Skip to Content

ئەوەی ئێستا لە دەڤەری ئێمەدا ڕوودەدات سەپاندنی کولتووریە.. مەحمود چاوەش

ئەوەی ئێستا لە دەڤەری ئێمەدا ڕوودەدات سەپاندنی کولتووریە.. مەحمود چاوەش

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 11, 2023 General, Opinion

ئەگەر لە دەروازەی ڕۆشنگەراییەوە بڕوانینە ئاڵوگۆڕە کولتوورییەکان، بەئاشکرا ڕووندەبێتەوە، کە لەو دەڤەرەی ئێمە تاکو ئێستاش تاك خۆی لە قفڵدانی بازنە دەستەجەمعی و مێگەلییەکە ڕزگار نەکردووە، یان باشتر بڵێین ڕزگار ناکرێت. تاك وابەستە و موفتەلا کراوە بە زنجیرەیەك پەیوەندی لێکنەپچڕاوی کۆمەڵایەتییەوە، کە هۆش و بیرکردنەوە کەسییەکانی لەدەستدەدات و خۆ لە خەڕەکەیەکی دووبارە بووەدا دەبینێتەوە و دواتر لە توانای ئەوەدا نییە، بڕیار بۆ خاڵە گرنگەکانی ژیانی خۆی بدات. ئیمانوێل کانت1 سەدەکانی پێشتر درکی بەم مەترسییە کۆمەڵایەتییە کردبوو و لە وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارەی ڕۆشنگەراییی مانای چییە، دەبێژێت، ” بوێرە لە پێناوی هۆش و تێگەیشتنی خۆتدا کاربکەیت”2 کانت بێگومان لێرەدا مەبەستی لە تاکی ئەو کۆمەڵگانەیە، کە خورافیات و وەهمی عەقیدە و دیانەتەکان هزری تاکیان سستکردووە.
لە هیچ ساتەوەختێکی مێژووییدا ئەم تێڕوانینەی کانت لە کۆمەڵگەی ئێمەدا بە شێوەیەکی پڕاکتیكی بەهەند وەرنەگیراوە، ئەو کەسەش جورئەتی ئەمەی کردبێت، یان دەڤەرەکەی بەجێهێشتووە، یان بەرەنگاری ترسی کوشتن بۆتەوە.
لێرەدا دەبێت پرسیاری ئەوە لە خۆمان بکەین بۆچی تاکگەرایەتی لە کۆمەڵگەکاندا زۆر گرنگە و ئایا مەساری ئەم چەمکە (تێگەیە) سیستەمی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەکان بەرەو چ ئەستێك دەبات. با لە سەرەتادا باسی پێچەوانەکەی تاکگەرایەتی بکەین، کە دەستەجەمعی یان کۆلێکتیڤە. لەم سیستەمی تێگەیشتنەدا کە دەستەجمعییە، تاك لەو توانایانە دادەبڕدرێت، کە هزری خۆی بەکاربهێنێت و دەوروبەرەکەی پێبپشکنێت، لەم سیستەمەدا کەسانی دیکە کار لە تاکدا دەکەن، کە جۆرێکە لە فریودان (مانیپولاتسیۆن Manipulation)، ئەمەش بە مانایەکی تر پاوانخوازی و وابەستەبوون بە عەقڵییەتی دەستەجەمعی بەرهەمدەهێنێتەوە. تاك کاتێك دەتوانێت بە ئازادی و ئارەزووکانی خۆی بڕیار بۆ پاشەڕۆژی خۆی بدات و لە کۆمەڵەگەیەکی تەندروستدا بژی و پاشەڕۆژێکی پرشنگداری هەبێت، گەر بە بوێریی دێکارتیانە هزری خۆی بەکاربهێنێت و کاریگەری لەسەر تاکەکانی تری کۆمەڵگە هەبێت، کەواتە لەوە نەترسێت بیروڕاکانی دەربڕێت.
تاکگەرایەتی (Individualismus) لە دەڤەری ئێمەدا لە هاوکێشەیەکی ناهاوسەنگ و پێچەوانییدا دەبزوێت، تاکو دەستەجەمعییەت و مێگەلایەتی بەرقەراربێت، تاکگەرایەتیش لاواز و تەنانەت بێدەنگیش دەبێت یان دەکرێت. کۆمەڵگەی ئێمە، بە ڕۆژهەڵاتی ناوینیشەوە، سەرتاپا نوقمی سیستەمی دەستەجەمعی کراوە. ئەمەش دەبێتە هۆکاری ئەوەی، کە تاك توانای بڕیاردان و ڕەخساندنی پلانە کەسییەکانی خۆی لەدەست خۆیدا نەمێنێت، ئازادی بەرامبەر سەربەخۆییە کەسییەکانی، بەرامبەر گەشەدانی هزری و توانا هونەریەکانی، بەرامبەر بڕیاری بۆ ژیانی کەسی خۆی نامێنێت. دەستەجەمعی تاك بەرەو خەساندن دەبات، بڕیار بۆ ئاوات و حەزەکانیشی دەدات، کەواتە کار لە سنووردارکردنی ئازادیە کەسیەکاندا دەکات، سودبەخشی ئەو میکانیزمەش هەر ئەوە، تاکیش بەم شێوەیە دەبێتە داردەستێکی لاواز و لە بەرژەوەندی ئەو “کۆ”یەدا دەبزوێنرێت.
بەم جۆرە دەتوانین بڵێین تاکگەرایەتی (Individualismus) بیرۆکەیەکی ئەخڵاقخوازی و بەهای سیستەمێکە، کە تاك لە چەقی ڕەچاوکردنەکاندایە، جۆرێکە لە دەربڕین و وەستانەوە بەرامبەر زۆرداری و زۆرایەتی دەستەجەمعی،. بەرەنگاربوونەوەی تاکە بەرامبەر کۆمەڵگەیەك، کە تاك تیایدا بڕیاردان بۆ خۆی و ڕادەربڕێن بە هزری خۆی دەکاتە فەلسەفەی ژیانی، کە ئەمەش لە کۆمەڵگەکانی ئێمەدا لەتەك کۆنتێکستە (هەڤرایەڵە) کۆمەڵایەتیەکاندا ناگونجێت و بەردەوام لە کێشەدایە. بۆ نموونە هونەرمەندان (بەداخەوە لێرەدا دەبێت هەندێك لە هونەرمەندانی کورد لەم چوارچێوەیەدا بەدەربکرێت) و مێژووناسان و نوسەران و ڕۆشنبیران دەچنە کاتێگۆری تاکگەرییەوە و جۆرێك لەو بەربەستەییەیان تێدایە، کە خۆکردەن لە کارەکانیاندا و دوای مێگەلەکە ناکەون. ئەو پرسیارەی لێرەدا زۆر گرنگە ئەوەیە، کە بۆچی تاکگەرایەتی و ئازادییە کەسییەکان لە کۆمەڵگەی ئێمەدا زۆر سەختە.

  1. ئێمە تاکو ئێستاش لە کۆمەڵگەیەکی بە عەقڵییەت کشتوکاڵ و لە سیستەمی هەرەوەزیدا ژیان دەبەین بەڕێوە، کە ڕەنگە گیۆپۆلیتیکی ناوچەکە ئەم جۆرە سیستەمەی ژیانی بەسەردا سەپاندبێتین.
  2. هەموو دیانەت و عەقیدە و داب و نەریتەکانیش لە سیستەمێکی دەستەجەمعیدا پڕاکتیزە کراون. بۆ نمونە پاش بە ئیسڵامکردنی زۆرملێیی ئەو دەڤەرە، بە کوردستانیشەوە، تاك خرایە پەراوێزی ڕوداوەکان و نوێژی بە کۆمەڵ و مناسەبە ئاینییەکان، تەنانەت جەژنی نەورۆزیش لە بازنەیەکی کۆلێکتیڤدا سوڕاوەتەوە. (تەنها ناوازەیەك لەم بوارەدا خۆکەلاخستنی سۆفیەکان بووە، کە تاکگەرا و دوورەپەرێز لە کۆمەڵگە عیبادەتیان کردووە، کە جێگەی ئەم نووسینە نییە).
  3. ڕۆژهەڵات نە چەرخی ڕێنیسانس (3(Renaissance نە پرۆسەی ڕۆشنگەراییەتی (Aufklärung)، نە پڕۆسەی مێژوویی ڕێفۆرمی ئایینی (Reformation) بەخۆوە نەبینیوە. بەهۆی ئەم پڕۆسە مێژووییانەوە گۆڕانێکی بنەڕەتی بەسەر دیانەتی مەسیحیدا هات و بووە هۆی لاوازبوونی دەوری ئەم دیانەتە لە ئەوروپادا، لێ دیانەتەکان هەموویان هەوڵی ئەوەیان داوە، بازنەی دەستەجەمعی لە کۆمەڵگەکاندا بەدەست بهێنن و دەوری تاك تەواو لاواز بکەن، چونکە لە بەرژەوەندی خۆیاندا بووە.
  4. خۆ بیننەوەی کەسایەتی تاك لە چوارچێوەی دەستەجەمعیدا، بەو واتایەی تاك تەنها لەو چوارچێوەیەدا خۆ بەهێز دەزانێت
  5. دەستەجەمعی پێویستی بە ملکەچکردنی تاك و فەرمان پێدانە، پێویستی بە جێبەجێکردنی فەرمانەکانی ئەوانە، لێ تاکگەرایەتی و ئازادییە کەسییەکان جێگای مەترسین بۆیان.
    ئێمە لە کۆمەڵگەیەکدا دەژین، کە بەدرێژایی مێژوو پارچەپارچە کراوە، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لە هەموو کاتێکی تر لاوەزترە. لە هەمان کاتدا لە هەموو ساتەوەختێکی تر پێویستیمان بە هاوکاری و یەکگرتن و هەرەوەزی یەکتر هەیە. گەر ڕونتر بڕوانینە ئەم ناهاوسەنگییە، زۆر ئاشکرایە، کە لە هەناویدا گەورەترین پارادۆکس (نەگونجاوی یان ناکۆكی و دژواری) دەبینین، لە سەرێکەوە باس لە نەبوون یان سنوردارکردنی ئازادی، پێشێلکردنی سەربەخۆیی و بڕیاردان و یەکسانییەکانە بۆ تاك دەدوێین، لە سەرێکی ترەوە لاوازبوونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لە هەموو بوارەکاندا بەرجەستەیە. ئەم هاوکێشەیە هێندە ئاڵۆز و دووفاقەیە، کە گرێیەکی مێژوویی بۆ نەوەکانی هەنوکە و داهاتوش پێکهێناوە، کە نە دەتوانن هەنگاوێکی تاکڕەوانە لە ژیانیاندا بنێن، نە دەشتوانن ئازادانە ئەندامێکی بەسود بن لەنێو ئەو هەرا و خەڕەکی دەستەجەمعیەی بۆیانیان خۆڵقاندراوە. هیچ ساتێك وەك ئێستا تاکی کورد توشی گرێکوێرە و کۆمپلێکسی دەروونی نەبووە و کەسایەتی و خۆدەربڕینی نەکەوتوونەتە ژێر گومانەوە. خۆبەکەمزانین و نەتوانینی بڕیاری خۆیی بەرامبەر ساکارترین هەنگاوەکانی ژیان ئەنجامی ئەم ناهاوسەنگییەن.
    کاتێك لێرەدا باس لە تاکگەرایەتی دەکرێت، بەو مانایە نییە، کە ئازادی تاك ڕەها و بێسنوور بێت و هەرکەسە بۆ خۆی و جیا لە کەسەکانی تر کارەکانی بۆ کۆمەڵگە بەرهەمبهێنێت یان بەجێیان بگەیەنێت (هونەرمەندان و نووسەران و ئەو کەسانەی لەم بوارانەدا کار دەکەن، لەم چوارچێوەیە بەدەرن)، بەڵکو بەو مانایەی تاك جەخت لەسەر ئازادییە کەسیەکانی خۆی بکات و ڕێز لە ئازادییەکانی تاکەکانی تری کۆمەڵگە بگرێت. دیارە ئەم ئازادیە لە بازنەی گروپ و ڕێکخراوە مەدەنییەکانیشدا بەهەمان شێوە پڕاکتیزە دەکرێت.
    جۆن ستوارت میل (John Stuart Mill)4 نمونەیەکی مێژوویی گرنگە لەم بوارەدا، کە بە گومانێکی زۆرەوە دەڕوانێتە سیستەمی فێرکردن و داڕشتنی سیستەمی خوێندن و فێربوون لە لایەن دەوڵەتەوە. ئەو زیاتر بڕوای بە کۆمەڵگەیەکی ئازاد و یەکسانە، بەبێ بونیادە (ستراکتەرە) ڕێنماییەکان (ڕێنما لێرەدا مەبەست لە دەوری شوانە بەرامبەر ڕانە مێگەلەکەی). میل پێیوایە، کە ئازادی تاک تەنها لە بارێکدا دەبێت سنووردار بکرێت، کە دەوڵەت پارێزگاری لە خۆی و تاکەکانی تری کۆمەڵگە بکات (لێرەدا مەبەست لە پاراستنی مافی هاوڵاتیانە)، لێ ئەو دەبێژێت، کە تەنها هاوڵاتیانی ڕۆشناییدراو دەتوانن، کۆمەڵگەیەک بەرەو پێش بەرن و رۆڵێکی گرنگیش بۆ پێشکەوتنی ئەو کۆمەڵگەیە بگێڕن. فێرکاری و ڕوناکبیری (تاکەکان) دەرفەتی زیاتر بۆ ئەوە دەڕەخسێنن، کە چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگەش بەرپرسیارێتی لەئەستۆ بگرن.

    گەر وردتر بڕوانینە ئەم دیاردەیە، ئاشکرایە، کە کولتوورەکان بە توانای هزری و داهێنان و دروستکردن و خەیاڵفراوانی تاکەکان بەرەوپێش چوون و بەرفراوانتر و خۆڵقێنەرانەتر ڕێکخراون، نەك بە هەراوهوریای دەستەجەمعی. تاکی ژیر نهێنییەکانی کۆمەڵگە و سروشتی بە پێوەرەکانی زانست و ڕۆشنگەرایی ئاشکرا کردووە، نەك ئەو دەستەجەمعییەی تاکەکان ڕووەو ئاگری جەنگەکان و کوشتارەکان ڕاپێچدەکات. لەم ساتە مێژووییانەدا زیاتر پێداویستی بە تواناکانی تاك دەبێت جورئەتی ئەوە بکات، توانا هزرییەکانی خۆی بەکاربهێنێت، بەرامبەر بیروڕا زۆردارییەکانی دەسەجەمعی هەنوکە بوەستێتەوە.
    سیستەمی ئەو دەڤەرەی ئێمە کۆمەڵگەیەکی خۆڵقاندووە، تاك تێیدا لەبان خۆی قوڕمیش دەکرێت یان داشی ئەو یاریەن، کە دەستەکانی تر دەیانجوڵێنن. دواتر دەخرێنە نێو ئەو سیستەمە مێگەلییەی کە تاك توانا و وزەی ئەوتۆی تێدا نامێنێت، خۆ لەو بەندە ئاسنیانەی دەستەجەمعی ڕزگار بکات. پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە، چۆن تاك بتوانێت کۆمەڵگەیەك بەرەو پێشەوە بەرێت، کە خۆی تێیدا کۆیلە کراوە و توانای هزری و داهێنان و بەرفراوانی خەیاڵەکانی دابڕاوە. بەرەوپێشچوون و ئازادکردنی کۆمەڵگەیەك بە دەستی کەلەپچەکراوی بەئەنجام ناگەیەنرێت. دەتوانین لێرەدا بەم سیستەمە بێژین “سیستەمی ستەمکاری زۆرینە”، کە تاك تیایدا لە پڕۆسەی بڕیاردان و بەشداریکردنی سیاسیدا دادەبڕێت. ئەم پڕۆسەیە نادیموکراتیکردنی کۆمەڵگە ئاشکرا دەکات، لێ دیموکراتی بە مانای ئەوە نییە زۆرینە بڕیاربدات و کەمینە و تاکەکانی تری کۆمەڵگە ملکەچی بۆ بکەن، ڕەخنە و تێبینیان لەمەر سیستەمەکە نەبێت، بەڵکو بیروڕاکانی تاکیش بە هەند وەربگیرێن. پێچەوانەی ئەم سیستەمانەش تەنها سیستەمی زۆرینەی دیکتاتۆرییە، کە دەنگەکانی تاك لە سەرەتاوە دەخنکێنرێن.
    دەوڵەتیش بەردەوام هەوڵی ئەوەی داوە، ئەو کەسایەتییە بەناوبانگانەی کە ڕەخنەگرانە بەرامبەر سیستەمەکەی وەستاونەتەوە، بخاتە ژێر پەستانەوە، وەك هونەرمەندان، زانایان، مێژووناسان، ڕووناکبیران، نووسەران و کەسانی ڕەخنەگر لە سیستەمەکەیان.
    ئازادی تاك جێگەی گفتوگۆ نییە، لێ ئەوە سەرەتاییترین و بەهێزترین خوازیاری مرۆڤ بووە لە سروشتدا.

    1 ئیمانوێل کانت فەیلەسوفی ئەڵمانی لە 22.04.1724 دا لە کوێنیگسبێرگی سەر بە پرۆیسن لەدایك بووە و هەر لە هەمان شار لە 12.04.1804 دا کۆچی دوایی کردووە. ئەم زانیاریانە لە ڤێکیپێدیا وەرگیراوە.
    2 Immanuel Kant, Beantwortung der Frage: Was ist Aufklärung? Kant 1784, S.481
    3 ڕێنیسانس سەدەم یان چەرخێکی کولتووری و مێژوویی-هونەریە لە ئەوروپا، کە تێیدا ئەوروپا لە بوارەکانی گەشەی کولتووری و هونەردا هەنگاوێکی زۆر گرنگی مێژوویی نا.
    4 جۆن ستوارت میل لە 20.05.1806 دا لە لەندەن لەدایکبووە و لە 08.05.1873 دا لە فەڕەنسا کۆچی دوایی کردووە، فەیلەسوف و ئابووریناس و سیاستمەدارێکی ئینگلیزە، بە یەکێك لە هزرمەندە دیارەکانی سەدەی نۆزدەهەم دەژمێردرێت. کۆنسێپتی ئازادی لای ئەو لە سنووری پیاوان بەدەرە و زۆر جەختی لەسەر ئازادی بۆ ژنانیش کردووە. (Frauenemanzipation)

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish