Skip to Content

ئێران.. شەڕێکی قورسی دژ بە دیکتاتۆرییەت!… عەبدوڕەحمان گەورکی

ئێران.. شەڕێکی قورسی دژ بە دیکتاتۆرییەت!… عەبدوڕەحمان گەورکی

Closed
by ئاب 6, 2022 General, Opinion


تێڕوانینێک بە سەر بەرەنگاربوونەوەی دیکتاتۆرییەت لە ماوەی ٤٤ ساڵی ڕابردووی ئێراندا!

شۆڕشگێڕان و ئازادیخوازانی ڕاستەقینەی خاکێک، لە هەر کوێیەک بن، دڵیان بۆ گەلەکەیان و نیشتمانەکەیان لێدەدات. ئەوان هەرگیز شەڕ بەرانبەر بە داگیرکەرانی زێدی خۆیان پشتگوێ ناخەن. موجاهێدینی خەلقی ئێران وەک نموونەیەکی زەقی ئەم راستییە. ئەوان لە هەموو کاتێکی دوورکەوتنەوەی نەخوازراویان لە خاکی خۆیان، شەڕی خۆیان لە دژی دەسەڵاتی ئێران زیادتر کردووە. چونکە ئەوان ئەم شتە بە رەمزی “وەفاداربوون بۆ بەڵێن و قوربانیدانی بێکۆتایی” دەزانن و هەر لە سەرەتاوە ئەوەیان داوەتە بەر خۆیان و لەسەری پێداگرن و گرێدراوی بەردەوامبوون و هەمیشەیی بوونیانە.
روونیشە کە بەر لە هەمووان، رژێمی ئێران ئەم ڕاستییە دەزانێت و چەندین جار شایەدی لەسەر داوە(هەڵبەت بە زمانی دەسەڵات خۆی). لە هەمان کاتدا ئەم ڕاستییە لەلایەن کۆڕ و کۆمەڵە سیاسییە ئاگادارەکان و شارەزایانی کاروباری ئێران جەختی لەسەر کراوەتەوە. هەر ئەمەیشە کە له‌ ماوه‌ی چوار ده‌یه‌ی رابردوودا “ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران”ی وەک “تاكه‌ ئاڵتڕناتیڤی ئه‌م رژێمه‌” پاراستووە کە موجاهیدینی خەلق ئەندامی سەرەکییە تیایدا.
بە ڕووخاندنی ڕژێمی دیکتاتۆرییەتی شا لە لایەن خەڵک و هێزە سیاسییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی شادا لە ساڵی 1979 و هاتنە سەرکاری ڕژێمی مەلاکان، (خومەینی) بە پێچەوانەی خواست و چاوەڕوانییەکانی خەڵکی ئێران، هەر زوو دیکتاتۆرییەتێکی زۆر خراپتری بەسەر کۆمەڵگادا فەڕز کرد و کەش و هەوای کراوەی سیاسیی کۆمەڵگای داخست و ئازادییەکانی سەرکوت و هێزە ئازادیخوازەکانی کۆمەڵگای لە ژێر ناوی ئیسلام(!)دا زیندانی کرد و دوای ئەشکەنجەدان و لە سێدارەدان و لە زۆر حاڵەتیشدا قەتڵوعامی کردن، کە کۆمەڵکۆژکردنی زیاتر لە (30) هەزار زیندانیی سیاسی لە هاوینی 1988 یەکێکە لە نموونە زەقەکانی. پرۆسەیەک کە تا ئەمڕۆیش هەر بەردەوامە.
ئەم هێزە هاوکات لەگەڵ درێژەدان بە خەبات لە دژی دەسەڵات و بە گواستنەوەی سەرکردایەتی موقاومەتی ئێران بۆ سەر سنووەکانی ئێران (عێراق) لە ساڵی ١٣٦٦دا، “ئەڕتەشی ئازادیبەخشی میللیی ئێران”ی دامەزراند و لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا، توانیی وەها گورز لە ڕژێمی ئێران بووەشێنێت کە (خومەینی) خۆی، کاتێک بینی ڕووخاندنی ڕژێمەکەی نزیک بۆتەوە، دەستبەجێ ژەهری ئاگربەستی نێوان ئێران و عێراقی نۆشی، کە ئەگەر ئەو کارەی نەکردبایە، بە دڵنییاوە ئێستا ئەو و ڕژێمە نەمابوو و ئێران و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەنانەت جیهانیش لە دۆخێکی جیاوازدا دەبوون!
پێشهاتەکانی پەیوەندیدار بە عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣، هەرچەندە ئاڵۆزبوونی دۆخ و هاوکێشەکانی ناوچەکەی زیاد کرد، بەڵام بە هەمان پێوەر، موقاومەتی ئێران توانی ئاستەنگ و سەختییەکانی سەر ڕێگا، یەک لە دوای یەک، وەلا بنێت و بە سەرکەوتوویی بەسەریدا تێپەڕێت. چونکە داگیرکردنی عێراق، هەرچەندە لەژێر ناو و ئاڵای ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا ئەنجامدرا، بەڵام لە ڕاستیدا داگیرکەری سەرەکی عێراق (ڕژێمی ئێران) بوو، کە جگە لە داگیرکردنی ئەم بەشە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، توانیبووی هێزەکانی موقاومەتی ئێران لە “ئەشرەف 1” و پاشان “ئەشرەف 2” گەمارۆ بدات و زۆر جار هێرشی سەربازی و مووشەکی و زەمینی و تیرۆریستی بکاتە سەریان. بەڵام لە ماوەی ١٤ ساڵ خۆڕاگرییەکی شکۆداردا، موجاهیدین نەک هەر توانیان خۆیان بگرن و لەسە پێ بمێننەوە، بەڵکو بوون بە “ئاستەنگێکی پۆڵایین” لە بەرانبەر دەستدرێژیکردن و داگیرکارییەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر ناوچەکە.
ئەگەر چی لە میانەی پێشهاتەکانی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣دا، بەڕواڵەت ئاراستەی جوڵەی هێزەکانی موقاومەتی ئێران پێچەوانە دەردەکەوت کە گوایە موجاهیدینی خەلق خوازیاری دوورکەوتنەون لە ناوچەکە، بەڵام ئەوان بە ستراتیژی و پێوەرەکانی تایبەت بە خۆیان لەمەڕ خەبات و تێکۆشان، دۆخەکەیان کردە “پردێک بەرەو تاران” و بە دەرچوونیان لە عێراق لە ساڵی 2016، هاوکێشەکەیان گۆڕی، بە جۆرێک کە رژێمی ئێرانی خستە دۆخێکی قەیراناوی و بێدەرەتانیدا. وەک ئێستا دەبینین دۆخی ڕێژیمی ئێران ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر هەستیارترە و ئەم رژێمە لە هەنگاوەکانی پێشووی خۆی “پاشگەز” و لە داهاتووی خۆی “نیگەران”ە. چونكه به پێچەوانەی گەشەسەندن و پەرەسەندن و بەرەوەپێشچوونی موقاومەتی ئێران، ئەم رژێمە لە هەموو روویەکەوە “لاوازتر و بێ تواناتر”ە.
هەر بۆیە دەکرێت تابلۆی سیاسی شەقامی ئێران بەم شێوەیە وێنا بکرێت کە موقاومەتی ئێران، جگە لە فراوانبوونی چالاکییەکانی لە سەرانسەری جیهان و دامەزراندنی “ئەشرەف ٣” لە وڵاتی ئەلبانیا، کە ناوازە و بێ هاوتایە لە مێژوودا، ” ئێستا خاوەنی هەزاران (یەکینەی شۆڕش)ە لە سەرانسەری ئێراندا کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا و بە تایبەت لە رەوتی ڕاپەڕینی ساڵی 2019دا، لێهاتوویی و کارامەیی خۆیان لە هەموو ڕوویەکەوە نیشانداوە و ئەگەر دۆخەکە بگاتە خاڵێکی “خوازراو”، دەتوانن چارەنووسی خەڵکی ئێران لە بەرامبەر ڕژێمی دیکتاتۆری دەسەڵاتدار یەکلایی بکەنەوە!
“یەکینەکانی شۆڕش” ئێستا جگە لە کاری ڕێکخستن و بەڕێوەبردن لە سەراسەری شار و شارۆچکەکانی ئێراندا، خاوەنی پوتانسییەل و ورە و شەڕەوانییەکای ئەوتۆن کە تەنگیان بە ڕێژیم و هێزەکانی حکومەت هەڵچنیوە و هەموو لیڤەرەکانی دێواندنی موقاومەت لە لایەن ڕێژیمەوە و پیلانگێڕییەکانی حکومەت دژ بە موقاومەتی ئێرانی پووچەڵ کردۆتەوە و هەموو رێگەکانیشی بەسەر (بە لاڕێدابردنی راپەڕین بەرەو رووخاندنی دەسەڵات) داخستووە کە ئاشکراکردنی پڕۆژەی “ڕەزا شا ڕۆحت شاد” کە پرۆژەیەکی دەستکردی وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێرانە و بۆ بە لاڕێدابردنی ڕاپەڕین و شەرعیەتدان بە سەرکوتکردن و لە کار خستنی موقاومەتی ئێران هێنرابووە مەیدان، یەکێکە لە نوێترین نموونەکانی.
ئێستا زنجیرەیەک هەڵمەتی نێودەوڵەتیی موقاومەتی ئێران لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، چ لە ناوەوە و چ لە دەرەوەی ئێران، دوا قۆناغی ڕاستەقینەی ئێرانی خستۆتە بەرچاوی گەلانی جیهان. سەرکەوتنەکانی موقاومەتی ئێران لە بواری یاسایی و دادگاکاندا و لەوانە لە وڵاتی سوید و بلژیکا، کە بووە هۆی زیندانیکردنی کرێگرتە تیرۆریستییەکانی سەر بە رژێمی ئێران، لە دەستکەوتەکانی ئەمدواییانەن، کە قەدەغەکردنی گواستنەوە و گەڕاندنەوەی دیپلۆمات تیرۆریستێکی وەک (ئەسەدوڵڵا ئەسەدی) کە لە نێوان حکومەتی بلژیکا و بانکەوانی تیرۆریزمی جیهانی (واتا رژێمێ ئێران) رێککەوتننامەی لەسەر کرابوو، دوایین ئاڵقەکانیەتی تاکو ئەمڕۆ.
ئێستا بەهێزبوونی تاکە ئاڵتڕناتیڤی دێموکراتیکی رژێم، واتا (ئەنجومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران) بووەتی راستییەکی حاشا هەڵنەگر و بەرەو ئەوە هەنگاوی دەنێت کە گۆڕانکارییەکی گەورە لە ئێراندا ڕووبدات!


کۆتایی

عەبدوڕەحمان گەورکی، نووسەر و لێکۆڵەری سیاسی

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish