Skip to Content

دەنگی خودا لە تەنیاییم دەزرینگێتەوە… سەبری عەبدی

دەنگی خودا لە تەنیاییم دەزرینگێتەوە… سەبری عەبدی

Closed
by ئاب 6, 2022 General, Poems

بیر لە بێدەنگی ئەو مردووشۆرە دەکەمەوە
شوشە عەترێک
بەسەر کفنەکەم دەپڕژێنێت
ئاسمان پڕ بووە
لەتەمی نیشتیمانێکی ڕەشداگەڕاو
زەویش ئەو حیکایەتە بوو
مانگاکەی بنی هەڵخلیسکا
قەدەرێکی خاڵیی دەبینم
شووناسەم نا
ناوی خۆم دەدەمە ده‌ست ئەو پۆستەچیانەی
لەدوورەوە هاوار دەکەن
هەمدیس
گریانی بەدگومانیی زەویمان بۆ هێناون
چۆن ماسییەکان فێر بکەم
سپێدەیەک بەر لەهەڵاتنی خۆر
لەنزیک ژنبوونم وچان بدەن
چۆن دەستی پیاوێک بگرم
لەڕێگه‌دایە لەگەڵ
ئەستێرەیه‌کی لە ئاسمان تۆراو
زەمی بێوەفایی مانگ دەکەن
بە تەنیایی بڵێم ئەو پیاڵەیەش
لەبەر چاوە بێبەزەییەکانی تۆ بنۆشێ
پێی بڵێم لەگەڵ هەر پێکێک پیاوێک هەڵدەوەرێ
پێنووسەکەم ڕا دەهێنم
ئەو ئاگری ئادەمیییە
نەخاتە لاپەڕە سپییەکانی ژن
پێی دەڵێم چارەنووس ئەوکاتەبوو لە گچکەییمدا ڕێی دەکرد
ساڵەکان درەنگ دەکەوتن
ورزەکانیش زوو
ژن ساڵ و وەرز ناناسێ
بەیانییه‌ک لەگەڵ دەنگی کەڵه‌شێر بانگم بکە
هێلانەی ئەو ڕەشۆلانە دەگوازینەوە
کە تۆ ڕەشبینانە گومانت لێ دەکردن
نامەوێت لێرە بەتەنیا بمێنمەوە و
لەگەڵ باڵندەکان سەفەر بکەم
بۆ شاره شکاوەکانی کوردایەتیی
ئەز ناخازم بچمە ئەڤان ئێواران
ڕۆحم بەدیار کاڵبوونەوەی دڵم دادەنیشت و
جگەرەی ونبوی خۆی دەکێشا
ڕۆحێکی یاخی
ئاوازێک بەر لەوەی نۆتەکانی دەربچێ شەهید بوو
نامەیه‌کی دایە دەست ئەو فریشتانەی لەسەر گۆڕەکەی پەنجەی چەقۆیان دەگوشی
وتی بەخودا بڵێن
مانگاکە و زەویش داوای لێخۆش بوون دەکەن
بەر لەقاش قاش بوونی هەنار وەرە
بەر لە ڕۆندکێ دایکێ
بەر لەوەی خودا مشتێ لەتەنیایی خۆییم پێ ببەخشێ.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish