، ئیبراهیم ئەحمەد شوان، تەها بیلال، دایکی سۆلاڤ، لەیلا مستەفا خۆشناو، زەکی ئەحمەد هەناری، فەرهاد ئەحمەد بەرزنجی، ڕۆستەم خامۆش، مەدحەت بێخەو، ئیبراهیم باڵدار، بڕوا موحەممەدی، ڕەئوف جەمیل، ئەحمەد محەمەد چاوشین، مام هەژار، ئەحمەد حسێن ئەمین، نەجیبە ڕەحمانی، جەمال گردەسۆری)، بەشێکیان شاعیری ناسراون و بەرهەمی زۆریان بۆ منداڵان هەیە، وەلێ چەند شاعیرێکیان وەک پێویست ناسراو نین، بەڵام ئاوڕدانەوەشی لەو چەند شاعیرە، ڕەنگە بۆ چەند هۆکارێک بگەڕێتەوە:
یەکەم: دوای خوێندنەوەی شیعری زۆرێک لە شاعیرانی ئەو بوارە، لای پەسەند نەبوونە، بۆیە بە شایستەی ئەوەی نەزانیوە لەو کتێبەيدا تۆماریان بکات.
دووەم: ڕەنگە کات و دەرفەتی ئەوەی نەبووبێ، زیاتر بە دوای بەرهەمی چاپ کراوی شاعیرانی بواری منداڵاندا بگەڕێ، کە شیعریان بۆ ژینگە نووسیوە، چونکە نووسەر ژیانی لە هەرێمی کوردستان و وڵاتی ئێرلەندا، دەگوزەرێنێ.
سێیەم: هەموو شاعیرانی بواری منداڵان، شیعریان نییە تایبەت بێ بە ژینگە.
خاڵێکی دیکەش، ڕەنگە نەیویست بێ قەبارەی کتێبەکەی لەوە گەورەتر بێ، جا لەبەر هەر هۆکارێک بێ.
پەیام و ناوەڕۆکی کتێبەکە، بریتییە لە ڕەخنەی ئەدەبیی.
کە دەکرێ ئەویش بۆ سێ خاڵ دابەش بکەین، کە نووسەر بەم شێوەیە مەبەستەکەی گەیاندووە:
یەکەم: بەرهەمی ئەو شاعیرانەی ئاماژە پێکردووە، کە زۆر بە دڵی بووە و پێی وایە دەقەکانیان زۆر جوان و ناسک و پەیامدارن، بەو پێیەی کە زۆر بە وردیی لەسەر دەقەکانیان دواوە و زیاتری لەبارەوە نووسیون.
دووەم: کۆمەڵێک شیعری جێکردووەتەوە و کەمتر لەوەی یەکەم لێکۆڵینەوەی لەبارەیانەوە کردووە، بەڵام ئەو تێکستانەشی پێ باش بووە کە ئاوڕیان لێبداتەوە.
سێیەم: بە تووندی ڕەخنەی لە چەند دەقێکی شیعریی گرتووە، کە دەقنووسەکان وەک پێویست نەیان توانیوە بچنە نێو ناخی منداڵان، چونکە ئەو شیعرانە دوورن لە زمانی منداڵ.
لەبارەی مافی منداڵانەوە، لە لاپەڕە (١٧) نووسیویەتی:
((جاڕنامەی “مافی منداڵ”یش لە گاڵتەجاڕییەکی پووچ بەو لاوە، هیچی دیکەی تێدا نییە بۆ منداڵ. داتاکانی جیهانی لە (٢٠٢٣) دەڵێن پتر لە (١٦٠) ملیۆن منداڵ کاری قورسیان پێدەکرێت، پتر لە (١١٨) ملیۆن کەس ئاوارە و دەربەدەرن لە جیهان، پتر نیوەیان منداڵن، ئەوە دەرد و نەخۆشی و برسیەتیی منداڵان هەر مەپرسە!)).
وادیارە پەیوەندی نێوان شیعر و ژینگە، زۆر لەوە دێرینترە، بەڵام وەک پێویست لەبارەیەوە نەنووسراوە، بۆیە لە لاپەڕە (١٩)دا ئاماژە بە خاڵێکی گرنگ دەکات و دەڵێ:
((وتووێژکردن دەربارەی ئاوێتەیی نێوان شیعر و ژینگە زۆر دێرینە، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئەفلاتون و هیبۆکرات و ئەرستۆ، وە تیوفراستوس کە شاگردی ئەرستۆ بووە و توێژینەوەی دەربارەی پەیوەندی نێوان بوونەوەرەکان کردووە)).

وردە سەرنج:

  • ناوەڕۆکی کتێبەکە دەوڵەمەندە، بەڵام ناوی کتێبەکە زۆر درێژە و هەموو خوێنەرێک بە ئاسانی بۆی لەبەر ناکرێ، لە جیاتی ناوی (ڕەنگڕێژیی ژینگە لە شیعری منداڵانی کوردیدا)، دەکرا کورت و ئاسانتر بوایە، بۆ نموونە: (ژینگە و شیعری منداڵان، یان ژینگە لە شیعری منداڵانی کورد).
  • لەبارەی کتێبی (نەوبووهارا بچووکان)ی ئەحمەدی خانی، نووسیویەتی: (لە ساڵی ١٦٨٢ چاپ کراوە)، ڕاستییەکەی لە ساڵی (١٦٨٣) نووسراوە و چەند جارێک چاپ کراوەتەوە. لە ماڵپەڕی (ویکیپیدیا)شدا هاتووە: (نووبەھارا بچووکان، ١٦٨٣، فەرھەنگۆکێکی عەرەبی – کوردی کە بە شیعر، بۆ منداڵانی کوردی داناوە، کە فێری زمانی عەرەبی ببن کە ئەو سەردەمە زمانی دین و زانست بووە. یەکەم جار لە ١٩٢٦ لە ڕەواندز چاپکراوە).
    ئەوەی تا ئێستا زانراوە دوو جاری دیکەش چاپ کراوەتەوە. وا دیارە بە پێی ماڵپەڕی (ڤەژینبوکس)، لە (ناوەندا وەشانێن فەرهەنگ و ئەدەبا کوردی (انتشارات صلاح الدین ایوبی)، لە شاری ورمێ لە ساڵی ١٩٨٨ چاپکراوەتەوە.
    جارێکی دیکەش لە شاری بەغداد، لە ساڵی ١٩٩٠ لە چاپخانەی ئەلڕەشید چاپکراوەتەوە.
    لە ماڵپەڕی (سپی میدیا) نووسینێکی “ڕەزا شوان” بەناونیشانی (ئەدەبی منداڵانی کورد لە باکووری کوردستان)، بەم شێوەیە باسی دەکات و دەڵێ: ((کتێبی نووبەهارا بچووکان، چەندین جار و لە چەندین شوێندا، دووبارە و چەند بارە، جار لە دوای جاریش باشتر و جوانتر چاپ کراوەتەوە. ئەمانە ناوی هەندێ لەو شوێنانەن لەگەڵ ساڵی چاپکردنی کتێبی نووبەهارا بچووکان: (ئەستەمبوڵ: ١٨٩٢)، (بەرلین: ١٩٠٣)، (دیمەشق: ١٩٤٥)، (بەغدا: ١٩٧٩).. بۆ یەکەمین جاریش لە ساڵی (١٩٢٦)دا، لە باشووری کوردستاندا، لە چاپخانەی (ڕەواندوز) لە لایەن “حوسێن حوزنی موکریانی”یەوە چاپ کرا، لە ساڵی (١٩٣٦)دا، لە لایەن شاعیر و فەیلەسوفی گەلەکەمان “پیرەمێرد” لە چاپخانەی (ژین) لە شاری سلێمانی چاپکرایەوە.. لە چەند شوێنی تریشدا چاپکراوەتەوە)).
  • لە ڕووی ڕێنووس و زمان و خاڵبەندیی، کەمترین هەڵەی تێدایە، پێم وایە ئەوەش زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ وردبینی و جوان خوێندنەوەی هەمزە عەباس فەقێ، کە هەڵەبڕی بۆ کتێبەکە کردووە.
  • لە پەراوێزی لاپەڕە (٥٩) نووسراوە ژینگەی کوردستان، هاوبەش، شیعر بۆ منداڵان، چاپخانەی شەهاب، هەولێر، ٢٠٢٠، ڕاستە بەرهەمی (١٦) شاعیرە، بەڵام کۆکردنەوە و ئامادە کردنی “ڕۆستەم خامۆش”ـە.
  • لە پەراوێزی لاپەڕە (٧٩)، نووسراوە: ڕۆستەم خامۆش، هاوڕێی پێنووس، چاپخانە؟ نیشانەی پرسیار دانراوە، وەک ڕاست کردنەوە لە کتێبەکە نووسراوە: چاپخانە: تاران.

سەرئەنجام:

  • کتێبەکە ناوەڕۆکێکی دەوڵەمەند و بە پێزی هەیە لەبارەی بونیادی ژینگە لە شیعری منداڵاندا، لە کاتی خوێندنەوەدا کۆمەڵێک زانیاری باش دەکەونە پێش چاو، هەست دەکرێ کە نووسەر بە ڕۆح و دڵ ئەو کتێبەی نووسیوە و دڵنیا دەبی، کە خەمخۆر و دڵسۆزی ئەدەبی منداڵانە.
  • هەر چەندە ژمارەی ئەو شاعیرانەی، کە شیعریان بۆ منداڵان نووسیوە لە بواری ژینگە، زۆر لەوە زیاترە کە لەو کتێبەدا ناویان هاتووە.
  • کارێکی زۆر باشی کردووە، لە هەڵبژاردنی شاعیرەکان، لە ڕووی جیاوازیی تەمەن و شوێنی نیشتەجێ بوونەوە.
  • نووسەر، نەهاتووە بزانێ کێ ناو و ناوبانگی هەیە لە کتێبەکەی جێی بکاتەوە، بەڵکو ئەو کتێب و سەرچاوانەی دەست کەوتووە و بوونەتە ئاسانکاری بۆ نووسینی کتێبەکەی.
  • بۆیە پێم باشە “فازیل شەوڕۆ” زیاتر گرنگیی بە ڕەخنە و لێکۆڵینەوە بدات لەبارەی ئەدەبی منداڵانی کورد، چونکە ئاستی ڕۆشنبیریی و دونیابینی و توانای قەڵەمەکەی و خۆشویستنی ئەو بوارە، ئەوە فازیل شەوڕۆ دەخوازێ.
  • ڕەنگڕێژیی ژینگە لە شیعری منداڵانی کوردیدا، بابەتێکی ڕەخنەیی ئەدەبییە، فازیل شەوڕۆ نووسیویەتی و هەرخۆشی پێتچنینەکەی کردووە.
    هەمزە عەباس فەقێ، هەڵەبڕی کردووە.
    دیزاینی بەرگەکەشی لە لایەن عادل زرار خەتی کراوە.
    بەرگ: نەوزاد موحەممەد کۆیی.
    تونا ئەحمەدیش دیزاینی ناوەڕۆکەکەی کردووە.
    بە تیراژی (٥٠٠) دانە چاپکراوە.
    وەک نووسەری کتێبەکە دەڵێ: ئەم کتێبە بە سوپاسەوە لە بەڕکی (سامان سەمەد – سامانە ڕەش) چاپ کراوە.

ڕۆستەم خامۆش – هەولێر

————————————-

سەرچاوەکان:
کتێبی (ڕەنگڕێژیی ژینگە لە شیعری منداڵانی کوردیدا)، فازیل شەوڕۆ، چاپخانەی پاندا، سلێمانی ژمارەی سپاردنی (٨١٨) ساڵی ٢٠٢٣.

  • ماڵپەڕی کوردیپێدیا.
  • ماڵپەڕی ویکیپیدیا.
  • ماڵپەڕی ڤەژینبوکس.
  • ماڵپەڕی سپی میدیا.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish