Skip to Content

سەبارەت بە کارەساتی بەنزینخانەکەی هەولێر و لە پەیوەند بە کەرامەتی ناسیۆنالیستانەی کوردەوە!.. سابیر محەمەد

سەبارەت بە کارەساتی بەنزینخانەکەی هەولێر و لە پەیوەند بە کەرامەتی ناسیۆنالیستانەی کوردەوە!.. سابیر محەمەد

Closed
by ئاب 10, 2025 General, Opinion


لە ڕۆژی ٦ /٨/ ٢٠٢٥ لە شاری هەولێر لە نزیک بازاڕی ماجدی مۆڵ کارمەندانی بەنزینخانەی شێر(SHER Oil) ، سێ کەسی بێتاوانی کوشتوە ، دوانیان گەشتیاری عەرەب زمان بوون کە یەکێکیان بە ناوی “حمودی ریاض” وە پاڵەوانی لەشجوانی عێراق بوو ، لەگەڵ هاوڕێکەی ، هەروەها کەسی سێەم کە کرێکارێکی کورد بوو وە لەو نزیکانە بوو ، هەرسێکیان بەبێ تاوان کوژران لەو کاتەدا ، بکوژ دەستبەجێ لە ماوەیەکی زۆر کورتدا دەستی ئەگاتە چەکی کارمەندی سیکۆریتی بەنزینخانەکە و ، ئەم کارە وەحشیەی پێئەنجامداوە .
لەبارەی لێکۆڵینەوەو وردەکاری ئەم کارەساتە دڵتەزێن و نامرۆییە ، گەلێک پرسیار و ناڕۆشنی گەورەو پچوک لە خۆ ئەگرێت ، لەسەر ڕەوشی شارەزایانەی و بەردەوامبوونی لە تەقەکردندا وە سووربوونی لە سەر ئەوەی کە پێویستە سەد لەسەد دڵنیا بێت لە کوشتنیان ، هەروەها چۆن وە بە چ شێوەیەک وە چۆن لە ماوەیەکی کورتدا توانیویەتی دەستی بگاتە چەکی کۆمپانیای سیکۆریتیەکە ، هەموو ئەمانەو شتەکانی تریش جێگای پرسیار و گومانن .
مێدیای مێلیشیا کوردیەکان ئەم کێشەیە بەوە ئەبەستنەوە کە کەسی بکوژ لە ڕووی دەرونیەوە نەخۆش بووە!
مێدیا چەواشەکارە جۆر بەجۆرەکانی مێلیشیا دەسەڵاتدارەکانی کورد ، چاو پۆشی لە بوونی ڕەوتێکی کۆنەپەرستانەو کوێرانەیەی میللی ئەکەن کە لەبەرامبەر عەرب زمانەکاندا و زمانەکانی تری گەلانی ناوچەکە پیادە ئەکرێت .
دەسەڵاتی میلیشیایی کورد پشت بە ئاماری تاوانەکانی کوشتن ئەبەستێت لە وڵاتە ئیمپریالیستیە پێشکەوتوکانی جیهان وەک ئەمریکا ، بۆ پەردەپۆشکردن و ڕەوایی پێدانی تاوانی لەمجۆرە ، کە پەیوەندیان بە هزرو بۆچوونێک و پەروەدەو فێرکردنێکی ڕەگەزپەرستانەی کوێرانەی ناسیۆنالیستی ( کوردایەتی) یەوە هەیە ، لە چەشنی “ داکۆکیکردن لە کەرامەتی قەومی کوردان “ وە کەسایەتی ستەملێکراوی کورد “ .
هەلومەرجی ناکۆکیە سیاسی و ئابووریەکانی هەرێم و بەغدا ، خۆی لە خۆیدا ڕەنگدانەوەیەکی خراپی هەیە ، لەسەر گەشەی بیروبۆچوونی کوێرانەی ڕەگەزپەرستانە ، هەر بۆیە ناو بەناو کێشە و سیناریۆی لەم جۆرانە لێرەو لەوێ پەیدا ئەبن ، هەروەک کێشەی جوتیارەکەی کەرکوک بەر لە شەش مانگێک ، کە ئەویش بووە مایەی گەشەی بیروبۆچوونی ڕەگەزپەرستانەی ناسیۆناڵیستی نێوان کوردەکان عەرەبەکان لەو ناوچانەدا ، لە پێناو بەلاڕێدابردنی هزری جەماوەرە لەسەر کێشە ناوخۆیی و چینایەتیەکانی خەڵکی چەوساوەی ناوچەکە.
هزری کۆنەپەرستانە و کوێرانەی ناسیۆنالیستی سەرچاوەی پەیدابوونی دەیەها ڕووداوی لەمجۆرەیە ، وە درێژەشیان ئەبێت و بگرە بەرەو ئاڕاستەیەکی خراپتردا ئەڕۆن.
دەسەڵاتی میلیشیایی کورد لەو ناوچەیەدا پەرە بەم جۆرە هزرو پەروەردە سیاسیە ناسیۆنالیستیە ئەدات ، لە پێناو خزمەت بە ئەجینداکانی خۆیان لە ناوچەکەدا .
دەسەڵاتی میلیشیایی ، لەسەر بنەمای سیاسەتێکی دوولایەنە کار ئەکات ؛ لەلایەک کۆنەپەرستی قەومی دەرخواردی خەڵک ئەدات ، لەلایەکی تریشەوە لە سات و سەودادایە لەگەڵ بۆرژوا حاکمەکانی بەغدا ، لە پێناو ئیمتیازات و پتەوکردنی ئابووری خۆی ، چونکە ئابووری ناوچەی هەرێم وابەستەیە بە ئابووری ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە .
سێکتۆری گەشتیاری و جموجووڵ و گەشەی سەرمایە و کڕین و فرۆشتن لە شارەکانی هەرێم ڕاستەوخۆ بە جەماوەری عەرەب زمانەوە بەستراوەتەوە ، وە ئەگەر خەڵکی ناوەراست و باشوری عێراق وەک گەشتیار ڕوونەکەنە شارو شارۆچکەکانی ناوچە کوردیەکان ، تەواوی پڕۆژەو سەرمایەکەیان ئەکەوێتە مەترسیەوە ڕوبەڕووی قەیرانێکی گەورە ئەبن ،، هەروەک لە ماوەی ئەم دوو هەفتەی ڕابوردوودا گەلی عەلی بەگ و ئەو شوێنە گەشتوگوزاریانە ئەو ناوە ، دەرگیری قەیرانێکی گەورەی نەبوونی گەشتیارە عەرەب زمانەکان بوون لەو ناوچانەدا ، وە ڕێکلام ئەکەن بۆ هاتنی زیاتری گەشتیارەکان.
لە کۆتاییدا وە لەسەر ڕۆشنایی ئەم ڕووداوانەی کە لێرەو لەوێ ڕوو ئەدەن ، قەڵشتێکی گەورەی کۆمەڵایەتی لە نێوان پێکهاتە نەتەوەییەکانی عێراقدا دروست ئەبێت ، وە بەرەو ئاکامێکی زۆر خراپتر ئەڕوات ، هەر بۆیە دەسەڵاتداریەتی میلیشیایی هەرێم و دامودەزگاکانی بەرپرسن لە ژیان و سەلامەتی وە بژێوی و ئارامی ژیانی خەڵک تەواوی خەڵک لەهەموو شارو شارۆچکەکانی هەرێم . ..
صابر .م
٩/٨/ ٢٠٢٥

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress