Skip to Content

دەستبەسەرداگرتنی ناسیۆنالیستی شۆڕش قەدەغەیە!.. حەمید تەقوایی

دەستبەسەرداگرتنی ناسیۆنالیستی شۆڕش قەدەغەیە!.. حەمید تەقوایی

Closed
by ئازار 29, 2023 General

وەرگیرانی بۆ کوردی: کاوە عومەر

دوای کۆنفرانسی جۆرج تاون هەوڵێک دراوە بۆ گۆڕینی گوتاری ژن ژیان ئازادی بۆ نەتەوە و نیشتمان و ئاو و خاک. جەماعەتی جۆرج تاون بەردەوام باس لە “شۆڕشی نەتەوەیی”، “یەکێتی نەتەوەیی”، “نیشتمان پەرستی”، “یەکپارچەیی وڵات” و هتد دەکەن. لە وتارەکانیاندا بە ” گیانی خۆم بەخت دەکەم بۆ ئێران” وروژاندنی نەتەوەیی- نیشتمانی دەکەن و داوا لە خەڵک دەکەن بە دروشمی “ڕەزا شا ڕۆحت شاد” پشتیوانی خۆیان بۆ “حکومەتی نەتەوەیی” ڕابگەیەنن. وەک ئەوە وایە لە پێناوی نیشتمان و یەکپارچەیی خاک و ئاو و خاکدا بووبێت کە خەڵک ڕاپەڕیوە و تا ئێستا زیاتر لە پێنج سەد کوژرا و دەیان هەزاریان زیندانیان داوە!

  لێدانی تەپڵی میللەت و نەتەوەپەرستیبە ئاشکرا، هەوڵێکە بۆ دەست بەسەرداگرتن وبەلاڕێدابردنی ناسیۆنالیستی شۆڕشی “ژن ژیان ئازادی”. لە هیچ کام لەم سێ وشە سەرەکیەی شۆڕشدا، تەنانەت ئاسەواری پیرۆزی و تابۆی نەتەوەیی-نیشتمانی نابینیت. تەنانەت دروشمی “پیاوی نیشتمان ئاوەدانی” کە یەکەم هەوڵی بەلاڕیدابردنی نەتەوەیی شۆڕش بوو، سەرکەوتوو نەبوو.

بەگشتی دەوترێت بەرگریکردن لە نیشتمان و بەها نەتەوەیی- نیشتمانییەکان دەربڕینێکی دیکەی پشتیوانیکردنی خەڵک و ئازادی و یەکسانییە. وا نییە، ئەمانە دژ بەیەکن! نە میللەت هەمان خەڵکەو نە ئازادیخوازی هەمان نەتەوەچێتیە. بۆ ئەو هۆکارە سادەیەی کە بەهاکانی مرۆڤ – ئازادی، یەکسانی، کەرامەت و بژێوی ژیان، خۆشگوزەرانی گشتی و هاوشێوەکانیان – فاکتەری هاوڕێیەتی و هاوپشتیی مرۆڤەکانن لە ئێران و لە هەموو جیهاندا – ئەو ڕۆڵەی دروشمی ژن ژیان ئازادی گێڕای-  لە کاتێکدا نەتەوایەتی وەک ئایین و نەتەوە، لەسەر بنەمای جیاوازی و لێکدابڕان دامەزراوە! لەپێشتردانانی بەرژەوەندییەکانی “نەتەوەی خۆی” بەسەر نەتەوەکانی دیکەدا، بەشیک لە پێکهاتەیی ناسیۆنالیزمە. لەناو خەڵکی هەر وڵاتێکدا، جیاوازییە ڕەگەزی-مێژووییەکانی “گەلان”ی جیاواز هەمیشە هۆکاری دابەشبوون بووە. ناسیۆنالیزمێک، وەک ناسیۆنالیزمی فارسی لە ئێراندا، خۆی بە باڵاتر دەزانێت و ئەوانی دیکەش “نەتەوە” یان “نەژاد”ن کە وەک کورد، ئازەری، بەلووچ و هتد لە ئێراندا، هەر جۆرە ناڕەزایەتییەکیان بەرامبەر هەڵاواردن و چەوساندنەوەی نەتەوەیی، بەجیاخوازی و مەترسیدارو .بە خستنەمەترسی یەکپارچەیی خاک دادەنرێت. (لە نێو ئەمانە بێگومان کۆچبەرانی وەک ئەفغانی دانیشتووی ئێران بە هیچ شێوەیەک حسابیان بۆ ناکرێن!).

