
تارمایی چه‌پ به ئاسمانی پاریسه‌وه …. عه‌لی مه‌حمود محه‌مه‌د
بڕیار وایه 23ی ئه‌م مانگه هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆماری له فه‌ره‌نسا به‌ڕێوه بچێت, وڵاتی فه‌ره‌نسا له زۆربه‌ی وڵاتانی رۆژئاوا زیاتر ریز به‌ندی چه‌پ و راست له هه‌ڵبژاردنه‌كان و له مشتومڕی سیاسی به‌خۆوه ده‌بینێت, ئاخر ده‌سته‌واژه‌ی چه‌پ له فه‌ره‌نسا له دایك بوو له‌وكاته‌ی له‌سه‌ر پێشنیاری په‌رله‌مانتاری گه‌ل له فه‌ره‌نسا ئیمانۆیل جۆزیف سپیس(1748-1836) ده‌سته‌واژه‌كه دیاریكرا په‌رله‌مانتاران به پێی بیروباوه‌ڕیان له پشتیوانی گه‌ل جێگای خۆیان له‌ناو په‌رله‌ماندا گرت, له‌وساوه چه‌پ له‌گه‌ڵ گۆڕانكاری و دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تیدا بووه, پێچه‌وانه‌كه‌ی بۆ باڵه‌كه‌ی دیكه راست بووه كه راسته, هاوكات بیری سۆسیالستی له هه‌موو وڵاتانی دیكه زیاتر زاده‌ی فه‌ره‌نسایه, له بابۆفه‌وه ( فرانسۆ نۆیل بابۆف كه له سه‌ر بیری یه‌كسانی خوازی له 27ی ئایاری 1797 له سێداره درا) تا بیر جۆزێف برۆدۆن (1809-1865), شارل فۆریی (1772-183), لویس ئۆگست پلانكی (1805-1881) و بۆ شۆرشی فه‌ره‌نسا و راپه‌ڕینه‌كانی یۆلی 1830 و 1848 و كۆمۆنه‌ی پاریس له 18ی ئازاری 1871 و شۆرشی قوتابیان له ساڵی 1968 تا راپه‌ڕینی بێدارانی شه‌وی ساڵی 2016, به‌شیوه‌ی گشتی مێژوی دوو سه‌ده‌ی رابردووی فه‌ره‌نسا ئاوێنه‌ی ململانێ سیاسیه‌كانی دوو سه‌ده‌ی رابردووی جیهان بووه, مێژووی فه‌ره‌نسا كورتكراوه‌ی مێژووی جیهان بووه له‌و 228 ساڵه‌ی رابردوودا, هه‌ر بۆیه‌شه ماركس دوو په‌رتووكی نایاب و به‌ناو بانگی خۆی كه هه‌ژده‌هه‌می برۆمێردی لوێس پۆناپارت و شه‌ڕی ناوخۆیی فه‌ره‌نسا له‌سه‌ر په‌ره‌گرتنه سیاسییه‌كانی ئه‌م وڵاته نووسیوه, ده‌توانین بێ دودڵی بڵێین هه‌ر سێ شۆرشه گه‌وره‌كه‌ی فه‌ره‌نسا ( شۆڕشی فه‌ره‌نسا 1789, كۆمۆنه‌ی پاریس 1871 , شۆرشی به‌هاری 1968ی قوتابیان) كاریگه‌ریان له‌سه‌ر ره‌وتی روداوه‌كانی جیهان داناوه له دوو سه‌ده‌ی رابردوودا.
چه‌پی فه‌ره‌نسا له ساڵی 1830 ه‌وه خۆیان له گروپی نهێنی بچوك بچوكدا رێك خستووه,كه به‌رده‌وام راوده‌نران له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه كه پارێزه‌ری چینه باڵاكان بوون له ئه‌رستۆكرات و پیاوانی ئاینی, ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه به‌رده‌وام له تێكۆشانی بێ وچاندا بوو بۆ گۆڕانكاری له سسته‌می سیاسی و گه‌یشتن به دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی و دامه‌زراندنی كۆمارێكی عه‌لمانی, تا له ساڵانی 1879 پارتی كرێكارانی سۆسیالستی فه‌ره‌نسی و له ساڵی 1880 یه‌كه‌م پارتی ماركسی به‌ناوی پارتی كرێكارانی فه‌ره‌نسا داده‌مه‌زرێت, سۆسیالسته‌كان له كۆنگره‌ی شاری توری 1920 وه‌كو ئێستای فه‌ره‌نسا ده‌بنه دوو به‌شه‌وه, به‌شه بچوكه ریفۆرم خوازه‌كه ده‌بنه سۆسیال دیموكرات و به‌شه گه‌وره شۆڕشگێڕه‌كه ده‌بنه حیزبی شیوعی,له ماوه‌ی نزیك نیوه‌ی سه‌ده‌ی فه‌ره‌نسا له دوای جه‌نگی جیهانی دووه‌مه‌وه به‌هۆی رۆڵی پاڵه‌وانانه‌ی شیوعییه‌كان له خه‌بات دژ به فاشیزم ده‌وترا له نێوان دیگۆلییه‌كان و شیوعییه‌كان هه‌موو پارته‌كانی دیكه بچوك بوون تا ساڵی 1967 سه‌ركردایه‌تی چه‌پ و زۆربه‌ی جاره‌كان پارتی یه‌كه‌می وڵات بووه تا ساڵی 1958 , له 1981ه‌وه رێژه‌ی ده‌نگه‌كانی نزیك 75% داده‌به‌زێت به‌هۆی مردنی سه‌ركرده كارێزماییه‌كه‌ی مۆرێس تۆرێزو نه‌گرتنه ده‌ستی ده‌سه‌ڵات له دوای شۆڕشی قوتابیان له ساڵی 1968 دا.
هه‌موو كات گۆره‌ِپانی چه‌پ له فه‌ره‌نسا شوێنی هه‌موو باڵ و قوتابخانه‌كانی تێدا بۆته‌وه, پێكهاته‌ی رابه‌رایه‌تی كۆمۆناره‌كان باشترین نموونه‌یه بۆ ئه‌و فره پێكهاته‌یه‌ی ناو چه‌پ كه تا ئێستا له‌م وڵاته به‌و شێوه‌یه‌یه .
جارێكی دیكه خه‌ریكه تارمایی سۆسیالیزم ئاسمانی فه‌ره‌نسا داده‌گرێته‌وه, وه‌لێ به دوباره بونه‌وه‌ی مێژوو نا, له رێگای ئه‌ندامگیری حیزبییه‌وه نا, بگره له رێگای جه‌مسه‌ر به‌ندی داواكاری و خواسته‌كانه‌وه له شه‌قامه‌وه له رێگای هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردن و پێشكه‌ش كردنی ئه‌لته‌رناتیفی ده‌سه‌ڵاته‌وه, جه‌مسه‌ر به‌ندیه‌ك پێش چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك خه‌ون بوو, بێدارانی شه‌وی پاریس به دیار بێداری خۆیانه‌وه خه‌و بردیانییه‌وه‌و ناردیانیه‌وه بۆ ماڵه‌وه, تارماییه‌كه هه‌ر نه‌هات , كرێكارانی یاخی شه‌قامه‌كانی پاریس هه‌ر نه‌یان توانی تارماییه سوره‌كه به‌دیبكه‌ن, كه‌چی ئێستا داواكارییه‌كانیان بووه تارمایی گۆڕانكاریه‌كان و له هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنی كاندیده چه‌په‌كاندا به‌رجه‌سته بوو, به‌م هۆیه‌وه هه‌موو هێزه كۆنه‌په‌رسته‌كانی وڵات له پارێزه‌رانی سسته‌می سیاسی باڵاده‌ست و نوێنه‌رانی بازاڕه‌كانی سه‌رمایه‌داری و سه‌رمایه‌ی دارایی و كۆمپانیا زه‌بلاحه فره‌نه‌ته‌وه‌ییه‌كان , وه‌ك گا كه رقیان له ره‌نگی سوره ترساندووه, ته‌نانه‌ت هه‌موو كاندیده‌كانی حیزبی دراو به وته‌ی هامونی كاندیدی سۆسیالسته‌كانی یه‌ك خستووه,بگره ئه‌وانه‌شی گوایه دڵیان بۆ چه‌پ لێده‌دا ناچار كرد داكۆكی له سسته‌می سیاسی باو بكه‌ن, هه‌ر به‌وه‌نده‌شه‌وه نا بگره 25 هه‌ڵگری نۆبڵ له ئابوری له‌سه‌ر ئاستی جیهان په‌یوه‌ست بوون به‌م كه‌مپه‌ینه‌وه .
چه‌په‌كان له هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆماری فه‌ره‌نسا, له كۆی 11 كاندید , به 4 كاندید به‌شداری هه‌ڵبژاردنی كۆماری فه‌ره‌نسا ده‌كه‌ن كه ئه‌وانیش بریتین له هه‌ر یه‌كه :
1- فلیب پۆتۆ 50 ساڵ, كرێكاری پێشوی كۆمپانیای فۆرد و ساندیكایی, سه‌رۆكی پارتی نوێی دژ به سه‌رمایه‌داری (ترۆتسكیستی پێش‌و), له بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژارندا خۆی وه‌ك كرێكارێك ده‌ناسێنێت نه‌ك وه‌ك سیاسییه‌ك , مرۆڤێكی ساده و موخاتبێكی به توانا.
داوای كه‌مكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی خانه‌نشینی بۆ 60 ساڵ و 32 كاتژمێر كار له هه‌فته و مافی له‌باربردنی منداڵ و ده‌سته‌به‌ركردنی ده‌ستخستنی ده‌رمان دژ به سكپڕی به خۆڕایی ده‌كات, راده‌ی پشتیوانییه‌كانی2% بۆ 2,5%ی ده‌نگه‌كانه.
2- خاتوو ناتالی ئارتۆ 47 ساڵ ,مامۆستای ئابوری , ترۆتسكیست وته‌بێژ و كاندیدی پارتی خه‌باتی كرێكار, داوای قه‌ده‌غه‌كردنی ده‌ركردنی كرێكار له‌سه‌ر كار و زیادكردنی كرێ و موچه‌ی 1800 ئیرۆ بۆ خانه‌نشینان و وه‌ده‌ستخستنی هۆیه‌كانی به‌رهه‌م هێنان له لایه‌ن كرێكارانه‌وه ده‌كات, راده‌ی پشتیوانییه‌كانی 0,5%ی ده‌نگه‌كانه .
3-بینۆ هامون 49 ساڵ , وه‌زیری ئابوری پێش‌و له كابینه‌ی فرانسۆ هۆلاند, سه‌رۆكی لاوانی سۆسالست , په‌رله‌مانتاری په‌رله‌مانی ئه‌وروپا, له 29 یه‌نایه‌ری 2017 به هێنانی 58,88%ی ده‌نگی ناو پارته‌كه‌ی بوه كاندیدی پارتی سۆسیالست بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆماری وڵات , ده‌رچونی كوده‌تایه‌ك بوو به‌سه‌ر باڵی راستی ناو حیزب به سانده‌رزی فه‌ره‌نسا ناو برا, له كاتێك پرۆسه‌ی بردنه‌وه‌كه‌ی و كاردنه‌وه‌ی باڵی راستی ناو حیزب له به‌رامبه‌ری له شێوه‌ی جیمی كۆربین سه‌ركرده‌ی چه‌پگه‌رای پارتی كرێكارانی به‌ریتانیا خۆیان نمایش كرد, هه‌ر بۆیه باڵی راستی ناو حیزب ملیان به ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كه نه‌دا و لێی هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه , ده‌كرێت له داهاتوودا باڵی راستی ناو پارتی كرێكارانی به‌ریتانیا به سه‌ركردایه‌تی بلێر هه‌مان پرۆسه جێبه‌جێ بكه‌ن,هامون به به‌رنامه‌یه‌كی چه‌پتر له هه‌ر یه‌كه له بیرنی سانده‌رز كاندیدی سۆسیالست خوازی ئه‌مه‌ریكا له پارتی دیموكرات و جیمی كۆربین سه‌رۆكی پارتی كرێكارانی به‌ریتانیا هاته مه‌یدان ,وه‌لێ به‌هۆی ژینگه‌ی سیاسی له وڵات نه‌یتوانی له‌م قۆناغه‌دا هه‌مان رۆڵی سیاسی ئه‌وان بگێڕێت, به تایبه‌ت به بونی میلنشۆن .
هامون خاوه‌ند به‌رنامه‌یه‌كی سۆسیالستی ژینگه‌ییه, داوای گۆڕینی كۆماری پێنجه‌م بۆ كۆماری شه‌شه‌م ده‌كات به قۆناغ,گرنگی دان به كه‌رتی ته‌ندروستی و په‌روه‌رده‌و دیاریكردنی 750 ئیرۆ موچه‌ی بنه‌ڕه‌تی بۆ سه‌رجه‌م هاووڵاتیانی فه‌ره‌نسا ئه‌وانه‌ی داهاتی مانگانه‌یان كه‌متره له 2185 ئیرۆ له مانگێكدا وباج خستنه سه‌ر رۆبۆتی كارگاكان وموچه‌ی 600 ئیرۆ بۆ بێكاران و 200 ئیرۆی مانگانه بۆ ئه‌وانه‌ی لانی كه‌می كرێ وه‌رده‌گرن, دروستنه‌كردنی زیندانی نوێ له وڵات, هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یاسای كاری هه‌موار كرا‌و, زیاد كردنی لانی كه‌می كرێ و كه‌مكردنه‌وه‌ی سه‌عاتی كار و ,,,,, كۆتایی هێنان به به‌كار هێنانی ئۆتۆمۆبیلی گازی تا ساڵی2025 و ده‌ستبه‌رداربوون له به‌رهه‌م هێنانی كاره‌با له رێگای وێستگه‌ی ئه‌تۆمی بۆ ساڵی 2050.
هامون له میانی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی توانی لاوانی دژ به جیهانگیری و سه‌رمایه‌داری وهه‌وادارانی سۆسیالیزمی راسته‌قینه بۆ كه‌مپه‌ینه‌كه‌ی رابكێشێت, نه‌یارانی به سۆسیالستی خه‌یاڵی و سۆسیالستی بێ گه‌رد توانجی لێ ده‌ده‌ن.
دوای سه‌ركه‌وتنی وه‌ك كاندیدی پارتی سۆسیالست بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆماری فه‌ره‌نسا, ته‌نها بل قاسم و كریستیان تۆبیرا له وه‌زیره‌كانی حكومه‌ته‌كه‌ی هۆڵاند ا پشتیوانیان لێی كرد, ئه‌وانی دی هه‌موو به سه‌رۆكه‌كه‌یانه‌وه په‌یوه‌ست بوون به كه‌مپه‌ینی ماكرۆنه‌وه, كه ناڕاسته‌وخۆ بووه كاندیدی باڵی راستی ناو سۆسیالسته‌كان, هه‌مان رێگای كلنتۆن و شرۆده‌ر و بلێر و رینزی گرته به‌ر.
هامون له ئێستادا به‌هۆی پشت لێكردنی باڵی راستی ده‌سترۆیشتوی حیزبه‌كه‌ی به‌ره‌و په‌راوێز ده‌ڕوات و بۆته پێنجه‌م ركابه‌ر, به‌رده‌وامه له دیداره‌كانی, راشكاوانه رایگه‌یاند له خولی دووه‌می هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌نگ به میلنشۆن ده‌دات, واتا هه‌ڵوێستی ته‌واو پێچه‌وانه‌ی هۆلاندی گرته به‌ر, بیه‌ر لۆران سكرتێری حیزبی شیوعی فه‌ره‌نسی كه پشتیوانی میلنشۆنه داوای به‌یه‌ك گه‌یشتنی هامون و میلنشۆنی كرد له‌وكاته‌ی هامون چواره‌مین بوو و میلنشۆنیش پێنجه‌م, بارودۆخه‌كه گۆڕا دواتر, ئه‌وه‌ی هامونی كرده په‌راوێزه‌وه میلنشۆن بوو نه‌ك باڵی راستی ناو سۆسیالسته‌كان.
هامون پێی وایه ماكرۆن و لۆبان و فیۆن كاندیدی پارتی دراون بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆماری وڵات.
4 -ژان لۆك میلنشۆن ته‌مه‌ن 65 ساڵ مامۆستا دواتر رۆژنامه‌نوس و په‌رله‌منتار و سیاسه‌تمه‌دار , له دایك بووی شاری ته‌نجه‌ی مه‌غریب ,به ترۆتسكیزم چووه ناو جیهانی چه‌پگه‌راییه‌وه, 31 ساڵ له گه‌ڵ سۆسیالسته‌كانی كاریكرد تا بووه وه‌زیر له كابینه‌ی سۆسیالسته‌كان, پێشتریش بچوكترین په‌رله‌منتاری وڵات بوو, له 2008 هه‌مان رێگای ئۆسكار لاڤۆنتینی سوری ئه‌ڵمانی گرته به‌ر و جیابوه‌وه له حیزب, كاندیدی پۆستی سه‌رۆك كۆماری له هه‌ڵمه‌تی (la France insoumise) موعجیبه به هه‌ردوو شۆڕشگێڕ ماكسمیلیان رۆبسبیاری فه‌ره‌نسی و شافێزی فه‌نزوێلی, ئه‌میش وه‌ك كۆربین و سانده‌رز له ده‌ره‌وه‌ی ده‌زگای سیاسی به‌هێزه‌وه سه‌ركه‌وت و بووه یه‌كێك له كاندیده به‌هێزه‌كانی پۆستی سه‌رۆك كۆماری وڵات, هه‌رچه‌نده پارتی چه‌پ و حیزبی شیوعی و چه‌ند ده‌سته‌و رێكخراوێكی دیكه پشتیوانی به‌هێزی لێده‌كه‌ن.
توانای وتاردان و قسه كردن و قه‌ناعه‌ت پێكردنی له هه‌موو كاندیده‌كانی دی زیاتره و خاوه‌ند رۆشنبیرییه‌كی به‌رفراوان و باڵایه, هاوكات له هه‌موو كاندیده به‌هێزه‌كانی دیكه پاكتر و جه‌ماوه‌ریتره, راپرسییه‌كان ده‌ریده‌خه‌ن راستگۆترین و پاكترن و نزیكترینه له داخوازییه‌كانی خه‌ڵكه‌وه له‌ناو كاندیده‌كانی پۆستی سه‌رۆك كۆماری.
له كاندیده به‌هێزه‌كان ماكرۆن و مارین لۆبان و فرانسیۆ فیۆن پاكتره, كه هه‌موو گلاونه‌ته گه‌نده‌ڵیه‌وه, توانیویه‌تی وه‌ك سانده‌رز گه‌نجان بۆ خۆی رابكێشێت و ببێته هیوایه‌ك بۆ دادپه‌روه‌ری له وڵات‌دا.
په‌یمانگای ئیفۆب فودسیال راپرسیه‌كی ئه‌نجامدا ده‌ركه‌وت میلنشۆن له روی جه‌ماوه‌رییه‌وه له پێش هه‌موو سیاسییه‌كانه‌وه‌یه , ئه‌گه‌ر بگاته خولی دووه‌م ئه‌وا لێیان ده‌باته‌وه ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئیمانۆیل ماكرۆنیش پێشبڕكێی بكات.
میلنشۆن له ئێستادا سه‌نته‌ری چه‌پی ریشه‌ییه له وڵات, تارماییه‌كه‌ی هه‌موو پارێزه‌رانی سسته‌می ده‌سه‌ڵات و سه‌رمایه‌داری ناو خۆ‌و ده‌ره‌وه‌ی ترساندووه.
میلنشۆن ده‌یه‌وێت چی بكات؟
میلنشۆن له رێگای به‌رنامه‌كه‌یه‌وه, ده‌یه‌وێت له بواری دیموكراسی , دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی, ژینگه پارێزی و ئاشتی جیهانی كۆمه‌ڵێك گۆڕانكاری بكات, گرنگترینیان بریتین له كۆتایی هێنان به دیارده‌ی بێلانه‌یی و چاره‌سه‌ری پزیشكی و ژیانی شه‌رافه‌تمه‌ندانه بۆیان ,دیاریكردنی شه‌كه‌ت بوون وه‌ك نه‌خۆشیه‌كی كاركردن, ده‌رنه‌كردنی كرێكاران له‌سه‌ر كار, كه‌مكردنه‌وه‌ی موچه‌ی به‌رپرسان, خانه‌نشینی به موچه‌ی ته‌واو, زیادی كردنی لانی كه‌می كرێ بۆ 1326 ئیرۆ كه 16% زیاتره له پێشوو, و كه‌مكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی خانه‌نشینی بۆ 60 ساڵی, بنه‌بڕكردنی بێكاری و پشتیوانی كه‌رتی په‌روه‌رده‌ی گشتی و خوێندن به خۆڕایی و هاوكاری قوتابیان له قۆناغی خوێندنی زانكۆ, كه‌مكردنه‌وه‌ی سه‌عاتی كار له 35 كاتژمێره‌وه بۆ 32 كاتژمێر له هه‌فته‌دا, سه‌پاندنی باجی 90% به‌سه‌ر ئه‌وانه‌ی داهاتیان له 33 هه‌زار ئیرۆ زیاتره له مانگێكدا.
به گشتیكردنی كه‌رتی كاره‌باو راگرتنی دروستكردنی وێستگه‌ی ئه‌تۆمی نوێ و كۆتایی به‌كار هێنانی له ساڵی 2050 , به گشتیكردنه‌وه‌ی كه‌رته‌كانی فرۆكه‌وانی و په‌یوه‌ندی و دروست كردنی بانكێكی زه‌بلاحی حكومی.
ده‌رچون له په‌یمانی ناتۆ‌و چاكسازی یه‌كێتی ئه‌وروپا ئه‌گه‌ر نا هه‌نگاو نان به‌ره‌و فرێكست له رێگای راپرسیه‌وه وه‌ك به‌ریتانیا, كشانه‌وه له په‌یمانامه‌ی بازاڕی ئازاد, كۆتایی هێنان به قۆناغی كۆماری پێنج, وڵات به‌ره‌و قۆناغی كۆماری 6 ببات, واتا ئه‌وه‌ی دیگۆڵ تێكی دا, ئه‌و راستی بكاته‌وه,ده‌سه‌ڵاتی زیاتر بدات به په‌رله‌مان له رێگای گۆڕینی سسته‌می نیمچه سه‌رۆكایه‌تی وڵات بۆ په‌رله‌مانی و ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن به پێی یاسای رێژه‌یی یه‌ك بازنه‌یی له وڵات, گه‌ڕانه‌وه بۆ دیموكراسی راسته‌وخۆو هه‌ڵگرتنی روحی په‌یامه‌كانی كۆمۆنه‌ی پاریس, دابه‌زاندنی ته‌مه‌نی ده‌نگدان بۆ 16 ساڵ .
“” كۆماری پێنجه‌م له 5 ئۆكتۆبه‌ری 1958 بنیات نرا له سه‌ر بنچینه‌ی گۆڕینی سسته‌می سیاسی وڵات له په‌رله‌مانیه‌وه بۆ نیمچه سه‌رۆكایه‌تی له لایه‌ن دیگۆڵه‌وه “( كۆماری یه‌كه‌م 1792-1804- كۆماری دووه‌م 1848-1852 , كۆماری سێیه‌م 1870-1940, كۆماری چواره‌م 1946-1958) .””.
تارماییه سوره‌كه
به‌هۆی ئه‌وه‌ی هه‌ردوو حیزبی ده‌سه‌ڵات له 59 ساڵی رابردوو له سه‌رده‌می دامه‌زراندنی كۆماری پێنجه‌وه, له ئۆكتۆبه‌ری 1958ه‌وه , دوای ئه‌وه‌ی له هه‌ڵبژاردنی نۆڤه‌مبه‌ری ئه‌وساڵه پارته راسته‌كان سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌یان تۆمار كرد, بۆ یه‌كه‌م جاره له‌م ئاسته نا جه‌ماوه‌ریه‌دا ده‌بن, كه ته‌نها نزیك 25%ی ده‌نگده‌رانیان له پشته, پارتی سۆسیالست له ساڵی 1967 ه‌وه یه‌كێكه له دوو هێزه سه‌ره‌كیه‌كه‌ی وڵات, له 12ی مارسی 1967ه‌وه سه‌ركردایه‌تی چه‌پی له حیزبی شیوعی وه‌رگرته‌وه , كه پێشتر ئه‌و حیزبه له ساڵی 1945 نه‌ك سه‌ركردایه‌تی چه‌پی ده‌كرد, بگره به هێنانی 26,1%ی ده‌نگه‌كان بووه پارتی یه‌كه‌می وڵات , ئێستا به‌هۆی ململانێی ناوخۆیی و پشتیوانی نه‌كردن له كاندیدی حیزب له لایه‌ن باڵی راستی ده‌ستڕۆیشتوی ناو حیزبه‌وه, سیاسه‌تی سك گوشینی هۆلاند, هیچكات وه‌ك ئێستا به‌م ئه‌ندازه‌یه له قه‌یراندا نه‌بوونه.
هاوكات پاشه كشه‌ی چه‌پ و راستی ناوه‌ند به هۆی بڵاوبونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی له ناو توێژی ده‌سه‌ڵاتدار, نه‌ك له به‌رامبه‌ر ناڕه‌زایی خه‌ڵك خۆیان چاك نه‌كرد بگره فیۆن به كۆمه‌ڵێك گه‌نده‌ڵییه‌وه به‌شداری پێشبڕكێكه ده‌كات وه‌ك نوێنه‌ری راستی نه‌رێتی, سۆسیالسته‌كانیش به دوو كاندیده‌وه به‌شداری ده‌كه‌ن, هامون به سیاسه‌تی جیا له ده‌سه‌ڵاتدارانی ناو حیزب, ماكرۆنیش به‌ناوی سه‌ربه‌خۆ و نه چه‌پ و راست ه‌وه به‌شدارن, له به‌رامبه‌ر ئه‌مانه‌دا كاندیدانی ده‌ره‌وه‌ی سسته‌م له پێشه‌وه‌ن به تایبه‌ت لۆبان و میلنشۆن , به تایبه‌ت ئه‌وكاته‌ی میلینشۆن به به‌رنامه‌یه‌ك كێرڤی ده‌نگده‌رانی سه‌ركه‌وت, ده‌سه‌ڵاتداران به‌هۆی نه‌هاتنه‌وه‌ی به‌رنامه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان كه‌وتنه هاوار.
هه‌موو پارێزه‌رانی سسته‌می كۆن و كۆماره نا دیموكراتیكه‌كه‌ی 5 كۆبونه‌ته‌وه, بۆ ئه‌وه‌ی رێگری له‌و گۆڕانكاریانه بكه‌ن كه له گه‌ڵ ویستی كرێكاره یاخیه‌كانی پاریس و لاوه ئازادیخوازه‌كانی بێدارانی شه‌ودا یه‌ك ده‌گرێته‌وه.
سسته‌مه سیاسیه‌كه‌ی فه‌ڕه‌نسا وه‌ك ئه‌و كه‌وڵه رزیوه‌ی لێهاتووه, هه‌ر رۆژه‌ی له لایه‌كه‌وه ده‌دڕێت و ناشرینیه‌كانی دیوی ناوه‌وه‌ی ده‌رده‌كه‌وێت, به‌رز بونه‌وه‌ی رێژه‌ی بێكاری بۆ ئاستی 10% به‌تایبه‌ت له ریزی توێژی لاوان و به‌رینبونه‌وه‌ی نا یه‌كسانی له نێوان 99%ی كۆمه‌ڵگا و 1%ی كۆمه‌ڵگا, سسته‌می سه‌قه‌تی هه‌ڵبژاردن و مایه پوچی دیموكراسی نوێنه‌رایه‌تی, گه‌نده‌ڵی سیاسه‌تمه‌داران, درێژه كێشانی قه‌یرانی ئابوری , هه‌موو ئه‌مانه وایان كرد, ئه‌لته‌رناتیفی سیاسی بۆ سسته‌م ببێته خواستی زۆرینه, به شێوه‌یه‌ك پارته ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی 46 ساڵی رابردوو, له هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی 23ی ئه‌برێلدا , ته‌نها نزیك 25%ی ده‌نگه‌كان ده‌هێننه‌وه, گۆڕانكارییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كه بۆرجوازی فه‌ره‌نسا حه‌سره‌ت بۆ نه‌خشه‌ی سیاسی تازه‌ی ئیسپانیای دراوسێی بخوازێت, له‌م نێوه‌دا ئه‌گه‌ر تا مانگێك له‌مه‌وپێش تارماییه سوره‌كه بای هه‌ڵبژاردن نه‌یهێنابێته سه‌ر ئاسمانی پاریسی شاری روناكی, ئه‌وا ئه‌مڕۆ تارماییه‌كه ده‌ركه‌وتووه هه‌موو وه‌ك گایه‌كه لێی ده‌ڕه‌وێنه‌وه, له هه‌موو لایه‌كه‌وه په‌لاماره‌كه ده‌ستی پێكردووه تا گه‌یشتۆته ئاستی نه‌یارانی دوێنێ ململانێی خۆیان كۆتایی پێ بهێنن بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كگرتووانه قۆچ له سوره‌كه بده‌ن .
هه‌رچه‌نده ئه‌وه‌ی رونه كه بۆرجوازی فه‌ره‌نسی مایه‌پوچی سیاسیه هیچی تازه‌ی نییه پێشكه‌شی بكات بۆ خۆرزگار كردن و پاراستنی ده‌سه‌ڵات, بۆیه له ئه‌رشیفه كۆنه‌كاندا به‌دوای ده‌سته‌واژه سیاسییه‌كاندا ده‌گه‌ڕێت تا له تارماییه سوره‌كه بیانترسێنێت.
ئه‌وی رونه لۆبی دارایی و سه‌رمایه‌دارانی وڵات بێده‌نگ نابێت وا به سانایی لاوان و خانه‌نشینان و كرێكاران و …. له ده‌وری به‌رنامه‌یه‌كی چه‌پ كۆببنه‌وه‌و به پێكه‌نینه‌وه چه‌پڵه بۆ گۆڕانكاری لێبده‌ن.
ئه‌و ره‌نگه سوره‌ی ئاسمانی پاریس , ته‌واوی بۆرژوازی له بزنسمانه‌كان و بانكه‌كانی راچه‌ڵه‌كاند, ئه‌مڕۆ چه‌پ به ره‌نگی شینیشه‌وه بۆیان بۆته دێ‌و له‌به‌ر چاوی ئه‌وان هه‌ر سور ده‌خوێنێته‌وه, له ئه‌رشیفه‌كانی رابردوه‌وه به‌دوای ده‌سته‌واژه‌كاندا ده‌گه‌ڕێن تا هانی خه‌ڵك بده‌ن وه‌ك خۆیان لێی بڕه‌وێنه‌وه.
هه‌رچه‌نده راگه‌یاندنی راستگه‌راكان دان به‌وه‌دا ده‌نێن میلنشۆن كارێزمای رازیكردنی هه‌یه و ویقاری زیاتره له كاندیده‌كانی ئه‌وان, وه‌لێ به هه‌موو توانایه‌كیانه‌وه هه‌وڵی ناوزڕاندنی ده‌ده‌ن و تانه‌ی سیاسی لێده‌ده‌ن.
سه‌رمایه‌داری ده‌سه‌ڵاتداری فه‌ره‌نسی ئه‌مڕۆ له ناخۆشترین كاته‌كانیدایه, نیوسه‌ده زیاتره فه‌ره‌نسا هه‌ڵبژاردنی وا پڕ له كێشه‌ی بۆ سه‌رمایه‌داری به‌خۆوه نه‌بینیوه, پارته‌كانی به‌ره‌و شكست ده‌رۆن, بۆیه له هه‌وڵدان له رێگای فیۆن راستی -پارێزگاری تاتشه‌ری, ماكرۆن نزیك له خه‌تی سێ (بلێر-كلنتۆن) متمانه بۆ خۆیان بگه‌ڕێننه‌وه, بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ده‌ست له هیچ ناپارێزن, تا لایه‌نه‌كانی به‌رامبه‌ر به تایبه‌ت میلنشۆن تێك بشكێنن, كه 9 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر وه‌زیری پارته‌كه‌ی خۆیان بوو.
بۆیه سه‌رمایه‌دارانی وڵات كه‌وتونه‌ته دژایه‌تی راسته‌وخۆی میلنشۆن, با چه‌ند نموونه‌یه‌كی بچووك له‌و په‌لامارانه ببینین, رۆژامه‌ی لۆفیغارۆ كه به‌ڕێوه‌به‌ری كۆمپانیای داسۆ بۆ دروستكردنی فرۆكه خاوه‌نێتی , 4 لاپه‌ڕه‌ی بۆ دژایه‌تی میلنشۆن ته‌رخانكردووه‌و ستایشی فیۆن ده‌كات , رۆژنامه‌كه به شۆڕشگێڕی ئه‌مه‌ریكای لاتینی ناوی ده‌بات و رایده‌گه‌یه‌نێت ناوبراو ده‌یه‌وێت خه‌رجی گشتی به رێژه‌ی 270 ملیار دۆلار زیاد بكات وه 120 ملیار دۆلار باج زیاد بكات, وه ئه‌وانه‌ی داهاتیان له 400 هه‌زار دۆلار زیاتره له ساڵدا پاره‌كه‌یان له گیرفان ده‌ربكات, رۆژنامه‌كه ئه‌مه به مه‌ترسی ده‌زانێت, له شوێنێكی دیكه به مه‌ترسی خاوه‌ندی پڕۆژه‌ی بۆ تێكدانی فه‌ره‌نسا ناوی ده‌بات.
هه‌رچی رۆژنامه‌ی ۆڵ ستریت جورناڵه رایگه‌یاند راسته جیهان ده‌ترسێت له ده‌رچونی لۆبان, وه‌لێ میلنشۆنیش مه‌ترسیداره, كه‌چی رۆژنامه‌ی لۆمۆند به مه‌ترسیداری فه‌ره‌نسای نوێ ناوی ده‌بات, وه‌لێ رۆژنامه‌ی لیزا ئیكۆ به سه‌رچڵی فه‌ره‌نسای نوێ ناوزه‌دی ده‌كات.
هاوكات فیۆن به‌رنامه‌ی ئابووری میلنشۆنی به به‌رنامه‌ی ده‌سه‌ڵاتی كۆمۆنیستی ناوبرد, فیۆن له دوا وته‌یدا داوای یه‌كێتی كرد له به‌رامبه‌ر هه‌ڕه‌شه‌ی شیوعیه‌ت كه میلانشۆن نوێنه‌رایه‌تی ده‌كات.
هاوكات فرانسۆ هۆله‌ندی سه‌رۆك كۆمار كه پشتیوانی له ماكرۆن ده‌كات, دوای زیادبوونی پشتییوانی له میلنشۆن وتی(( هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن بۆنی ناخۆشی لێ دێت)), له كاتێكدا هۆڵاند میلنشۆنی به مه‌ترسیتر له لۆبان زانی, ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن به‌ره‌و پێچه‌وانه‌ی ئاراسته‌ی به‌رژه‌وه‌ندی ده‌زگای سیاسی چینی باڵاده‌ست ده‌ڕوات له وڵات.
ماكرۆنیش پێی وایه میلنشۆن (مه‌ترسیداره), هه‌موو ئه‌مانه بۆ خه‌ڵكی رون ناكه‌نه‌وه ترسناكی میلنشۆن له به‌رنامه‌كه‌یه‌تی كه ته‌نها بۆنی دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی و ژینگه‌یه‌كی پاكی لێ دێت, یاخود له ره‌خنه گاڵته ئامێزه جه‌رگبڕه‌كانیوه‌یه‌تی , یاخود له‌وه‌دایه, قۆناغ به قۆناغ سیاسه‌ت له وڵات‌دا سورتر ده‌بێته‌وه.
دوای هه‌ڵبژاردن چی بكرێت ؟
یه‌ك شه‌مه 23ی ئه‌برێل, 47 ملیۆن فه‌ره‌نسی له رێگای 67 هه‌زار سندوقی ده‌نگدانه‌وه ده‌نگه ده‌ن, 4 كاندید پێشبڕكێیانه بۆ پله به‌ندی یه‌كه‌م و دووه‌م , له‌م نێوه‌دا ئه‌گه‌ر ئه‌نجامی میلنشۆن ده‌رچوون بێت , بێشك كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی به‌ریتانیا داده‌نێت, وه‌كو ئیندیبیندت رایگه‌یاند ئه‌گه‌ر سه‌ركرده‌كانی پارتی كرێكاران كێشه بۆ جیمی كۆربین دروست نه‌كه‌ن , ئه‌وا كۆربین پارتی كرێكاران به‌ره‌و سه‌ركه‌وتن ده‌بات, ئه‌گه‌ریش نا وه‌ك هامونی لێده‌كه‌ن.
له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی فه‌ره‌نسا پێشبینی ده‌كرێت چه‌پی ریشه‌یی 30% بۆ 33%ی ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست بخات, له دوای مۆریس تۆرێزه‌وه (1900-1964) سه‌ركرده‌یی به‌ناو بانگی حیزبی شیوعی فه‌ره‌نسی , چه‌پی فه‌ره‌نسا, سه‌ركرده‌ی كارێزمایی وه‌ك میلنشۆنی تێدا هه‌ڵنه‌كه‌وتووه .
به‌هۆی سیاسه‌تی ته‌قه‌شوفی ئابوری حكومه‌تی هۆلانده‌وه, به تایبه‌تی دوای جێبه‌جێنه‌كردنی به‌ڵێنه‌كانی له سه‌پاندنی باجی زیاتر به‌سه‌ر داهات زۆره‌كان و هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای كار , ده‌نگده‌رانی پارته‌كه‌ی وه‌ك پێشوتر له یۆنان له حاله‌تی پاسۆك به‌ره‌و سیریزا و ئیسپانیا له حاله‌تی سۆسیالستی كرێكاری به‌ره‌و پۆدیمۆس رۆیشتن هه‌روه‌ها ئه‌مه‌ریكا له حاله‌تی بیرنه‌ر سانده‌رز, ئه‌مه‌و پێشبینی ده‌كرێت ده‌نگده‌رانی زیاتری هامون و كاندیده چه‌په‌كانی دی ,له دوا چركه‌كاندا به‌ره‌و میلنشۆن بێن و ده‌نگی زیاتر بهێنێته‌وه, ده‌نگده‌رانی له كۆتادا له‌سه‌ر بنچینه‌ی ده‌نگدانی به به‌رهه‌م ده‌نگ به میلنشۆن بده‌ن, چونكه تازه هامون فریای ململانێی گه‌وره‌كان ناكه‌وێت .
راپرسییه‌كان زه‌حه‌مه‌ته وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌یه بیپێكێت, به‌هۆی زۆری ژماره‌ی ئه‌وانه‌ی خۆیان یه‌كلا نه‌كردۆته‌وه, په‌لاماره سه‌ربازییه‌كه‌ی پاریس كه هه‌میشه داعش و ئیسلامییه‌كان ته‌واوكه‌ری باڵی راستی فاشیزم بوونه , به‌شداری گه‌نجان بۆ یه‌كه‌مجار له ده‌نگدان و هه‌ڵه‌ی راپرسییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و به‌ریتانیا له‌وه پێش.
له كاتی ده‌رنه‌چووندا, پێویسته كه‌مپه‌ینی فه‌ره‌نسایی یاخی به یه‌كگرتووانه به‌رده‌وام بێت , كه‌مپه‌یی میلنشۆن ته‌نها كه‌مپه‌ینی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆماری نه‌بێت,, ته‌نانه‌ت به كۆكردنه‌وه‌ی گروپه‌كانی دی ئه‌وانه‌ی ئێستا له ده‌ره‌وه‌ن یان كاندیدیان هه‌یه, له ده‌وری خۆی كۆبكاته‌وه‌و درێژه‌ی پێ بدرێت , كه له ئێستادا 423,627 ئه‌ندامی هه‌یه, له فه‌ره‌نسای ئێستادا نزیك دوو له‌سه‌ر سێی هاووڵاتیانی فه‌ره‌نسا باوه‌ڕیان وایه ململانێی چینایه‌تی راستییه‌كی رۆژانه‌یه, ئه‌مه‌ش 20%ی زیاتره له ئایار و یۆنی 1968ی فه‌ره‌نسا كه له جه‌رگه‌ی راپه‌ڕینی به‌هاری 1968 قوتابیاندا بوو, بۆیه زه‌مینه‌ی گه‌شه‌ی زیاتری چه‌پ له هه‌موو كات زیاتر له باره , ئه‌مه‌و لۆبان به‌شێك له‌به‌رنامه‌ی ئابوری چه‌په‌كانی كردۆته به‌رنامه‌ی خۆی, بۆیه به‌شێك له چینی كرێكاری فه‌ره‌نسی ده‌نگی پێ ده‌ده‌ن, پێویسته كار بۆ ئه‌وه بكرێت ده‌نگه‌كانی لێوه‌ربگرترێته‌وه.
هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنی فه‌ره‌نسا سه‌لماندی, چه‌پ له هه‌موو كات و شوێنێك له‌م جیهانه , بۆی هه‌یه له‌ماوه‌ی كورتدا به‌ره‌و ده‌سه‌ڵات هه‌نگاو بنێت, چونكه تاكه لایه‌نه ئه‌لته‌رناتیفی بۆ سه‌رمایه‌داری پێییه.
له كۆتادا ده‌ڵێین فه‌ره‌نسا یۆنان نییه ,یۆنانێك خاوه‌ند 10,955,000 دانیشتوانه, ئابورییه‌كی قه‌یراناوی قه‌رزاری زیاتر له كۆی به‌رهه‌می نه‌ته‌وه‌یی وڵات, به‌رهه‌می نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌ی 193 ملیار دۆلار و 100 ملیۆن دۆلاره, هه‌رچه‌نده خاوه‌ند پارتێكی به‌هێزی وه‌ك سیریزا بوو به ته‌نها 35,46%ی ده‌نگه‌كان و 145 كورسی له كۆی 300 كورسی په‌رله‌مانی یۆنانی به‌ده‌ست هێنا,وه‌لێ فه‌ره‌نسا خاوه‌ند 66,991,000 ملیۆن دانیشتوان و ئابورییه‌كی 2 ترلیۆن دۆلاری و420ملیار دۆلار و 440 ملیۆن دۆلارییه, هه‌رچه‌نده َ پارته پشتیوانكه‌ره‌كانی میلنشۆن ته‌نها له كۆی 577 كورسی په‌رله‌مان خاوه‌ند 10 كورسین, بۆیه به ده‌رچوونی میلنشۆن 10 یۆنانی دیكه زیاد ده‌كات , كه كاریگه‌ری له سه‌ر ده‌یان وڵاتی دیكه‌ی فه‌ره‌نسی زمان هه‌یه و ته‌كانی گه‌وره به شۆڕشه سوره‌كان له جیهان ده‌دات.