
بەکورتی19: ناکۆتا…… واتای ناکۆتاییبوون بێکۆتایە.. ئازاد حەمە
گفتووگۆی چەمکی ناکۆتاییبوون(بێکۆتاییبوون، ناپایانبوون) Infinity توانای دەستکارییکردنی ئەندێشەی پرسیارسازیی فەلسەفیی و بیرکارییمانی هەیە. گفتووگۆکان بەپلەی یەک چەمکەکە بەرەو زانستە سروشتییەکان دەبەن و لەوێشەوە پەل دەهاون بەرەو گفتووگۆی ئایینیی و زانینناسیی. بێگومان، بۆ زاستە سروشتییەکان بێکۆتاییبوون ڕاستییەکی بیرکاریی یان فیزیکییە، کە ئەوەش بیرکردنەوە لە بابەتی کۆتا/ناکۆتا قوڵتردەکات، هەرچی زانستە مرۆییەکانە سەرقاڵی رووبەڕووبوونەوەیە لەگەڵ چەمکی ناوبراودا.
هێمای بێکۆتایی (∞) هێمایەکی بیرکارییە و نوێنەرایەتی چەمکی بێکۆتایی دەکات و گشت چەمکەکەش ئەوەمان پێدەڵێت، کە ئەگەر گەردوون کۆتای هەبێت ئەمە ئەوە دەگەیێنێت، کە گەردوون دەبێت ناوەندێکی (چەق) هەبێت، گەر ناوەندیشی نەبوو کەواتە گەردوون ناکۆتایە(ناپایانە).
گفتووگۆکارانی چەمکی ناکۆتاییبوون دەپرسن: بیرکار و فیزیاناسان زۆریان سەبارەت بە چەمکی بێکۆتاییبوون Infinite گوتووە. باشە گوتنەکان بەرەو کۆیانبردووین؟ باوەڕهێنان بە چەمکی بێکۆتاییبوون دەچێتە خانەی ئەفسانەوە یان بیرکارییەوە؟باشە گفتووگۆی بێکۆتاییبوون لە چوارچێوەی بێکۆتاییدا دەمێنێنێتەوە؟ناکۆتا دژە جەمسەری خۆی هەیە؟ بۆئەوەی ناکۆتا ڕاڤەبکەین دەبێت کۆتا Finity ڕاڤەبکەین… ئەی کۆتا چییە؟ کە چەق هەبوو بێکۆتا بوونی نییە؟چی پێچەوانەی یان دژەجەمسەری بێکۆتایە؟ بۆ شتەکان بێکۆتان کاتێک بناغە بوونی هەیە؟ گەر بێکۆتاییبوون بکەری ژیان بێت، چ خۆشییەک لە ژیاندا بەدیدەکرێت؟ مەرگ لەبەرەی کۆتا نییە؟رەهەندەکان کۆتاییان هەیە؟ تواناکانی مرۆڤ لەگەڵ چەمکی بێکۆتاییبوون یەکدەگرنەوە؟ وەکیتر دەکرێت ئەوەش بپرسیین: ئایا مرۆڤ بەبێ جیاوازی ئایین و کولتوور، تێگەیشتنی بۆ بێکۆتاییبوون هەمانە؟
بێکۆتایی چییە؟ بێکۆتایی واتە ئەو شتەی، کە دوایی نایەت و وەستانی نییە، هەرکە وەستاش بێکۆتا کۆتاییدێت. بێکۆتایی چەمکی پێوانە و سنووریش دەسڕێتەوە. هەر بێکۆتایی بەمانای نەمریی، هەمیشەیی و بێڕادەییش دێت. ئەو شتەی بێکۆتایە دیارناکرێت، بۆیە گشت بێکۆتاییەک نادیارییەکی لەخۆیدا مەڵاسداوە.
لە بیرکار و ئەستێرەناسی پۆلۆنی، سەردەمی رێنیسانسەوە، کۆپێرنیکۆس Kopernikus فێری ئەوەدەبین کە زەوی بەدەوری خۆردا دەخولێتەوە، واتە خۆر چەقە. بەڵام شتەکە دواتر ئاڵۆزدەبێت و بەپێی بیرکار و ئەستێرەناسی ئیتالیایی جۆردانۆ برونۆ Giordano Bruno گەردوون universe بێکۆتایە، لە گەردوونی ناکۆتاشدا هیچ پێویست ناکات چەق بوونی هەبێت و بۆیە لەسەر ئەو تێگەیشتنە بیرکارییە زمانی دەبڕن و دواتر لە گۆڕەپانی Campo de’ Fiori ی شاری رۆما بە زیندوویی دەیسوتێنن.
لای برۆنۆ زەوی ناوەندی گەردوون نییە، زەوی ئەستێرەیەکە وەک ئەوانیتر. گالیلۆ لەسەر بنەمای تێگەیشتنی فیزیایی کۆپێرنیکۆس خۆری کردە چەقی گەردوون. ئەم تێگەیشتنانە لەو دەمەدا لەگەڵ تێگەیشتنی ئایینی کڵیسە نەدەگونجا و هزری ئایینیش کێشەیەکی زۆری لەگەڵ هزری فەلسەفیی و بیرکاریی و فیزیایی سەدەی شانزە هەبوو. بۆیە لەو دەمەدا گفتووگۆی ناکۆتای گەردوون گفتووگۆیەکی ئاگرین بوو و بیرکار و بیریار و ئەستێرەناسان بە ئاشکرا خۆیان لێنەدەدا.
وێڕای ئەوە، بێکۆتایی بەرگی جۆراوجۆر لەبەردەکات و لەناو ژیان و بوونمانیشدا کاردانەوەی خۆی هەیە. خۆڕاهێنان لەسەر بێکۆتاییبوون خۆڕاهێنانە لەسەر ئەو تێگەیشتنە بۆ ژیان و بوون کە ئێرە (ژین و بوونمان) بەردەوامە وکۆتا (پایان) Finity مانای نییە. بەمجۆرە، بێکۆتایی بەهەردوو مانا بووناوی و مەعریفیەکەی واتە بێکۆتاییبوونی مەودا(Space / Rymd) و ئامادەبونی هەمیشەیی (ئەبەدیەت) و نەمانی سنوور. لەم روانگەیەوە، کاتێک باسلەوەدەکەین نێوەند(چەق) بوونی نییە، کەواتە شتێک نییە بۆی بگەڕێینەوە. چونکە سنوور بێ مانایە و خولانەوەش بەدەوری خۆدا بێکۆتایە.
ئەریستۆ دەیویست سەبارەت بە بێکۆتایی پێمانبڵێت،کە””بێکۆتایی بوونی هەیە، بەڵام تەنها وەک ئەگەرێک. بۆ نموونە لە بنەڕەتدا دەکرێت هێڵێک دابەش بکرێت بەسەر چەندین بەشە بێ سنووردا یان بەردەوام بێت لە ژماردنی تا کاتێکی نادیار، بەڵام ئەمە بە کردەوە وانییە.کەواتە بێکۆتایییەکی پێشبینیکراو هەیە، بەڵام بێکۆتایی ڕاستەقینە بوونی نییە””.
لەو شوێنەی بێکۆتایی زاڵە نەبوون و وونبونی فۆرم جێگرەوەکەیە. هەروەها گەر بێکۆتایی بریتیبێت لە بوونی ژمارەی پتر، پتر لەوەی هەیە، ئەمە ژمارە بەرەو ناکۆتا دەبات. کەوابێت بوونی بێکۆتایی دەمانخاتە ناو بەردەوامییەوە و بێسنوورییش ڕادەی بۆنامێنێت. ئەمەش وادەکات ڕادە بۆ کات و شوێن بوونی نەبێت. هەر خودی نەبێتیش سنووری نییە و بێ سنووریی ژمارەش بێ سنوور دەبێت. ئەمەش دەمانخاتە ناو نادیارییەوە.
کاتێک هاوسەرگیریی دوان بێکۆتابوو،واتە سنوور و کۆتای بوونی نییە و خودی هاوسەرگیرییەکەش هەر دەمێنێتەوە. باشە ئەمە لۆجیکیی تیایە؟مەگەر هاوسەرگیریی هەڵناوەشێتەوە!! یان هاوسەرگیریی دوچاری ئافاتی بێمتمانەیی و بێوەفایی نابێت.
ساڵانێک لەمەوبەر فیزیازانانی بۆشایی ئاسمان گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە””گەردوون بێ سنوور گەورەیە. ئەمەش بە کردەوە بەو مانایەیە، کە گەردوون لە فراوانبووندایە و ژمارەیەکی بێکۆتایی گەلەئەستێرە بوونی هەیە و بەو هۆیەوە ژمارەیەکی بێکۆتایی هەسارەکانیشی هەیە. ئەمەو ئێمەی مرۆڤ هیچ لەبارەی ئەوەی لەسەر زۆرینەی هەسارە بێشومارەکان هەیە یان نییە نازانین””.
دوا قسەمان تایبەت بە بێکۆتاییبوون ئەوەیە، کە ئایدیای بێکۆتایی دەمانبات بەرەو تێڕامان لە فراوانیی و بەزاندنی سنوور، هەرکە باوەڕیشمان بە تێڕامانەکانمان سەبارەت بە بێکۆتاییبوون هێنا بەوە ئێمە شتگەلەکانی ژیانمان لە گەرووی بێکۆتاییبوندا دەبینینەوە. بەکەوتنە ناو بێکۆتاییبوونی ئەوین یان هاوڕێیەتییشەوە، کە پرسیاری بووناویی لەگەڵ خۆی دێنێت، بێکۆتاییبوون پتر لێمانەوە نزدیکدەبێتەوە. چونکە سنوردانان بۆ پەیوەندییەکان سنووردانانە بۆ خۆشییەکانمان، ئەمەش بۆ مرۆڤ ئازاربەخشە. بۆنموونە ترس لە مەرگ، ترسیشە لە کۆتابوون.
ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی