Skip to Content

فلاشباک/ لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە-29-.. ستیڤان شەمزینی

فلاشباک/ لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە-29-.. ستیڤان شەمزینی

Closed
by كانونی دووه‌م 8, 2022 General

بەشی بیست و نۆ

ئێستا کاتژمێر یانزە و بیست خولەکی شەوە. ئەمڕۆ پاش چوار هەفتە زیندانی لە ئاسایشی گشتیی بە کەفالەت ئازادکرام. ئەمە لەو کاتەدا دەستگیرکرام کە بەیاننامەیەکی حزبی کۆمۆنیستم بە تیراژی 250 دانە کۆپی ئەکرد، لە دوکانەکەی کاک “فەهمی حاجی سدیق” بەرانبەر سینەما رەشید. هەر لە دوکانی چاپەمەنییەکە هاتمە دەرەوە دوو ئاسایشی جل مەدەنی قۆڵیان کرد بە قۆڵمدا و یەکێکیان لە ژێر چاکەتەکەیەوە دەمانچەی لە قەبرەغەم گیرکرد و وتی بە بێدەنگی لەگەڵمان وەرە بۆ “دائیرە”. منیش زانیم تەنیا ئەو دووانە نین بۆیە هەوڵی راکردنم نەدا، کاتێکم زانی خستمیانە ناو بەرازیلییەکی سپی مۆلید هەشتا و حەوت تا ئاسایشی گشتی دایاننەبەزاندم. ئەو رۆژەی گیرام دروست پێنج شەمە بوو، دوای چوار هەفتەی خشت، ئەمڕۆ پێنجشەمە ئازادیان کردم.

بەشێوەیەکی گشتیی کەشی ناو ئاسایش وایە، بۆ هەواڵپرسین و پیرۆزبایی بڕۆ، بە شەق و کێبڵ وەڵامت ئەدەنەوە. بەچاوی تاوانبارەوە سەیری هەموو خەڵک ئەکەن و بە فۆرمی توندوتیژیش مامەڵە لەگەڵ نەیارانیان ئەکەن. ئاسایش دەزگایەکە بۆ پاراستنی حزبێک نەک بۆ پاراستنی تێکڕای هاووڵاتیان بێ جیاوازیی سیاسیی. من هەرزان لەم زیندانە دەرچووم، چوونکە کۆمەڵێ لە هاوڕێیانم چەندێکە لە زیندانی “مەعەسکەر سەلام” حوکم دراون بە چوار مانگ بەندکردن. ئەمەش دوای ئەوەی “نەزەر عەلی ئەکبەر”ی جێگری وەزیری ناوخۆ داوای یاسایی لەسەر حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق لە دادگا تۆمار کردبوو، بەمەبەستی هەڵوەشاندنەوەی حزب.

ناوەڕۆکی دەعوای یەکێتی لەسەر حزبی کۆمۆنیست کە ویستی “نەوشیروان مستەفا”یە لە رێگەی کاراکتەری “حاکم نەزەر”ەوە ئەجوڵێنرێ، کۆمەڵە بەهانەیەکی بەناو قانوونی تیایە بۆ هەڵوەشاندنەوەی حزب کە هەم کۆمیدیایە و هەم تراجیدیا! ئەوان بە قانوونەکانی بەعس دادگایی حزبێکی سیاسیی ئەکەن! ئەمە عەریزەیەکی پڕ مجامەلەیە لە یەک کاتدا ئاڕاستەی رژێمی بەعس و کۆماری ئیسلامی ئێرانی ئەکەن. لەوێدا چەند خاڵێک ڤۆکەسیان لەسەرکراوە وەکوو “حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی داوای سەربەخۆیی کوردستان ئەکات لە رێگەی گۆڤاری ریفراندۆم کە لەلایەن ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندی حزبەوە دەرئەچێ لە لەندەن، ئاکسیۆن و پانێڵ و کەمپینی جۆراوجۆر ئەکەن”. چەند تراجیدییە حزبی “رووباری خوێن” حزبێ لەسەر سەربەخۆیی بداتە دادگا.

جیا لەمەش چەند خاڵێکی تر وەک “داوای یەکسانی ژن و پیاو.. بوونی ئێرانی لە ریزەکانی حزبدا.. داوای جیاکردنەوەی ئاین و کاروباری دەوڵەت” کۆمەڵە پاساوێکی ترن کە ئەیانەوێ حزبی پێهەڵوەشێننەوە. سەیر بکەن حزبێک کە ئیدعای سوسیال دیموکرات ئەکات بە چ پاساوێک خەریکی ئاپارتایدی سیاسیی حزبێکە کە ئەو دروشمە مەدەنی و ئازادیخوازانەی هەڵگرتووە. بڕوا ئەکەم دوای گەڕانەوەی “نەوشیروان” کە مێژووی تاریکە بە کوشتنی کۆمۆنیستەکان، ئەو پەنجەرە بچووکەی ئازادیی لە یەکێتیدا دابخرێ. نەوشیروان ژانی خوێنڕێژیی گرتوویەتی. ئەمە مانای ئەوە نییە سەرکردەکانی یەکێتی هەمان خواستیان نییە، بەڵام نەوشیروان کاریزمای لە هەموویان زیاترە، جگە لەوەش لە هەموویان دڵڕەقتر و تۆماری رەشتترە.

بارودۆخەکە بەجۆرێکە بۆنی خوێنی لێدێ، هەموو شت رەنگی شەڕێکی نابەرابەر و پڕ قوربانی گرتووە. کاک “لیوا کەمال” سەرکردەی سەربازیی یەکێتی و هاوڕێی دێرینی باوکم، کە کەفیلیشمە، بە تەلەفۆن پێی وتم خۆت بپارێزە کوڕم. یەکێتی هێرشی عەسکەریی ئەکاتە سەرتان!. نازانم قسەکەی بۆ ئەوەیە بمترسێنێ یان بە راستی دۆخەکە ئەگاتە پەلاماردانی عەسکەریی؟. بەڵام من لە مەرگ ناترسم، هاوڕێکانم لەناو ئاگری بەتینا جێناهێڵم. من ئەو کەسە نیم بیروباوەڕ و هاوڕێکانم لەنیوەی رێگە جێبهێڵم، هەرچەند لام روونە کەس لەسەر من ناوەستێ.

29-6-2000

تێبینی: ئەم بەشە لە لاپەڕە 98-102 کتێبی “فلاشباک”چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکەش لە سەرەتای ساڵی 2017 چاپ بووە

Previous
Next
Kurdish