چه‌ند سه‌رنجێكی دیكه له په‌راوێزی شیعره‌وه_به‌شی دووه‌م … سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی
بێگومان لای به‌شێكی زۆری نه‌وه‌ی دوای ڕاپه‌ڕین و ده‌یه‌ی دووهه‌زاره‌كان، ڕۆشنبیریی شیعری به شێوه‌یه‌كی گه‌وره و فراوان نییه كه ڕه‌گێكی گه‌وره‌ی له نێو زماندایه.به‌و مانایه‌ی نازانن وشه له چوارچێوه‌ی فه‌رهه‌نگی زمانه‌وانی خۆی، چ ئاماژه‌یه‌ك ده‌گه‌یه‌نێت. ئه‌و نه‌وه‌یه به‌شێكی زۆریان چونكه شیعر نووسین به قسه ڕێزكردن تێگه‌یشتوون، ئیدی چۆن وشه‌كان له ده‌قی شیعریدا به‌رجه‌سته ده‌كه‌ن، به لایانه‌وه گرنگ نییه. چونكه ئه‌وان پێیان وایه شیعر ته‌نها خستنه پاڵ یه‌كتری چه‌ند وشه‌یه‌كه، به بێ ئه‌وه‌ی هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی بابه‌تی و ئۆرگانیكییان به یه‌كه‌وه هه‌بێت.به‌شێكی زۆر له‌و نه‌وه‌یه، وه‌ك مه‌لای دوانزه عیلم بیرده‌كه‌نه‌وه، وا ده‌زانن له هه‌موو شتێك ده‌زانن و زانیاری‌یان له باره‌ی هه‌موو شتێكه‌وه‌هه‌یه،كه ده‌شێ بیكه‌نه تیمه‌ی شیعریی، له كاتێكدا زۆربه‌یان خۆرسكانه شیعر ده‌نووسن و ڕۆشنبیرییه‌كی ئه‌وتۆیان نییه. شاعیر كه ته‌نها له چوارچێوه‌ی زمانێكی دیاریكراو،چه‌ند ده‌ربڕین و وێنه‌یه‌ك خولایه‌وه، ئیدی ناتوانێت ئه‌زموونی شیعری خۆی تازه بكاته‌وه. به‌شێك له شاعیره گه‌نجه‌كانی ئێمه، هه‌رشتێك به خه‌یاڵیان دابێت ده‌یكه‌نه شیعر. ئه‌وان چونكه جیاوازی له نێوان قسه و شیعر ناكه‌ن و هه‌ردووكییان به یه‌ك زمان ده‌بینن، ئیدی دواجار به‌شێكی زۆری ئه‌وه‌ی ده‌ینووسن، له ده‌ره‌وه‌ی شیعره. بێگومان مه‌رج نییه شاعیر ئاگاییه‌كی گه‌وره‌ی مێژوویی، جوگرافی، كۆمه‌ڵایه‌تی و چه‌ندین بابه‌تی دیكه‌ی هه‌بێت، وه‌لێ مه‌رجه كه باسی جوگرافییا له شیعرده‌كات، ئه‌وا به ڕاست و دروستی گوزارشتی لێ بكات وشاره‌زایی له‌و باره‌وه هه‌بێت، كه باسی مێژوومان كرد، ڕووداوه‌كان وه‌ك ئه‌وه‌ی كه ڕوویانداوه د‌رك پێ بكه‌ین، نه‌ك بكه‌وینه هه‌ڵه‌ی مێژووییه‌وه.بێگومان له شیعردا، وشه میتافۆره و ده‌شێ ئه‌وه‌ی شاعیر له شیعردا گوزارشتی لێ ده‌كات، هه‌مان ئه‌و ده‌لاله‌ته واقعیه‌ی نه‌بێت، كه له نێو بوون و ژیانی ئێمه‌دایه. به‌ڵام كاتێ باس له توخمێك، مێژووێك، شوێنێك، ڕووداوێك ده‌كه‌ین، كه له بنه‌ڕه‌تدا، به‌شێكه له پێكهاته‌كانی نێو ژیانی ئێمه، ئه‌وا ده‌بێت زانیاریی و تێگه‌یشتنمان بۆی ڕاست و دروست بێت. زۆرجار به‌شێك له شاعیره گه‌نجه‌كانی ئێمه، چونكه ڕۆشنبیریی شیعری‌یان نییه، ئیدی ده‌كه‌ونه هه‌ڵه‌ی وا كه خۆشیان هه‌ستی پێ ناكه‌ن.
بۆنموونه: پێشه‌وا كاكه‌یی له شیعرێكیدا ده‌ڵێت:_
وه‌رنه ئێره..ئاسانترین ڕێگه قه‌ندیله.
هێنده به‌رزه به ئاسانی ده‌نگتان ده‌گا..
كاكه‌یی، كه دوو كۆمه‌ڵه شیعری به ناوی( ئه‌فریقانامه‌و ئه‌مه‌ریكانامه) هه‌ن، وه‌لێ پێ ده‌چێت هیچ شاره‌زایی له‌جوگرافییای كوردستان نه‌بێت .چونكه كاتێ سه‌رنج له و چه‌ند دێڕه شیعرییه‌ی ده‌ده‌ین، باشتر ئه‌و ڕاستییه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت. چونكه ده‌بوو بزانێت قه‌ندیل نه‌ك ئاسانترین شوێن نییه، بگره یه‌كێكه له ناوچه هه‌ر سه‌خت و دژوار‌و په‌ناو پێچه‌كانی كوردستان، كه ده‌یان حه‌شارگه و لووتكه و ڕێگای پێچاو پێچ و ئه‌شكه‌وتی گه‌وره و بزری تیایه. به درێژایی مێژوو، قه‌ندیل یه‌كێك بووه له‌و ناوچانه‌ی هه‌میشه ڕووبه‌رێكی سه‌ختی جوگرافیا بووه بۆ شۆڕشه‌كانی كورد، كه لێیه‌وه كوانووی شۆڕش جۆش بده‌نه‌وه و دوژمنانیش به ئاسانی ده‌ستییان نه‌گاتێ. هاوكات قه‌ندیل به‌رزترین شاخ نییه، سروشتی جوگرافی قه‌ندیل وه‌ك زنجیره چیایه‌ك هه‌ڵكه‌وتووه و له نزیك دۆڵی باڵه‌یانی قه‌سرێ، ده‌ست پێ ده‌كات و درێژ ده‌بێته‌وه تا سه‌ر سنووری ئێران. له هه‌ر شوێنێكیش لووتكه و شاخه‌كانی ناوێكی خۆیان هه‌یه. له كوردستاندا، شوێنی له قه‌ندیل به‌رزتر هه‌ن. بۆیه ئه‌مه له زانیاریی كه‌سێك ناكات، كه دیوانه شیعرییه‌كانی به‌ناوی جوگرافییاوه ناوبنێت، كه چی شاره‌زای جوگرافیای وڵاته‌كه‌ی خۆشی نه‌بێت. چونكه ئه‌م شاعیره پێشتر دوو كۆمه‌ڵه شیعری به ناوی كیشوه‌ره‌كانی جیهانه‌وه ناوناون. ئه‌گه‌ر شاعیرێك شاره‌زای له جوگرافیای هه‌رێمه‌كه‌ی خۆی نه‌بێت كه تیایدا ده‌ژیت، ده‌بێ گومان بكه‌ین كه شاره‌زای له جوگرافیای هه‌موو جیهان هه‌بێت. چونكه ئه‌و دواجار باسی شاخێك ده‌كات كه ناوی قه‌ندیله و له جوگرافیای ئه‌م به‌شه‌ی كوردستان بوونی هه‌یه. ئێمه ده‌زانین چیا، وه‌ك ناوێكی سرووشتی و نه‌ناسراو له گوتاری شیعری كوردیدا، میتافۆره بۆ زۆر وێنه وه‌ك:(خۆڕاگریی_ وه‌ستانه‌وه_ مێژوو_ هێما بۆ شۆرش و خه‌بات_ ژینگه و سرووشت و زۆر وبَنه‌ی دیكه‌ش). به‌ڵام كاكه‌یی دواجار باسی چیایه‌ك ده‌كات، كه ناوێكی ناسراویی شوێنێكه، به بێ ئه‌وه‌ی هیچی له باره‌وه بزانێت. قه‌ندیل به‌رزه، به‌ڵام شوێنی له قه‌ندیل به‌رزتر هه‌ن.ئه‌و كه له‌م به ناو شیعره‌یدا، باسی شێركۆ بێكه‌س و قه‌ندیل و ئێزگه و شۆڕش وخودا و ئایین ده‌كات، هه‌ریه‌ك له‌مانه نه‌ك له ڕووبه‌ری بچووكی شیعرێكی كورتی له‌و شێوه‌یه جێیان نابێته‌وه، به‌ڵكو لێكدانه‌وه‌ی فه‌لسه‌فی و مێژوویی و جوگرافی وردیشیان ده‌وێت. لێره‌وه‌ش ئه‌و بۆ چوونه‌ی ئێمه ڕاست ده‌رده‌چێت،كه ده‌ڵێین ئه‌م نه‌وه‌یه به هوشیارییه‌كی كه‌می شیعرییه‌وه، هه‌وڵده‌دات ده‌ست بۆ زۆرترین بابه‌ت ببات و له شیعردا به‌رجه‌سته‌یان بكات.وه‌ك ئه‌وه‌ی شیعر قوتووی عه‌تار بێت.
بێگومان ڕۆشنبیریی شیعریی، فاكتێكی به هێزی مانه‌وه‌و به‌رده‌وامیدانی ئه‌زموونی شیعره. شێركۆ بێكه‌س بۆ ماوه‌ی نیو سه‌ده، له پێشه‌وه‌ی شیعربوو، چونكه ئه‌م هه‌ر ته‌نها شاعیر نه‌بوو، به‌ڵكو فه‌رهه‌نگناس و زمانزانێكی وردیش بوو. ئه‌سته‌مه شاعیرێك بتوانێت به‌رده‌وامی به ئه‌زموونی شیعری خۆی بدات وخۆی كاوێژ نه‌كاته‌وه، ئه‌گه‌ر نه‌چێته قووڵایی زمان.به‌ڵام هه‌ر ته‌نها شاره‌زایی له زمان گرنگ نییه، له‌وه گرنگتر چۆنییه‌تی به‌رجه‌سته‌كردنی ئه‌و زمانه‌یه له شیعردا.زمانی كوردی له زمانه ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانه كه ورده‌كاریی فه‌رهه‌نگی و زمانه‌وانی زۆری تێدایه،كه جیاواز ده‌كه‌وێته‌وه له زمانه‌كانی دیكه. ئه‌گه‌ر شاعیر شاره‌زایی ئه‌و ورده‌كارییه نه‌بێت، بێگومان ده‌كه‌وێته هه‌ڵه‌وه. لێره‌شه‌وه كاتێ(ژیار ئه‌سوه‌د)ی به‌ڕێزو خۆشه‌ویست و بۆ من ده‌نووسێت كه(مێروو)جیایه له (مێرووله) چونكه مێروو(نمل)و مێرووله(حه‌شه‌ره)یه، به‌شێكی په‌یوه‌ندی به‌و قووڵنه‌بوونه‌وه هه‌یه له زمانی كوردی به گشتی و زمانی شیعریش به تایبه‌تی. چونكه له زمانی كوردیدا (مێروومێرووله) هه‌ردووكییان ئاماژه‌ن بۆ یه‌ك زینده‌وه‌ری بچووك كه (مێرووه).به‌ده‌ر له‌م زینده‌وه‌ره، شوناسی مێرووله بۆ هیچ زینده‌وه‌رێكی دیكه به‌كار ناهێنرێت. به‌ڵام ئه‌مه له زمانی عه‌ره‌بیدا جیاواز ده‌كه‌وێته‌وه. به گشتی مێرووه‌كان كه بچووكن و شه‌ش قاچییان هه‌یه گه‌لێك جۆرن. به‌ڵام له زمانی كوردیدا، به مێرووله‌كان ناناسرێن،به‌ڵكو هه‌ریه‌كه و ناوی خۆی هه‌یه كه ئه‌مه‌ش ده‌وڵه‌مه‌ندی زمانی كوردی ده‌گه‌یه‌نێت. بۆنموونه:(خاڵخاڵۆكه‌سیسركه‌قالۆچه‌كلۆ جاڵجاڵۆكه‌مێشووله). هه‌موو ئه‌مانه له بنه‌ڕه‌تدا، له چه‌شه‌ی مێرووه‌كانن. به‌ڵام له زمانی كوردیدا، هه‌رگیز به ئه‌مانه ناگوترێت مێرووله. به‌ڵكو به ناوی سرووشتی خۆیان ناویان ده‌هێنرێت. له زمانی كوردی و له ئه‌زموونی شیعری كوریدا، مێروویاخود مێرووله، ته‌نها بۆ زینده‌وه‌ری مێروو به‌كاردێت. گریمان ئه‌گه‌ر شاعیرێك له شیعرێكیدا باس له‌وه بكات كه جاڵجاڵۆكه‌یه‌ك به ته‌وێلییه‌وه بارگه‌ی خست، ئایا ده‌نووسێت مێرووله‌یه‌ك به ته‌وێڵمه‌وه بارگه‌ی خست؟ یاخود ئه‌گه‌ر گریمان شاعیرێك بنووسێت):خاڵخاڵۆكه‌یه‌ك به‌سه‌رشانمه‌وه نیشته‌وه، ئایا ده‌ڵێت مێرووله‌یه‌ك به‌سه‌ر شانمه‌وه نیشته‌وه؟). ته‌نانه‌ت جۆرێك له مێروو هه‌نه، كه باڵییان هه‌یه و ده‌فڕن،ته‌نانه‌ت به‌وانیش ناگوترێت مێروو، به‌ڵكو پێی ده‌ڵێین(مێرووه به باڵا). بۆیه له بنه‌ڕه‌تدا، هه‌ڵه‌كه له خودی زمانی گوزارشتكردن دایه له شیعره‌كه‌دا، نه‌ك ئه‌وه‌ی ئێمه هێنده ڕاگوزه‌رو ساده، به سه‌ر شیعره‌كه‌ی كاكه ژیاردا تێپه‌ڕیبین كه مێروومێرووله له یه‌كتری جیا نه‌كه‌ینه‌وه،كه له بنه‌ڕه‌تدا له زمانی كوردی، هه‌ردووكییان یه‌ك مانا ده‌گه‌یه‌نن. ده‌كرێ به نموونه‌یه‌كی به‌رجه‌سته‌تر، ئه‌مه ڕوونبكه‌ینه‌وه.
به‌ختیارعه‌لی له شیعرێكیدا ده‌ڵێت:_
با یار له ماڵ ده‌ركه‌ین..
وه‌ك ده‌ركردنی گورگێك له دارستان
بێگومان، گیانه‌وه‌ری دڕنده‌ترو ئازاتر له گورگ له دارستان هه‌ن(شێرپڵنگ)، به‌ڵام شاعیر باسی ئه‌وان ناكات و ناوی گورگ دێنێت. ئه‌و ناوهێنانه، له ئاگایه‌كی زۆر‌و شاره‌زایه‌كی زۆری زمانه‌وانی و فه‌رهه‌نگی هاتووه. واتا شاعیر، هه‌روا ڕاگوزه‌ر گورگ ناكاته وێنه‌یه‌كی شیعریی، به‌ڵكو ئه‌و زۆر باش له ماهییه‌تی گورگ وه‌ك دڕنده‌یه‌ك ده‌گات و گه‌یشتووه. گورگ چه‌ند خاسیه‌تێكی بایۆلۆژیی وئاژه‌ڵی جیاوازی هه‌یه.( گورگ چاوی تیژه، له دووترین شوێن نێچیره‌كه‌ی ده‌بینێت، ،ڕه‌مزێكه بۆ ترس و تۆقاندن و له‌ناوبردن) وێرای ئه‌مانه‌ش یه‌كێكی دیكه له خاسییه‌ته‌كانی گورگ ئه‌وه‌یه، كه به كۆمه‌ڵ گیانداره‌كان ده‌كوژێت، به پێچه‌وانه‌ی شێر‌و پڵنگ و دڕنده‌كانی تر، كه ته‌نها یه‌ك نێچیر ڕاو ده‌كه‌ن وگه‌ده‌یانی پێ تێرده‌كه‌ن. به‌ڵام گورگ له‌یه‌ك په‌لاماردا به ده‌یان سه‌ر په‌ز ده‌كوژێت و ڕاو ده‌كات، ته‌نها یه‌كێكیشیان ده‌خوات. ئه‌مه له‌لایه‌ك له‌لایه‌كی دیكه‌وه ده‌شێ گورگ له دنیابینی شاعیردا، میتافۆرێك بێت بۆ مرۆڤ. چونكه له زمانی كوردیدا، چه‌ندین ئیدیۆم و ده‌ربڕین هه‌ن،كه له باره‌ی گورگه‌وه گوتراون. وه‌ك:
(گورگه له پێستی مه‌ڕ)
(گورگی باران دیته‌یه)
(له‌گه‌ڵ مه‌ڕ شین ده‌كات وله‌گه‌ڵ گورگ گۆشت ده‌خوات)
(گورگ ومه‌ڕ به‌یه‌كه‌وه ئاو ده‌خۆنه‌وه)
كه‌واته گورگ لێره‌دا، ئاماژه‌یه بۆ چه‌ند ڕه‌هه‌ندێكی جیاواز‌و ده‌لاله‌تی هه‌مه جۆری هه‌یه. گورگ هێمایه بۆ سته‌م و كوشتن و خوێن و له نێوبردن، به پێچه‌وانه‌ی شێره‌وه كه ڕه‌مزی ئازایه‌تی خۆڕاگریی و نه‌به‌زینه. مه‌به‌ستی ئێمه له‌و ڕوونكردنه‌وه‌یه، جه‌خت كردنه‌وه‌یه له‌سه‌ر بونیادی وشه له زمانی كوردیدا. مێرووله و مێروو، هه‌ردووكیییان یه‌ك ما‌نایان هه‌یه، كاكه ژیار چونكه جیاوازی له نێوان بونیادی زمانه‌كانی عه‌ره‌بی و كوردی نه‌كردووه، ئیدی وا تێگه‌یشتووه له زمانی كوردیش (مێرووله) و (مێروو)جیان. له كاتێكدا وه‌ك ئاماژه‌مان پێدا، مێرووله‌ش هه‌ر مێرووه. بۆ نمووونه زۆر جار ده‌گوترێت(شاره مێرووله‌یه‌ك).له‌لایه‌كی دیكه‌وه، ئێمه هه‌ر ته‌نها باسمان له‌و وێنه شیعرییه نه‌كردووه، به‌ڵكو گوتومانه،ڕیتم و فه‌زاو شێوازی ده‌ربڕین و تۆپۆ گرافیای شیعره‌كه‌شی وه‌ك ئه‌وه‌ی سه‌باح ڕه‌نجده‌ره. ئه‌مه‌ش نه هه‌ڵه تێگه‌یشتنه نه‌بێ ئاگایی. به‌ڵكو هاوشێوه‌یی و نزیكی هه‌ردوو شیعره‌كه‌یه له یه‌كتری، له ڕووی فۆڕمی شیعرییه‌وه.
ڕواندز_ته‌مموزی 2020
په‌راوێز: ده‌نگی شێركۆ له‌سه‌ر ڕادیۆی قه‌ندیل، شیعرێكی (پێشه‌وا كاكه‌یی)یه و له‌كلتوورو ئه‌ده‌بی هه‌فته‌نامه‌ی زه‌مه‌ن له ئۆكتۆبه‌ری 2019بڵاوكراوه‌ته‌وه…