Skip to Content

کورتیلە چیرۆک/ تاکێ نەعلی سور.. محەمەد حەمە تەقی

کورتیلە چیرۆک/ تاکێ نەعلی سور.. محەمەد حەمە تەقی

Closed
by تشرینی یه‌كه‌م 1, 2023 General, Literature


هەر شانێکی داڵێک و ئەستێرەیەکی بەسەرەوە بوو، هەردوو دەستی خستبووە سەر کەلەکەیی و لە قەراغی چاڵەکە بەپێوە وەستابوو، لە شەرماناو لە گەرمادا شەڵاڵی عارەق بوو بوو، چاوەڕێی ئەوەی دەکرد تا زووە هەموو ئەوانەی ناو پاسەکان لە چاڵەکەدا ڕیزبکرێن، چاوی هەر لەسەر پاسەکان بوو،
ـ ئەم حەشامەتە کەی تەواو دەبێ؟
کەسێک لە چاڵەکەوە بە دەستە بچکۆلەکانی دەیدا بە قاچەکانیدا و بە چاوی فرمێسکاویەوە بانگی دەکرد، ئەم هەر بێ ئاگابوو، هەر چاوی لەپاسەکان نەدەبڕی، جار جارە دەستێکی بۆ سەربازەکان هەڵدەبڕی و بەزمانەکەی خۆی هاواری دەکرد:
ـ دەی خێراکەن، خێرا ..
ئاوڕێکی بۆ خوارەوە دایەوە و سەیرێکی چاڵەکەی کرد، منداڵێکی چوار پێنج ساڵان، دەستی بۆ بەرزدەکاتەوە و هەر دەڵێت :
تاکە نەعلەکەم، تاکە نەعلەکەم .
وشەی (نەعل) سەرنجی بۆ قاچەکانی منداڵەکە ڕاکێشا، بینی منداڵەکە تەنها یەک تاک نەعلی سوری لەپێدایە، بانگی سەربازێکی کردو هەر بەزمانەکەی خۆیان پێی وت:
پاسەکان بگەڕێ، تاکێ نەعلی ئەو منداڵە بەجێماوە بۆی بهێنە، سەربازەکە سەلامێکی بۆ کردو وتی:
فەرمانتە گەورەم ..
سەربازەکە ڕۆشت بۆلای پاسەکان و ئەفسەرەکە چەند هەنگاوێک لە چاڵەکە دوورکەوتەوە، حەشامەتەکە، ژن و منداڵ، پیر و گەنج هەمووی لە چاڵەکەدا ڕیزکرابوون، ڕیزێک سەربازی چەک بەدەست، ئامادە و دەست لەسەر پەلەپیتکەی تفەنگ ڕووەو حەشامەتەکە وەستابوون، چاوەڕێی فەرمانی تەقەکردن بوون، سەربازەکە بەتاکێک نەعلی سورەوە هاتەوەو، لەدووری چەندمەترێکەوە نەعلەکەی فڕێدا بۆ ئەو شوێنەی کە ئەفسەرەکە بەدەست ئاماژەی بۆکرد.
ـ یەک، دوو، سێ .
شریخەی تفەنگ منداڵ و تەواوی حەشامەتەکەی شەڵاڵی خوێن کرد و دوا هەناسەی ژیانیان بە بیابان و بە ئاسمان سپارد.
خێرا شۆفڵەکان هاتن و چاڵەکەیان داپۆشی، ئەفسەرەکە پێش ئەوەی بڕوات، سەیرێکی چاڵەکەی کرد، لەوە دڵنیابوو کە تەواوی چاڵەکە داپۆشراوە، ئاوڕێکی لە شوێنی منداڵەکە دایەوە، بینی تاکە نەعلە سورەکە بەسەر خۆڵەکەوەیە.
دەڵێن: لەو ڕۆژەوە ئەو ئەفسەرە لە نەعلی سور دەترسێ .

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish