راپەڕینی جەماوەری لە ئێران و براوەی ستراتژیکی!.. عەبدولڕەحمان گەورکی
چاوخشانێک بەسەر ساڵێک راپەڕینی جەماوەری لە دژ بە دیکتاتۆرییەت لە ئێران!
عەبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی
لە ساڵی ١٩٧٩ کە دیکتاتۆرییەتی حەمەڕەزاشای پەهلەوی لە لایەن خەڵکی ئێرانەوە رووخێنرا، ئەستەم بوو وابزانین کە پاشماوەکانی ئەم دەسەڵاتە جارێکیتر لە دژی خەڵکی ئێران بێنەوە گۆڕەپانەکە و لایەنگری بکەن لە دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەتی مەزهەبی. بەڵام بەداخەوە لەم راپەڕینەی ئێستادا ئەوە روویدا و ژەهری خۆیان ڕژاندە ناو راپەڕین. هۆی ئەم کارە چ بوو؟
لای هیچ کەسێک شاراوە نییە کە پاشماوەکانی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی شا بە ملیارەها دۆلار لە موڵک و ماڵی خەڵکی ئێرانیان دزی و چوونە وڵاتانی رۆژئاوا و لە پێنج دەیەی رابردوودا بەو داراییە دزراوانەی خەڵکی ئێران بوو کەوتنەوە سەر پێ!
نا با دەسەڵاتی پاشایەتی و نا بۆ دەسەڵاتی مەزهەبی!
هەروەک لە ساڵانی دواتر و تا ئەمڕۆش بە روونی بینراوە کە دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەتی ئایینی، لەسەر هێڵی میراتی دیکتاتۆرییەتی حەمەڕەزاشای پەهلەوە پێکهاتووە و موڵک و ماڵی خەڵکیان تاڵان و بە سەدان هەزار کەسیان بێ ماڵ و حاڵ و ژمارێکی زۆریشیان کوشتار کردووە. کارنامەی ٤٤ ساڵی رابردووی دەسەڵاتی ئایینی بەڵگەنامەی حاشا هەڵنەگری ئەو راستییەیە کە هەر دوو دیکتاتۆرییەتی شا و دیکتاتۆرییەتی ئاخوندی تەواوکەری یەکتر و دوو دیوی دراوی سیستەمی دیکتاتۆریین و هۆکارێکی هاوبەش و دانەبڕاویان لە دوژمنایەتیکردنی گەلدا هەیە لە ئێراندا. هەر بۆیە دەبینین لە کات و ساتە دژوار و مێژووییەکاندا، بە پشتیوانیکردنی هەندێک کۆڕ و کۆمەڵی کۆلۆنیالیستی، دەبنە یارمەتیدەری یەکتر بۆ ئەوەی رێگە نەدەن گەل بگات بەو ئاوات و خواستەی لە مێژینەی هەیەتی!
ئەوەی لە ئاستی نێودەوڵەتی و ناوچەیی کۆدەنگی لەسەرە، “نەگەڕانەوەی چەرخی زەمەن” و “شۆڕشی نوێی دێموکراتیکی خەڵکی ئێرانە” بە تایبەتی لە دوای راپەڕینی ئەمجارەدا. هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە کە خەڵکی ئێران بوێرانە دروشمی “نا با دەسەڵاتی پاشایەتی و نا بۆ دەسەڵاتی مەزهەبی” یان پێکەوە بەرز کردەوە.
رابردوویەکی راست و درووست!
خەڵکی ئێران هەرگیز لە رووخاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی حەمەڕەزاشا پەشیمان نەبوونەتەوە. ئەوان هەمیشە لە “شۆڕش”دا بوون بە ئێستایشەوە بۆ رووخاندنی دیکتاتۆرییەت لە ئێران و سەرەڕای سەرکوت و کوشتار، کۆڵیان نەداوە و دەستبەرداریش نابن. ئەمەیش پرۆسەیەکی یاسایی و سروشتیی بزووتنەوەی گەلانە لە پێناو گەیشتن بە سەرکەوتن لە بەرانبەر دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکاندا. بەڕێز مەسعوود رەجەوی لەو بارەوە دەڵێ: “راپەڕین و راپەڕینی زیاتر و هاوکات بەرەنگاربوونەوە، واتا ئاگردان و هەنگاونان و دواجار رووخاندنی دەسەڵات”. ئەمە سروشت و نەخشەڕێگا و دواچارەنووسی ئەو خەبات و شۆڕشەیە کە لە ٤٢ ساڵ لەمەوبەرەوە سەری هەڵداوە و بە زۆرێک ئاگرە سوورەدا تێپەڕیوە. ئەو شۆڕشەی کە بە رووباری بە خرۆشی خوێنی شەهیدانیەوە، بەردەوامە، شکێنەرە، سووتێنەرە، سەر هەڵدەدات و دەپشکوێت لە هەموو شوێنێکدا. ئەمەیە رێگای سەرکەوتن”.
رۆڵی ژنان لە راپەڕیندا!
یەکێک لە لایەنە جیاکەرەوەکانی راپەڕینی ئەمجارە لە بەراورد لەگەڵ راپەڕینەکانی پێشوو، رۆڵی “ژنان”ە لە گۆڕەپانی سیاسی و بەرەنگاربوونەوەی دیکتاتۆرییەتدا. راستییەک کە موقاومەتی ئێران لە ساڵی ١٩٨٩ەوە بە دیاریکراوی “کەشف”ی کردووە و خستوویەتیە بواری جێبەجێکردنەوە و ئێستایش لە ریزی خەبات و بەرخۆداندا کاری پێدەکات وەک گۆڕانکارییەکی گەورە لە ریزەکانی موقاومەتدا. لەم پێوەندییەدا بەڕێز رەجەوی دەڵێت: “لە راپەڕینی ساڵی رابردوودا پێگەی ژنان بە تێکشکانی ئاستەنگەکانی فیۆدالی-ئاخوندی بەرەو ئەوە دەچێت کە خوێندنەوە و لێکدانەوەی چینایەتی و روانگەی چەوسێنەرانە تێپەرێنێت و پێگەی راستەقینە و پێویستی خۆی بگرێتەوە”. موقاومەتی ئێران بە پێچەوانەی تێڕوانینە شکڵی و کاڵاییەکان بۆ پێگەی ژنان، پێوەری شیاو و شایستەی ژنانی لە گۆڕەپانی پراکتیکی کۆمەڵایەتی و لە بەرەنگاربوونەوەی دیکتاتۆرییەتدا دۆزیوەتەوە.
پێگە و بایەخی هەر کەس و بزووتنەوەیەک لە بەرەنگاربوونەوەی دیکتاتۆرییەتدا، بەقەدەر ئەو نرخەیە کە لەم رێگایەدا پێشکەشی دەکات. بەڕێز مەسعوود رەجەوی لە پەیامی ئەمدواییەیدا وتی: “بۆ ئێمە، پێوەر، خەبات و خۆڕاگرییە لە بەرامبەر ستەمکاری و کۆلۆنیالیزم و کۆنەپەرستیدا. دژ بە دیکتاتۆرییەت و دژ بە وابەستەیی و دژ بە چەوساندنەوە”. کەوایە ئەڵتەرناتیڤی راستەقینەیش، هەڵقوڵاوی خەبات و بەرخۆدانە لە بەرانبەر دیکتاتورییەتدا کە پێی لە ناو شەقام و دڵی لە ناو خەڵکی ئێراندایە. سەردەمی وتەی زارەکی و دووبارەبوونەوەی پەیتاپەیتای دیکتاتۆرییەت و وابەستەیی لە ئێران بەسەر چووە و لەگەڵ سروشتی ئازادی و سەربەخۆییدا ناکۆکە و لە کۆمەڵگای ئێراندا هیچ کڕیارێکی نییە. لە راپەڕینی ئەمدواییەی خەڵکی ئێراندا جارێکیتر سەلمێندرا کە پڕوپاگەندەکارانی دیکتاتۆرییەت و وابەستەیی لە ئێران، بێ ئابڕووترن لەوەی بە دروشمی رەنگاوڕەنگ و بریقەدار بە شتێک بگەن!
بە وتەی رێبەری شۆڕشی نوێی خەڵکی ئێران، ئەڵتەرناتیڤ وەک بینایەک وایە کە پێویستی بە خشت و کەرەستەی خۆیەتی و یاسامەندیی خۆی هەیە. بە تەپ و تۆزکردن و ئیدیعاکردن دروست ناکرێت. قسەی روون لەم پێوەندییەدا ئەوەیە کە سیستەمی دیکتاتۆرییەت لە ئێران خۆی لە خۆیدا ناکەوێت. بەرەنگاربوونەوەی دیکتاتۆرییەت و درووستکردنی ئەڵتەرناتیڤ، پێویستی بە تێچوو و رێکخستن و هێز هەیە. رژێمی دیکتاتۆری لە ئێران بە چاوبڕین لە لایەنانیتر ناڕووخێنرێت. دەبێت قۆڵی لە هەڵکەیت و سینگت بکەیتە قەڵغان بۆی. باجەکەی بدەیت و خۆتی بۆ ماندوو بکەیت و هەوڵی بۆ بدەیت!
توندوتیژی یان رق و قینی پیرۆزی گەل!
ئەزموون سەلماندوویەتی ئەوانەی داوا لە خەڵکی ئێران دەکەن کە خۆیان لە توندوتیژی دوور رابگرن و رق و قینی پیرۆزی گەل بەرامبەر بە دەسەڵاتی دیکتاتۆری بە”توندوتیژی” ناو دەبەن، هەر ئەوانەن کە دوورن لە “شۆڕش” و “خەڵک” و بەم قسانە دەیانەوێت پێناسە و سروشتی خۆیان بشارنەوە. خەڵکی ئێران باش لە بیریانە کە “چۆن و بۆچی” خومەینی دژایەتیی خەباتی چەکدارانەی کرد لە دژی دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەت شا و، لە ژێر دروشمی “هەموومان پێکەوە” رێبەڕایەتیی شۆڕشی بە تاڵان برد و دەسەڵاتێکی دیکتاتۆرییەتی دڕندەتری بەسەر خەڵکی ئێراندا سەپاند.
ستراتیژی راست و دروست و پراکتیکی!
وەک چۆن بەرەنگاربوونەوەی سیستەمێکی دیکتاتۆری زانستە، ستراتیژی بەرەنگاربوونەوەی دیکتاتۆریش بابەتێکە بۆ “کەشف کردن” و دۆزینەوە. سەرکەوتن بەسەر دیکتاتۆرییەت کاتێک مەیسەر دەبێت کە بەپێی ئەم پرەنسیپە بێت. ستراتیژیی (شانەکانی شۆڕش) لەو پرەنسیپەوە وەرگیراوە. ئەگەر رووخاندنی دیکتاتۆرییەت و دامەزراندنی دیموکراتیەت “بژاردەیەکی مومکین”ە، ئەوا بە دڵنیاییەوە لەسەر بنەمای ئەم “کەشفکردن”ەیە!
لە ژێر رۆشنایی ئەم کەشفکردنەدایە کە “خەباتی چەکدارانە و شۆڕشگێڕانە” لە دژی دیکتاتۆرییەت لە ئێران، پێویستە و دەبێت بە ئەرێنی وەڵام بدرێتەوە. چونکە سروشتی “چەکدارانە” و “شۆڕشگێڕانە”ەکەی، لەلایەن دیکتاتۆرییەتەوە بەسەر خەڵکی ئێراندا سەپێنراوە و هەر کەسێک و بزووتنەوەیەک دڵی بۆ گەل و نیشتمان لێبدات، پێویستە بە کردە کاری بۆ بکات و لە تانە و لۆمەی سازشکاران نەترسێت و سڵ نەکاتەوە. هەر کەمتەرخەمی و دواکەوتنێک لەم تێگەیشتن و کەشفکردن و کارکردنەدا، بە سوودی دیکتاتۆرییەتە! خەڵکی ئێران ئەم راستییەیان بە ئەزموون کردووە. هەربۆیە لە سەر شەقامی خەبات و شۆڕشدان و لە شێوەی (شانەکانی شۆڕش)دا بەرامبەر بە دیکتاتۆرییەت وەستاون. “بەستنەوەی سیاسەت بە شەڕافەت”یش بەرهەمی راستەوخۆی ئەم تێڕوانینەیە کە لە مێژوودا (نەمری) و (ئایندە) بۆ خۆی تۆمار دەکات.
کەوایە براوەی ستراتیژیی راپەڕین لە دژی دیکتاتۆرییەت لە ئێران، (موقاومەتی ئێران)ە، کە تیایدا هەم ژنان رۆڵی سەرەکییانە هەیە و هەمیش لەسەر بنەمای ستراتیژێکی دروست دامەزراوە کە رەگ و ریشەی لە ناوخۆی ئێران داکوتیەوە و توانیویەتی هەر لە سەرەتاوە خۆی لەگەڵ راستییەکان رێک بخات.
کۆتایی