مانگی شیراز …. عهبدولوههاب بهیاتی و: نهژاد عزیز سورمێ
(1)
دڵم بریندار دەكەم ،
شیعرەكانم
بە خوێنی دەدێرم ..
گەوهەرێك
لەبن ڕووباری مرۆڤایەتیدا
شەوق ئەداتەوە ..
پەپوولەی سوور هەڵدەفڕن
لە شیعرەكانمدا ژنێك لە دایك دەبێ
مانگێكی شیرازی ،
لە گوڵەگەنمێكی زێڕینی بادراو هەڵگرتووە ..
هەنگوێنی دارستانانی
لە چاودا دەگەشێتەوە و
خەمی ئاگری ئەبەدییەت
باڵی
بۆ لە شەودا دەڕوێنن و دەفڕێ ،
خۆرێك لە خەو هەستێنێ
لە تنۆكە ئارەقی درەوشاوەی سەر
ههنییهی عاشقدا نووستوە .
لە خەمی ڕەنگەكاندا
كە لە نێو تابلۆیاندا شێردراونەتەوە :
ژنێك ماهێكی شیرازی هەڵگرتووە
لە شەودا دەفڕێ ..
گەمارۆی خەوم دەدا ،
دڵم بریندار دەكا ،
شیعرم
بە خوێنی دەدێرێ ..
شاران
لە بنی ئەو ڕووبارەدا دەبینم نقووم بوون
لە چاوەكانیدا سەرچاوەی گرتووە ..
جادوویەكی هەنگوێنی
هەر كێ نزیك دەبێتەوە
چاوی تێدەبڕێ
یان پێچەوانەی تەوژم مەلە دەكا
دەیكوژێ ..
هەموو ژنانی دونیا
لە ژنێكدا دەبینم
لە شیعرەكانم لە دایك دەبێ ،
خاوەندارییەتی دەكەم ..
تێیدا دەحەوێمەوە ..
بەرەو ڕووی شەودا دەقیژێنم
لێ باڵەكانم
بەسەر ڕەنگی شاراوەی ناو تابلۆیان
تێكدەشكێن .
(2)
شێت
بە ڕووباری
لە چاویدا هەڵقوڵاو
بە هەنگوێنی ئاگرینی گەشاوەی ناو
ڕووباری ئاگر
پێچەوانەی تەوژم
مەلە دەكەم .
(3)
مێژووی ڕووباران دەنووسمەوە
لە مەلی خۆشەویستی و
ڕووباری زێڕینی درەختان
دەست پێ دەكەم .
(4)
عاشقان ،
بە خوێنی من خۆیان دەشۆن
غەریبانیش بە شیعرەكانم
لە مەنفادا
شیراز بنیات دەنێن .
(5)
خاوەندارییەتی دەكەم و
تێیدا دەحەوێمەوە
لە پەڕەمووچیدا
وێنەی یۆتۆبیایان دەكێشم
شاعیری تێدان .
.
(6)
بە ڕووباری لە چاوەكانیدا هەڵقوڵاو
شێت ..
بە لێشاوی سەركێش و لافاو
بە بڵێسەی دڕندەی برسی
مەلە دەكەم
بێ ئەوەی بگەمە كەنار
بە سەرخۆشی نقووم دەبم ..
(7)
باڵم لێك دەكەمەوە و
لە نیوەشەودا بۆی دەفڕم
دەیبینم
نووستوە
خەون بە مانگی سەوزی شیرازییەوە
دەبینێ ..
بەسەر دەروازە بەردینییەكاندا دەگری ،
بە لق و چڵی باخچەكەیدا شۆڕ دەبێتەوە و
تەنیا تێیدا دەمێنێتەوە ..
ژیانم نەدەبوو
خاك
بە ئامادەیی و نائامادەیی
تێیدا بوو
پڕ لە كۆچ و بە تەنێیی و
تارمایی مردووان ..
ئەی گۆزەی
ڕوومەت بە توتڕك سوور و
گوڵی شاخاوی سپی !
لەو سەفەرەدا
ببە بە توێشەبەرەی من !
لەم سەفەرەدا
ببە بە دوایین مەنفای نیشتمانم
تێیدا بحەوێمەوە و بمرم .
(8)
بە خۆشەویستی بڵێ (ئا)
یان بڵی ( نا ) .
(9)
بڵێ ( بڕۆ !)
یەكسەر دەڕۆم ..
بڵێ ( حەزم لێتە )
یان بڵێ ( حەزت لێ ناكەم )
(10)
چاوەكانت
دوو چراوگی زێڕینن .
دەستت
دوو چارۆگە .
(11)
كارەساتێك
لەژێر ڕووپۆشی وشەدا
دەشارمەوە ..
بە برینەكەم دەڵێم ،
( سارێژ مەبە!)
بە خەمم دەڵێم ،
( سارد مەبەوە !)
بە عاشقان دەڵێم
( خۆتان بە خوێنی من بشۆن !)
(12)
ئاگر ئاگر هەڵدەلووشێ و
خەمی عاشقە كۆچەرییەكانیش
لە سارای خۆشەویستیدا
دەشارێتەوە ..
شیراز دەمێنێتەوە
ئێمەش دەمێنینەوە
لە شەودا سەفەری بۆ دەكەین
سووتاو بە ئاگری خەمی ئەبەدی ..
لە سپێدەدا
باڵمان لێ دەڕوێن
دەفڕین
بەڵام پێش ئەوەی
كاروانی بگاتێ
دەیكەین بە هی خۆمان
لێی دادەنیشین و دەگەڕێینەوە .
(13)
لە سەرچاوەكانی نووردا
بە كوژراوی دۆزیمیانەوە
دەمم
بە توتڕكی سوور و گوڵی سپی شاخاوی بوو
باڵیشم
لە نووردا ڕوا بوون .
* لة كؤشيعرى ( قمر شيراز )ـةوة ، برِوانة : http://www.alriyadh.com/52342