لە ڕووی پراکتیکی و ئەزمونییشەوە، ناسیۆنالیزم هەمیشە بەشەڕ و کوشتار، و لە وڵاتانی وەک ئێرانیشدا بەسەرکوتی بێ پەردە،ئاگر دراوە. بەدرێژایی مێژوو هەمیشە لەژێر ناوی نیشتمان و نەتەوەدا ئازادییان سەری بڕیوە، هێرشیان کردووەتە سەر خەڵکی “جیاخواز”، شەڕی ماڵوێرانکەریان دەستپێکردووە ، لەژێر ناونیشانی بەرگریکردن لە “بەرژەوەندی نەتەوەیی” و ” ئاسایش نەتەوەیی”. و هتد. لە ڕاستیدا بەرگرییان لە بەرژەوەندی و ئاسایشی کەمینەیەکی مفتەخۆری دەسەڵاتدار کردووە. ڕێک هەمان ئەو تاوانانەی کە کۆماری ئیسلامی لە چواردە دەیەی ڕابردوودا لەژێر ناوی بەرگریکردن لە “ئیسلامی ئازیزدا” ئەنجامی داوە، هەموو دیکتاتۆرییە ناسیۆنالیستەکان لەژێر ناوی بەرگریکردن لە ” نیشتمانی ئازیزدا” ئەنجامی دەدەن. لەم ڕوانگەیەوە ئایین و ناسیۆنالیزم هەمیشە دەست لەناودەستی یەکتر و بە تایبەت لە سەد ساڵی ڕابردووی مێژووی ئێراندا کاریان کردووە و لە ژێر دروشمی “خودا پاشا نیشتماندا” دیکتاتۆری دوای دیکتاتۆریەتیان بەسەر خەڵکدا سەپاندووە. ئه مڕۆ ئیسلامیزمدا ئه و ئه رکه له خزمه تی ئایه توڵڵا ملیاردێره کان و ماڵی ڕابەردا ئه نجام ده دات و دوێنێش ئێرانیزم هه مان خزمه تی به هه زار بنه ماڵه و دەرباردا ئه نجامدا.

هەر لەبەر ئەم هۆکارانەشە کە “نەتەوە” تەواو جیاوازە لە “خەڵک” و ناسیۆنالیزم چەمک و مەیلێکە لە خاڵی پێچەوانەی ئینساندۆستیدا. لە ڕوانگەی هەموو مرۆڤێکی ئازادەوە، “خەڵک” واتە هاوڵاتی خاوەن مافێکی تەواو یەکسان سەربەخۆ لە هەر جۆرە شوناسێکی نەتەوەیی و قەومی و ئایینی و نەژادیان.

ڕاستییەکە ئەوەیە کە ڕیشەی کێشەکانی خەڵک، لە ئێران و لە هەموو وڵاتان، جیاوازیی میللی، نیشتمانی، ئاینی، نەتەوەیی نییە، بەڵکو جیاوازی چینایەتییە. کێشەکە لەوەدا نییە کە مرۆڤەکان دابەشبوون بەسەر میللەت و ئایین و نەتەوەی جیاوازدا، یان بەسەر نیشتمانپەروەر و نیشتیمان فرۆش، موسڵمان و کافر، ڕەگەزی باڵا و مرۆڤی بەدکار، بەڵکو مەسەلەی ڕاستەقینە ئەوەیە کە مرۆڤەکان دابەشبوون بەسەر چین و توێژەکاندا. ئایدۆلۆژیای میللی و نەتەوەیی و ئایینی لەلایەن چینە دەسەڵاتدارەکانەوە بە ووردی بەکاردەهێنرێن بۆ پاساوهێنانەوە و تەحەمولکردنی ئەم قەڵشت و ململانێی بەرژەوەندییە چینایەتییەکان. مەسەلەی ڕاستەقینە هەژموونی چینێکی سەرمایەداری مفتەخۆرە بەسەر کۆمەڵگاکاندا. و ئەمەش هەموو جیهانی دابەش کردووە بەسەر ئۆردوگای کار بەرامبەر سەرمایە، بۆ ئۆردوگای ٩٩ لەسەد بەرامبەر بە لەسەدا یەک. شۆڕشی ژن ژیان ئازادی لە جەوهەردا ململانێی نێوان ئەم دوو ئۆردوگایەیە.

بەرگریی ڕاستەقینە لە ئازادی و ئینسانیەت و یەکسانی و خۆشگوزەرانی پێویستی بە ئایکۆن و هێما و دروشمی دیکە نییە. پێویستە ڕاستەوخۆ و بەبێ هیچ ناوەندێکی دیکە بەرگری لە بەها مرۆییەکان بکرێت، لەوانەش ئایینی، میللی، نەتەوەیی و ڕەگەزی. بۆ ڕزگاری و ئازادی کۆمەڵگا دەبێت مرۆڤ بگاتە ڕەگی مەسەلەکان و بۆ مرۆڤیش ڕەگەکە خودی مرۆڤە.

٢٨ی مارس ٢٠٢٣، ٨ی فەروەردین ١٤٠٢

لە ژورناڵی ژمارە ٣٨١دا بڵاوکراوەتەوە

Previous
Next
Kurdish