Skip to Content

چەند کرێکارانە دەژیم!! …  شیعری : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

چەند کرێکارانە دەژیم!! … شیعری : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 26, 2018 General, Poems

(١)
هەر ئێستاکە بڕیارمدا
شیعرێکی نوێت بۆ بنووسم
تۆ لە ناویا زایەڵە بی
مەشخەڵی عیشق و جوانیی بی و پێکرابی
نەک لای دڵ گووفەکەکانی پیاوانی ئەم ڕۆژهەڵاتە(*)
پێڵاو ئاسا لەپێکرابی

(٢)
لە چوار ڕۆژدا سێ ڕۆژ و نیو
هۆش و بیرم لای ئەو ژنەیە
لەسەر کاریش درکاندبووی ڕقم زۆر لەو دووژمنەیە
بە (من)ی بوو
ئەو من بە دووژمن دەزانێ
من ئەو بە کێڵگەیەک لە غەدر و قوربانی
من چەند دڵم لەلایەتی وەختێ لەسەر مافی خۆی و
هاوڕێکانی هەڵئەدات و
ئەو ساتانە ئەم دڵەم لە دەوری باڵای ئەو دەگەڕێ و
دەبێت بە فیدا و قوربانی.

(٣)
کرێکار دۆزەخی بۆرژوازی
تاقی کردۆتەوە و تیایدا بۆتە ڕەژوو و قەرەبرووت(**)
بەشی ئەم هەر کێشانی تووتنی تاڵە
ئەویش چرووت.

(٤)
هاوسەرە کرێکارەکەم
ڕۆژێ لەکار ئەهاتەوە
ماندوو و شەکەت
قژی شانە نەکردبوو
ئەو ڕۆژە ڕێکەوت وا پێشهات
شانەی بۆ کار نەبردبوو
بە لاستیکێک لە دواوە قژی بەستابوو
هێندە بەجوانی لێی دەهات
نەمزانی داهێنانە یان
بە سەلیقە ئەو قژە وا جوان وەستا بوو

(٥)

ئێستاش لێم تێک دەچێ تەمەنم چەند ساڵە
بە ڕوالەت گەنج و جەوان
بەناخیش لە سەرووی سەدەیەکم لەسەر ئەرز
هەر بۆیەشە کاتێ ناوی کرێکار دێ
لەجێی خۆم دوور لە ویستی خۆم
دەڵێم(بەڵێ) بەدەنگی بەرز.

(٦)
ئەمشەو خەوم زڕا بوو لەنێو جێیا
کچە دراوسێکەمانم هاتەوە یاد
کە سی وپێنج ساڵ بەر لە ئەمڕۆ
ببووم بە خاڵی پشکنین لەسەر ڕێیا
وامدەزانی کاتێ بە پەلە ڕێ دەکا
دەیەوێ لەدەستم ڕاکا
نەمدەزانی دۆخی تاڵی ئەو کچە وەک کرێکارێک
پەلەیەتی دوا نەکەوێ
لە دەستدا کار و بژێوی بە بڕیارێک

(٧)
دوو هاوکارم لە کۆمپانیا سووکە دەمەقاڵێیان بوو
سەرنجمدا کارفەرما لێوەکانی نەخشا بە بزە
هەر ئەو ساتە تێگەیشتم
تەبا و یەکگرتویی ئێمە
لێناگەڕێ ئەو دڵخۆش بێ و ببێ بەو خوێنمژ و دزە.

ئایاری ٢٠١٨
ڤانکووڤەر / کەنەدا

(*) گووفەک : زبڵدان
(**) ڕەژوو : خەڵووز

mm

ساڵی 1964 لە شاری کەرکوک لە دایک بووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی وپاشان پەیمانگای تەکنەلۆجیای لە ساڵی 1986 هەر لە کەرکوک تەواو کردووە. لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە شیعر دەنووسێ و لە زۆربەی گۆڤار و رۆژنامەکانی کوردستان و دەرەوەی کوردستان و سایتە ئەلەکترۆنییەکان شیعر و وتاری رەخنەیی ئەدەبی و سیاسی و جەماوەری بڵاو کردۆتەوە.

Previous
Next
Kurdish