كوا لۆژیك؟ … به‌ختیار محه‌مه‌د
ئه‌وانه‌ی ڕه‌خنه قبووڵ ناكه‌ن دیكتاتۆرن. دیكتاتۆرییه‌ت هیچ نییه، ته‌نها قبووڵ نه‌كردنی ڕه‌خنه‌یه؛ له‌مه‌وه ڕه‌خنه قبووڵكردن جه‌وهه‌ری دیموكراسییه‌ته.
كه‌واته له ڕووی لۆژیكه‌وه هاوكێشه‌كه زۆر ئاسانه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئاڵۆز و قورسه سروشتی مرۆڤه: ئه‌و سروشته‌ی زۆربه‌ی جار شه‌ق له لۆژیك هه‌ڵده‌دا و به دوای خورافه و ئه‌فسانه و شه‌ڕانگێزیی ده‌كه‌وێ و ده‌یانكاته ڕاستییه‌كانی ژیانی خۆی و له پێناویان‌دا ده‌جه‌نگێ و كوشتارگه ده‌خوڵقێنێ و جیهان وێران ده‌كا.
مرۆڤ ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی كۆیله‌یی خۆی بۆ خوا یان سه‌ركرده‌یه‌ك بسه‌لمێنێ، ئه‌وی دیكه ده‌كوژێ و تاوانی گه‌وره گه‌وره ئه‌نجام ده‌دا. گرفته‌كه‌ش ئه‌وه‌یه له ژیانی مرۆڤدا، كه بیركردنه‌وه و كاری لۆژیكانه شتی یه‌كجار قورسن، به‌ڵام بیركردنه‌وه و كاری ناعه‌قڵانی شتی یه‌كجار ئاسانن. به نموونه زۆربه‌مان زۆرخۆری ده‌خه‌ینه پێش ته‌ندروستیمانه‌وه. هه‌رچه‌نده كه ده‌شزانین زۆرخۆری خراپه، به‌ڵام قه‌ت گوێ به لۆژیكی عه‌قڵانیی ته‌ندروستی خۆمان ناده‌ین. له مه‌سه‌له‌ی بیر و باوه‌ڕیش هه‌ر هه‌مان شته: ئێمه ده‌مارگیریی نه‌ته‌وه‌یی و ئایینیی و تایفیی و ناوچه‌گه‌رییمان هه‌یه له‌سه‌ر حیسابی دیموكراسییه‌ت و پێكه‌وه ژیان و لێبوورده‌یی؛ ئێمه له پێناو ئه‌م دهمارگیریانهدا ئه‌وی دیكه ده‌كوژین و تاوانی مرۆڤایه‌تی ئه‌نجام ده‌ده‌ین؛ هه‌میشه‌ش (به بڕیاری ناعه‌قڵانیی ) پاساو بۆ تاوانه‌كانمان ده‌هێنینه‌وه.
به‌م شێوه‌یه مرۆڤ به‌رله‌وه‌ی به گوێی عه‌قڵ (لۆژیك) بكا، به گوێی غه‌ریزه شه‌ڕانگێزه‌كانی ده‌كا. هیتله‌ر، كه بانگه‌شه‌ی بۆ له‌ناو بردنی جووله‌كه كرد و ئه‌مه‌ی كرده به‌شێك له په‌یامی ئایدیۆلۆژیای نازیزم، زۆربه‌ی گه‌لی ئه‌ڵمانیا پاڵپشتیان كرد. پاشان بینیمان ئه‌م وه‌همه گه‌وره‌یه‌ی نازیزم چی به‌سه‌ر جیهان و مرۆڤایه‌تیدا هێنا. ئه‌مڕۆش هه‌مان سیناریۆی تاوان له ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین‌دا به‌دی ده‌كه‌ین: هه‌موو فاشیست و ڕه‌گه‌زپه‌رسته‌كان به ناوی ((ئه‌منی قه‌ومی)) و خوا و ئایین و مه‌زهه‌به‌وه سته‌م له‌وانی دیكه (خاوه‌ن حه‌ق) ده‌كه‌ن و تاوانی گه‌وره ئه‌نجام ده‌ده‌ن. ئایا خورافه‌ی (وه‌همی) ڕاسیزم هه‌مان خورافه‌ی (وه‌همی) ئه‌و ئیمانه ئایینییه نییه، كه پێی وایه ئیمانه‌كه و ئایینه‌كه‌ی ئه‌و به ڕه‌هایی له هه‌موو ئیمان و ئایینێكی دیكه ڕاستتره؟ ئا له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه (بنه‌مای وه‌همی ڕاسیزم) داگیركه‌رانی كوردیش شه‌ڕی كورد ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێ ئه‌م گه‌له و گه‌لانی دیكه‌ی ناوچه‌كه (توركمان، ئاشوور، كلدان…) هه‌ر له بن ده‌ستیدا بمێننه‌وه؛ داعش‌یش هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌دا (چوارچێوه‌ی ڕاسیزمی مه‌زهه‌بیی و ئایینییدا)، شه‌ڕی دڕندانه‌ی هه‌ر هه‌موو جیهان ده‌كا.